نیشاندانی دراماکان لەtv یەکاندا بە شێوەیەکی فراوان، لە کاتی هاتنی مانگی رەمەزاندا و لە دوای تەواو بوونی ئەو مانگەشدا، دراماکان دەپێچرێنەوە و نابیندرێن بەو شێوە فراوانەی کە لەو مانگەدا نمایش دەکران، هەرچەندە لاری لەوەدانیە لەگەڵ هاتنی مانگێکی جوان و پیرۆزی وەک (رەمەزان) پرۆگرامی رێک و بەجێ بۆ بینەران و رۆژوەوانان ئامادە بکرێت لەلایەن
tvیەکانەوە، جگە لەوانەش ئەم ساڵ بەرهەمی درامی رێژەیەکی زۆر کەمی هاتە بەرهەم بەبەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر، لە میانەی راپۆرتێکی فراوانی رۆژنامەی “هەولێر”دا، هونەرمەندانی ئەکتەری بواری نواندن و چەند دەرهێنەرێکی بواری دراما و فیلم، تیشکیان خستە سەر ئەو بابەتە بەم شێوەی خوارەوە:..
(سەباح عەبدولرەحمان) : ئەم ساڵ تەلفزیۆنەکان بەگشتی بێ بەرهەمی دراما بوون….
هونەرمەندی بە ئەزموونی بواری دەرهێنان و ئەکتەری دراما (سەباح عەبدولرحمان)ى لەلای خۆیەوە بەم شێوەیە گوتی : زۆربوونی دراماکان لە مانگی رەمەزاندا وەک نەریتێک کە دەتوانم بڵێم زیاتر لەلایەن کەناڵە عەرەبیەکان پەیڕەو کراوە و لەلای ئێمەش وەک چاو لێکەریەکی لێهاتووە،پێم وایە ئەوە لەلایەن دەرهێنەرەکانیشەوە وەک هەڵێک سوودی لێ وەرگیراوە لەو مانگە، چونکە خەڵک لەرێگەی دراماکان هەندێک ئامۆژگاری دەکرێت، بۆ ئەوەی دڵفراوان بن و گیانی لێبوردەیی و هاوکارییان هەبێت بۆ دەورو بەرەکەیان، جگە لەوەش خەڵک لە دوای رۆژو شکاندن، زیاتر لەماڵەوە ئێواران کۆدەبێتەوە، بۆیە ئەوان دەیانەوێت بەرهەمەکانیان لە مانگی رەمەزاندا نمایش بکەن، ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم ساڵ کەناڵە تەلفزیۆنیەکان بێ بەرهەم دەبینرێن، چونکە درامای تازەیان نیە و بۆیە زۆربەیان بەرهەمە کۆنەکان دووبارە دەکەنەوە، ئەوەشیان پێم وایە چەند هۆکارێکی هەیە، یەکێک لەوانە نەبوونی بووجەیەک بۆ بەرهەم هێنانی درامایەک پێش هاتنی ئەو مانگە بۆ بینەرەکانیان، جگە لەوەش تا دەزگایەکی تایبەت بە درامای کوردی دروست نەبێت، پێم وانیە دەرهێنەرەکان بتوانن ببە پێ ی حەزی خۆیان کار بکەن، من وەک دەرهێنەرێک هیچ کاتێک کارم نەکردووە بۆ ئەوەی تەنها لە مانگی رەمەزان پەخش بکرێت، بەڵکو هەوڵم ئەوە بووە، بینەری کورد بەردەوام چاوی تێر بکرێت بە بەرهەمی خۆماڵی.
(حاجی مەکی) : هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان چەند ئەڵقیەک یاخوود چەند کورتە فیلمێک ئامادە دەکەم..
