م. عه‌ونی خۆشناو: پرۆسه‌ی هه‌ڵبژارن له هه‌موو وڵاتێک‌دا ڕۆژێکی مێژوویی و که‌رنه‌ڤاڵ و بۆنه‌یه‌کی نیشتمانی و تێکڕای پێکهاته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه، وه‌کو ڕۆژێکی مێژوویی لێی ده‌ڕوانن،
چونکه له‌و ڕۆژه‌دا ئیراده‌ی ویستی گه‌ل له ڕێگای پیاده‌کردنی مافێکی دیموکراسییانه‌ی خۆی ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنه به‌رجه‌سته ده‌بێت،که به به‌شداریکردن و ده‌نگ و ویژدانی خۆی ده‌توانێت ئاڵ و گۆڕ‌و گوڕانکاری له ده‌سه‌ڵات بکات و دوایش گۆڕانکاری و چاکسازی له دامه‌زراوه‌کانی وڵات بهێنێته ئاراوه .. دیارده و ده‌رکه‌وته سیاسییه‌کان، کاتێک به ڕێڕه‌وێکی دیموکراسییانه ده‌بنه پرۆسه‌یه‌کی بابه‌تی و پڕاکتیکی پرسیاری جیا جیا ده‌وروژێنن .. هه‌ڵبه‌ته هه‌ڵبژاردنیش وه‌ک یه‌کێ له بنه‌ماکانی دیموکراسی له ئان و ساتی ئێستادا، بۆته ئه‌و دیارده‌یه‌ی که کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، به‌هه‌موو چین و توێژه جیا جیاکانه‌وه چاره‌نووسیان پێوه به‌نده، چونکه به‌رنامه‌ی نوێ بۆ ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌رنامه ڕێژدهکهن.
سه‌رکه‌وتنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره له یه‌که‌مین ڕۆژی ده‌ستپێکی پاییز که له ڕێکه‌وتی 21.09.2013 دا ئه‌نجام ده‌درێت، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر پشت به ئاستی هوشیاری و هاوکاری و به‌شداریکردنی هاووڵاتیانی کوردستان ده‌به‌ستێت، هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کوردستان ( په‌رله‌مان )، هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه، چونکه ڕێڕه‌وی سیسته‌می حوکمڕانی له چوارچێوه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێم دیاری ده‌کات، که به په‌رله‌مانی ئاینده سپێردراوه، وه له لایه‌کی تریش ههنگاوێکی شارستانیانه‌ی مه‌زنه له به‌ره‌و پێشبردنی ڕه‌وڕه‌وه‌ی دیموکراسی و گه‌یشتنه‌وه به کاروانی شارستانیه‌تی گه‌لانی جیهان، بۆیه ئه‌رکی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه به هوشیارییه‌کی له ڕاده‌به‌ده‌ره‌وه بڕواننه ئه‌و ئه‌رکه پیرۆزه‌ی ده‌که‌وێته ئه‌ستۆیان، به‌رژه‌وه‌ندیه که‌سیه‌کان وه‌لابنێن و ده‌نگدان و سیاسه‌ت له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بکه‌ن، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌رکی سه‌رشانمانه کاریکی وا بکه‌ین، دۆست و دوژمن دانبنێت به دیموکراتیه‌ت و شارستانییه‌ت و هۆشیاری سیاسی خه‌ڵکی کوردستان، له‌به‌ر ئه‌مه زۆرگرنگه جارێکی تر له که‌ش و هه‌وایه‌کی جه‌ماوه‌ری که‌رنه‌ڤاڵی دیموکڕاسی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌نجام بدرێن، ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمان ببێته ئیراده‌یه‌کی پۆڵایین بۆ ئاڵ و گوڕکردنی سیسته‌م و گه‌شه‌کردن و به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌زموونی حوکمڕانی له کوردستاندا، تاکو ڕووی گه‌ش و شارستانی و هوشیاری گه‌له‌که‌مان پیشانی گه‌لانی جیهان بده‌ین، که ئێمه گه‌لێکی مۆدیرن و دیموکراسیخواز و پێشکهوتووخوازین، چونکه هه‌ڵبژاردن ئامرازێکی دیموکراسییه بۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ویست و ئیڕاده‌ی ئازادی خه‌ڵک که ته‌نیا له سیسته‌مه دیموکراسییه‌کان جێگای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی هه‌یه، بۆیه ئه‌نجامدانیشی ڕێ بۆ یه‌کسانی و سه‌قامگیری و ئاشتی و پێکه‌وه ژیان خۆش ده‌کات.
