حکومەت چۆن بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاساییش و سەر و ماڵێ هاووڵاتیان، ئاواش بەرپرسیارە لە پاراستنی کەرامەتی تاك، خێزان ئینجا کۆمەڵگا، ئەویش لە ڕێگای گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بە کاسی تەشهیرکار. بۆیە پێویستە داواکاری گشتی و لایەنی پەیوەنددار هەستن بە ئەرکی سەرشانیان، بە وەرگرتنی ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ هەر کەسێك کە دەبێتە هۆی ناوزڕاندنی هاووڵاتیان. پێچەوانەوەکەی، واتا ڕێگادانە بە بەرتەسککردنەوەی ئازادی تاك، ئەمەش بە دڵنیاییەوە دەبێتە ڕێگەگرتن لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا.
چیدیش با تاوان و کار و کردەوەی نەشیاو بە رێگای عەشایەری چارەسەر نەکرێت، بەڵکو پێویستە دادگا ئیجرائاتی یاسایی خۆی لەگەڵ تاوانباردا بکات تا دوا هەنگاو. ئەگەر وا نەبێت ئەوا ئەگەری دووبارە و سێ بارەوە و دەبارە بوونەوەی ئەو تاوان و کردەوە نەشیاوانە مسۆگەرە.
مەبەستم لێرەدا، نابێت مەلایەك بۆ نمونە (مەلا مسعود) بەبێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، بێت بە هەوەسی خۆی، بە ئسلوبیکی زۆر توندوتیژ لەسەر مینبەری مزگەوت باسی کەرامەتی خەڵك بکات و زنجیرەیەك ووشەی نەشیاو بکاتە ملیوانکەیەکی ئاگرین و بیکاتە ملی هاووڵاتیێکی بێتاوان. لەگەڵ ئەوپەڕی ڕیزم بۆئەو مامۆستایانەی ئایینی کە زۆر بە بەرپرسیارێتییەوە وتار دەخوێننەوە. ئینجا دوای ئەوە بێت ڕوونکردنەوە بدات و بڵێت من ناوی کەسم نەهێناوە و پاساو بۆ ووتە نابەجێکانی بێنێتەوە.
مەلا پێشتر باسی چوار ملیۆن دەنگی کرد کە داویانە بە گۆرانیبێژێك، جا هیچ پێویست ناکات ناوی بهێنیت. ئەوەی زۆر ڕاشکاو و دیارە تەنها یەک کەس، یەک ژنی کورد لە بەرنامەی ئەرەب ئایدڵ بەشدارە، ئەو دەنگانە بەو دراون، ئەویش (پەرواز حوسێن) ە.
مەلا باسی ئەنفال و کیمیاباران و مالوێرانی دەکات، کە کورد بەو شتانە بە دونیا ناسراوە. ئاخر مەلای ئەفەندی، کوانی گەلیك بە داهێنان و پێشکەوتن و شارستانیەت بناسرێتەوە، کوانی بە ماڵوێرانی! . با وانەی شمشێر و خوێن بەسەرچێت، ئێستا کاتی وانەی بلوێر و ئاوازە. ئێمە نامانەوێت چیتر بە قوربانیدان و خوێنڕژان و قڕکردن و ماڵوێرانی بناسرێینەوە. ئێمە دەمانەوێت بە لێکۆڵەرەوەیەکی بواری کیمیایی لە هەڵەبجە، بە داهێنانی ئەندازیارێکی بواری نەوت لە کەرکوك، بە ڕۆمانێکی سەرسورهێنەری ئەدیبێك، بە دەنگێکی زۆڵاڵ و ئاوازێکی خۆش بناسریینەوە. خۆزگە ئیستا قوربانیانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە لەناومان دەبوون و سەرپشك دەبوون لە بەروبوومی نیشتیمان، لە هەلمژینی هەوای ئازادی، لە بیستنی ئاوازی پڕ جۆش و خۆش.
لە کۆتاییدا هیوادارم بە ڕوونکردنەوەیەكی بێمانا و پاساوهێنانەوەی بێ بناغە، خۆڵ نەکرێتە چاوی یاسا و ئازادی ، مافی کەسیش پێشێل نەکرێت.
هۆگر ڕەواندزی
کۆپنهاگن
2013-05-30