عەبدولغەفار عەبدوڵـڵا:لۆکەیشن بەشێکی کاریگەر و پێداویستییەکی گرینگی ھەموو بەرھەمێکی درامییە، ئەگەر ھەر درامایەک لۆکەیشن یان شوێنی وێنەگرتنی دیمەنەکانی بە باشترین و جوانترین شێوە ئامادە بکرێت، ھەوێنێکی ھەڵھاتووی بەرھەمەکەیە و جوانییەکی دیکە دەخاتە بەرچاوی بینەر.
لە ئێستادا ئێمە لە کوردستان کاتێک بەرھەمێکی درامی دەبینین، زۆر جار نەبوون یان قەیرانی لۆکەیشنی دراما بە شێوەیەکی بەرچاو بەدی دەکرێت، کە زۆر جار نەبوونی لۆکەیشن دەبێتە ھۆی چەندان کەموکورتی لەناو بەرھەمەکەدا، بەتایبەتی ئەگەر سیناریۆی درامایەکی تەلەڤزیۆنی باس و سەربوردەکانی مێًژووی چەندان ساڵەی لەخۆی گرتبێت، ئەوا ھەر بەتەواوی ستافی بەرھەمھێنەر و تایبەت دەرھێنەر دەکەوێتە داوی چەندان کەموکورتیی لۆکەیشن و پێداویستی و کەرەستەکانی، کە ئەوەشیان بۆ خۆی چیرۆکێک و باسێکی دیکەیە.
لێرەدا پێشنیازێکی زیندوو و بەرچاو شک دەبەم، ئەگەر بێت و کاری بۆ بکرێت، وای دەبینم دەبێتە گەنجینەیەکی بەنرخ بۆ داھاتووی بەرھەم ھێنانی درامای کوردی. قەڵای ھەولێر کە سیما و پانتاییەکی گەورەی ھەیە، ھەر کەسێک بۆ جارێکیش سەردانی ئەو قەڵایەی کردبێت، دەزانێت ھەموو تایبەتمەندی و پێویستییەکی درامای ھەیە، وەک: گەڕەک، مزگەوت، دوکان، ماڵ و چەند شوێنێکی تری پێویستی لەخۆی گرتووە. لێرەدا لەسەر ئەوە دەوەستین، ئەگەر ئەو قەڵایە بکرێتە شارێک بۆ بەرھەمھێنانی دراما و فیلم، ئایا نابێتە دەستکەوت و خەزێنەیەک بۆ ھەموو دەرھێنەر و بەرھەمھێنەرانی درامای کوردی؟ ئەگەر ئەو قەڵایە بەچاکی کاری لەسەر بکرێت و بکرێت بە ھۆڵیوودی کوردان بۆ دراما و فیلم، لەداھاتوودا نابێتە زادەی سەدان و دەیان بەرھەمی نایابی کوردی؟
بەر لەچەند ساڵێک لەیەکێک لە ماڵپەڕە عەرەبییەکان خوێندمەوە، ئەو شارەی بۆ درامای (باب الحارە) لە سوریا دروست کرا، وای لێ ھاتبوو، بە بلیت خەڵک و گەشتیاران دەچوونە ئەو شوێنە. زۆربەی ئەو ئەکتەرانەی بەشداریی ئەو درامایە بوون، رۆژانە لەو شارە درامییە دادەنیشتن و خەڵکی وێنەیان لەگەڵدا دەگرتن و واژۆیان پێ دەکردن.
دیارە قەڵای ھەولێریش پێشتر لانەی چەند درامایەک بووە، لەوانە (مەڕانە) کە لەدەرھێنانی ھونەرمەند (سەعدوون یونس) بووە، ھەروەھا بەشێکی دیمەنەکانی (مەمی ئالان) کە لە دەرھێنانی ھونەرمەند (ناسر حەسەن) بوو، وێنەکانی لەو قەڵایە گیراوە.
بەھیوام خوای گەورە بیخاتە دڵی وەزارەتی رۆشنبیری و پارێزگای ھەولێر، کە ئەو قەڵایە بکەن بە ھۆڵیوود و “باب الحارە”ـی کوردان، بۆ ئەوەی چیتر دەرھێنەرانی کورد بەدوای لۆکەیشنی دراماکانیان سەرگەردان نەبن و بە ئارامی لە نێو ئامێزی ئەو قەڵا سەربەرزەدا، کاری بەرھەمھێنانی دراماکانیان چێ بکەن، کە قەڵا خۆی ھەمیشە ئەکتەرێکە و مێژوو دەگێڕێتەوە.
قەڵای ھەولێر بۆ داھاتووی پایتەختی گەشتیاری ھەولێر، دەبێتە شوێنگەی سەردانی سەدان و ھەزاران خەڵـکی گەشتیار. بەو پێیە چینێکی دیکە لە شکۆ و شانازی، دەچێتە سەر مێژووە زێڕینەکەی قەڵا.