م. عه‌ونی خۆشناو
مێژووی کورد گه‌لێ ڕووداو و کاره‌سات و ڕاپه‌رین و شۆڕه‌شی بێ وێنه‌ی به خۆیه‌وه بینیوه، به درێژایی قۆناغه مێژووییه‌کان کۆمه‌ڵانی خه‌لکی کوردستان، له پێناوی ده‌سته‌به‌رکردنی مافی هاووڵاتیبوون، هه‌میشه له خه‌بات و تێکۆشان به‌رده‌وام بووه‌و قوربانی داوه،
له‌و پێناوه‌شدا دووچاری زوڵم و سته‌م و داگیرکاری و کاولکاری بووه، یه‌کێک له‌و ڕووداوه مێژووییانه له‌دیرۆکی کورد دا، ئه‌و ڕاپه‌ڕینه جه‌ماوه‌ریه بوو، که سه‌رتاپای کوردستانی گرته‌وه، ئا له‌و کاته‌دا یادی یاده‌وه‌رێکی هه‌ره پڕشنگداری گه‌له‌که‌مان ئه‌کرێته‌وه، که ئه‌ویش یادی ڕاپه‌رینی شکۆداری گه‌له‌که‌مانه، یادی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه مه‌زنه‌یه که له 04.03.1991 له ئۆردوگای زۆره‌ملی خه‌بات چه‌خماخه‌ی دا‌و له 05.03.1991 له ڕانیه‌ی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕین که‌ڵپه‌ی سه‌ند و له 21.03.1991 له که‌رکوکی قودسی کوردستان تێکه‌ڵ به گڕی بابه‌گوڕگوڕ بوون و ئاگری نه‌ورۆزی ئه‌و ساڵه‌یان به گوڕ‌و گڕدارترکرد و شه‌وه‌زه‌نگه‌کانی کوردستانیان ڕۆشنکردهوهو که‌رکوک تاجی سه‌رکه‌وتنی ڕاپه‌رینی نایه سه‌ر شۆڕه‌شی نوێی گه‌له‌که‌مان و گه‌وره‌ترین وه‌رچه‌رخانی مێژوویی له ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستاندا هێنا به‌رهه‌م، ڕاپه‌ڕین جۆشدانه‌وه‌و هه‌ستانه‌وه‌و به‌گژداچونه‌وه‌ی ئه‌و جه‌ورو زولم و سته‌مه داگیرکاریهبوو، که به‌رۆکی گه‌لی کوردستانی گرتبوو، چه‌ندان ساڵ شار‌و لادێی کوردستان خاپوردهکران و ده‌سوتێنران، ڕۆله‌کانی زیندانی و شه‌هید ده‌کران ،به گوێره‌ی به‌رنامه ڕێژی سیاسی ده‌ستپێکی ڕاپه‌رین له 07.03.1991 له هه‌موو کوردستان دیار کرابوو، به‌ڵام جامه له مێژه پڕبووهکهی جه‌ماوه‌ر و سه‌بری شۆڕهشگێڕانهی گه‌ل له 04.03.1991 به‌سه‌ریدا ڕژاو رق و کینه‌ی مێژووێکی دوور‌و درێژی ژێر ده‌سته‌یی و چه‌ساندنه‌وه له هزرو بازوی جه‌ماوه‌ری کۆڵنه‌ده‌ری کوردستاندا گه‌یشته ئاستێکی به‌رز که به هیچ ترس و هه‌ڕه‌شه‌و تۆقاندن به‌ربه‌ست نه‌ده‌کرا، هه‌رچه‌نده به پێی پێویست به‌رنامه ڕێژی بۆ ئه‌و ڕۆژه نه‌کرابوو، به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه مێژوویه به ده‌ستپێکی قۆناغێکی نوێی خه‌باتی ڕزگاریخوازی کوردستان و چاره‌نووس ساز ئه‌ژمار ده‌کرێت،چونکه قه‌ڵای ترس و تۆقاندنی فاشسته‌کانی له‌به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شاند و خه‌ونه نه‌زۆکه‌کانی ڕژێمی فاشی پوچه‌ڵ کرده‌وه، هه‌ر شکاندنی ئه‌و تهوقهبوو وای له خه‌ڵکی شۆڕه‌شگێری ڕانیه‌ی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌رین کرد، هه‌ڵمه‌ته‌کانیان فراوانتر بکه‌ن و له چاوتروکانێکدا ته‌واوی ده‌ڤه‌ری بیتووێن ئازاد بکه‌ن، نازناوی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌رین بووه سیمبول ورهمز و خه‌بات و تێکۆشان و نه‌به‌ردی و ئازایه‌تی و بوێری و بووه مه‌دالیایه‌کی زێڕینی مێژوویی هه‌تاهه‌تایی به‌خشرایه ڕانیه،که هه‌موو دانیشتوانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره بۆیان هه‌یه شانازی به‌و نازناوه بکه‌ن، بۆیه ئه‌بێ هه‌میشه ئه‌و یاده به‌رزو پیرۆز ڕابگرین و دووردو نه‌مری بۆ یه‌که‌م شه‌هیدی ڕاپه‌ڕین کاکه (به‌ختیار) و ته‌واوی شه‌هیدانی ڕاپه‌ڕین و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌له‌که‌مان