قه‌یس قه‌ره‌داغی :له‌م مانگه‌دا په‌رله‌مانی کوردستان بۆ پڕکردنه‌وه‌ی بۆشایی سیاسی بریارێکی به ناو لێبوردنی گشتی ده‌رکرد که پڕه له مه‌رجی جۆراوجۆر به شێوه‌یه‌ک ده ده‌رسه‌دی به‌ندکراوه‌کانی کوردستان ناگرێته‌وه.
مرۆڤ له‌وه توشی سه‌رسوڕمان ده‌بێت کاتێک ئه‌م په‌رله‌مانه بریارێک بۆ ئه‌ندامانی خۆی ده‌رده‌کات به هیچ شێوه‌یه‌ک ڕه‌زیلی ناکات له به‌خشینی جۆره‌های ئیمتیاز و به تایبه‌تی ئیمتیازی دارایی ، ئه‌مه‌ش گومانی تێدا نیه که پیاوهتییه به ئاوی حه‌مامه‌وه ، ئاوی حه‌مامیش له م چوارچێوه‌یه‌دا ماڵی میلله‌ته ، ئه‌و میلله‌ته‌ی که گوایا په‌رله‌مان داکۆکی ده‌کات له مافه‌کانی و نوێنه‌رایه‌تی ده‌کات له باڵاترین دامه‌زراوی ته‌شریعی وڵات و هه‌ر ده‌نگی میلله‌تیش گه‌یاندوونی به‌و پله و پایه ، به‌ڵام کاتێک بریارێک ده‌رده‌کات ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێک که هه‌ژارترین و بێپه‌ناترین چینی میلله‌ته مه‌رجه‌کان که‌ڵه‌که ده‌که‌ن به شێوه‌یه‌ک ناو ژووره تاریکه‌کانی زیندانه‌کانی کوردستان لێواولێو پڕ ده‌بێت له نائومێدی و بێهیوایی.
میسرییه‌کان وتویهکیان هه‌یه رۆژانه ده‌وترێنه‌وه ( یاما في السجن من مظالیم ) به کوردی ( ده‌بێ چه‌ندین بێگوناه له کونجه‌کانی زینداندا بن ) ، له ڕواڵه‌تدا ئه‌م وته‌یه وته‌یه‌کی ساده‌یه به‌ڵام له زانستی سایکڵۆژیدا جێگه‌ی بایه‌خه و بابه‌تی زانستی ئه‌کادیمی لێ سه‌وز ده‌بێت ، هه‌ر له ڕوانگه‌ی ئه‌و ڕاستییه‌وه پرسیارێک خۆی قوت ده‌کاته‌وه که ئایا کێن ئه‌وانه‌ی ده‌که‌ونه ژێرباری زوڵم ؟ بێگومان دوو جۆره خه‌ڵکن ، به‌شێکیان نایانه‌وێ له رێگه‌ی واسته و به رتیلهوه کێشه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکرێت که به داخه‌وه ئه‌م جۆره خه‌ڵکه که‌من ، به‌شی دووه‌میان ئه‌وانه‌ن که بێده‌رامه‌تی و ده‌ست کورتی دهستوپێیانی پاوه‌ن کردووه و له دواییشدا خۆی له زینداندا ده‌بینێته‌وه ، زامنی رێگه گرتن له‌م دیاده‌یه دامه‌زراوێکی دادوه‌ری به هێزه که ئه‌ویش به داخێکی زۆره‌وه له وڵاته‌که‌ی ئێمه‌دا نیه ، ئه‌وه‌ی ده‌ڵێ وا نیه عه‌فووی فه‌رمووه .
ئێستا زیندانییه‌کانی کوردستان ده‌ستیان داوه‌ته مانگرتن دژ به بریاره‌که‌ی په‌رله‌مان تاقه ترووسکاییه‌ک به دیبکرێت گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆکه به‌و هیوایه‌ی بریاره‌که بگێرێته‌وه بۆ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی بگۆردرێت به بریارێک که لێبوردنێکی ڕاسته‌قینه‌ی گشتی بێت له خزمه‌تی هه‌ژارترین چینی نه‌ته‌وه‌که‌مان که له شۆڕش و ڕاپه‌رین و قوربانیداندا هه‌میشه له ریزی پێشه‌وه بوون .
ئێمه له کاتێکدا داوا کارین سه‌رۆکی کوردستان چرایه‌ک له و ماڵه هه‌ژاره‌کاندا هه‌ڵکات هاوکات ده‌خوازین سه‌ره‌تایه‌ک بۆ دامه‌زراندنی دادگایه‌کی دادوه‌ر بناغه بنێت .