کارۆخ مەلائەسعەد: چەند ڕۆژێکە ناوی (بانۆ حوسێن) وەکوو گۆرانیبێژێکی تازە لە ماڵپەرە ھونەرییەکاندا باسی لێوە دەکرێت و ھەندێک لە ئێستاوە ڕەخنەی لێدەگرن و ھەندێکیش بە باشە باسی لێوە دەکەن.
ئەو دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە و ئێستایش بۆ بوون بە گۆرانیبێژی گەڕاوەتەوە کوردستان، بە گوێرەی گوتەی ھەندێک ماڵپەرەکانیش بۆ ئەو کارەی گۆرانیبێژ (بڵند عەبدوڵڵا ) ھاوکاری دەکات.
لەمبارەیەوە (بۆتان عەبدوڵڵا) کە بەڕێوەبەری کارەکانی (بڵند)ـە و ھاوکات برا گەورەی (بڵند)ـیشە، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوتی: “(بڵند عەبدوڵڵا) بێ ئاگایە لەو ھەواڵە و ھیچ کچێکیش ناناسێت بەم ناوە، بۆیەیش ئێمە لای خۆمان ئەو ھەواڵە ڕەت دەکەینەوە.”
گوتیشی: “تکا دەکەین لەو خانمەبەڕێزە ئەو یارییە بوەستێنێت، چونکە (بڵند عەبدوڵڵا) زۆر بێ ئاگایە لەو بابەتە، ھاوکات ئێمە ھیوای سەرکەوتن بۆ ئەو خانمە دەخوازین و حەز دەکەین ئاییندەی باش بێت.”
(بانۆ حوسێن) ھەر لە ڕێگای ئەو ماڵپەرە ئەلکترۆنیانەوە ڕۆژانە چەندین وێنەی خۆی بڵاو دەکاتەوە و لە ئێستاوەیش وەکو ھونەرمەندێک ناوی خۆی دەبات. ئەو ئاماژەیداوە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەرھەمێک دێنێتە بوونەوە و پاشان ھەوڵی دروستکردنی کلێپێکی سەرکەتووانە دەدات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی “ھەولێر” (بانو حوسێن) بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند کارێکی ھونەری چەند ڕۆژێکە گەڕاوەتەوە کوردستان، لێرەیش سەردانی شاعیر (عەبدولڕەحمان بێلاف) دەکات بۆ وەرگرتنی چەند تێکستێک. ھەروەھا کاتێک ئەو خانمە لە ماڵی شاعیری ناوبراو دەبێت (بڵند ئیبراھیم)ـی گۆرانیبێژیش بە ڕێکەوت لەوێ میوان دەبێت. دوای یەکترناسینی (بڵند) لەگەڵ ئەو خاتوونە، (بڵند ئیبراھیم) بەڵێن بە (بانۆ حوسێن) دەدات ھەرکاتێک کارەکانی گەیشتنە قۆناغی تەواو بوون قسەی بۆ لەگەڵ کۆمپانیای (ئێن ڤی پڕۆداکشن) دەکات بۆ ئەوەی سپۆنسەری بکەن.”
karox_gr_music@hotmail.com