عه‌بدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنه‌ری ده‌روونی : چۆن مرۆڤێك بتوانێت له‌م دونیایه‌دا ئاشتی به‌دی بکات که ته‌نها ڕك و دووبه‌ره‌کی و هه‌ڕه‌شه هه‌یه ؟ زۆرمان ئه‌م پرسیاره ده‌که‌ین ئیتر له‌خۆمان بێت یان که‌سانیتر. ئه‌ی چۆن ده‌ست پێبکه‌ین؟ خۆزگه زۆربونایه ئه‌وانه‌ی که شتی باش و دڵخۆشی بڵاوده‌که‌نه‌وه که به هۆی نوسین و ڕه‌فتاره‌کانیانه‌وه باس له خۆشه‌ویستی و ئه‌و چالاکیه باش و دڵخۆشیاکانی جیهانیان بکردایه هه‌تا ئێمه‌ی گه‌وره‌ش وه‌ك منداڵ له‌دڵه‌وه پێبکهنینایه.
ئه‌بێت ئاشتیه‌ك هه‌بێت که خۆی حه‌شار دابێت له پشت هه‌مو ئه‌و بڕیاردانه‌وه به‌باش و خراپ؟ ئه‌ی چۆن هه‌موو مرۆڤه‌کان توانیان (ببورن)، ئاشتی بدۆزنه‌وه و به‌رده‌وامی به‌ژیانیان بده‌ن دوای کاره‌ساته گه‌وره‌کانی جه‌نگی ڤێتنام و کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و چه‌ندان كاره‌ساتی مرۆی تر؟ له‌کاتێکدا که ژیان به‌م جۆره‌ی ئێستا ده‌بینرێت و شته‌کان به‌و خێرایه ده‌گوزه‌رێت و ڕوداوه‌کان یه‌ك له دوای یه‌ك دێن، وشه‌ی ئاشتی وه‌ك چیرۆك یان خه‌یاڵیك به‌رگوێ ده‌که‌وێت و هه‌ر به‌خێرایش ده‌گوزه‌رێت.
ئاشتی وه‌ك خه‌ولێکه‌وتنی مناڵێك وایه له ئارامیدا دایك و باوك به‌تایبه‌ت ئاواتی بۆده‌خوازێت. له‌وانه‌یه له مزگه‌وتێکدا، له کڵێسایه‌ك یان له تیمپلێکدا ئاشتی ته‌واو هه‌ست پێبکرێت، یان ئێواره‌یه‌ك له‌کاتی ئاوابوونی خۆردا.هه‌روه‌ها مۆسیقا بۆ زۆرکه‌س بووه‌ته شێوازێك له به‌ده‌ستهێنانی ئاشتی. ئه‌ی ئاشتی بۆ تۆ چیه؟ له‌لای زۆرکه‌س ئاشتی ئه‌وه‌یه که ئه‌و کێشه‌یه‌ی که ئێستا هه‌یانه ڕۆژێك له داهاتودا چاره‌سه‌ر بوبێت، ئیتر ئه‌و ڕۆژه خۆشترین ڕۆژیانهو هه‌مو داخوازیه‌کانی ده‌وروبه‌ریان ده‌خه‌نه زه‌رفێکه‌وه‌و هیچ گرنگیان نابێت.
به‌بێ ئه‌وه‌ی بیری لێبکه‌ینه‌وه ئێمه وزه‌یه‌کی یه‌کجار زۆر بهفیڕۆئهدهین که له‌خۆمانی ده‌شارینه‌وه و ناڵێین که کێشه‌مان هه‌یه له دۆزینه‌وه‌ی ئاشتیدا، که ده‌کرا ئه‌و وزه‌یه به‌کاربهێنین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ئاشتی بچین. به‌ڵام ئایا له ڕاستیدا ئاشتی شوێنێکه یان ئامانجێکه؟ ئه‌گه‌ر تۆ بۆ ماوه‌یه‌کی که‌م واز له هه‌موو بیرکردنه‌وه‌کانت بهێنیت بۆ ژیان گۆڕین و گه‌یشتنت به ئامانجه‌کانت، چی ڕوو ئه‌دات؟ ئه‌گه‌ر که‌مێك یاری بکه‌یت له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه‌کانتدا و ئه‌و ده‌نگه‌ی که له‌ناوتدا هه‌یه پێت بڵێ ته‌نها له‌شوێنی خۆتدا بوه‌سته‌و هه‌موو شته‌کان ئازاد بکه؟
شوێنێك له ناو خۆماندا هه‌یه که ئاشتیه و وه‌ستاوه. له‌و شوێنه‌وه تێبینی هه‌مو شته‌کان له ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه ئه‌که‌ین که چی ڕوئه‌دات، وه‌ك ڕوداو بیرکردنه‌وه و هه‌سته‌کان که ئێمه نامانه‌وێ تیایدا بژین. ئه‌مه‌ش له تۆفانێك (ڕه‌شه‌بای توند) ده‌چێت، که له چاوی تۆفانه‌که‌وه هه‌موو شته‌کانی ده‌وروبه‌ری وه‌ستاون و ئه‌ویش به فویه‌ك هه‌مووی ڕاده‌ماڵێت و ده‌یبات. کاتێك ئێمه ئاشتیمان نه‌بێت وه‌ك ئه‌و شتانه‌ی ده‌وروبه‌ری تۆفانهکهین که ڕادهماڵرێین به وه‌ستاوی.
ئێمه هه‌وڵ ئه‌ده‌ین که به باشترین شێوه بژین و وا بڕوا ده‌که‌ین که ئه‌وه‌ی ئێمه تیایدا ده‌ژین ته‌نها ڕاستیه‌که‌و ده‌بێت خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاسیهی خۆماندا بگونجێنین. ئه‌وه‌ی گرنگه دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌یه له ناو خۆماندا، که دۆزیمانه‌وه ئه‌وکاته خۆمان سه‌ربه‌ستین که بوه‌ستین و ڕاماڵرێین به‌هۆی تۆفانه‌که‌وه یان به‌ره‌وڕوی ببینه‌وه به ئاشتی.
ئێمه سهربهستیشین که کام شته‌مان به‌لاوه گرنگتر بێت. ئه‌وه‌ی ئێمه زیاتر بیری لێده‌که‌ینه‌وه‌و به‌گرنگی ئه‌زانین زیاتر وزه‌ی ئه‌ده‌ینێ و ده‌بێته به‌سه‌رهات بۆمان. هه‌ر بۆیه ئێمه ئه‌توانین ئارامی ناو خۆمان بین و وزه‌مان بۆ ئه‌و شته بڕوات که خۆمان خوازیارین. ئه‌شتوانین به‌هۆی پشودانی ده‌روونی و ئارامیمانه‌وه بهێڵین هه‌مو شته‌کان بێن و بچن له ئاشتیدا به‌بێ گرنگیدان پێیان. ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌ته‌وێت بڕوا بهێنیت که ئاشتیه‌ك هه‌یه له‌ناو خۆتدا ئه‌وا ده‌توانیت ڕۆژانه بۆ ئارامبوونه‌وه‌ت چه‌ند خوله‌کێک بکه‌یت به به‌رنامه بۆ خۆت که ته‌نها بیر له ئاشتی بکه‌یته‌وه و خۆت پڕبکه له ئاشتی ، جوانی سروشت و خۆشی ژیان و بیرکردنه‌وه له خۆشه‌ویستیت بۆ دهوروهبهرو مرۆڤه‌کان ببینه له کاتی ڕاهێنانه دهروونیهکهتدا.
هه‌موو یه‌کێك له ئێمه له‌ناخیدا شوێنێك هه‌یه که ئاشتیه و ده‌توانین به‌کاری بهێنین و به‌ره‌نگاری دژوارترین و سه‌خترین کات و ساتی پێببینهوه.
سه‌رکه‌وتوبن……
www.warzshidaruni.com