ئاکۆ عارف: شار چەندە بە رووناکی شەقامەکان و بونی خزمەتگوزارییەکانەوە ئاوەدانە ، ئەوە ندەش بە بوونی یاریگاکانەوە جوانە ، جوڵەی شار و بونی چالاکیە سیاسی و کۆمەڵایە تیەکان چەند گرنگن بەھێندەی ئەوەش چالاکیە وەرزشیەکان پێویست وگرینگن ، وەرزش و یارییە وەرزشیەکان لەگەڵ کۆڕو کۆبونەوە و سمینارە سیاسی و فکری و ئەدەبیەکاندا ئەکتیف بوونی زیاتری تاکەکانی کۆمەڵگا و ژیان دۆستی زیاتری خەڵکی شارەکان دەسەلمێنێت .
مرۆف لە بزێوترین شاری کوردستان ( سلێمانی )کاتێک دەبینێت بۆ ئەمساڵ ھیچ تیپێکی نەیتوانیوە بلیتی گەیشتن بەخولی نایابی یانە کانی عێراق ببڕێت و لە خولی یانەکانی کوردستانیشدا حاڵیان حاڵنیە ئەوا لەبەرامبەرئەوەدا شەرم لە خۆی دەکات ، ئەمە جگە لەوەی ھێشتا ئەو سەروەرییە لای یانەکانی سلێمانی بوونی نیە کەتائێستا ھیچ یانە یەکی نەبۆتە پاڵەوانی خولی نایابی تۆپی پێ و سلێمانی بەو ھەموو جوانی سەرکەشی و ناوبانگ و پێشکەوتنە وە لەم قۆناغەدا یاری تۆپی پێ ، بەتایبەتی تیپی یانەکانی بەشداربووی خولی نایاب ی تۆپی پێ لە ئاست ناو و ناوبانگی پرشنگداری سلێمانیدا نین و بەدەر لەوە تەنیا ئەوەی جێگای ھەڵوەستە لەسەر کردنە ئەوەیە کە گەشانەوە یەک و جوڵەیەک بە ئاستی تیپەکانی تۆپی سەرمێز و کاراتی و تۆپی دەست ەوە دیارەو جێگای دڵخۆشیە .
کۆمەڵگا یاخود ھاووڵاتیان لەھەرشوێنێکدا مومارەسەی ژیان بکەن ، گرنگە گرەو لەسەر ئەکتیفکردنی تەواوی کایەکان بکەن و لانی کەم نەھێڵن ورێگەنەدن ھیچ کامیان سیمای مردنیان پێوە دیاربێت ، ھەروەک ئەوەی بەردەوامبوونی ژیان لە زۆربەی کاتەکاندا بۆ سەلماندنی بونی راستەقینەی تۆ جوڵە و کێبڕکێی جوان و نەسرەوتنت لێدەخوازێت ،چونکە وەستان و نەبوونی کێبڕکێ دواجار دواکەوتن و بەجێمان و زۆرجاریش داڕوخانی بەدوادادێت .
لە جیھاندا ئەمڕۆ و پێشتریش ھەروابووە وەرزش ھاوشانی ھونەر و ئەدەب رێدە کات لەوەش زیاتر ئێستا تەریب ە بەسیاسەت و عەقڵ کاری تیادا دەکات ، کەواتە ھەموو جارێ وتوومە ئێستاش دەیڵێمەوە ، چۆن گرینگە بۆ ھەموو کایەکان ، قسەو گوتار و کارو جوڵە و چالاکی مان ھەبێت ، ئاوھاش دەبێت پلان مان بۆ کاراو زیاتر کاراکردنی جوڵەو چالاکیە وەرزشیەکان ھەبێت و بەدواداچون و ھەڵوەستەمان لەسەر تەواوی پرس و رەھەندە وەرزشەکان ھەبێت .
ئەمرۆ ، کە ئابوری و بازاڕ یش گەشەسەندنێکی گەورەو بێ ئەندازەی لە جیھاندا بەخۆیەوە بینیوە ، وەرزشیش بەدیوێکدا کێبڕکێ لەگەڵ بازاڕدا دەکات و بەدیوێکی تردا دەستی ھەیە لە جوڵەی بازاڕدا و زۆرکات ھۆکاری بوژانەوەی بازارە ، کەواتە لە پێناوی ئەوەی کە زیاتر و باشتر لە ئێستا نمونەی شارێکی زیندو و کۆمەڵگەیکی کراوە و ووڵاتێکی پێشکەوتوو وێنابکەین ، دەبێت ھەرچی زووە گرەوی وەرزش بەگشتی و یاری تۆپی پێ بەتایبەتی بەرینەوە .