بنێرین، وه‌سه‌ری ڕێز‌و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گڵکۆی ئه‌و نه‌مرانه دا دانه‌وێنین و بهلێنێنان پێ بده‌ین ،که هه‌میشه درێژه پێده‌ری ڕێبازه پێرۆزهکانیان تا به‌دیهێنانی دوا ئاوات و ئامانجی گه‌له سته‌مدیده‌که‌مان تێده‌کۆشین، وه له‌هه‌مان کاتدا به پێویستی ده‌زانین پیرۆزبایی یادی ڕاپه‌رین له سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به گشتی بکه‌ین و وه پیرۆزبایی تایبه‌ت له خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه ئازا و گیان له‌سه‌رده‌سته‌کان و شانه چه‌کداره‌کان و زیندانیانی سیاسی و ڕادیۆی ده‌نگی گه‌لی کوردستان و هه‌موو چین و توێژه‌کان و پارت و لایه‌نه سیاسی یه‌کان بکه‌ین، که پێکه‌وه له شاخ و شاردا گه‌وره‌ترین سه‌رکه‌وتنی مێژوویان له دیرۆکی کورددا تۆمارکرد..
له یادی 22 ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕیندا، وێرای کۆمه‌ڵێک ده‌ستکه‌وتی گرنگ که به‌رهه‌می ڕاپه‌ڕین و یه‌کبوون و یه‌کڕیزی و ته‌بایی نێوان لایه‌نه‌کان و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه، به‌ڵام بابه‌ته چاره‌نووس سازه‌کان و مه‌سه‌له سیاسی یه‌کان هێشتا به‌ته‌واوه‌تی له‌خه‌م نه‌ڕه‌خساوه، ناحه‌زانی گه‌ل و نیشتیمان درێژه به به‌رنامه‌و پیلانه گڵاوه‌کانیان ده‌ده‌ن بۆ له‌به‌ربردنی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی گه‌له‌که‌مان، هێشتا ئه‌و مادده ده‌ستورییانه‌ی که ده‌ستکه‌وته‌کانی گه‌له‌که‌مانیان به‌رجه‌سته‌کردووه، نه‌که‌وتوونه‌ته بواری جێ به‌جێکردنه‌وه، تاکو ئێستا کێشه‌ی ناوچه کوردستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم که له ده‌ستور ئاماژه‌ی پێدراوه یه‌کلانه‌بۆته‌وه، ساڵانه کۆسپ و ته‌نگه‌ژه کێشه بۆ به‌شه بودجه‌ی کوردستان دروست ده‌کرێت و میزانیه‌ی پێشمه‌رگه به‌یه‌کجاره‌کی یه‌کلانه‌بۆته‌وه، وه‌هه‌روه‌ها تیرۆریستان به شێوازی جۆراوجۆر درێژه به کاره تیرۆریسته‌کان ده‌ده‌ن له ناوچه کورستانیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، ڕۆڵه‌کانی گه‌ل له‌و ده‌ڤه‌رانه خه‌لتانی خوێن ده‌که‌ن، ئه‌و کێشانه ده‌یانی تر هێشتا به‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی به‌رنه‌داوه، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وێڕای هه‌وله به‌رده‌وه‌مه‌کانی و ده‌سته‌به‌رکردنی ده‌یان ده‌ستکه‌وتی گرنگ و پڕ بایه‌خ بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان، به‌ڵام تاکو ئێستا نه‌یتوانیوه کێشه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی وه‌ک که‌می کاره‌با، ئاو، سوته‌مه‌نی وه‌ک پێویست دابین بکات، سه‌ره‌ڕای که‌م وکوڕی له بواری په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی و بژێوی خه‌ڵک، وه له‌هه‌مان کاتدا له‌به‌ر به حزبکردنی داموده‌زگاکانی حکومه‌ت نه‌توانراوه که‌سی شیاو بۆ شوێنی شیاو ده‌ستنیشان بکرێت، جگه‌له‌وه‌ی دیارده‌ی مشه‌خۆری، بیروکراتیه‌ت. گه‌نده‌ڵی و رۆتین چاره‌نه‌کراوه، به‌ڵام ناکرێت له ئه‌نجامی هه‌بوونی ئه‌و که‌م و کوڕیانه له جیاتی زمانی دیالۆک و لێكتێگه‌یشتن په‌شێویی و ئاڵۆزی و نا ئارامی شه‌قامه‌کانی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکات!! کێشه چاره‌نووس سازه‌کان و دوژمنه‌کانی گه‌ل و نێشتیمانمان له‌بیربباته‌وه!!
هه‌موو ئه‌و ده‌ستکه‌وته سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و که‌لتووریانه‌ی تاکو ئێستا به‌رجه‌سته‌بوون به‌رهه‌می ڕاپه‌ڕینن، بۆیه پاراستن و گه‌شه‌پێدانی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه و سه‌روه‌ریانه ده‌بێته هه‌وێنی ده‌ستکه‌وتی زۆرتر‌و، بۆیه دروشمی ڕاست و دروستی ئێستای هه‌مووان، ئه‌وه‌یه که ده‌ستکه‌وته‌کانمان بپارێزین و گه‌شه‌پێبده‌ین..
با یادی 22 ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕین هانده‌رێک بێت، بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی پیلانی شۆڤینیه‌کان و پاشماوه‌کانی به‌عس له سنووره‌کانی که‌رکوک و ناوچه دابڕینراوه‌کان بۆ به‌رگریکردن له ده‌ستکه‌وته‌کان و پاراستنی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی که به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدان و ئازایه‌تی و ماندبوونی پێشمه‌رگه گیان له‌سه‌رده‌سته‌کان و خۆڕاگری زیندانی یه سیاسی یه‌کان و بوێری و کۆڵنه‌دانی ڕێکخستنه دێرێنهکانه..
با هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ، هه‌موو پارت و ڕێکخراوو لایه‌نه سیاسی یه‌کان، له پێناوی پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی ڕاپه‌ڕین بهیهکگرتوویهوه خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و ڕزگاریمان توند‌و تۆڵتر بکه‌ن و گیانی ووره به‌رزی و فیداکاری و یه‌کگرتوویی ڕاپه‌ڕین به زیندووی و گه‌شه‌داری بپارێزن، له به‌ره‌وپێشبردنی ڕه‌وتی به‌رگریکردن و دیموکراتیزه‌کردنی کوردستاندا به‌رپرسانه تێ‌بکۆشن..
با سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه سیاسی یه‌کان له‌م هه‌ل و مه‌رجه ناسکه‌ی کوردستاندا به‌رپرسانه مهمهله له‌گه‌ل دۆخه‌که بکه‌ن،هێزو توانای گه‌ل یه‌کبخه‌ن بۆ به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی پیلانه‌کانی دوژمنان و ناحه‌زانی کورد‌و ئه‌زموونه‌که‌مان، با هه‌موومان ده‌ست له ناوده‌ست له پێناوی گه‌شه‌پێدان و تۆکمه‌کردن و جوانترکردنی ئه‌زموونه‌که‌مان و ده‌ستکه‌وته‌کان تێ‌بکۆشین، چونکه گه‌له‌که‌مان هه‌میشه له ڕۆژگاره سه‌خته‌کاندا به تێکۆشانی به‌رده‌وام له به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌کان ماوه‌ته‌وه‌و سه‌رکه‌وتووه‌و سه‌رده‌که‌وێ، هه‌روه‌ها به ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موو لایه‌کی ده‌زانین، که هاوکار و پشتیوانی ئه‌و پرۆسه ئاشته‌واییه‌ی باکوری کوردستان بین، له پێناوی ده‌سته‌به‌رکردنی مافه ڕه‌واکانی گه‌له‌که‌مان، زمانی دیالۆک لێکتێگه‌یشتن باشترین چاره‌سه‌ره بۆ ئاشتی و ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان.
دووباره به‌رزو پێرۆز بێت یادی 22 ساڵه‌ی ڕاپه‌رین..
م. عه‌ونی خۆشناو
05.03.2013 / هۆڵه‌ندا لاهای