لە دوا کاریی ھونەریی دا رۆڵی شۆرشگێرێک بەرجەستە دەکات!
ھونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و دراما (ئەحمەد سالار)، ناوی (سالار) کە لێنراوە خەڵکی وادەزانن کە ئەوە ناوی باوکیەتی، بەڵام لە ڕاستی دا ھەردوو ناوەکە ناوی خۆیەتی و واتە (ئەحمەد) و (سالار) ناوی خۆیەتی و ناوەکەی (مرەکەبە).
لە دیدارێکی دا بۆ خوێنەرانی “ھەولێر” ئەو نھێنینە ئاشکرا دەکات و چیرۆکی ئەو دوو ناوە دەگێرێتەوە، کە چۆن ئەو دوو ناوەیان لێناوە، ھەر لەو دیدارەدا باسی نوێترین کاری ھونەریی خۆی دەکات، کە بریتیە لە بەشداریی کردنی لە زنجیرە دراماییەکی تەلەفزیۆنی، لە ژێر ناوی ( رۆژمێری شارێک) لە ئێستادا ئەو درامایە لە قۆناغی وێنەگرتن دایە و رۆڵی شۆرشگیڕێک بەرجەستە دەکات.
ھونەرمەند (ئەحمەد سالار) چیرۆکی ئەو دوو ناوەی کە ھەیەتی و ناوەکەی بووەتە (مرەکەب) گوتی : “ئەو کاتەی کە من لەگەرەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لە دایک بووم، باوکم ئارەزووی کردووە ناوم لێبنێت (سالار) بەڵام (حاجی محەمەدی قوربانی) کە دەکاتە باپیرم بە باوکم دەڵێت، (عەبدولواحید) کوڕم بزانە من یەکێکم لە موریدەکانی (کاک ئەحمەدی شێخ)ـی سلێمانی، بۆیە حەز دەکەم لە بەرخاتری ئەو زاتە پیرۆزە ناوی ئەو مناڵەت بنێیت (ئەحمەد)، ئیتر باوکیشم دڵی نایەت قسەی باوکی بشکنێت و لەو کاتەدا نازانن چی بکەن!، ماوەیەکی زۆریش لەسەر ئەو بابەتە دەوستن، بۆ ئەوەی رێگە چارەیەک بدۆزنەوە”.
(ناجیە خانی) دایکی ئەو چیرۆکەی بۆ مامۆستا (سالار) گێراوەتەوە، کە لە کاتی لە دایک بوونی ئەو ھونەرمەندە گەورەیە، لەسەر ئەو دوو ناوە گفتوگۆی زۆریان کردووە، لەمبارەیەوەش (ئەحمەد سالار) دەڵێت : “دایکی ئازیزم یادی بەخێر و گۆڕەکەی پڕ بێ لە نوری خوای میھرەبان، زۆر جار بۆی گێڕاومەتەوە لە سەر ناو لێنانی من، باوکی ئازیزم کە کەسێکی زۆر میھرەبان و دڵگەورە بووە لە ژیاندا، زۆر ئارەزووی کردووە من ھەڵگری ناوی “سالار” بم، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا حەزی نەکردووە دڵی (حاجی محەمەدی قوڕبانی) باوکی بشکینێت، لە کۆتایی ئەم باس و گفتوگۆیەکانیاندا گەیشتونەتە ئەو رێکەوتنەی، کە ھەردوو ناوەکە بۆ من دابنێن و ناوەکەم بنێن (ئەحمەد سالار) واتە ھەم (ئەحمەد) بم و ھەم (سالار)ـیش، باوکیشم نەبووە خاوەنی ئەوەی ناوی بێت لە دوای ناوی من و خەڵکیش زۆرینەی واین زانیووە من باوکم ناوی سالارە!، بەڵام لە ئەسڵدا باوکم ناوی (عەبدولواحید)ـە، لە شاری سلێمانی بە (عەبدولواحیدە فەنی) ناسراو بووە”.
(ئەحمەد سالار)ـی ھونەرمەند لە بەشێکی دیکەی ئەو قسانەی دا ئەوەش دەخاتە روو، کە ئەو دوو ناوەی لەلایەن باوکی و حاجی مەحمەدی قوربانی لێنراوە، بەلایەوە زۆر جوانەو بۆتە بەشێک لە میژووی کاری ھونەریی و شێوازێکی جوانی وەرگرتووە، لەناو چینی ھونەرمەندان و ھونەر دۆستاندا، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا ئەو حەزی کردووە ناوی باوکی، کە (عەبدولواحید) بووە، لکێنراو بوایە بە ناوەکەیەوە، چونکە وەک خۆی دەڵێت باوکی کەسێکی رۆشنبیر بووەو ھەمیشە وەک ھاوڕێیەک وابووە لەگەڵی، بەڵام حەزی باوکی ئەوە بووە (ئەحمەد سالار) ببێتە کەسێکی قانونی کاری پارێزەری بکات، یا ببێتە قایم قام، چونکە باوکیشی ماوەیەکی زۆر لە ماوەت و بتوێن قایم قام بووە، لەھەمان کاتیشدا کە (سالار) بووە بە ھونەرمەند باوکی رێگر نەبووە لە بەردەمی دا، دایکشی ھەمیشە وەک مامۆستایەک ئامۆژگاری گەورەی پێداوە بۆ ئەوەی چۆن لە بوارەدا کار بکات و بە شێوازێکی جوان خزمەت بکات لە بواری ھونەریی دا”.
(ئەحمەد سالار) کە زیاتر لە (٤٠) ساڵە لە شانۆ و درامای کوردیی دا بوونی ھەیە و خاوەنی چەندیین شاکاری درامی و شانۆییە، جگە لەوانەش زیاتر لە (١٥) کتێبی لەو بوارانەدا نووسیووە، تا ئێستاکەش بەو گڕوتینە ھەر کار دەکات و بەردەوامە، لە نوێترین کاری ھونەریی دا لە ئێستادا بەشداریی لە درامایەک کردووە، دەربارەی ئەو کارەش گوتی : “ئێستاکە بەشدارم لە زنجیرە درامایەکی تەلفزیۆنی لە ژێر ناوی (رۆژمێری شارێک) ئەو درامایە لە (٢٥) ئەڵقە پێکھاتووە، سیناریۆی (دلشاد مستەفا)ـیە، کاری دەرھێنانی لەلایەن ھونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) بۆی بە ئەنجام دەگیندرێت، بە شێوازێکی جیا و بە بەشداریی چەندیین ھونەرمەندی بە توانا کاری بەرھەم ھێنانی بۆ دەکرێت”.
بەشداربوونی لە درامای (رۆژ مێری شارێک) چ جیاوازییەکی ھەیە بە بەراورد لەگەڵ کارەکانی پێشووتری مامۆستا (سالار) ؟ لەوەڵامدا دەڵێت : “لەو درامایەدا رۆڵی کەسایەتیەکی شۆرشگێر بەرجەستە دەکەم، باس لە شۆرشەکانی کورد دەکات و بە شێوازێکی وورد چیرۆکی ئەو درامایە داڕێژراوە، منیش ئەو توانایەی کە لەو تەمەنەی ئێستادا ماوە لە (ئەحمەد سالار) خستوومەتە گەڕ بۆ ئەوەی تا لە ژیان ماوم لە درامایەکی لەو شێوەیەدا بتوانم مێژووی ئەو کەڵە پیاوانە بگیڕمەوە، کە ساڵانێک خەباتیان کردووە، بۆ ئازادی ئەو وڵاتە گیانی خۆیان و تەمنی خۆیان بەخشیووە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا