بورھان شێخ رەئوف
ئێستا وا ترەمپ دان بە شکستی خۆێدا دەنێت و جڵەوی شلکرد بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی گواستنەوەی دەستەڵات بۆ بایدن دەست پێبکات .
جۆ بایدن سەرۆکی تازە ھەڵبژێراو ی ئەمریکا زۆر دۆسێیەی قورس و ئاڵۆزی لە بەردەمدایە چ لە سەر ئاستی ناوخۆیی ئەمریکاو چ لە سەر ئاستی دەرەوەش کە دەخوازێت ھەنگاوی خێراو بە پەلەی بۆ بھاوێژێت .
بۆ ناوخۆی ئەمریکا :
گەورەترین کێشەی ناوخۆی ئەمریکا چۆنیەتی بەرنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا ( کۆڤید ١٩ ) و گێڕانەوەی ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی برایەتی بۆ ناو کۆمەڵگای ئەمریکی , دوای ئەوەی بە ھۆی جەمسەر بەندی سیاسیەوە جۆرێک لێکترازان و دابڕان خواستی پۆپۆلیستی و ڕەگەزپەرستی ئتنیکی ھاتبووە ئاراوە , ھەروەھا بابەتی بڵاوبوونەوەی چەک بەزۆری لە ناوخەڵکدا جگە لە باری قورسی ئابوری ژیانی چینێکی بەرینی خەڵکی ئەمریکا .
لەسەر ئاستی دەرەوەی ئەمریکا:
لێرەدا بابەتێک کەزۆر قسەی لە سەر دەکرێت ئەوەیە کە بایدن درێژکراوەی سیاسەتەکانی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا باراک ئۆبامایە کە خودی بایدن بۆ دوو خول جێگری بوو , بەڵام ھەرزوو بایدن وەڵامی ئەو نیگەرانیانەی دایەوە کە ئەو خاوەنی سیاسەت و بیرکردنەوەی خۆیەتی و جیھان و سیاسەت و ڕوداوەکانیش گۆڕانکاری جەوھەرییان بەسەردا ھاتووە , دەبێت ئەمیش لە ئاست ئەو پێشھاتە نوێیانەدا بێت .
لەلایەکی ترەوە لە سەردەمی ترەمپیشدا سیاسەتی ئەمریکا ی لە سەر بنەمای ( ئەمریکا پێش ھەموو شتێکە و یەکەمە ) بەرێوەدەبرا کە ئەوەش زیانی گەورەی گەیاند بە پێگەی ئەمریکا وەکو زلھێزی گەورەی جیھان , بۆیە ئێستا بایدن کاری لە پێشینەی ئەوەیە کە ئەو دابڕانە گەورەی سیاسەتی ترەمپ بەسەر ئەمریکایدا ھێنا , بایدن چۆن ئاساییی بکاتەوە؟
گرنگترینیان پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتی چین , ئایندەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەوروپا , کاراکردن و ئەکتیفکردنەوەی ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕێکخراو پەیماننامەو ڕێککەوتنە نێو دەوڵەتیەکان , وەکو ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی , ڕێکخراوی یونسکۆ , ئاژانسی ئۆنروا , ڕێککەوتننامەی کەشوھەوای پاریس , ئاراستەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕوسیادا , بارودۆخی باشوری ڕۆژھەڵاتی ئاسیاو نیمچە دوڕگەی ھندستان و ئەمریکای لاتینی .
لەوانەش ھەمووی گرنگترو ھەستیارتر ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوینە کە کۆمەڵێک کێشەو قەیرانی درێژخایەن و ئاڵۆزی تێدایە کە ھەموو ئیدارە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا لە مێژەوە تاوەکو ئێستا نەیان توانیوە یەکلایی بکەنەوەو چارەی پێویستی و یەکجاری بۆ بدۆزنەوە ,
ھەر لە کێشەی عەرەب _ ئیسرائیلەوە کە ترەمپ پلانی سەودای سەدەی بۆ داڕشت بەڵام ئاکامی وای نەبوو جگە لە ڕێککەوتننامەی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و ھەندێک وڵاتی عەرەبی وەکو ئیمارات و بەحرێن و باسی سودان و سعودیەش دەکرا , بەڵام شکستی ترەمپ پێناچێت ئیتر وا بە خێرایی ئەو پرۆسە یە بەردەوام بێت بە خۆڕایی و بێ بەرامبەر ,لە کاتێکدا ترەمپ بە فەرمی قودسی بە پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل ناساند و باڵوێزخانەی ئەمریکای لە تەلئەبیبەوە گواستەوە بۆ قودس کە ئیدارەکانی پێشووتر ئەوەیان نەکرد , جگە لە داننان بەوەی کە بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا کە لە ساڵی ١٩٦٧ ەوە ئیسرائیل داگیری کردووە ببێتە خاکی ئیسرائیل .
ھەروەھا دوا پێشھاتەکانی کێشەکانی لیبیاو یەمەن و میسرو لوبنان تونس و جەزائیر ھەمووی پێویستی بە چاودێری ودەستوەردانی ئیدارەی بایدنە بۆ پاراستنی بەرژەوندی ئەمریکا .
بابەتێکی تری زۆر ھەستیارو گرنگ کە ھەر لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباماوە خوێنی لێ دەچۆڕێت سوریایە کە زیاتر لە دەساڵە گۆڕەپانی شەڕێکی ماڵوێرانکەری بێ ئاکامەو زۆرێک لە وڵاتانی گەورەی جیھان ھەر لە ڕوسیا و ئەمریکاو تورکیاو ئێران وئیسرائیل وڵاتانی عەرەبی تێوەی گلاون و ھیچ ئومێدێکیش لە ئاسۆەوە بەدی ناکرێت بۆ کۆتایی ھاتنی .
لە کۆتاییدا دەپرسین ئا یا بایدنیش ھەر درێژە پێدەری سیاسەتەکانی ترەمپ دەبێت و چاوپۆشی لە دەستوەردانەکانی ڕوسیا و تورکیا دەکات لە سوریا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و زیاتر گرنگی بە عێراق دەدات وەکو پێشتر دەیانووت بەشیان کردووە عێراق بۆ ئەمریکاو سوریا بۆڕوسیا , ئەی چۆن ھەڵسوکەوت لە گەڵ ئێران و ڕێککەوتنامەی ( ٥+١) دەکات , سەرکێشیەکانی تورکیا لە دەریای سپی ناوەڕاست دۆسییەگەلێکن ئیدارەی بایدن دەبێت وەڵامی جدی بۆیان ھەبێت .