سالانی ھەفتاکان و ھەشتاکان بە سەردەمی زێرینی دراماو شانۆی کوردی ناودەبرێت. چەندان کارێکی ھونەری ھەن تاوەکو ئێستایش لە ھزری تاکی کوردی ماونەتەوە، لەوانە (رەجەب و لاس و خەزال، ھتدد) ئاخۆ دەبی ھۆکارەکەی چی بێ ئەو کارە ھونەرییانە ھەر بە زیندووی دەمێننەوە؟، لەم راپۆرتە ھەوڵ چەند ھۆکارێک دەست نیشان بکەین کە وایانکرد دراماکۆنەکان تاوەکو ئێستا بە زیندووی بمێننەوە.
(چەتۆ حەسەن)ـی ھونەرمەند چەند ھۆکارێکی دەست نیشان کرد کە وایکردبوو سالانی ھەفتاکان بەسەردەمی زێرینی درامای کوردی ناوببرێت، (چەتۆ) دەڵێت:” روحی لێبووردن لە نێو ھونەرمەندانی ئەوساکا ھەبوو، ھەروەھا یەک ھەستی و یەک رووحی و یەک دڵی ھونەرمەندان لە کاتی ئیش کردندا بەدی دەکرا، لەلایەکی دیکەیشەوە ململانێی ھونەری لە نێوان ھونەرمەندە کۆنەکان ھەبوو بۆبەرھەمھێنانی کاری ھونەری، (چەتۆ حەسەن) ھۆکارێکی دیکەشی دەست نیشان کردوو گوتی:” ھەقدانی ئەکتەرەکانی ساڵی ھەفتاکان بە حیوارەکان، واتە کاتێک ئەکتەرێک حیوارێکی لە دەم دەھاتە دەرەوە ئەوا بینەر بە جوانی لێی حاڵی دەبوو، دەیزانی کە مەبەستی ئەکتەرەکە لەم حیوارەدا چیبووە،
لە بارەی ژیانی ئابووری ھونەرمەندانی سالانی ھەفتاکانی(چەتۆ حەسەن) زیاتر دواو گوتی: ھونەرمەندانی سالانی ھەفتاکان تارادەیەک باری ئابووریان باش بوو و ھەموو کاتەکانی خۆیان تەرخان کردبوو بۆ ھونەر بۆیە دەکرێت ئەمەش یەکێک بێت لەو ھۆکارانەی کە وایکردبێت ئەکتەرەکان داھێنانیان کردبێت لە بواری ھونەردا،
(سابیر عەبدالرحمان)، وەک ئەکتەرێکی ساڵی ھەفتاکان رای خۆی دەبری گوتی: یەکێک لە ھۆکارە ھەر گرنگەکانی سەرکەوتنی دراماوشانۆکانی ساڵانی ھەفتاکان ئەوەبوو کە ھەموو کەسێک نەدەبووە ھونەرمەند، ئەوەیشی کە دەبوو ھونەرمەند بە قەناعەتەوە کارەکەی دەکرد، ھەروەھا دلسۆزی بۆ کارەکان ھۆکاری تربوو کە وایکردبوو دراما و شانۆی ساڵانی ھەفتاکان ھەر بە سەرکەوتوو تاوەکو ئێستایش بمێننەوە، ئەو کاتە کە ھونەمەرمندێک کارێکی ھونەری دەکرد تەنھا بۆ خۆشەویستی وڵات و خاکەکەی بوو نەک بۆ پارە، بیگومان ئەگەر شتیکیش خۆشەویستی لەگەڵ دابوو ئەوا تاھەتایە دەمێنێتەوە”
لەبارەی ئەداکردنی کاری ئەکتەرییەوە (سابیر عەبدولرحمان) گوتی، ئەکتەرە کۆنەکان ئەدایەکی زۆر جوانیان لە کاتی نواندا دەکرد، وەھایان پیشان ئەدا کە بینەر خۆی وەکو کارەکتەرێکی ناو دراماکە دەھاتە بەرچاو،
(سابیر عەبدولرەحمان)لە بارەی ناوەرۆک وچیرۆکانی دراماوشانۆکانی سالانی ھەفتاکان دوا گوتی: نوسەرودەقنووسەکانی سالانی ھەفتاکان زیاتر گرنگیان بەو بابەتانە ئەدا کە رەنگدانەوەی واقیعی ژیانی ناو کۆمەڵگای کوردی بوون، رەنگە زۆر جار لە کۆن دەقەکان لە زمانێکی دیکەوە وەرگیراوبنە سەر زمانی کوردی بەلام بە جۆرێکی وەھا وەردەگیران، کە تاکی کوردی ھەرگیز ھەستی بەوە نەدەکرد کە ئەو دەقە کوردی نەبێ،
ھاولاتیانیش لە بارەی دراما کۆنەکانەوە قسەی خۆیان ھەیە، پێیان وایە کە دراماکانی سالانی ھەفتاکان و ھەشتاکان تا دنیا لە ھزریان دەمێنن،(عەبدوالخاق تەھا) ھاولاتییەکی شاری ھەولێربوو، دەیگووت ناوی (رەجەب و عەلییە فەندی و لاس و خەزال و کەونە دەرگا) رۆژانە لەگەڵمان دەژین ھەرگیز لە بیریان ناکەین، تاوەکو ئێستایش ئەگەر ئەم درامایانە لە شاشەکاندا پێشان بدرێن ئەوا بە جۆش و خرۆشە تەماشایان دەکەین، کە ئەمەش نھێنییەکە لای تاکی کوردی ماوەتەوە کۆ بۆچی دراماکانی ئێستا بینەریان نییەو ئەوانەی کۆنیش رۆژ بەدوای رۆژ بینەریان لە زیادبووندایە،
ھاوڵاتییەکی دیکەیش بە ناوی(گۆران تاھیر) دەیگووت، من لە دراما کۆنەکاندا زۆر شت فێربووم زۆر ریگای راستیان پێشاندام کە رەنگە تا کۆتایی ژیانم سودیان لێ وەگرم، لە ریگەی رۆژنامەکەتانەوە سلاوم بۆ ھەموو ھونەرمەندە کۆنەکان دەنیرَم و پێیان دەلێم کە ئیوەش شۆرشێکی گەورەتان لە نێو ھونەری کوردی پەرپا کرد.
ئاریان دەرگەڵەیی