دیاره ده‌نگدان له وڵاتێکه‌وه بۆ وڵاتێکی تر جیاوازه، له وڵاته پێشکه‌وتووه‌کان ئه‌و وڵاتانه‌ی دیموکراسییان سه‌قامگیره، ده‌نگده‌ران ته‌ماشای به‌رنامه‌ی حزبه‌کان ده‌که‌ن تاکو بزانن کامیان هه‌وڵی باشتر ده‌دات بۆ چاککردنی بار‌و گوزه‌ران و خۆشگوزه‌رانی کۆمه‌ڵگا، بۆیه ده‌نگ به‌و به‌رنامه‌یه ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ی گه‌لی کورد قاڵبووی ئه‌و پرۆسه دیموکراسییه نین، چه‌ندان کێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراومان هه‌یه، که هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌کراون، بۆیه هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمه‌که‌ی ئێمه‌دا جێگای تێڕامان و تێڕوانینی گه‌لانی ناوچه‌که و جیهانه، چونکه بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئاسایش و دیموکراسی سه‌قامگیر نیه و خه‌ڵکه‌که‌ی که‌لتوورێکی دیموکراسیان نیه یاخود زۆر که‌مه، بار‌و دۆخه‌که جیاوازه، بۆیه داوامان له سه‌رجه‌م لیست و قه‌واره سیاسییه‌کان ئه‌وه‌یه، که سنگ فراوان بن و گوێ ڕایه‌لی ڕه‌خنه‌و گله‌یی و ڕاز‌و نیازی کۆمه‌ڵانی خه‌لک بن، هه‌ڵنه‌چن، تووڕهنهبن، ڕه‌خنه‌کان به زمانی گوڵ ئاڕاسته‌ی یه‌کتر بکرێت، په‌یامیان شیکارو شڕۆڤه‌ی به‌رنامه‌یان بێت بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان، نه‌وه‌ک تهشهیرو ته‌خوین و ناوزڕاندن و سووکایه‌تی و تۆمهتکردن به ئه‌م و ئه‌و، چونکه هه‌ڵبژاردن پڕۆسه‌یه‌کی شارستانی و دیموکراسییه که هه‌موو کۆمه‌ڵگا پێشکه‌وتنخوازه‌کانی جیهان له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه، په‌رله‌مانێک یاخود ئه‌نجومه‌نێک که نوێنه‌رایه‌تی لایه‌نه سیاسی یه‌کان یاخود پێکهاته جیاوازه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ده‌کات که هه‌ڵده‌بژێرێن .. له کۆمه‌ڵگای ئازاد هه‌موو مافه نه‌ته‌وه‌یی و که‌لتووری و مه‌زهه‌بی و ڕه‌گه‌زیه‌کان پارێزراون، به‌ڵام له وڵاتی عێڕاقدا هێشتا ئه‌و ئازادیه به ته‌واوی فه‌راهه‌م نه‌بووه مافه زه‌وتکراوه‌کانمان بۆ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، بۆیه پێویستیمان به هاوکاری و ته‌بایی و یه‌کڕیزی و هاوخه‌باتی هه‌یه تاکو به ده‌نگه‌کانمان ئه‌و خه‌باته مۆدێرنه بۆ به ده‌ستهێنانی مافه‌کانمان په‌یڕه‌و بکه‌ین .. ده‌بێ ته‌واوی وزه‌و هێزی خۆمان بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌م ئه‌زموونه بخه‌ینه‌کار،تاکو بیسه‌لمێنین که گه‌له‌که‌مان نه‌ک شایسته‌ی وه‌رچه‌رخانه، به‌ڵکو شایسته‌ی ئه‌وه‌شه له به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمێک هه‌نگاو نان به‌ره‌و ئیداره‌دان و به‌ڕێوه‌بردنی ته‌واوی کوردستان بگرێته ئه‌ستۆ، چونکه هه‌ر گه‌لێک بتوانێ له ناو پرۆسه‌ی دیموکراسیدا وه‌رچه‌رخانی مه‌ده‌نیدا سه‌رکه‌وتووبێ، ئه‌و گه‌له گه‌لێکی زیندووه، گه‌لێکی پێشکه‌وتووخوازه.
