زمكان عەزیز
1.
باڵق بوون
لەسەر كورسیەك دڵۆپێ خوێن
پڕە لە موچڕكە و گوشین و ئاڵۆش و ختووكە
كوڕێك ھەڵیئەگرێتەوە و
لە ژوورە تاریكەكەیدا خۆی پێدائەگرسێنێ
…….
2.
شەرم لە ناو بێدەنگیدا ئەمانكوژێ
دڵۆپێ خوێن كچێ ئەگەییەنێ و
بە دزی خواوە خۆی ئەخوات
لەسەر كورسیەكە پیاوێكیش
بەدزیەوە خۆی ڕەحەت ئەكات
…….
3.
كچێ لە درزی دەرگاكەوە تەماشا ئەكات
لەسەر كورسیەكە كچێك
سەبەتەیەك شەرمی گەییوی پێیە و
باخچەكەش پڕە لە كوڕی ئاڵ
…….
4.
پیاوێك ئەگری
كورسیەكە گوڵێك لەسەری ووشك بووەتەوە
مێروولەیەك گەڵایەكی ئەبات و
كۆترێكیش لاسكەكەی
ھەنگێك لەبەر ھەتاوەكەدا ئەزیڕێنێ و
پیاوێكیش فرمێسكەكانی ئەسڕێت
…….
5.
كە ڕۆژ بوویەوە شەوێكی تیا بچێنە با تامی مردن خۆش بێت
لە باخچەكەدا
كورسیەك چێنراوە
ھیچ ناگرێ و گەورە نابێ و ھەروەك خۆی وایە
ڕۆژانە ماچێكی لەسەر ئەڕوێ و
ماچێكیش تێیدا ھەڵئەوەرێ
گەڵای زەرد كورسیەكەی داپۆشیوە
…….
6.
من ئەڕۆم و جێ پێی گەڕانەوەش ئەسڕمەوە
كورسیەك
ژەنگی ژوان گرتوویەتی و
چاوەڕوانیش كون كونی كردووە
نامەیەكی دڕاو لەسەری
نووسراوە ..
” زۆر وەستام تۆ ھەرنەھاتی “
…….
7.
لە لوتكەی چیاكەوە بەیانی ئەڕژێتە ناو ماڵەكانەوە
كورسیەكە
جگەرەیەك لەسەر دەستەكانی كوژاوەتەوە و
لەنجە و لاری دەزوولەیەك دووكەڵی سپی
لە باوەشیدا بەرز ئەبێتەوە
پاكەتێكی قوپاو كەوتووە و
فیلتەرەكان ھێشتر چەند مژێكیان تێدا ماوە
…….
8.
ئەو خانووە ڕووخاوە پڕە لە دەنگ و ڕەنگ
كورسیەك
كۆترە ماندووەكانی لەسەر ئەنیشێتەوە
باڵ و قاچیان ڕائەكێشن و دەنوك لەیەك ئەسون
تاوێكی تر بۆ ناو ئاسمان ئەفڕنەوە
لەسەر كورسیەكە ھەندێك پەڕوباڵ بەجێماوە
…….
9.
نامەیەكی جەنگ لەسەر كورسیەكەیە
كورسیەك
سبەی ژنێكی پیر دێت و
ڕیقنەی شان و ملی ئەتەكێنێ
لەسەر كورسیەكە دائەنیشێ و
سەگە توكنەكەشی لە باوەشیدا ئەنوێ
مراویەكانیش ووردە نانەكان ئەكرتێنن
خەو چاوەكانی ماندوو ئەكات و
ھێندە نابا گۆچانەكەی ئەیباتەوە
لەسەر كورسیەكە جانتایەكی بچكۆلەی چەرم كەوتووە
نامەیەك و دەسڕێك و موسیلەیەكی مرواری تێدایە
نامەكە ئەڵێت ..
” كورسیەكە ئەزانێت چەند دانیشتم بە دیارتەوە
من ئەگەڕێمەوە بۆ بەرەی جەنگ
ئیتر نازانم كەی دێمەوە “
…….
10.
خەمێكی سەرخۆش
كورسیەك
موعتادێكی لەسەر نوستووە
كزەی سەرمای بە خۆیا داوە و
پیرە خەمێكی توكنی ناوەتە ژێر سەری
ماچێكی گەرم لەسەر لێوەكانی نیشتۆتەوە و
ھێدی ھێدی لێوەكانی ئەمژێت
ئەوە خەونە .. یان
ئەو ڕۆژەی یەكەمین ماچ
موعتادی كرد
…….
11.
پیرێك لە چاویلكەكەیدا خودا ئەبینێت
كورسیەك
پیاوێكی سەر سپی لەسەری دانیشتووە و
چاوەكانی بە دەستەوەیە
تاو تاو ئاوی خەمەكانی ئەدات
بەسەر شانی كورسیەكەوە شۆڕ بووەتەوە
بۆ ناو مەیخانەیەكی ڕۆمانەكە
بە تەنیشت كچە سەرخۆشەكەوەیە
پێك لەسەر پێك ئەخواتەوە و
گۆرانی پاڵەوانەكە ئەڵێتەوە ..
” ھەمووتان ئەمخۆنەوە و ئەمخوێننەوە
كە من ئەبەدێتم “
…….
12.
ئەوە سەرابە لە دوورایی دەشتەكەوە سەما ئەكات
لەو باخچەدا
كورسیەك بە تەنیا دانیشتووە و
چاویلكەیەك لەسەری بەجێماوە
لەو دیو چاویلكەكەوە دوو چاوی پیر كەوتوون
چاویان لە ھەلقەڕێزی باخچەكەیە و
گوڵەكانیش ھەڵئەوەرێن
حەوزی ماسیەكان ووشك بووەتەوە و
مراویەكانیش لە شەقەی باڵئەدەن و ئەفڕن
كەسێك چەترێكی بەسەرەوەیە و
لە باخچەكەوە ئاوا ئەبێت
زمكان عەزیز