زانا دڵشاد دزەیی: گۆرانیبێژ بڵند عەبدوڵڵا لەسەر کۆپیکردنی ئەلبوومە نوێیەکەی، سێ سەنتەری فرۆشتنی ئەلبوومی ھونەرمەندانی لەھەولێر داخست.
پێشەوا حوسێن، بەڕێوەبەری کۆمپانیای HT حوسێن کۆمپانی بۆ بازرگانی جلوبەرگ، کە ئەرکی چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکەی بڵند عەبدوڵڵایان لە ئەستۆگرتبوو، بە(سڤیل)ـی راگەیاند، بەشێوەیەکی یاسایی دوو سەنتەر لە بازاڕی نیشتیمان و سەنتەرێک لە شەقامی باتەی ناو بازاڕی ھەولێر داخستووە، بەھۆی کۆپیکردنی ئەلبوومەکەی بڵند عەبدوڵڵا، کە دوو مانگی رابردوو بەناوی “father” بڵاوکرایەوە، پێشەوا گوتی “بۆ ماوەی ١٠ رۆژ ئەو سێ سەنتەرمان داخستووە، ئەگەر دووبارە بوویەوە، ئەوکاتە داوای قەرەبوو و وەرگرتنەوەی مۆڵەت لەو سەنتەر و دووکانانە دەکەین، کە بەرھەمی ئێمە بەشێوەی کۆپی دەفرۆشن”.
پێشەوا حوسێن راشیگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەلبوومی دوو ھونەرمەندی دیکە بڵاودەکەنەوە و لەئێستادا خەریکی چاپکردنن.