هه‌موو كات پێویسته جوانكاری وماكیاژ كردن به شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك و گونجاو بێت تا كو سوودتان پێبگه‌یه‌نێت، به‌ڵام ئاگه‌داربه له پێناو جوانیدا خۆت مه‌خه‌ره بارێكی كۆمیدییه‌وه و به چه‌ند چینێنكی ماكیاژ ده‌موچاوت بشاریته‌وه و دیارنه‌مێنێت، ئه‌و هه‌موو جوانكاریه‌ی كه بۆ برۆ وقژو برژانهگهكان ده‌یكه‌یت، زۆر جار زیان به جوانیت ده‌گه‌یه‌نێت وڕوخسارێكی ناشرینت پێ ده‌به‌خشێت.
*له پێناو خۆبرۆنزی كردن خۆتان مه‌سوتێنن:
ئێستا كه‌سانێكی زۆر هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه ڕه‌نگی خۆیان بگۆڕن بۆ ره‌نگی بڕۆنزی، به‌لا م زۆر جار ئه‌و ڕه‌نگه زیان به پێست ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌تسوتێنێت ،ئه‌مه‌ش ڕێگایه‌كه بۆ دروست بوونی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه وچارهسهركردنیشی زۆر قورسه.
*قژه‌كانتان ئوتو مه‌كه‌ن:
ئوتو كردن قژ بێ توانا ده‌كات، له سه‌ره‌تادا پێده‌چێت جوانیه‌كی شاز بدات به قژه‌كه‌ت، به‌لا م پاش تێپه ڕبوونی چه‌ند مانگێك قژه‌كه‌ت بارێكی وای به‌سه‌ردا دێت كه نا‌توانیت به هیچ شێوه‌یه‌ك رێكی بخه‌یت هه‌روه‌ها زۆر بێ هێز ده‌بێت.
*هه‌موو رۆژێك چه‌ند موویه‌ك له برۆتان لێ مه‌كه‌نه‌وه:
برۆ جوانی ڕۆخساری ده‌موچاو ده‌رده‌خات، زۆر باریك كردنه‌وه‌ی روخسارت تێکده‌دات، له جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌موو رۆژێك تالێك له برۆكانت لێ بكه‌یته‌وه هه‌وڵبده هه‌موو شه‌وێك پێش خه‌وتن به شانه‌ی برۆ یان به فڵچه‌یه‌كی بهكارنههێنراوی ددان برۆكانت شانه بكه‌یت به‌ره‌و سه‌ره‌وه و ڕاست وچه‌پ و خواره‌وه، كه ئه‌مه حه‌وانه‌وه‌یه‌كی باش ده‌دات به برۆكانت، ده‌توانن بۆ به‌كارهێنانی ئه‌م رێگایه سوود له چه‌ند دڵۆپه ڕۆنێكی باده‌م وه‌ربگرن یان ڕۆنی زه‌یتوون.
*له‌گه‌ڵ هه‌موو بێزاربوونێكدا ڕه‌نگی قژت مه‌گۆره:
گه‌ر ڕه‌نگی قژت بۆیه بێت وحه‌زت له‌و ڕه‌نگه نه‌ماو بۆیه‌ت كرده‌وه یان چه‌ند جار به‌سه‌ر یه‌كه‌وه بۆیهتدا له قژت، مانای وایه هیچ به‌زه‌یت به قژی خۆتدا نایه‌ته‌وه، چونكه ڕه‌نگی جیاوازی بۆیه ڕه‌نگی سروشتی قژی خۆت ناهێلێت و زیانی پێده‌گه‌یه‌نێت.
*له پێناو به‌رزبوونی باڵاتدا پێڵاوی زۆر به‌رز له پێ مه‌كه‌ن:
زۆرجار له‌پێکردنی پێلاوی به‌رز ده‌تخاته بارێكی پێكه‌نیناوییه‌وه، هه‌موو كات له پێكردنی پێڵاوی به‌رز بۆ ژێر هه‌موو پۆشاكێ جوانیت پێ نابه‌خشێت، خانمان له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه به به‌رده‌وامی سكالا ده‌كه‌ن له تاو ئازاری پێكانیان به‌لام هه‌ر واز له پێڵاوی به‌رز ناهێنن و له پێی ده‌كه‌ن، به‌لام بیرت نه‌چێت كه پێلاوی كه‌م به‌رز یان فلات زۆرجار جوانیه‌كی شازت ده‌داتێ و جوانی ئه‌و پۆشاكه‌ش ده‌رده‌خات كه له‌به‌ری ده‌كه‌یت.
*زیاده‌رۆی له ماكیاژكردندا مه‌كه‌ن:
ماكیاژ ده‌تكاته شاژن و ڕهزیلیشت ده‌كات، ڕاسته ماكیاژێكی ساده جوانیه‌كی جوان ده‌به‌خشێته ده‌موچاو، به‌لام هه‌ندێك له خانمان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به كوێری ئاگاداری مۆده‌كانی ماكیاژ ده‌بن، خۆیان ده‌خه‌نه بارێكی كۆمیدییه‌وه له كاتی ماكیاژكردنیاندا، ماكیاژێكی زۆر و كردنی چه‌ند چینێك سپیاو(بۆدره) به سه‌ریه‌كدا ڕه‌نگی پیریت پێ ده‌به‌خشێت و بێجگه له ناشرین وبێوێنهیی ده‌موچاوت هیچ سوودێكی دیكه‌ی لێ وه‌رناگریت، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی ماكیاژكردن ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێكجار خانمان سپیاوێك به‌كارده‌هێنن له‌گه‌ڵ ڕه‌نگی پێستی خۆیان ناگونجێت ،ئه‌مه‌ش پێستیان دوو ڕه‌نگ ده‌كات وجیاوازی نێوانیان ده‌رده‌خات.
*تاكو ده‌تونن خۆتان له جوانكاری(تجمیل)دووربگرن:
له پێش هه‌موو شتێك ئه‌وه‌تان بیر نه‌چێت كه جوانترین جوانی ئه‌و جوانیه سروشتیه‌یه كه خۆتان هه‌تانه، جوانكاری(تمجیل)هه‌موو كات جوانتان ناكاته‌وه، به‌ڵكو ڕوخساری سروشتی تۆ تێكده‌دات وجیاوازیهكهت له‌گه‌ڵ ئافره‌تانی دیكه ده‌رده‌خات، له سه‌ره‌تادا له‌وانه‌یه ئه‌و جوانكاریه‌ی كه كردووته جوانیه‌كت پێببه‌خشێت به‌لام له‌گه‌ڵ تێپه‌ربوونی كاتدا شێوه‌یه‌كی زۆر ناشرینت ده‌داتێ و هه‌ر به‌و شێوه‌ش ده‌مێنیته‌وه.
*له پێناو دابه‌زاندنی كێشی له‌شتان هه‌موو بهرههمهێنراوێك به‌كارمه‌هێنن:
خانمان وا بیرده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌و ماددانه‌ی بۆ دابه‌زاندنی كێشی له‌شیان به‌كاریده‌هێنن ته‌ندورسته، به‌لام له‌به‌رئه‌وه‌ی كهریخۆڵهكان به‌به‌رده‌وامی كارده‌كه‌ن، ئه‌و مادده به‌رهه‌مهێنه‌رانه كاریگه‌ریان له سه‌ر كاركردنی ریخۆله‌كان هه‌یه‌و بێتوانایان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها كارده‌كه‌نه سه‌ر زۆر میزكردن وئه‌و ماددانه‌ی كه به میزه‌وه به‌ستراون فرێده‌ده‌نه ده‌ره‌وه‌ی له‌ش، ئه‌گه‌ر هاتوو له‌شیش به به‌رده‌وامی ئاوێ لێده‌ربچێت ئه‌وا گورچیله‌كان تووشی لاواز بوون ده‌بن.
شه‌م جه‌لال / ئه‌ڵمانیا