هونەرمەندی ئەکتەری بواری نواندن (حاجی مەکی عەبدوڵڵا) بەم شێوەیە رای خۆی دەربڕی و گوتی : هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا دراما و سەیرکردنی لە تەلفزیۆنەکاندا شیرین دەبێت، خەڵک لە دوای رۆژو شکاندن و نوێژی تەراویح ئارەزوو دەکات، دانیشێت بەدیار شاشەی تەلفزیۆن بۆ ئەوەی سەیری درامایەکی خۆش بکات، پێم وایە هەموو شتێک لەو مانگەدا خەڵک زیاتر تامەزرۆی دەبێت، بۆ نموونە خواردن و شەربەت و تورشیات و شیرنەمەنیەکانیش لەلای خەڵک خۆشەویستر دەبێت، بەڵام حەق وایە لەدوای ئەو مانگەش تەلەفزیۆنەکان خەڵک بێ بەش نەکەن لە دراماکان، من هەموو ساڵێک لەگەڵ هاتنی ئەو مانگە پیرۆزە چەند ئەڵقیەک یاخوود چەند کورتە فیلمێک ئامادە دەکەم بۆ جەماوەرەکەم، ئەمساڵیش درامایەکی (10) ئەڵقەییم ئامادە کردووە و لەم رەمەزانە لە رێگەی کەناڵی گەلی کوردستان نیاشنی بینەران دەدەرێت، بەڵام وادیارە ئەم ساڵ بەرهەمی درامی تەلفزیۆنی تازە زۆر کەم بوو بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر، بەهەر حاڵ ئەوەشیان بۆ کەم تەرخەمی تەلفزیۆنەکانی دەگەڕێنمەوە، کەناڵەکان بەردەوام بیر لە بەرهەم هێنانی درامای خۆماڵی بکەنەوە، ئاخر وەرن سەیری کەناڵە تەلفزیۆنیەکانمان بکەن ساڵ دوانزەی مانگ خەریک ژێر نووس و وەرگێرانی درامای بیانی و تورکین، ئاخر ئەوە خزمەت بە بینەری ئێمە ناکات و بروابکەن بینەری ئێمە هەزمی ئەو کەللتورەی ئەوان ناکات.
(لوقمان غەریب) : کاتێک بەرهەمێکم ئامادە کردووە، مەرج ئەوە بووە لەمانگی رەمەزان نیشان نەدرێت
هونەرمەندی دەرهێنەری بواری دراما (لوقمان غەریب) لەم بارەیەوە دەڵێت : زۆر بوون و نیشاندانی زنجیرە دراما کوردییەکان لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، پێم وایە وەک نەریتێکی لێهاتووە، وەک رێو رەسمێک لەو مانگەدا خێزانەکان زیاتر لەماڵەکان کۆدەبنەوە و حەز دەکەن لە رێگەی تەلفزیۆنەوە بابەێکی جوان ببینن و کاتێکی خۆشی لەگەڵدا ببەنە سەر، جگە لەوەش وەک چاو لێکەریەک لە کەناڵە عەربییەکان بۆ کەناڵە کوردییەکانی ئێمە ماوەتەوە، هەروەها بەرهەمی درامای کوردی کەمەو بەو رادەیە نیە، بۆیە هەموو هەوڵ و بەرهەمەکانیان کۆدەکەنەوەو لە مانگێکی وەکو رەمەزاندا نیشانی بینەرانیان دەدەن، من وەک دەرهێنەرێک تا ئێستا کارێکی درامی یاخوود فیلمێکم بەرهەم هێنابێت، هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە کە تەنها دەبێ لەو مانگەدا نیشان بدرێت لەتەلفزیۆکاندا، بەڵکو ویستوومە یاخوود حەزی من بووە لەهەر کاتێکدا بێت بەرهەمێکی جوان پێش کەشی بینەری کورد بکەم، بگرە من کاتێک بەرهەمێکم ئامادە کردووە، مەرج ئەوە بووە لەمانگی رەمەزان نیشان نەدرێت، چونکە لە و مانگەدا شاڵاوێک دراما پەخشدەکرێت، بینەرەکانیش نازانن سەیری کامیان بکەن بەتەواوی و بزانێت کام دراما باشە و کامیان خراپە، بۆیە من هەردەم لەگەڵ تەلفزیۆنەکان بۆچوونی خۆم وابووە، بەرهەمە درامیەکانی من لە دوای رەمەزان نمایش بکرێت، کەم بوون و یاخوود دەتوانین بَێن ئەم ساڵ بێ بەرهەمی کاری درامای کوردی بوو لە تەلفزیۆنەکان، بەداخەوە هۆکارەکەی ئەوەیە دەزگایەکی پەیوەندی داری بەرهەم هێنەرمان نیە، جگە لەوەش تەلفزیۆنەکانی ئێستا ئەوەی خەمی لێ ناخۆن و بیری لێ ناکەنەوە بەرهەم هێنانی زنجیرە درامایەکی کوردییە.
