بە مەبەستی وەرگترنی چارەسەر سەفەری دەروەی وڵات ئەنجام دەدات
ھونەرمەندی گەورەی دونیای شانۆ و درامای کوردیی مامۆستا (ئەحمەد سالار) لە ئێستادا باری تەندروستی تاڕادەیەک ناجێگیرە، بۆ مەبەستی چارەسەرکردن دەچێتە دەرەوەی وڵات، ھیوادارین خوای گەورە شیفای بدات و لەوەرگرتنی چارەسەرەییەکانی لەوڵاتی ئەڵمانیا سەرکەوتوو بێت، بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی مامۆستا “سالار”ـو پرسینی ھەواڵی باری تەندروستی، لەبەرامبەردا ھونەرمەند ئەوەی خستەروو، باری تەندروستی ناجێگیرەو بۆ چارەسەر وەرگرتن روودەکاتە وڵاتی ئەڵمانیا، ھەروەھا ئاماژە بۆ چەند بەرھەمێکی دەکات، کە ئاواتە خوازە دوای وەرگرتنی چارەسەر تەواویان بکات.
سەرەتا ھونەرمەندی گەورە مامۆستا (ئەحمەد سالار) لەبارەی ناتەواوی باری تەندروستی و جۆری نەخۆشیەکەی گوتی : “بەشێوەیەکی گشتی ئەو نەخۆشیەی بەرۆکی گرتووم و ھیلاکی کردوم، نەخۆشی شەکرەیە، کە لەئێستادا کاری کردۆتە سەر بینای چاوەکانم، ئومێدم وایە خوای باڵادەست یارمەتی دەرم بێت و شیفای بەخێرم بۆ بنێرێت، جگە لەوەش فەقەراتەکانی پشتم ژانی تێکەوتووە، ئەوەشیان کاری کردۆتە سەر رۆشتنم بەپێ”.
لەبارەی وەرگرتنی چارەسەری پێویست مامۆستا “سالار” روونی کردەوە : “لەکوردستان ھەوڵی چارەسەرم داوە، بەڵام وادیارە پێویست دەکات بۆ وەرگرتنی ئەو جۆرە چارەسەرییە پێویست بکات سەردانی دەرەوەی وڵات بکەم، لە ئێستادا ئامادەکارییم بۆ کراوە سەردانی وڵاتی ئەڵمانیا بکەم، لە چەند رۆژی داھاتوودا لە رێکەوتی ٢٠/ ٨/ ٢٠١٣ سەردانەکەم بۆ ئەو وڵاتە دەست پێدەکەم، پشت بەخوای میھرەبان چاوەڕێی ئەنجامی چارەسەری تەبیب و دەوا دەکەم”.
ھەر لەبارەی وەرگتنی چارەسەرەکەی ھونەرمەند (ئەحمەد سالار) گوتی : “ئەو چارەسەرەی وەری دەگرم بۆ چاوەکانمە، نەشتەرگەریەک بۆ چاوەکانم ئەنجام دەدرێت لەوڵاتی ئەڵمانیا، ھەروەھا رەنگە چارەسەرش وەربگرم بۆ پشتم، ئیتر تا ئەنجامدانی نەشتەرگەری و وەرگرتنی چارەسەری پێویست ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ کوردستان، دوای تەواو بوونی چارەسەرییەکانم پەنا بەخوا ئومێدم وایە بەزووترین کات بگەڕێمەوە خاک و وڵاتی خۆمان”.
ھونەرمەندی بە ئەزموونی شانۆکار (ئەحمەد سالار) کە پتر لە (٥٠) ساڵە لەسەر تەختەی شانۆیەو بەقەڵەمەکەشی خاوەنی چەندیین کتێبی شاکاری شانۆییە، لەبارەی بەرھەمەکانی بەر دەستی کە لەو ماوەیەدا کاری بۆ کردووە گوتی : “لەو ماوەیەدا ئەگەرچی نەخۆشیەکەم تاڕادەیەک ھیلاکی کردبووم، بەڵام سەرقاڵی وەرگێرانی کتێبی (یەڵماز گۆنای رۆڵی سینەمای دیکۆمێنتاری لەخەباتی گەلاندا) کە لەنووسنی (د. ئیبراھیم محمود)ـە، تەواو کردووە، تەنیا ماوە بچێتە قۆناغی چاپکردنەوە، کە ئەو کتێبە دەبێتە سەرچاوەیەکی زۆر بەنرخ بۆ خوێنەران و شاگردانی ھونەر، ھەروەھا شانۆیی (شێخ محمود)ـی سەرکردەو خەبات کاری کورد، گەیاندۆتە نیوەی نووسین، ئومێدە دەکەم بتوانم تەواوی بکەم و بیگەینمە سەر تەختەی شانۆ”.
مامۆستا (ئەحمەد سالار) لەکۆتایی قسەکانی دا ئەوەشی خستەروو : “ئومێدم وایە ھەموومان یەکتریمان خۆشبوێت و ژیان ئەوە ناھێنێت کەس رقی لەکەس بێت و یەکتریمان خۆشنەوێت، بەتایبەتی چینی ھونەرمەندان و رۆشنبیران پێویستە زیاتر رێز لەیەکتری و بەھا جوانییەکانی مرۆڤایەتی بگرین، سەیربکەن ئەم دونیایە وەک تەختەی شانۆ ھەر رۆژەی بۆ کەسێک و بۆ چەند مرۆڤێکە نمایشی ژیانی تێدا بکات، ئیتر ئەوە ناھێنێت لەوە زیاتر خۆمانی پێوە ھیلاک و شەکەت بکەین، وێستگەیەکە زۆر گرنگە مرۆڤ بەجوانی ئەو وێستەگەیە ببڕێت و کەنار بگرێت لەدەم رووبارێکی جوان و ھێمن و بەبێ لێڵی و گڕێ و گۆڵ، ئومێدم وایە ھەموومان بەخۆشەویستی و رێزەوە ژیان تەواو بکەین”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا