ئاکۆ عارف :ماوەیەکی زۆر بە ئێستاشەوە ھەموومان چاوەروانی بەستنەوەی ھێڵی ئاسنینی سلێمانی _ کەرکوک بووین ، بەڵام ھەتائێستاش ھەر خەونەو قیتارە کە ھەر نەگەیشتە سلێمانی ، بۆیە خەڵکی شارە حەیاتەکەش ھەرکاتێک کە لە چاوەروانی شتێکدا دەبن و دوای ماوەیەک چاوەروانییەکەیان بێ ھودە دەردەچێت وەک پلار و بەشێوەیەکی تەنزئامێز دەڵێن بوو بە قیتارەکەو ! ھەرنەگەیشتە سلێمانی ، بەڵام وادیارە تۆپی پێی ئەم شارە وەک قیتارەکەی لێھاتووە و ھیچ یانەیەکی ئەم دەفەرە ناگاتە مەنزڵ و نابێتە پاڵەوان .
ئەمساڵ یش خولی نایابی یانەکانی کوردستان کۆتایی ھات و ھیچ یانەیەکی ئەم دەفەرە ئەمجارەش نەک نازناوی خولەکەی دەستەبەرنەکرد بەڵکو تیپەکانی ئەم شارە لە پلە باشەکانی ریزبەندیشدا نەبوون و لەوەش خراپتر یانەیەکی ناسراوی شارەکە بۆ ریزی خولی پلەیەک دابەزی .
وادیارە بەدەستھێنانی پلەی یەکەمی خولی یانەکانی کوردستان لەلایەن یانەکانی ئەم دەفەرەوە وەک قیتارەکەی لێھاتووەو ھەوادارانی وەرزش وابەئاسانی پێی شاد نابن ،بەڵام ئەمە بۆچی و تاکەی وایە!؟ خۆ ئەگەر لە بەستنەوەی سلێمانی بەشارەکانی ترەوە بە شەمەندەفەر و ھێڵی ئاسنی ، بەھانەو بەربەست و گرفتی زۆر ھەبێت ،ئەی دەبێت لە ئێستادا کۆسپی گەورەی بەردەم تیپەکان چی بێت کەناتوانن وێستگە دوای وێستگە شەمەندەفەری تیپەکانیان بگەیەنە دوا وێستگەی کاروانی یارییەکان .
ئەم شارە زیاتر لە یانەیەکی ھەیە و وەرزشکاری زۆر و راھێنەری بەئەزمونیش لە گۆرەپانەکاندا کەم تازۆر مەودای یاریکردنیان بۆ فراوانکراوە ئەی بۆ تیپە پێشکەوتوەکانی سلێمانی سەرباری ئەوەی نەیانتوانی ببنە پاڵەوان لەسەرتەختەی شانۆی یارییەکانیش ئەمساڵ حاڵیان حاڵ نەبوو
.
ھەموو ئەوانەی دەستیان بەسەر تەواووی جومگەو پلەو پۆستە وەرزشیەکانی ئەم شارەدا گرتووە ھەریەکەو بەقەد بەرسیارێتەیەکەی خۆی ،خراپی و دواکەوتووی و بەجێ مان و نەگەیشتن بەسەرکەوتنی تیپەکانی لەسەر شانە و زیاتر لەوەش لە تەواوی وەرزشی ئەم شارە بەرپرسیارن ، بۆیە گرنگە بەر لەھەر کەس ئەوان لەو راستیە تێبگەن کە چیتر ھەوادارانی وەرزش
لە چاوەروانی نەگەیشتنی شەمەندەفەری یانەکانیاندا بە دواوێستگەی سەرکەوتن بێدەنگ و بێ باک و خەمسارد نابن ، ئاخر ھەوادارێکی وەرزشی لێرەوە لەخەمی ریاڵ و میسی و ئەڵمانیا و ئەرجەنتین و کاڵچۆ لیگ ھتد دابێت ؟ ئەوە رۆژێکیش دێت شکست و ئاستی لاواز ی یانەکانی شارەکەی خۆی لادەبێتە کێشەو خەمێکی گەورە ،ئەوەندەی ئێمەش لەکاتی یارییەکاندا سەرنجی چاوی ئەو جەماوەرە ئەدەین کە لەکاتی یارییەکاندا بێ ناز لە مدرەجی یاریگاکاندا دانیشتووەو چاوی لەسەرکەوتنی یانەکانی شارەکەی خۆیەتی ، خەم و توڕەبونێکی زۆر لە ناخی ھەر یەکێکیاندا دەبیندرێت و دەخوێندرێتەوە کەتەقینەوەی رەنگە خراپ بکەوێتەوە ،بەڵاِم بەدڵنییاییەوە بێزاربوونی لەوە زیاتری ھاندەران لە ئاست ئەو ئەنجامە خراپانەی تیپی شارەکەیاندا دەرنجامی باشی نابێت .
Ako_arif٢٩@yahoo.com