-١-
ژنێکم دی
بە باگردێن سەربانی
خۆری ئەگێڕا
-٢-
بە ژنێکم وت :
لەسەر نەخشەی دڵی خۆت
یان بمکە وڵات
یان بمسڕەوە
-٣-
من خەڵکی بەهەشت و دۆزەخ
نیم
خەڵکی کیشوەرێکم
بەناوی ژن
-٤-
سینەی ژن
بەهەشتێکی
بێ حەفتاو حەوت
حۆریە
-٥-
ژن دڵی خوایە
لەسەر زەوی
-٦-
ئەمەوێ لەناو
دڵی ژنێکدا
خۆم بشارمەوە
لە ترسی باران
-٧-
لە پرچی
ژنێکەوە
بسکی خۆرم
ناسی
-٨-
هەموو ڕۆژێک
ژنێک فێرە
(دارا دوو داری دی)
ئەشقم ئەکا
-٩-
لاپەڕەیەک کەمە
بۆ نوسینی
ناوی ژنێک
-١٠-
کە ژنێک
ئەخەوێ
خوا ئەبێتە پاسەوانی
” هاوڕێ ڕەش ”