هونەرمەندی گۆرانیبێژ (بڵند ئیبراهیم) لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی “هەولێر” تیشکی خستە سەر چەند لایەنێک لە کارە هونەرییەکانی خۆی و دوایین ئەلبومی گۆرانی کە ئێستا کاری بۆ دەکات، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ناتوانێت بەشداریی هەڵبژاردنەکانی ئە جارە بکات، بەڵام دەڵێت دەنگی خۆتان بدەن بەسەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعود بارزانی)، بۆ پەرلەمانی کوردستانیش هیچ ناڵێت و تەنها دەڵێت دەنگ بدەن بەو لیستەی کە خزمەتان دەکات، سەرەتا هونەرمەند (بڵند ئیبراهیم) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ناتوانێت بەشداریی هەڵبژاردنەکانی ئەم جارەی کوردستان بکات، لەم بارەیەوە گوتی : بەهۆی ئەوەی کە ئێمە ناسنامەی باری شارستانیمان سەر بە قەزای شەنگالە و ئەو ناوچەیەش سەر بە شاری موسڵە، بۆیە ئێمە بێ بەشین لەبەشداریی کردن لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان،
بەڵام من پێش چەند مانگێک بەشداریی هاندان و سازدانی چەندیین ئاهەنگم بەڕێوەبەرد، کاتێک هەڵبژاردنی لیستی (برایەتی نەینەوا) بەڕێوەچوو لە شاری موسڵ ماوەی (10) رۆژ من خەریکی ریکلام و هاندانی خەڵکی ئەو دەڤەرە بووم، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا بێ بەشم، بەڵام لەم سۆنگەیەدا داوا لە جەماوەری هونەر دۆستی کوردستان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەم، بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەنگی خۆتان بدەن بە جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی)، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش من هیچ ناڵێم، تەنها ئەوە دەڵێم دەنگ بدەن بەو لیستەی خزمەتان دەکات،
بڵند هەر لەمیانەی ئەو دیمانەیەدا رایگەیاند : من پێم وایە لە پەرلەمانی داهاتووی کوردستاندا هەبوونی نوێنەری هونەرمەندان کارێکی گرنگ و پێویستە بۆ ئەوەی هونەرمەندان و رەوشی کاری هونەری لە کوردستان بگاتە ئەو ئاستەی کە حیسابی بۆ بکرێت، لەلایەن پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە هیوادارم هونەرمەندی لێهاتوو ئەو هونەرمەندانەی خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندن لە بواری هونەری جا (گۆرانیبێژ بێک، سینەماکارێک، شانۆکارێک، موزیکژەنێک) هەر بوارێکی تری هونەری بێت، گرنگ ئەوەیە کەسێکی لێهاتوو بە ئەزموون بێت و لە خەمی هونەرمەندان بێت، وە باشترین دەرفەتە کە لەهەڵبژاردنی ئەم جارەدا میلەتی کورد و دەسەڵاتی کوردی بۆ هەموو دونیا بیسەلمێنێت کە میلەتێکی دیموکراسی خوازە هیوادارم بەشێوەیەکی ئارام و دوور لەهەموو گرژییەک ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەبچێت،
هونەرمەندی گۆرانیبێژ بڵند ئیبراهیم لە بەشێکی دیکە لێداونەکەی دا ئاماژەی بۆ ساز کردنی دوو ئاهەنگ کرد لە داهاتوودا، لەم بارەیەوەش رایگەیاند : لە میانەی ئەو کار و پرۆژانەی کە لەداهاتوویەکی نزیکدا بە نیازم بە ئەنجامی بگەینم، سازدانی دوو ئاهەنگە یەکێکیان لە وڵاتی سوریا دەبێت، ئەوی تریان لە وڵاتی لوبنان، کە هەردوو ئاهەنگ لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەچن، بەڵام مەبەستی سەرەکییم لە سازدانی ئەو کۆنسێرتانە زیاتر بۆ بەسەرکردنەوە و کۆکردنەوەی رەوندی کوردە لەم دوو وڵاتە بۆ ئەوەی چەند ساتێک لە گەڵ گۆرانی و موزیکی کوردییان پێش کەش بکەین، هەروەها بۆ هونەرمەندیش ئەو جۆرە کۆنسێرتانە بۆ دەست کەوتنی سەرچاوەی ماددی زۆر باشە.
بڵند ئیبراهیم لە کۆتایی دیمانەکەدا ئەوەی ئاشکرد کەوا ئێستا کار بۆ ئەلبومێکی تازەی گۆرانی دەکات و گوتی : ئەلبومێکی تازەی گۆرانییم لەبەردەست دایە، کە ئەو ئەلبومە دەبێتە پێنجەم ئەلبوم گۆرانی من، لەوانەیە ئەو ئەلبومە لە (10 تا 11) تراکی گۆرانی لە خۆی بگرێت، کاری دەنگ و موزیک لە (3) ستۆدیۆی جیا کاری بۆ دەکرێت، لەوانە ستۆدیەک لە (دیار بەکر و ئەستەمبول) لە تورکیا، هەروەها لە شاری دهۆک لە ستۆدیۆیەک کاری بۆ دەکەم، لە سیدیەکەی ئەم جارەمدا هەوڵمداوە گۆرانکارییەکی باش بکەم، لەوانە کارم بۆ (3) گۆرانی سۆرانی کردووە، کە دیارتریان گۆرانییەکە لەلایەن هونەرمەندی بەتوانا (زیاد ئەسعەد) ئاواز هۆنراوەکەی نووسراوە بە شێوازێکی زۆر جوان، گۆرانیەکی تر لەلایەن شاعیر (ئەحمەد محەمەد) هۆنراوەکەی نووسراوە، هۆنراوەکانی گۆرانییە بادینەکانیش لەلایەن هەریەک لە (شەعبان سلێمان، سەلمان شێخ مەمی) ئاوازەکانیش زۆربەی خۆم دامناوە، کاری بەرهەم هێنان و بڵاو کردنەوەی لەگەڵ کۆمپانیای (JNC) بۆندێکم کردووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باش کارەکان تەواو بکەم.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا