(بـــاس) لەنێو تەنگژە و گرفتەکانی وەزارەتی رۆشنبیری چەندیــن راستی ئاشکرا دەکات و حکومەت و پەرلەمان بەئاگادێنێ..
بەدواداچوون ـ دیـــدار نانــەکەلی : وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان لەماوەی کابینەی شەشەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رووبەرووی زۆرترین کێشە و گیروگرفت بۆتەوە، بەبوونی کەلێنێکی گەورە لە بەڕێوەبردن و لێپێچینەوە.
ھەربۆیە ئێستا ئەو وەزارەتە چەندین دام و دەزگا و بەرێوبەرایەتی بێ ئەرک و ناونیشانی ھەیە کە بە سەدان فەرمانبەر موچەی لێ وەردەگرن لەکاتێک نازانن ئەرک و ناونیشانیان چیەو ئەو چاوەڕوانیانەیان بۆ رۆنبونەوەی ئایندەیان لەو وەزارەتە بە کوێ دەگات. لە بەرامبەریشدا گەورە بەرپرسانی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان سەرۆکایەتی حکومەت بە کەڵەکەبوونی ئەو قەیران و تەنگژانە تاوانبار دەکەن.
لە بەدوواداچوونی (بــاس) دا بۆ دەرخستنی بەشێک لەو کێشە و قەیرانە کەڵەکەبووانەی نێو وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان بۆمان دەرکەوت کە چەندین دام و دەزگای ئیفلیج بووی بێ ئەرک و ناوەرۆکیان لە ئامێزگرتووە و ساڵانە چەندین ملیار دینار بۆ موچەو دەرماڵەی ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەکەن.لەنێو ئەو فەرمانبەرانەش چەندین پلە بەرزی وەک بەرێوبەر و شارەزا و راوێژکار و تەنانەت بەرێوبەری گشتیش ھەیە. سەتەلایتی نەورۆز و گۆڤاری کاروان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما و زنجیرە کتێبی منداڵان و گۆڤاری ھەنگ و گۆڤاری ھەرێمی کوردستان و گۆڤاری ئاسۆی فۆلکلۆری بەشێکن لەو دام و دەزگا و بەرێوەبەرایەتیانەی کە تەنھا لە ھەولێر وەک ناونیشان بوونیان ھەیەو ناوەرۆکیشیان نیە. ژمارەی فەرمانبەرانیان ھەژمار ناکرێت و بەھەزاران دۆلار کەلوپەل و ئامێر و ئۆتۆمبێلیشیان بۆ دابین کراوە. زۆربەی فەرمانبەران و کارمەندانی ئەو دەزگایانەش لەو بێ سەروبەریەی وەزارەت و خەمساردی خودی وەزیر نیگەرانن و بە ئومێدی چارەسەری ئەو دۆخە پەنگ خواردووەن.
لە بەرامبەریشدا د.کاوە مەحمودی وەزیـری رۆشنبیری و لاوان کە تا ئێستا نازانێت ژمارەی دام و دەزگا داخراوەکانی چەندن ، تایبەت بە (بـــاس) دەڵێت ” ئێمە لە ھەوڵداین لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی ئەو کێشە و گیروگرفتانەی بوونەتە ھۆی وەستانی کارەکانی ئەو دام و دەزگایانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدانین فەرمانبەرەکانمان لە ماڵەوە دابنیشن”
سەبارەت بە ئایندەی سەتەلایتی نەورۆز کە لە بەرواری
١/٦/٢٠١٠ داخــراوە و تا ئێستا روون نەبۆتەوە چارەنووسی نزیکەی ٣٠٠ کارمەند و ئەو چەند ملیۆن دۆلارەی لە بینا و کەل و پەل و ئامێر خەرجکراوە بە کوێ دەگات ، ھەڵگورد جوندیانی بەڕێوبەری گشتی راگەیــاندن لە وەزارەتی رۆشنبیری بــۆ (بــــاس) ئاشکرایکرد کە دوای تاوتوێکردنی پرۆژەیەک بۆ ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارکراوە کە بەشێک لە کارمەندان و ئامێر و کەلوپەلەکانی سەتەلایتی نەورۆز بخرێنە سەر میلاکی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی سەتەلایتی پەرلەمان. ھەروەھا لە ھەمان پرۆژەش پێشنیاری دامەزراندنی تەلەفزیۆنێکی تایبەتمان کردووە بۆ منداڵان بە ناوی (سەتەلایتی زارۆ تیڤی) کە لە چاوەڕوان دەکرێت لەسەرەتای ساڵی داھاتوو بۆ ماوەی چوار کاژێر لە رۆژێکدا پەخشی بەرنامەکانی بکات.
پەرلەمانی کوردستانیش وەک گەورەترین دەسەڵاتی لێپرسینەوە و رێکخستن و یاسادانان لەرێگەی لیژنەکانیەوە پەیوەندی تەواویان بە چۆنیەتی بەرێوەبردن و رێنمایی و یاساکانی ھەر دام و دەزگایەکی حکومی ھەیە، سەبارەت بەو مەسەلەیە قسەی خۆیان ھەیە و ھەر لەو بارەیەوە ئەحمەد ئیبراھیم عەلی (ئەحمەد وەرتی) جێگری سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن و پەیوەندیەکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) ئاشکرای دەکات کە ” ھەڵاوسانێکی زۆر ھەیە لە رێژەی فەرمانبەران لە زۆربەی وەزارەتەکان بەشێوەیەکی گشتی ھۆکاری سیاسی و بابەتی ھەبووە. وەزارەتی رۆشنبیریش بەھەمان شێوە دەزگای پێوەلکاوە و مامەڵەیەکی تەندروستیان نەبووە بۆ ئەو مەسەلەیە.
ئاگاداری کێشەکانی وەزارەتی رۆشنبیرین و بەشێوەیەکی فەرمیش ئێمە تەنیا سکاڵای بەشێک لە فەرمانبەرانی سەتەلایتی نەورۆزمان بەدەست گەیشتووە، دوای گواستنەوەی بەشێک لە کارمەندانیان بۆ سەتەلایتی پەرلەمان، ئەوبەشەی کە مابوونەوە داوایان کردبوو ئەوانیش بگوازرێنەوە. ئێمەش سکاڵاکەمان بەرزکردەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین”.
سەبارەت بە گۆڤارەکانی ھەرێمی کوردستان و کاروان و ئاسۆی فۆلکلۆری و ھەنگ و زنجیرە کتێبی منداڵانیش کە بەھەمان قەیران و کۆسپدا تێدەپەڕن و کارمەند و فەرمانبەرانی تێیدا لەوپەڕی نیگەرانین، ھەربۆیە
یاسین تەھای بەڕێوبەری پەیوەندی و کارگیڕی گۆڤاری ھەرێمی کوردستان دەڵێت ” ئێمە کە زیاتر لە ٥٥ فەرمانبەر و کارمەندین پێویستە چارەنووسمان دیاربکرێت و ناکرێ بۆ ماوەیەکی درێژ لە ماڵەوە دابنیشین و نەزانرێت چۆن چارەسەری ئەو دۆخە دەکرێت ”
بۆیە شاکر ئەبوبەکر وەکو بەرێوبەری گشتی چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت:
” ئێمە کاری زۆرمان کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، ھەربۆیە بڕیارمان داوە گۆڤاری ھەنگ و زنجیرە کتێبی منداڵان یەکبخەین و خانەیەک دابمەزرێنین بەناوی (خانەی ھەنگ بۆ رۆشنبیریی و بڵاوکردنەوەی منداڵان)”
سەبارەت بە ھۆکاری سەرھەڵدانی ھەموو ئەو قەیران و گرفتانەش کە وایکردووە وەزارەتی رۆشنبیری بخرێتە ریزی پێشەوەی ئەو وەزارەتانەی کە کەمترین ئەرک و لێپرسینەوەی تێدایە و بەردەوام رووبەرووی رەخنە دەکرێتەوە ،بەڕێوبەری گشتی چاپ و بڵاوکردنەوە دەڵێــت
” زۆربەی کێشەکانمان بەھۆی بڕیــاری راگرتنی گۆڤارەکان بوو لە لایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، کە بەو ھۆیەوە ژمارەیەک کارمەند و فەرمانبەرمان لەسەر کەلەکەبووە، کە ھیچ کێشەو کەموکورتیەک لەو کارمەندانەدا نابینین.چونکە کارمەندەکان ھەموویان ئامادەی دەوام کردنن بەڵام فەرمانبەر چی بکات ئەگەر گۆڤار داخرابێت و ئەرکی بۆ دیاری نەکرابێت ”
سەبارەت بە دەوامکردنی فەرمانبەرانەوە، کە دەزگای واھەیە ماوەی چەند ساڵە دەوامی تێدا ناکرێت. وەزیـــری رۆشنبیری و لاوان دەڵێت ” پێویستە ئەو فەرمانبەرانەی کە دام و دەزگاکەیان لێ داخراوە دەوام بکەن و لەبەرامبەر کەمتەرخەمیشیان بەڕێوبەرەکانیان سزایان بدەن، تا کێشەکان یەکلادەکرێنەوە”
سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی خزمەتیش لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بێ ئاگایی خۆیان لەو کێشانە دەربڕی و ھەموو لێپرسراویەتەکیان خستە ئەستۆی وەزارەت.
ئیسماعیل عەلی بەڕێوبەری کارگێڕی و دارایی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەماش کە لەھەمان بارودۆخی پڕلە نیگەرانی و خەمساردی دامەزراوەکانی دیکەی وەزارەتی رۆشنبیریە دەڵێت ” ئێمە کە نزیکەی ٥٠ فەرمانبەرمان ھەیە پاش لابردنی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لە وەزارەت بە نیازن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیریی و ھونەر یەکمان بخەن و تا ئێستاش ھیچ دیارنیە”.
لە کۆتایشدا عەدنان عوسمان ی ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەینێت ” ھەرچەند ئیستا لیژنەی نەزاھەت لە پەرلەمانی کوردستان لەکارکەوتووە، بەڵام بەڵێن دەدەین ھەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بابەتەکەتان بە جدی کار لەسەر ئەو مەسەلەیە دەکەین و ھەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین ”
ھەموو ئەو کەلێن و کێشە و گیروگرفتانەی باسمان کرد بەشێکن لە دام و دەزگا و بەڕێوەبەرایەتیە لەکارکەوتوەکانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری تەنھا لە شاری ھەولێر.چونکە دڵنیاین لە شار و دەڤەر و ناوچەکانی دیکەی کوردستان کێشە و قەیرانەکانی ئەو وەزارەتە زۆر زیاتر قوڵ دەبنەوە.
بۆیەش لێرەدا بەدواداچوونەکەمان گەیاندە خاڵی کۆتایی، چونکە تووشی جۆرێک لە سەرسوڕمان و شۆک بووین کاتێک بۆمان ئاشکرابوو کە لەگەڵ ئەوەی کە زیاتر لە ھەزار فەرمانبەری ئەو وەزارەتە لە نیگەرانی دان و چاوەڕوانی چارەسەریەکن. وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە میلاکاتی نوێی دامەزراندنی ساڵی ئایندە داوای دامەزراندنی ٥٥٠ فەرمانبەری کردووە بۆ وەزارەتەکەی . وەکو ئەوەی ئەو رێژە فەرمانبەرەی ئێستا ھەیەتی بەشی نەکات .