(عەلی ئەحمەد) : تەلفزیۆنەکان ئێستا منەتیان بە هونەر و درامای کوردی نەماوە…
هونەرمەندی ئەکتەری بە ئەزموونی بواری دراما (عەلی ئەحمەد) دەربارەی ئەو بابەتە بەم شێوەیە هاتە ئاخاوتن و گوتی : من پێم وایە تەلفزیۆنەکان ئێستا منەتیان بە هونەر و درامای کوردی نەماوە، بۆ ئەوەی وەک ساڵان خەم لە بەرهەم هێنانی درامایەکی تەلفزیۆنی بکەنەوە، چونکە ئێستا زۆربەیان خەریکی ژێرنووس و دۆبلاج کردنی فیلمە تورکیەکان و بیانیەکانن، کە ئەوەیان بە هەموو شێوەیەک خزمەتی وڵاتانی دەوربەری خۆمان دەکەین، کە ئەوەیان دەستێکی زۆر خراپە و دەستیان داوەتێ کە دیارە بۆ باخەڵپرکردنیانە و هیچی تر، بەڵام تەنها زەربەیەکی گەورەیە لە درامای کوردی دەدەن و هیچی تر، دەربارەی نیشاندان و زۆربوونی دراماکان لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا ئەوە نەریتێکە لەکەناڵە عەربیەکان بۆمان ماوەتەوە، من ناڵێم با لەو مانگەدا بەرنامەی باش و بەپێز و درامای کوردی پێش کەش نەکرێت، بەڵکو پێویستە بەرهەمی خۆماڵی پێش کەشی بینەر و خەڵکی خۆمان بکەین، ئێمە جاران کارێکی هونەریمان بەرهەم دەهێنا بیرمان لەوە نەدەکردەوە، کە دەبێ تەنها لەمانگی رەمەزان نمایش بکرێت لە تەلەفزیۆنەکان، بەڵکو لە هەر وەرزێک و لە هەر مانگێکدا هەوڵی ئەوەمان دەدا کار بکەین بەرهەمممان هەبێت، بەڵام بەداخەوە ئێستاکە نە تەلفزیۆنەکان لە خەمی بەرهەم هێنانی درامای کوردیین، نە دەزگایەکی پەیوەندی دا بە کاری دراما و فیلم لە پشت دەرهێنەرەکانن بۆ بەرهەم هێنانی دراما.
(سەعدون یونس) : تا دەزگایەکی بەرهەم هێنەری درامی کوردی دروست نەبێت، بارو دۆخی درامای کوردی لەئێستا باشتر نابێت.
هونەرمەندی بە ئەزموونی ئەکتەری بواری نواندن و دەرهێنەر (سەعەدون یونس) لەم باریەوە گوتی : هەبوونی درامای کوردی، یاخوود زنجیرە تەلفزیۆنیەکان لەمانگی رەمەزاندا، شتێکی ئاساییە و نەریتێکە هەر لە کۆنەوە ماوەتەوە، لەگەڵ هاتنی ئەو مانگە بەشێک لە پرۆگرامی تەلفزیۆنەکان دەبێتە نیشاندانی دراماکان، جگە لەوەش زۆربەی دەرهێنەرەکانیش زۆرجار هەموو هەوڵ و تواناکانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی دراماکانیان تەواو بکەن و رایدەگرن تا مانگی (رەمەزان) نەیەێت نایەنەوێ بڵاوی بکەنەوە و نمایشی بکەن، جگە لەوەش خەڵکی ئێمەش راهاتووە لەو مانگەدا چاوەڕێ ی بەرهەمی تازەی درامی دەکات، بەڵام پێویستە دەرهێنەرەکان و تەنسیقی پرۆگرامی tv یەکانیش جگە لەو مانگە، لە مانگەکانی تریشدا کاتێکیان هەبێت بۆ نیشاندانی دراما و فیلمە کوردییەکان ئەگەر دووبارەش بێت خراپ نیە، چونکە پێویستە کارێک بکرێت یاخوود پلانێک هەبێت بۆ گێرانەوەی بینەر بۆ سەیر کردنی دراماکانی خۆمان، چونکە درامای بیانی خەرێکە هەموو کەناڵ و هەموو ماڵێکی کورد داگیر دەکات، کە بەهەموو شێوەیەک دوورە لە داب و نەریت و لەکەللتوری وڵاتی ئێمە، پێم وایە هەر ئەو هۆکارەشە وایکرد ئەم ساڵ بەرهەمی تازەی درامی کوردی لە کورتی بدات و بەرهەمی تازەیان نەبێت بۆ بینەرەکانیان، جگە لەوانەش من دەمێکە گوتومە تا دەزگایەکی بەرهەم هێنەری درامی کوردی دروست نەبێت، بارو دۆخی درامای کوردی لەوەی ئێستا تێ ی کەوتووە باشتر و چاکتر نابێت.
