ھونەرمەند (بڵند ئیبراھیم) لە روونکردنەوەیەکدا بۆ سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بەداخەوە ھەندێک لە رۆژنامەنووسان بە ئەمانەتەوە پەیامی ھونەرمەندان ناگەینین، باسی ئەوەش دەکات، کە لەو رۆژانە ھەواڵێک بڵاوکراوتەوە لەسەر زاری ئەو بەجۆرێک باسی ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) کراوە، بەڵام ھونەرمەند ئەو لێدوانەی بەم ھەموو شێوەیەک رەتدەکاتەوە.
لە دەقی روونکردنەوەکەی (بڵند ئیبراھیم) ھاتووە : من لەوەتەی کاری ھونەریی گۆرانی گوتن ئەنجام دەدەم، کارم لەگەڵ چەندیین ئاوازدانەر و شاعیر کردووە، لەبەرامبەر ھەموویان بەبێ جیاوازی وەفاداری خۆم نواندووە.
ھەر لەو روونکردنەوەیەدا ھاتووە : من لەو ماوەیەدا دوایین گۆرانییم لەژێر ناوی (پەشیمان) تۆمار و کلیپ کرد، ئەو گۆرانییە لە تێکستی ھونەرمەندی بەڕێز (زیاد ئەسعەد) بوو، ئەو ھۆنراوەیە من خۆم پەیوەندییم بە ھونەرمەند (زیاد) کردو، ئەو رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەوەی من ئەو تێکستە لەسەر ئەو ئاواز بکەم بە گۆرانی، دوای تۆمار کردنی گۆرانییەکەو بڵاو بوونەوەی لە تەلەفزیۆنەکان، ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) جگە لەدەست خۆشی ھیچ بۆچوونێکی خراپی نەبووە لەسەر ئەو گۆرانییە، دیارە گۆرانیەکەش لەسەر ئاستێکی بەرز دەنگدانەوەیەکی گەورەی ھەبوو لە ھەموو کوردستان، دەست خۆشی جەماوەر و ھونەردۆستان باشترین شایەت حاڵی بابەتەکەن.
لەبەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا ھاتووە : بەداخەوە رۆژنامەنووسان زۆر جار پەیامی ئێمەی ھونەرمەندان وەک خۆیان ناگەینن، من لەچەند رۆژی رابردوودا رۆژنامەنووسێک بەناوی (کارزان حەیدەر) تەلەفۆنی بۆ کردم، وەک دوو برادەر چەند قسەیەکمان کردو، باسی ئەو گۆرانییە کرد، گوتی دەڵێن ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) گلەیی لەو گۆرانییە کردووە، منیش لەوەڵامدا گوتم باوەرناکەم (زیاد ئەسعەد) قسەی ئاوا بکات، چونکە ئێمە پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوانماندا ھەیە، ئەو زۆر رێزی من دەگرێت و ھەمیشە دەستخۆشی کارەکانم لێدەکات، ئەگەر بۆچوونێکی لەو جۆرەی ھەبێت پەیوەندی دەکات و باسی دەکات، ئەویش گوتی دەلێن لە راگەیاندنەکان قسەی کردووە، منیش پەیوەندییم بە ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) کرد، ئەویش بە پێکەنینەوە گوتی من زیاتر لە (٩) ساڵە ھیچ دیمانەیەکم لەبارەی کاری ھونەریی و بابەتی ھونەرییەوە نەکردووە، ئەو قسانە ئەگەر من ھەبێت خۆم پێت ئەڵێم پێویستە ناکات رۆژنامە بڵاوی بکاتەوە، بەداخەوە ئەو رۆژنامەنووسە من باوەڕم پێکردو چەند بۆچوونێکمان ئاڵوگۆڕ کرد، بەڵام سەیر دەکەم دەیکاتە ھەواڵ بڵاوی کردۆتەوە، بەبێ ئەوەی بە من بلێت من ئەو قسانەی تۆ بڵاو دەکەمەوە، رێزم بۆ ھەموو رۆژنامەنووسانی کوردستان، بەڵام بەداخەوە ھەندێکیان ھیچ حیساب بۆ ھەست و راستگۆی کارەکانیان ناکان!.
ھەروەھا بڵند ئیبراھیم لەو روونکردنەوەیە ئەوەش دەخاتە روو : ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) زۆر رێزی من دەگرێت، منیش ئەو بە ھونەرمەندێکی گەورە ھەژمار دەکەم و فەزڵی لەسەر زۆربەی ھونەرمەندانی کورد ھەیە، چونکە بوونی (زیاد ئەسعەد) بووە مایەی دروست بوونی دەیان ھونەرمەندی کورد، بەڵام بەداخەوە ئەوەی بەناوی ئەو ھونەرمەندەوە دەگوترێ تەنھا قسەی لابەلاو بێ بنەمایە، ئەوەش نیشانەی سەرکەوتنی ئەو ھونەرمەندەیە.
لە کۆتایی دا ھونەرمەند (بڵند ئیبراھیم) دەڵێت : من بۆیە ئەو روونکردنەوەیە دەدەم ھیوادارم چیتر رۆژنامەنووسان بەدوای عەیب و دروستکردنی بابەتی بی بنەما نەگەڕێن، ھەروەھا قسە لە نێوان دوو ھونەرمەند نەکەن بۆ ئەوەی نێوانیان تێکبچێت، ھەرچەندە نێوانی من و ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) زۆر لەوە گەورەترە، کە ھەواڵێکی ناڕاست بتوانی لەتی بکات، ھیوادارم ئەو رۆژنامە نووسە لەمەودوا ئەرکی خۆی بەئەمانەتەوە بە ئەنجام بگەینێت، کار بۆ ئەوە نەکات نێوانی دوو ھونەرمەند بشوێنێت!.
بڵند ئیبراھیم
دھۆک / ٢٠/ ١٠/٢٠١٢