ئارام کاکه‌ی فه‌لاح -چیرۆک
من ناتوانم نیوسه‌عاتی کۆتایی ژیانیتان بۆ بگێڕمه‌وه، نازانم له مێشکه ئاڵۆزه‌که‌یدا چی ڕوویداوه‌و دوا بڕیاری به‌ره‌و کوێی بردووه و چی لێهاتووه. به‌ڵام من ده‌توانم زیاد له سی ساڵ له ته‌مه‌نی هاوڕێیه‌تیمان بگێڕمه‌وه، بیگێڕمه‌وه‌و هیلاکیش نه‌بم، ساڵ به ساڵ و مانگ به مانگ و ڕۆژ به ڕۆژتان بۆ باس بکه‌م و نه‌باوێشک بده‌م و نه چاوێکیش بترووکێنم. چیتان ده‌وێ بپرسن، ته‌نها پێم مه‌ڵێن چی لێ هات چونکه ئه‌و پرسیاره ده‌مکوژێت. من ئاماده‌م باسی سی ساڵتان بۆ بکه‌م، به‌ڵام تکایه واز له‌و نیوسه‌عاته‌ی دوایی بێنن، چونکه نازانم و له‌وه‌دا من و ئێوه هیچ جیاوازییه‌کمان نییه. به‌ڵام ئه‌و ساتانه‌ی دوایی ژیانی، خۆتان منتان بینی له‌م دیو ده‌رگاکه‌وه قسه‌م له‌گه‌ڵ ده‌کرد و ئه‌ویش هیچ وه‌ڵامێکی نه‌ده‌دامه‌وه، نا من بڕوا ناکه‌م ئه‌و له‌وێ مابێ، بڕوا ناکه‌م. پێش ئه‌وه‌ی ئێوه بێن و به‌م نیو سه‌عاته به لێشاو لێره‌دا کۆببنه‌وه،
من په‌یتا په‌یتا قسه‌م له‌گه‌ڵ ده‌کرد، ده‌موت هاوڕێی ئازیز ئه‌و ده‌رگایه بکه‌ره‌وه، تکات لێ ده‌که‌م بیکه‌ره‌وه. ئه‌و هاواری ده‌کرد و ده‌یوت وازم لێ بێنه، من ده‌مرم، نا من مردووم و تۆ پێت نه‌زانیوه. ئه‌مڕۆ سه‌ره‌ی منه‌و ده‌مرم. ده‌موت قسه‌ی قۆڕ مه‌که، سه‌ره‌ی چی و ته‌ڕه‌ماشی چی؟ من نامه‌وێ ئه‌م ده‌رگایه بشکێنم، ئه‌م ده‌رگا ئاسنینه به من ناشکێت، کوڕی باش به‌و بیکه‌ره‌وه. ده‌بێ تۆ به‌سه‌ر ئه‌و ترسهتدا سه‌رکه‌وی. هه‌روه‌ک چۆن به‌سه‌ر قاڵدرمهیهکدا سه‌رده‌که‌وی و ده‌چیته ژووری سه‌ره‌وه، ئاوا ئاسانه. ئه‌و ده‌یوت: وا نییه، ئه‌وه هه‌مووی خه‌یاڵی خۆته، ئه‌مه له‌و سه‌رکه‌وتنانه نییه‌و ئاسان نییه. گه‌ر له سه‌رکه‌وتنیش بچێ که ده‌چیته سه‌ره‌وه نه ژووری لێیه‌و نه سه‌ربان. من ئه‌مڕۆ ده‌بم به سی و شه‌ش ساڵ، تۆ ده‌زانی مانای چی؟ مانای سیروانه سه‌رسپی ته‌واو، من ته‌واو و خواحافیز. تۆ خۆت ده‌زانی هیچ نێرینه‌یه‌ک له ماڵی ئێمه‌دا له‌وه زیاتر نه‌ژیاوه، هه‌ر له کۆنی کۆنه‌وه وا بووه. هه‌چ کوڕێک که له‌دایک بووه، ته‌نها بۆ سی و شه‌ش ساڵ له‌دایک بووه، ئیتر نه‌خۆش بێ یان ساغ، قۆز بێ یان ناشرین، ده‌وڵه‌مه‌ند بێ یان هه‌ژار، جیاوازی نییه، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌بێ به سی و شه‌ش ئیتر وه‌ک دره‌ختێک له قه‌ده‌که‌یه‌وه ئه‌و ده‌قه‌یه بڕابێته‌وه له پڕ ده‌که‌وێت. ئازیزان! من ئه‌وه هه‌شت سه‌عاتی ته‌واوه له‌م دیو ئه‌م ده‌رگایه‌وه وه‌ستاوم، بێزه‌حمه‌ت یه‌کێکتان کورسییه‌ک و جامێ ئاوم بۆ بێنن. زۆر ماندووم و خۆم به پێوه ناگرم. ده‌بێ که‌مێ دانیشم تا چیرۆکه‌که‌متان بۆ بگێڕمه‌وه.
من نازانم ئێوه چۆن وا کۆبوونه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌تان پێ بڵێم که که‌مێک دره‌نگ هاتن، من هه‌ر هاوار هاوارم بوو له‌گه‌ڵیدا، ده‌موت: من بڕوام به‌و شتانه نییه، مه‌رج نییه تۆ ئه‌مڕۆ بمری، با باوکت و باپیرت و برا گه‌وره‌و کێ و کێ له سی و شه‌ش ساڵیدا مردبن، به‌ڵام تۆ نابێ بمری، نه‌ک ئه‌وه به‌ڵکو ده‌بێ تۆ نه‌مری، له داخدا نه‌مری، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ریتێکی تازه له خێزان و بنه‌ماڵه‌ی ئێوه له تۆوه ده‌ست پێ بکات. خۆت بگره! هاوڕێی عومرم! خۆت بگره! ئه‌مڕۆ نه‌مری، ئیتر قه‌ت نامری.
ده‌بیته سمبولێکی هه‌میشه زیندوو، ژیان ده‌به‌خشیته‌وه به‌و پیاوانه‌ی که وه‌ک مه‌کینه‌یه‌ک له نیوه‌ی ئیشدا له‌کار ده‌که‌ون.
ئه‌و ده‌یوت: سمبولی چی؟ هه‌مووی قسه‌ی قۆڕه! من بڕوام به چاره‌نووس هه‌یه، له‌م ناوچه‌وانه به‌ده نووسراوه که ئه‌م گه‌نجه سه‌رسپییه ته‌نها بۆی هه‌یه سی و شه‌ش ساڵ هه‌ناسه بدات، ته‌نها سی و شه‌ش ساڵ چاو بکاته‌وه، مانگێک پیش ئه‌وه‌ی ببێ به سی و شه‌ش ده‌بێ جانتاکه‌ی کۆبکاته‌وه‌و قه‌رزه‌کانی بداته‌وه‌و خۆی ئاماده‌ی سه‌فه‌ری جه‌هه‌نه‌م بکات. من خۆم گێل ده‌کرد و ده‌موت، نا ، وا نییه، من سی ساڵ زیاتره هاوڕێتم و شتی وام له ناوچه‌وانت نه‌بینیووه و نه‌خوێندۆته‌وه، ئه‌و ده‌یوت، تۆ کوێریت، کوێر. ده‌ڵێی نامناسی، تۆ له من باشتر حیکایه‌تی خۆم ده‌زانیت، من و تۆ به ده‌یه‌ها جار چووینه‌ته پرسه‌ی خاڵ و مامه‌کانم، کوڕه‌کانیان که هه‌ر هه‌موویان له سی و شه‌ش ساڵیدا وه‌ک عه‌مووده ڕزیووه‌کانی کۆڵان ده‌که‌وتن و هه‌ڵنه‌ده‌ستانه‌وه، ئێمه ئه‌وسا منداڵ بووین و زۆر بیرمان له ته‌مه‌ن نه‌ده‌کرده‌وه، وامان ده‌زانی تا ده‌گه‌ینه سی و شه‌ش ساڵ، دونیا زۆری پێ ده‌چێ، که‌چی هاوڕێم ! سه‌یرکه! به چه‌قه‌نه‌یه‌ک ته‌واو بوو.