ئەرسەلان دەروێش : ئەگەر ساڵ (24) مانگیش بێت تەلفزیۆنەکان تەنها لە مانگی رەمەزان بیر لە دراما دەکەنەوە
هونەرمەندی دەرهێنەر (ئەرسەلان دەروێش) لەمیانەی ئەو باسەدا بەم شێوەیە بۆچوونی خۆی دەربڕی و گوتی : بە بۆچوونی من هێشتا بەرنامە رێژیەکی تەواو نیە، بۆ بەرهەم هێنانی درامای کوردی، جگە لەوەش هەبوونی ئەو هەموو کەناڵە تەلەفزیۆنییە و تامەزرۆیی بینەری کوردیش بۆ دراما بەڕاستی ئەوانە هەمووی جێگای داخە، سەرەڕای هەموو ئەوانەش نەبوونی کۆمپانیایەکی هونەری تایبەت بە بەرهەم هێنانی درامای کوردی بۆتە هۆی دروست بوونی قەیڕانی درامای تەلفزیۆنی، هەموو ئەوانە وایکردووە دەرهێنەرەکان چاویان لە دەستی تەلفزیۆینەکان بێت کە ئەوانیش وەک پێویست نیە، بۆیە ئەم ساڵ دەبینین تەلفزیۆنەکان بەرهەمیان کەمە و بەرهەمە کۆنەکان دووبارە دەکەنەوە، من ئەم ساڵ یاخوود دەتوانم بڵێم بەردەوام بەرهەمی تازەم لە بەردەست دابووە، یەکێک لەو بەرهانەم بۆ ئەم ساڵ درامایەکم هەبوو بە ناوی (گەندەڵی)، کە پێکهاتبوو لە (10) ئەلقە، بەڵام بەهۆی دابین نەکردنی بودجە بۆی ماوەی ساڵ و نیوێکە راگیراوە لەلایەن لایەنی پەیوەندی دار، دەربارەی زۆربوون و نیشان دانی دراماکان بە شێوەیەکی گشتی لە کەناڵەکان، من پێم وایە ئەگەر مانگ ببێت بە (24) مانگیش تەلفزبۆنەکان تەنها لە مانگی رەمەزاندا بیر لە نیشاندانی دراما دەکەنەوە، وە نەبوونی بەرنامە رێژیەک لەلایەن کەناڵەکانی تەلفزیۆنەوە بۆ بەرهەم هێنانی دراما و کارکردنیان لەگەڵ دەرهێنەرەکاندا وادەکات زیاتر تووشی نەبوونیان بکات بۆ بەرهەمی درامای، بۆیە ئەگەر وابروات نەک لەمانگی رەمەزان لە مانگەکانی تریشدا ناتوانن بەشێوەی باش درما بهێننە بوون.
(سەلام کۆیی) : (11) مانگ بینەری کورد دەبێ چاوەڕێ ی ئەوە بکات لە مانگێکدا کۆمەڵێک دراما بەسەر یەکەوە ببینن..
