دیـــدار نانەکەلی : لەگەڵ ھەموو ئەو گۆڕانکاریانەی ئەمڕۆ کوردستان پێیدا تێدەپەرێت و دەنگۆی بوونە دەوڵەت و پێشکەوتن و باڵەخانەی قەشەنگ و مۆڵی مۆدێرن، لەگەڵ تروسکایی گەشبینیمان بۆ ئایندە و بە حەڵاڵ زانینی خۆشی و ئارامی بۆ میللەتێکی وەھا ماندوو پێویستە تاسەی ھەرەمی ھەموو گۆڕانکاری و نوێکاری و پێشکەوتنێک بکەین و ھەڵوەستە لەسەر پڕبایەخترین خاڵی فەرامۆشکراو بکەین، کە ئەویش رۆشنبیری و ھۆشیاری تاکە. بە تایبەت بۆ گەنجی کورد، کەوا ھەموو ھەستی
پێدەکەین پتر لەھەر یارمەتیەکی دیکە پێویستی بەو رۆشنبیریە ھەبێت کە بتوانێت بەبێ چاویلکە ژیان وەک خۆی ببینێت.ھەربۆیە رۆشنبیری بە تاجی سەربەرزی گەنج و ھەموو تاکێک دەناسرێت. دەبێت بە ھەناسەی سارد و بە دەنگی بەرزەوە ئاشکرای بکەین کە نە پەروەردە و نە زانکۆکانی کوردستان دەسەڵاتی ئەوەیان نەبووە لەمەسەلەی رۆشنبیری و ھۆشیاری تاک و بەتایبەت گەنجی کورد دارێک بخەنە سەربەرد و خەمخۆرانە بە بەرپرسیارەتی خۆیان ھەڵبستن لە بنیاتنانی رۆحی تایبەتمەندیەکانی ھەر تاکێک کە ئەویش رۆشنبیری و تێگەیشتنە لەسەردەم. وە گونجاندنی لەگەڵ ھەموو ئەو گۆڕانکاریە خێرایەی کە کورد بە زەحمەت دەتوانێت لەگەڵی ھەڵبکات. لەبەر ئەوەی کە ھەست بە کەلێنێکی یەکجار بەرفراوان دەکرێت لەو بوارە ، لەو دەرئەنجامانەی رۆژانە دەیانبینین ئەوە دەسەلمێت کە نە حکومەت و نە ریکخراوەکان ھیچ ھەنگاوێکیان بۆ ئەو مەسەلە گرینگە نەھاوێشتووە. زۆریش خەمسارد چاوەڕوانی رۆژ بە رۆژی دابەزینی ئاستی تێگەیشتن و ھۆشیاری و بە شارستانی بۆنی ھاوڵاتیانی ووڵاتەکەیانن.لەبەر ئەوەی حکومەت دەتوانێت لە رێگەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لەچەندین رێگەوە لە خەڵک نزیک بێتەوە. ھەر لە ھاندانی سینەما و شانۆی کوردی و بوژانەوەی بڕبڕەی پشتی رۆشنبیری ھەر ووڵاتێک کە ئاشناکردنی تاکە بە خوێندنەوە و کتێب بە ئاراستەی بە رۆشنبیری کردنی گەنج. تاوەکو ھەموو ئەو بەرپرسیارەتە مێژوویەی دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و بەتایبەتیش زانکۆکان کە پێویستە وەک چۆن دەزانرێت ئاستی زانستی رووە و داروخانێکی مەترسیدارە،دەکرێ بیر لە رۆشنبیری تاک بکرێتەوە و لەو مەڵبەندانەوە زۆر بە ووردی کاری لەسەر بکرێت و لەشوێنی بەخشینی بڕوانامەیەکی کارپێنەکراو بە کۆمەڵگا. ھەوڵی دروستکردنی نەوەیەکی باشتر و ھۆشیارتربدەن. کە بە کارەکتەرێکی تەندروست و رۆشنبیر بێتە بەرچاوی خەڵک و جیاوازی نەوەکان ببیندرێت و چاویشمان لە باشتربوونی رەوشی رۆشنبیری ھەر تاکێک بێت. ئەوەی پەیوەستیش بێت بە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و رێکخراوە جەماوەریەکان قسەی لەسەر نیە و دەبێتە ئەرکێکی سەرەکی و بە تەنھا خۆدزینەوە لەو مەسەلەیە دەکەونە دەرەوەی بەرپرسیارەتیەکان.بۆیە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی سایکۆلۆژیەتی تاکی کورد بەر لە دەوڵەت و مۆڵ ، بیری لە رۆشنبیری و بە شارستانی بوون بکەینەوە و کاری بۆ بکەین.