كارۆخ مەلائەسعەد: گۆرانیبێژی لاو (بڕوا عەلی) سەرقاڵی دوو بەرهەمی تازەیە و، بەم زوانەیش كۆتایی بە بەرهەمەكەی دێت و بەر لە بڵاو بوونەوەیشی وردەكارییەكانی ئەو بەرهەمە تازەیەی بۆ گوێگرەكانی دەخاتە ڕوو.
(بڕوا) بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: خەریكی خۆ ئامادەكردنی كارێكی تازەیە، كە ئەو كارەیش بریتییە لە دوو گۆرانی، كە ئاواز و هۆنراوەی هەردوو گۆرانییەكانیش خۆی دایناون.
ئەو گوتی: “یەكێك لە گۆرانییەكان ڕێتمەكەی تۆزێك خێرایە و ناوم ناوە (نیگایە) و تێكستەكەیشی وەسفییە، واتە تاریفی جوانیی كچێك دەكات و بە گشتی كارێكی سەردەمیانە دەبێت. هاوكات هەر خۆیشم كاری موزیك و دابەشكردنەكەیم كردووە و لە ستۆدیۆی (ڤینۆ) لە شاری سلێمانی تۆمار كراوە.”
گوتیشی: “گۆرانیی دووەمیشم ریتمەكەی خاوە، بە ناوی ( تەنیات كردم)، كە ناوەڕۆكی ئەو گۆرانییەش باس لە قەدەر و جیابوونەوە و دوور كەوتنەوەی دوو خۆشەویست دەكات. سەرجەم كارە تەكنیكییەكان (ئارام سەردار) بە رایپەڕاندوون و جێبەجێی كردوون.”
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا گوتی:”لە ئاییندەیەكی نزیكدا كلیپێكی پڕۆفیشناڵ بۆ یەكێك لەو بەرهەمە نوێیانەم بەرهەم دێنم.
لەوانەیە كلیپەكەم بە دڵی خەڵك بێت، چونكە بڕیارمان داوە شتەكە لاساییكردنەوە نەبێت، بەڵكوو كارێك بێت تازە و گەنجانە، چونكە ئێستا كلیپ بۆتە یەكێك لەو دیاردانەی لە دنیادا گرنگییەكی زۆری پێ دەدرێت و دەبێت ئێمەیش، ئەو لایەنەی هونەر فەرامۆش نەكەین و كلیپەكانمان لە ئاستێكی باشدا بن و سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی لەو دوو بەرهەمەم هاوكارییان كردووم.