ئازیزان ! ئه‌م کوڕه ده‌مێکه ده‌یه‌وێ بمرێ، ده‌مێکه خۆی ئاماده کردووه، مانگێ پێش ئێستا بوو، بیرتانه ئه‌و به‌یانییه‌ی که خێمهکهتان له ناوه‌ڕاستی کۆڵانه‌که بینی. ڕه‌نگه هه‌ندێکتان بینیبێتتان. من له ئیش بووم، دایکی به‌په‌له ته‌له‌فۆنی بۆ کردم، وتی:وه‌ره‌وه و قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه، کوڕه‌که‌م پرسه‌ی بۆ خۆی داناوه، وه‌ره‌وه! ئه‌و ته‌نیا به قسه‌ی تۆ ده‌کات. تا من هاتمه‌وه، سه‌عاتێک زیاترم پێ چوو، دوایی که به زۆر خێمه‌که‌م پێ تێک دایه‌وه‌و له‌کاتی هه‌ڵگرتنی کورسییه‌کاندا که له‌سه‌ریه‌ک هه‌ڵمان ده‌چنین، به پێکه‌نینه‌وه ده‌یگێڕایه‌وه، که بیست سی که‌سێک هاتوون و به سیمایه‌کی زه‌رد و دیدێکی غه‌مگینه‌وه ته‌وقه‌یان له‌گه‌ڵ کردووم و به بێ ئه‌وه‌ی بپرسن کێ مردووه سه‌ره‌خۆشییان لێ کردووم. قاقای لێ ده‌دا و ده‌یوت، به گونیانهوه، هاوڕێ! بهگونیانهوه کێ مردووه، من ده‌موت وا نییه، تۆ که‌سێکی خۆشه‌ویستیی، مردنی تۆ قه‌هرێکی زۆر ده‌خاته دڵی خه‌ڵکه‌وه. تۆ نیوه‌ی کۆمپیوته‌ری ئه‌م شاره چاک ده‌که‌یته‌وه، تۆ نه‌بی، نه‌ک کۆمپیوته‌ره‌کان به‌ڵکو خه‌ڵکه‌که‌ش (کراش) ده‌که‌ن.ئه‌و ( ئه‌نتی ڤایرۆس)هی لای تۆیه له فلاجین و ئیسپرین و ئه‌نتی بایۆتیکه کاریگه‌رتره. ئه‌و هاواری ده‌کرد و ده‌یوت: من سیستێمهکهم تێک چووه، هه‌موو پرۆگرامه‌کانی عه‌قڵم شێواوه.ڕۆژه‌کانم ( دیلیت) بووه. ئه‌و له‌و دیو ده‌رگاکه‌وه ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی بیر ده‌خستمه‌وه، که چۆن پرسه‌که‌ی بۆ خۆی داناوه‌و که‌سیش نه‌یپرسیووه کێ کۆچی دوایی کردووه. ده‌ی ئازیزان ! ئێوه خه‌ریک بن، خه‌ریکی ده‌رگاکه بن بیشکێنن، من هێزم نییه‌و لێره‌دا داده‌نیشم و به‌سه‌رهاته‌که‌تان بۆ ته‌واو ده‌که‌م. من نامه‌وێ ده‌رگاکه بشکێنم و ئه‌و ببینم له‌سه‌ر زه‌وییه‌که که‌وتبێت، وێنه‌یه‌کی وا به‌سه تا بۆ هه‌تا هه‌تایه له‌ناو لاپه‌ڕه‌ی پێڵووهکانمدا خۆی چاپ بکات و بۆ ئه‌به‌د کوێرم بکات. بۆیه گه‌ر شتێکی واتان بینی زوو پێم بڵێن، هه‌رچه‌نده سه‌د ده‌ر سه‌د ده‌زانم که ئه‌و له‌وێ نه‌ماوه، ئه‌و منی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند و ناردمییه‌وه بۆ ماڵه‌وه تا نامه‌یه‌ک بێنم، نا، نا تکایه ئاوڕ مه‌ده‌نه‌وه! تا ده‌رگاکه نه‌شکێنن، باسی نامه‌که‌تان بۆ ناکه‌م، ئه‌و ده‌یزانی من وازی لێ ناهێنم و به‌ر ده‌رگاکه‌م لێ گرتووه، گه‌ر بشمرێ نایه‌ڵم وا به‌ئاسانی بمرێت، بۆیه ده‌یویست به زووترین کات ده‌رگاکه بکاته‌وه‌و ڕابکات و به‌هێمنی له‌جێگایه‌کی دوورده‌ست بکه‌وێ. ئه‌م شوێنه‌ی هه‌ڵبژارد که هه‌ندێ که‌ل و په‌لی کۆنه‌و وایه‌ر و ته‌ل و پارچه‌ی کۆمپیوته‌ری لێ داده‌نێت که هه‌ر من پێی ده‌زانم. هه‌رچه‌نده که‌مێک دووره له ناو بازاڕه‌وه، به‌ڵام له ماڵه‌که‌ی خۆیانه‌وه هه‌روا نیو سه‌عاتێکه، منی نارده‌وه، وتی: به‌سه ئیتر من بێده‌نگ ده‌بم، تاقه‌تی شیڕه شیڕم نه‌ماوه و قوڕگم هاته ده‌ره‌وه، قسه‌ش بکه‌یت وه‌ڵامت ناده‌مه‌وه، بڕۆ نامه‌که بێنه، نامه‌یه‌کی گرنگه و بۆ تۆم نووسیوه، تێده‌گه‌ی بۆ تۆ، هه‌ر له ژوره‌که‌ی خۆمه، له‌سه‌ر مێزی کۆمپیوته‌ره‌که‌م. له هاتنه‌وه‌دا بووم، به‌هه‌ناسه بڕکێوه که نامه‌که‌م کرده‌وه و سه‌یری ناو زه‌رفه‌که‌م کرد، زانیم ویستوویه‌تی من له‌به‌ر ده‌رگاکه‌دا دوور بخاته‌وه، تا ده‌رگاکه بکاته‌وه‌و ڕابکات، که هاتمه‌وه زۆر ماندوو بووم، به شه‌ق و بۆکس که‌وتمه ده‌رگاکه‌و به‌سه‌ریدا هاوارم ده‌کرد، ئه‌وه چییه تۆ گاڵته‌م پێ ده‌که‌یت؟ زۆر تووڕه بووم و جنێوم ده‌دا، ئه‌وه ئه‌و کاته بوو که ئێوه‌ش پێتان زانی شتێ قه‌وماوه و هاتن و کۆبوونه‌وه.من ده‌بوایه چه‌ند که‌سێک له ئێوه لێره‌دا دابنێم ئینجا بڕۆمه‌وه، به‌ڵام نه‌مده‌زانی فێڵم لێ ده‌کات، ئه‌و سی ساڵه فێڵێک چییه له منی نه‌کردووه، درۆیه‌کی له‌گه‌ڵ نه‌کردووم، سه‌یر بکه! ده‌ستی شکاوم، مه‌رگ چۆن فێری کرد. مه‌رگ ئاوایه ئازیزان! پێش ئه‌وه‌ی بمانبات هه‌موومان ده‌کاته بوونه‌وه‌رێکی درۆزن. سیروانه سه‌رسپی، که زۆربه‌تان به سیروانی کۆمپیوته‌ر ده‌یناسن، په‌پووله‌یه‌ک بوو بۆ خۆی، به‌ڵام په‌پووله‌یه‌ک که مه‌رگ هه‌ر له منداڵییه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌کات و چاوی لێ سوور ده‌کاته‌وه و پێی ده‌ڵێ ماوه‌یه‌کی تر دێمه خزمه‌تت. ژنی نه‌هێنا، هه‌رچه‌نده عاشقێکی گه‌وره بوو، به‌ڵام نه‌یده‌ویست ژن بێنێت و کوڕی ببێت و بۆ ماوه‌ی سی و شه‌ش ساڵ تووشی ئه‌م ده‌رده‌ی خۆی بکات. چه‌نده‌ها کچی جوان جوان عاشقی ده‌بوون و ئه‌میش ئاوڕی لێ نه‌ده‌دانه‌وه، ده‌یوت ڕۆژ به ڕۆژ ئه‌م شاره عاشقی ڕاسته‌قینه‌ی که‌متر ده‌بێته‌وه، منیش ده‌موت به چیدا ده‌یزانی؟ ده‌یوت به گۆڤار و ڕۆژنامه و سایته کوردییه‌کاندا، تۆ سه‌یری ئه‌و هه‌موو شیعره خراپانه‌ی ده‌نووسرێن و بڵاوده‌کرێنه‌وه، هه‌چ شارێک شاعیری خراپی زۆر بێت عاشقی ڕاسته‌قینه‌ی که‌متره. توانایه‌کی سه‌یری هه‌بوو له کۆمپیوته‌ردا، توانایه‌کی ده‌گمه‌ن،
هه‌ر له ساڵی 1998 ه‌وه که پرۆگرامی ( گووگل) وه‌ک مۆتۆڕێکی پشکنین ده‌ست به‌کار بوو، چه‌ند ساڵێک دوای ئه‌وه، ئه‌ویش مۆتۆڕێکی پشکنینی کوردی دروست کرد، گه‌ر بیویستایه ده‌یتوانی رکه‌به‌رایه‌تی مایکرۆسۆفتی پێ بکات ، به‌ڵام وازی لێ هێنا، ده‌یوت بۆ کێی بکه‌م، ئه‌مڕۆ له پشت ده‌رگاکه‌وه هاواری ده‌کرد: کورد هیچ ناپشکنێ، ئێمه له شاعیران زیاتر که‌سی ترمان نییه. شاعیران و گه‌لێکی بریندار که پیاوه‌کانی و دراوسێکانی قه‌ت نایه‌ڵن ئیستراحه‌ت بکات و ئه‌م ماوه‌یه خۆڵبارینیشی هاته سه‌ر. نا، ماڵتان ئاوا بێ، دیواره‌که مه‌ڕووخێنن، له‌به‌ر ناوه‌خنی نامهکهتانه؟ باشه پێتان ده‌ڵێم، به‌س ده‌رگاکه له‌بنه‌وه ده‌رمه‌هێنن، به‌س ته‌نیا ده‌سکه‌که‌ی بشکێنن، تا دوایی من به قفڵێکی تازه بۆم دابخرێته‌وه. وه‌ک وتم منی نارده‌وه بۆ ماڵه‌وه تا نامه‌یه‌ک بێنم، هێنده شڵه‌ژابووم، هه‌موو گیانم وه‌ک شه‌قشه‌قه ده‌له‌رزی، هێنده تنۆکی عاره‌ق له ته‌وێڵمه‌وه تکابووه چاوومهوه، سوورببوونهوهو وه‌ک له کامیرایه‌کی خراپی ناو بازاڕی خۆمانه‌وه سه‌یر بکه‌م ئاوا دونیا‌م لێڵ و پێڵ ده‌بینی. نامه‌که وه‌ک ئه‌و وتی له‌سه‌ر مێزی لاپتۆپه‌که‌ی بوو، له‌وه‌دا ڕاستی کرد، به‌ڵام نامه‌که بڕوا ناکه‌م بۆ من بێت، بۆ که‌س نه‌بوو، له گه‌ڕانه‌وه‌مدا بوو، هه‌ستێک منی ڕاگرت و پێی وتم که ئه‌م هاوڕێیه‌م درۆی له‌گه‌ڵ کردووم تا من له‌به‌ر ده‌رگاکه دووربخاته‌وه.که سه‌یرێکی ناو زه‌رفه‌که‌م کرد، هیچ نامه‌یه‌کی تیا نه‌بوو، بلیتێکی سه‌فه‌ر بوو که خۆی به دیزاینێکی قه‌شه‌نگه‌وه دروستی کردبوو، په‌یمان بێ پێشانتان ده‌ده‌م، هێنده به جوانی دروستی کردووه که سه‌رتان له بینینی سووڕدهمێنی، به کاغزێکی سه‌یر، له‌و کاغزانه ده‌چێ که پاره‌ی لێ دروست ده‌کرێ، که به‌رزی ده‌که‌یته‌وه‌و ده‌یده‌یته به‌ر ڕوناکیی و هه‌تاو وێنه‌ی سه‌یر سه‌یری تیایه که زۆر ترسناک و سه‌رنجڕاکێشه. له‌سه‌ر بلیته‌که ناوی خۆی نووسیووه. نرخ: به خۆڕایی، کاتی سه‌فه‌ر: ئه‌مڕۆ، که ڕۆژی له‌دایک بوونێتی و ده‌بێ به سی و شه‌ش ساڵ. ده‌زانن بلیته‌که‌ی بۆ کوێیه؟ ئه‌ی ده‌ستان خۆش بێ، ده‌رگاکه‌تان شکاند، تکایه دووانتان بچێته ژوره‌وه سه‌یرێک بکات، وه‌ک وتم من خۆم نامه‌وێ سه‌یر بکه‌م و ئازایه‌تی ئه‌وه‌م نییه چونکه هاوڕێی عومرمهو زۆرم خۆش ده‌وێ، خۆشه‌ویستی ڕاسته‌قینه وایه، له جیاتی ئازامان بکات، ترسنۆکمان ده‌کات. پێم نه‌وتن! من زانیم ئه‌وی لێ نییه، زانیم هه‌ڵیخه‌ڵه‌تاندووم و دووری خستمه‌وه، ئای ئازیزان ! ڕاستان ده‌وێ له‌دڵه‌وه پێم خۆش بوو له‌وێ نییه. له دڵه‌وه پێم خۆشه هه‌ڵیخه‌ڵه‌تاندووم و درۆی له‌گه‌ڵ کردم. ئه‌مه له‌و درۆیانه‌یه که دونیا جوان ده‌کات، وه‌ک ئه‌و درۆیانه‌ی ناو چیرۆک و ڕۆمانه‌کان، ئه‌و درۆیانه‌ی گه‌ر نه‌بن، ڕاستیی ده‌مانکوژێت، ده‌ست ده‌خاته بینه‌قاقامان و به ڕۆژی ڕوناک ده‌مانخنکێنێت، من نامه‌وێ بمرێ، گه‌ر بشمرێ، با له‌به‌ر چاوی من نه‌مرێت، نا، ئێسته په‌له‌م لێ مه‌که‌ن، دێمه‌وه سه‌ر بلیته‌که، ها سه‌یری بکه‌ن، به وردی سه‌یری بکه‌ن، ئه‌ها چه‌ند جوانی دروست کردووه، بلیتێکی ده‌گمه‌نه، به‌ڵام سه‌یر بکه‌ن ! ئازیزان! سه‌یری سه‌فه‌ره‌که‌ی بکه‌ن بۆ کوێیه؟ نووسیوێتی بۆ جه‌هه‌نه‌م، ئه‌م سهرسپییهی هاوڕێم ده‌یه‌وێ سه‌فه‌ری دۆزه‌خ بکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دڵی منی خۆش کردووه، ئه‌وه‌یه که بلیته‌که‌ی گه‌ڕانه‌وه‌شی تیایه، ئه‌م کوڕه ده‌یه‌وێ له جه‌هه‌نه‌مه‌وه بێته‌وه، به مانای ئه‌وه‌ی نایه‌وێ بمرێ، بڕوام پێ بکه‌ن هاوڕێیان! ئه‌وه‌ی نه‌یه‌وێ بمرێ، قه‌ت نامرێ، با عیزرائیل به زۆر چاوه‌کانیشی پێ دابخات. بۆیه من هیوایه‌کی زۆرم به‌وه‌یه که نه‌مردووه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ گه‌ڕانه‌وه‌شی نووسیوێتی: کراوه. بۆیه نازانم که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه. ڕه‌نگبێ ماوه‌یه‌کی تر بێته‌وه، کاتێکی بوێ بۆ خۆی، له‌شوێنێکی دوورده‌ست له‌گه‌ڵ ده‌رد و قه‌هر و خه‌ونه‌کانیدا ببێته هاوڕێ، که‌مێک پێویستی به ته‌نیاییه، تا به خۆی ئاشنا بێت، گرفتی ئێمه ئه‌وه‌یه تا ده‌مرین به خۆمان غه‌ریبین.به چه‌قه‌نه‌یه‌ک سه‌رمان سپی ده‌بێ و به فیکهیهکیش هه‌ڵده‌چین.
ده‌ی ئازیزان! من زۆر ماندووم و ئێوه‌ش به‌سه، ئیتر بڕۆنه‌وه، هه‌مووتان ده‌زانن دوکانه‌که‌ی سه‌رسپی له کوێیه، گه‌ر به‌و ناوه‌دا ڕۆشتن و پیتان خۆش بوو بزانن ئه‌و هاتۆته‌وه یان نا، سه‌یرێ بکه‌ن گه‌ر له‌وێ بێ یه‌کسه‌ر ده‌یبینن.، سه‌رێکی لێ بده‌ن و چایه‌کی لا بخۆنه‌وه، به‌ڵام باسی ئه‌مڕۆی بۆ مه‌که‌ن، گه‌ر ئه‌و خۆی گرتبێ و نه‌مردبێ، ئیتر پێویستی به‌م حیکایه‌ت و شه‌ڕه سه‌گه نییه، ده بڕۆنه‌وه ، خواحافیزتان بێ، با منیش بچم قفڵیکی تازه بکڕم و ته‌له‌فۆنێک بۆ دایکی بکه‌م که به‌قه‌ت ئه‌م دونیایه دڵی لایه‌تی. به‌ڵام من ته‌نها خه‌می ئه‌وه‌مه که نازانم چی بۆ دایکی بگێڕمه‌وه.
ئه‌یلوولی 2009
ستۆکهۆڵم