هونەرمەندی ئەکتەر و شانۆکار (سەلام کۆیی) ئەویش لەلای خۆیەوە بەم شێوەیە بۆچوونی خۆی دەربڕی و گوتی : من پێم وایە ئەو بارو دۆخەی ئێستای تەلەفزیۆنەکانی کوردی تێ ی کەوتووە، بریتیە لەکەمتەرخمیەک کە تەنها پەیوەستە بەخۆیان، بۆ نموونە ئێستاکە یاخوود دەتوانم بڵێم ماوەیەکە فێربوون تەنها بیر لە دۆبلاج کردنی ئەڵقە تورکیەکان ژێر نووسی فیلمە بیانیەکان دەکەنەوە، کە پێیان وایە کارێکی داهێنەرانەیە بەڵام بەداخەوە ئەو کارانە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ داب و نەریتی کۆمەڵگای ئێمە ناگونجێت و هیچ خزمەتێکیش بە دراماو قۆناغی هونەری ئێمە ناکات، بەڵکو تەنها خزمەتکردنی کەللتوری ئەوانەو ریکلام کردنە بۆ ئەکتەرەکانی وڵاتانی دەوروبەر، بۆیە ئەم ساڵ ساڵی وشکە ساڵی بەرهەم هێنانی درامای کوردی بوو لە کەناڵەکانمان، خاڵێکی تریش ئەوەیە ئەوەیە زۆربوونی دراما لە مانگی پیرۆزی رەمەزان، بەڕاستی جێگای پرسیارە..؟ من ناڵێم بانەبێت و دراما نیشان نەدرێت، بەڵام پێویستە لە مانگەکانی تریشدا کارێکی درامی یاخوود فیلمێکی کوردی پێش کەش بکەن، ئاخر (11) بینەر هەر چاوەڕێ ی ئەوە بکات لە مانگێکدا کۆمەڵێک دراما بەسەر یەکەوە ببینن، کە فریا نەکەوێت و نەزانێت سەیری کامیان بکات..؟ بۆیە ئەو کەمتەرخەمییە پێویستە خاڵێک بێت و هەڵوەستەی لەسەر بکرێت و کارێک بکرێت بۆ دراما و فیلمی کوردی، پێویستە مانگانە بینەر کاری تازە و درامای تازە ببینێت، بەڵام بەداخەوە جاران هونەر کێشەیەک بوو هەموو هونەرمەندان بەخەمەوە بوون بۆی، بەڵام ئێستاکە بۆتە باخەڵ پڕکردن و بازرگانی پێکردنە و هیچی تر.
(دایکی ئاریان) : تەلفزیۆنەکانی ئێستامان ئەوەی بیری لێ ناکەنەوە بەرهەم هێنانی (دراما)ی کوردییە…
خانمە ئەکتەری بە ئەزموون (دایکی ئاریان) لە میانەی ئەو اپۆرتەدا بەم شێوەیە بۆ چوونی خۆی لەسەر ئەو بابەتە دەربڕی و گوتی : بەداخەوە تەلفزیۆنەکانی ئێستامان ئەوەی بیری لێ ناکەنەوە بەرهەم هێنانی (دراما)ی کوردییە، چونکە ئێستاکە کۆمەڵێک درامای تورکی عەرەبی یاخوود بیانی لەکەناڵە جیهانیەکان بە خۆرایی وەریدەگرن، ئینجا بەشێوەی ژێرنووسی کوردی یاخوود تەرجومەیەکی سەقەت بڵاوی دەکەنەوە، هەندێکیش لە کەناڵە ئاسمانیەکانمان جاری واهەیە دەبیستین بە پارەیەکی خەیاڵی دەچن فیلمێکی بیانی یاخوود درامایەکی ئیسپانی یا ئەمریکی یاهەر نەتەوەیەکی تر دەکرن و بڵاوی دەکەنەوە بۆ بینەرەکانیان، بەڵام بەداخەوە ئەو کارە تەنها خزمەت گەیاندنە بەکەللتوری ئەو گەلانە و هیچی تر، بۆیە بە بروای من نەک هەر ئەم ساڵ بەڵکو تاوا بروات ئەو بارو دۆخە درامای کوردی و بەرهەم هێنانی کاری تازە بەرەو کزی دەڕوات، دەربارەی نیشاندان و زۆری دراما لە رەمەزاندا کارێکی باشە بۆ ئەوەی ئێواران بینەر دوای رۆژوو شکاندن سەیری درامایەک یاخوود پرۆگرامێکی خۆش ببینێت، بەڵام پێویستە کەناڵە کوردییەکان بەتایبەتی کەناڵە ئاسمانییەکان بە شێکیان هەبێت بەناوی بەشی دراما و بەرهەم هێنان، بەتیابەتی زۆر سەیرە ئێستاکە کەناڵی ئاسمانی هونەریشمان هەیە بەڵام بیر لەوە ناکەنەوە بەشێکیان هەبێت بۆ بەرهەم هێنانی درامای کوردی.