(( دیارییە بۆ : مینو . ئەفسانە. ازربایجان قیزی ))
قوبادی جە لی زادە
١
زستان کڵاوی بەفر ،
چاکەت و پانتۆڵی (( ئاو )) ی لەبەر دایە .
بۆیمباخێکی بەستووە لە چلورە .
٢
پایز بە پرووشەی باران خۆی ششتوە
کراسی کزەبای پۆشیوە .
گەڵایەکی زەردی داوە لە یەخەی .
بەتەمای گەشتی دارستانە .
٣
رەشەبا ، پۆتینی گەڵای لەپێ کردووە .
تراکسوودێک لە گوڵی وەریو .
نێوچاوانی بەستووە بە ھەور .
لەنێو چەقی دارستاندا ، وەرزش دەکات !
٤
( با ) خۆی نەخوێندەوارە ،
کەچی ھەموو بەیانییەک دەستی بەفر دەگرێت
بۆ قوتابخانە .
٥
رەشەبای دوو گیان ،
لە نێو باخچەکەماندا منداڵێکی بوو ،
ناومان نا : شــــــــــــــــــــــــــــــنە .
٦
گوڵ لە دادگای وەرزدا ،
شکاتی کرد لە ( با ) .
(( با، ستیانە کانمان دەفڕێنێ .
کراسەکانمان ھەڵدەداتەوە ))
٧
(( با )) لەبن دارھەمێیەک دانیشتووە ..
گەڵا وەریوەکان دەژمێرێت !
٨
زەماوەندی درەخت و بارانە
(( با )) سەما دەکات.
چیا بە دەسماڵی تەمەوە ، سەرچۆپی کێشە .
٩
کزەبا ، بازنی پایزە .
بەفر لووتەوانەی زستان.
گەڵا گەردانەی بەھارە .
پووش حجیلی ھاوین .
١٠
پاڵ بە خۆرەوە دەنێم
تا زووتر ئاوا بێت .
ئەمشەو لەگەڵ مانگدا ژوانم ھەیە .
( ئۆە ..ھەردوو دەستم ھەڵپڕووان ! ))
١١
رەشەبا بەشەق ، دەرگای ژوورەکەی کردەوە ..
چراکەی کوژاندەوە .
بلوورەکەی شکاند !
١٢
شەو لە دەمەو ئێوارەوە ،
چاوی خاک
بە کل دەرێژێت .
١٣
خودا ، خۆرێکی لە دەست
ش ک ا ……
………
بوو بە ملیارەھا ئەستێرە .
١٤
ھەور ، زنجیری پانتۆڵەکەی کردۆتەوە
بە پێوە میز دەکات !
١٥
خۆر عەرەقی کردۆتەوە ….
لە تاوا ،
چۆتە بەر سێبەری مانگ .
١٦
ئەستێران بە رۆژ نوقمی ھەتاون
شەوانەش لە سەرمانا ،
ئاگر دەکەنەوە !
١٧
بۆکرووز دێ …
فریادی کەڵەشێرە ،
کراسی شەو دەسووتێنێ .
١٨
(( با )) خوازبێنی گوڵی کرد …
باران گوتی :
باغ ژن نادات بە رەشەبا !!
١٩
بەرەبەیان ، ئاسمان
ھەموو ئەستێرەکانی لێ رژایە دەریاوە .
ئەو ماسیە سپی و بچووک بچووکانە ،
ئەوانن !
٢٠
( با )) دەست و پەنجەی ،
لە ئاوی رووبار تەڕ دەکات .
دەم و چاوی دارستانی پێ دەسڕێ .