ده‌بێ ئێمه‌ی ده‌نگده‌ری کورد له‌هه‌مووان زیاتر به گڕو تینێکی زۆره‌وه به حه‌ماس و گیانی نه‌ته‌وه‌یی له بنکه‌کانی ده‌نگدان ئاماده‌بین، ده‌بێ هه‌موو له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بین له‌و پڕۆسه دیموکراسییه براوه‌بین نه‌ک له‌به‌ر خاتری پارت و لایه‌نه سیاسییه‌کان، به‌ڵکو له ڕووی په‌رۆشیمان بۆ نه‌ته‌وه‌و خاکه‌که‌مان .. زۆربه‌مان گڵهیمان له گه‌نده‌ڵی و نایه‌کسانی کۆمه‌ڵگاو ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌کان هه‌بوه‌و هه‌یه، به‌ڵام چاره‌نووسی گه‌له‌که‌مان چارهنووسسازترو گرنگتره له‌م جۆره گله‌ییانه .. ده‌بێ په‌رۆشیمان وامان لێ بکات زۆرشت له‌یه‌کتری قبوڵ بکه‌ین .. درێخی له‌و ئه‌رکه نه‌ته‌وه‌ییه پیرۆزه نه‌که‌ین..
خۆتان ئاگادارن چۆن گه‌له‌کۆمه‌کی له کورد ده‌کرێت و ده‌یانه‌وێت هه‌موو به‌ره‌وپێشچوون و گه‌شه‌کردنێک له کوردستان په‌کبخه‌ن، چه‌ندان ساڵه هه‌ڵبژاردن له پارێزگای که‌رکوک به بیانوی جۆراوجۆر ڕێگری لێده‌که‌ن، خه‌ڵکی ناوچه به‌زۆر دابڕێنراوه‌کان تیرۆر ده‌که‌ن، پڕه‌نسیپی شه‌ڕاکه‌تی نیشتمانی پیاده ناکرێ، هه‌ندێ جار هه‌ڕه‌شه‌ی به‌کارهێنانی هێز له دژی ئه‌زموونه‌که‌مان ده‌کرێت. داوای پاشه‌کشه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ده‌که‌ن له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی تاکو ئێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، هێشتا ئایدۆلۆژیای توانه‌وه‌و جینۆسایدی نه‌ته‌وه‌یی له نێو هزری عه‌ره‌به شۆڤینیه‌کان و داگیرکه‌رانی کوردستان ته‌راتێن ده‌کات، کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کۆمه‌لکوژ ده‌کرێن و سه‌رو ماڵیان حه‌لال ده‌کرێت، هیچ کات له‌گه‌ل گه‌شه‌کردن و به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌زموونی کوردستان نین، بۆیه هه‌موو کات له هه‌وڵی ئاژاوه‌و دووبه‌ره‌کی نانه‌وه‌و تێکدانی ڕه‌وشی ئاسایشی ناوچه‌که‌دان، ئه‌گه‌ر دوێنێ دوژمنه‌کانمان به ئاگرو ئاسن و تۆقاندن و فڕوفێل شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌کانیان خامۆش و سهرکوتکردبێت، ئه‌وه ئه‌مڕۆ ده‌یانه‌وێت به دووبه‌ره‌کی و ئاژاوه‌نانه‌وه ریزه‌کانی گه‌ل ته‌فروتونا بکه‌ن.. هه‌ربۆیه پێمان باشه کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان له‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و جاره ده‌بێ زیره‌کانه و هوشیارانه نوێنه‌رو لیسته‌کان هه‌ڵبژێرن که شایسته‌و لێوهشاوهبن، که به‌رگه‌ی ڕۆژانی سه‌ختی خه‌باتیان گرتبێت و له شاخ و شاردا خه‌م و په‌ژاره‌ی میلله‌تی کوردی چه‌وساوه‌یان هه‌ڵگرتبێت، چونکه ئه‌وانه بێگومان هه‌ڵگری بیر‌و باوه‌ڕێکی پیرۆزن و به‌دیهێنه‌ری ئاوات و ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانن..
به‌ده‌نگه‌وه هاتنی ده‌نگده‌ران به‌ره‌و بنکه‌و سندوقه‌کانی ده‌نگدان هه‌ستکردنه به ئه‌رکێکی نیشتمانی و پێداگرتنه بۆ به‌دیهێنانی مافه چاره‌نووسسازه‌کانی گه‌لی کوردستان به‌ڵێن وپه‌یمان دووپاتکردنه‌وه‌یه بۆ گیانی پاکی شه‌هیده‌کانمان که هه‌میشه درێژه پێده‌ری ڕێبازه پێرۆزهکانیان بین تا به‌دێهێنانی ئاوات و ئامانجه‌کان و ڕزگاربوونی یه‌کجاره‌کی له ژێر ڕێکڤی داگیرکه‌ران، بۆیه پێویسته هه‌ڵبژاردن بکه‌ینه زهماوهندو که‌رنه‌ڤاڵی دیموکراسی کوردستان، تاکو به‌رزو شه‌کاوه‌بێت ئاڵای دیموکراسی و ئارامی و برایه‌تی و ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان..
م. عه‌ونی خۆشناو
هۆڵه‌ندا / لاهای
Khaak_66@hotmail.com