“من کەرکووکم، من هەڵەبجەم” وەک دوو نموونەى زیندوو
مەسعودى مەلا هەمزە
هونەر پەیامە، پەیام ژیانە، ژیانیش ئەو وێستگەیەیە هەموومان تەمەنى خۆمانى تێدا بەسەر دەبەین، جا ئافەرین بۆ ئەو کەسەى دەتوانێ ژیانێکى ئاوا بگوزەرێنێ شکسپیر ئاسا هەموومان خۆزگە بە داهێنانەکانى بخوازین.
هەمیشە وتوومە نووسین و قەلەم ئەو وێستگە پڕ لە ویژدانییەن کە دەبێ بزانى چۆن مامەڵەى لەگەڵدا بکەى و دواجار خۆت ویژدان ئاسوودە بکەى، دیارە ژیانى هەریەک لە ئێمە دوولایەنى هەیە، لایەنى باش و لایەنى خراپ، جا ئافەرین بۆ ئەو کەسەى دەتوانێ بڵانسەکە راگرێ و بەیەک چاو هەردوو لایەنەکەى ژیان ببینێ و هیچیان نەکاتە قوربانى ئەویدیکەیان، نەک وەک ئەو پەندە کوردییەى خۆمان کە دەڵێ”پووشکە لە چاوى خەڵک دەبینێ، کەچی دار لە چاوى خۆی نابینێ”.
ئەوەى لێرەدا گەرەکمە باسی بکەم لە ئاسوودەکردنى ویژدانى خۆم و خستنەڕووى کارى جوانى هونەرمەندێک زیاتر هیچ نییە، چونکە بەردەوام گوتوومە نووسینەکانى من دەربڕی بیروڕاى شەخسی خۆمن و هەوڵدەدەم ویژدانم بکەمە پێوەر بۆ نووسینى بابەتەکانم.
ماوەیەک لەمەوبەر لەرێگاى وتارێکى رەخنەییەوە کە لە هەفتەنامەى بەدرخان بڵاومکردەوە هاوتا ئەسعەدى هونەرمەندم خستە بەر قەڵەمى رەخنە لە بەرامبەر ئەوەى بەر لە چڕینى سروود و گۆرانى بۆ هەڵەبجەو کەرکووک و ئەنفال بیری بۆلاى غەزەى جەرگسووتاو بۆ کورد چووبوو! دیارە لێرە بە پێویستى نازانم رایەکانى خۆم دووبارە بکەمەوە بەقەد ئەوەى دەمەوێ دوو کارى نوێی هونەرمەند هاوتا ئەسعەد بخەمەبەرباس کە چڕینى ئەو دوو بەرهەمە لاى من بەشێکى زۆر لە باڵانسی ژیانى هاوتا ئەسعەدى راست کردەوە.
وەک هەموومان دەزانین گۆرانى و سروودى نیشتمانى بەشێکى دانەبڕاوە لە هونەر، لەوانەیە ئەوجۆرە کارکردنە لەناو میللەتان زۆر باوى نەمابێ، وەلێ ئێمەى کورد بەوپێیەى زۆر چەوساوینەتەوە تاوانى دڕندانەمان بەرامبەر ئەنجامدراوە بۆ بە زیندوویی هێشتنەوەى ئەو بابەتەو گەیاندنى بە نەوەى نوێ و چڕینى بەرهەمى نیشتمانى زەرورەتێکە لە ژیانى هونەرمەندى کورد.
بیرمە برادەرێک پێیووتم نەدەبوو تۆ باس لەو بەرهەمانەى هاوتا ئەسعەد بکەى کە لە ناوەڕاستى دەیەى کۆتایی سەدەى رابردوو چڕی، بەڵکو دەکرا تۆ بۆ مێژووى زیاتر بگەڕایتەوە، بەڵام من نایشارمەوەو دەیڵێم ئەوەى ئێستا هەیە تەواوکەرى مێژووە، بەڵام لەوانەیە من زیاتر بەو شتە ئاشنابم کە ئێستا بوونى هەیە، بۆیە قسەم لەسەر ئەو بەرهەمانەى هاوتاو گۆرانى غەززە بە تایبەتى کرد، دیارە ئەوکات هاوتاش وەڵامى دامەوەو هەر چۆنێک بوو هەوڵیدا وەڵامى رایەکانم بداتەوە، بەڵام من کە ئێستاش ئەو بابەتە دەنووسم سوورم لەسەر رایەکانى خۆم و لێی پەشیمان نیم، بەڵام ئافەرین بۆ هاوتا ئەسعەد کە توانى بە دوو بەرهەم وام لێبکا ئەوەندە موعجیبی بەرهەمەکانى بم ببێتە هەوێنى نووسینى بابەت لاى من.
وەک دەزانن خوا نەکا لاى کورد شتێک ببێتە باو، چونکە هەمووان بەیەکەوە بەرەو پیری دەچن، بەڵام لەوەشدا ئافەرین بۆ ئەو کەسەى دەچێتە ناو ئەو بازنەیە وەلێ لە دەرگایەکى جیاواز و بە شێوازێکى دیکە دەچێتە ژوورەوە، ئەو قسەیەم رێک بۆ ئەوەیە بڵێم کەرکووک و هەڵەبجە زۆریان لەبارەوە گوتراوە، بەڵام ئەو دوو بەرهەمەى هاوتا ئەسعەد کە هەمدیس ئەوانیشی بەدوێت لەگەڵ “کەژێ”ی کچی چڕیوە، دوون لەو بەرهەمانەى دەمێننەوە و زیرەکانە کاریان لەسەر کراوە، بەو مانایەى کە من یا تۆ وەک بینەر بەدیار ئەو بەرهەمەوە دادەنیشین و گوێبیستى دەبین هەست بە ئێش و ئازارەکانى هەڵەبجەو کەرکووک دەکەى، لەوەش باشتر ئەو دوو کلیپە جوانەیە کە بەڕاستى بە شێوەیەکى جوان کارى لەسەر کراوەو کە کەژێ وەک ئەکتەرێک لەناو بەرهەمەکە دەبینى هەستدەکەى ئەو لەناو ئەو ئێش و ئازارە ژیاوە.
لەوێشدا گوتم هاوتا ئەسعەد خاوەنى “ئەوەل سەحەرەو قەڵای دمدم و دەیان بەرهەمى دیکەى جوانە، بەڵام بە چڕینى گۆرانى بۆ غەزە پرسیارى لا دروست کردم، وەلێ ئەمجارەیان هەمدیس بەچڕینى ئەو دوو بەرهەمە توانى پێمانبڵێ هاوتا ئێستاش ئەو توانایەى جارانى ماوە و دەشتوانێ بەکارى بێنێ، بەڵام هیوادارم وەکچۆن لەو دوو بەرهەمە زۆر جوان و زیرەکانە بەکارى هێنا ئاوا لە داهاتووشدا زیرەکانە بەکارى بێنێتەوە، چونکە دواجار ئەوانەى دەمێنێتەوە تەنها هونەرەکەیە، وەکچۆن یوژین یونسکۆ وەک خۆی باسی دەکا لە ژیانیا تەنانەت سێکسکردن لەگەڵ پیاویشی تاقیکردۆتەوە، وەلێ ئەو مردو ئێستا کەس باس لەوە ناکا، بەڵکو هەمووان دەڵێن دەقی کورسییەکان هى یوژین یونسکۆیە، دەبا هاوتاش وامانلێبکا بڵێین هاوتاى من هەڵەبجەم، من کەرکووکم، ئەوەل سەحەرە، داستانى قەڵای دمدم”ە، نەک شتى دیکە.