(بارزان سەیدا) هونەرمەندێکی شاری سلێَمانییە سەرەتای هاتنی بۆ نێو کاری هونەری ئەگەرێتەوە بۆ ساڵەکانی (1972-1973) و یەکەم بەرهەمی خۆیشی لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی تۆمار کردووە، (بارزان) خۆشحاڵە کە هونەری هەڵبژاردووە لە باری هەڵبژاردنی هونەریشەوە دەڵێت: من بۆیە هونەرم هەڵبژارد لەبەر ئەوەی بە بۆچوونی چەند مامۆستایەکی بەڕێزی وەک( سەڵاح ڕەئوف و ئەنوەر قەرداغی و خالید سەرکار)کە توانایەکم هەیە بۆ چرینی گۆرانی، بۆیە وتەکانی ئەو کەڵە هونەرمەندانە هاندانێک بوو بۆ من تاوەکو ببم بە گۆرانیبێژ. لە دیمانەیەکیشدا لەگەڵ”هەولێر” باسی دوایین کارەکانی خۆی کردووە تیشکی خستە ئەو خاڵانەی کە وایکردوو هونەری کوردی بەرەو لاواز بوون بچێت
*ساڵی هەشتاکان زۆر لە شاشەکان دەردەکەوتی ، بەڵام دوای چوونتان بۆ هەندەران چالاکی هونەریتان کەم بووەوە ئەمە بوچی دەگەڕێتەوە؟
— من ماوەی 12 ساڵە لە وڵاتی نەرویج ئەژیم وەک دەزانرێت وڵاتی نەرویج وەکو وڵاتی دیکەی ئەوروپا نییە و وڵاتێکە کە موزیکژەنی کوردی زۆر کەمی لێیە بۆیە بەم ژمارە کەمەش کارەکانم دروست نابێت، چونکە من نامەوێ کارێک بکەم کە جێگای ڕەزامەندی خەڵکی نەبێت، من کار بۆ مێژوو دەکەم، ئەو پەیامەی جوانەی کە هەڵمگرتووە دەمەوێ بە ئەمانەت بۆ بیسەرانی بگەیەنم، بە تایبەت کارەکانی منیش زۆربەیان هی مامۆستا (حەسەن زیرەکە) وە من کاتێک ساڵی 2001 گەڕامەوە بۆ کوردستان تەنها فریای (2 ) گۆرانی کەوتم ئەویش لەسەر ئەرکی خۆم تۆمارم کردوون. گۆرانییەکانییش (گەوهەری و ئەری هۆ لەیلی ) بوون کە بە یارمەتی دەرهێنەری بە توانا ( نەهرۆ سەلیم) کاری کلیپم بۆ ئەنجام داوە. هەروەها لە ساڵی 2006 دووبارە گەڕامەوە بۆ کوردستان و لەگەڵ تیپی مۆسیقای گەریان دوو گۆرانی دیکەیشم تۆمار کرد کە ئەوانیش بریتیبوون ( چارۆکە هەولێرییە و دیسان شەو هات بۆ حاڵی من )کە ئەوانیش هەر لەسەر ئەرکی خۆم تۆمارم کردوون لە شاری هانۆفەریش لە یارمەتی کاکە (پیشڕەو خالید و دەشتی خالید) کاری کلیپم ئەنجام داوە.
* تاوەکو ئێستا چەند ئەلبوومی گۆرانیتان هەیە ؟
من تاوەکو ئێستا دوو ئەلبوومی گۆرانیم هەیە بەڵام هیچیانم بڵاونەکردۆتەوە چونکە ئەو ئەلبوومی گۆرانییانە باوی نەماوە، لە کوردستان ئێستا ئەبێ هەموو گۆرانییەکان موزیکێکەی لە تورکیا کرابێت وە ئەبێ زۆر مۆدرێن بێت ئینجا گوێت لێ دەگرن، هەر لەبەر ئەوەیشە گۆرانی ڕەسەن باوی نەماوە، بەشێکی ئەم کەمتەرخەمیەش ئەگەڕێنمەوە بۆ (وەزارەتی ڕۆشنبیری) چونکە تاوەکو ئێستا لێژنەیەکی نییە تا ئاگای لە ڕەوەتی هونەری ئێستا کوردی بێت.
* گۆرانییەکانی بەرێزتان، زیاتر هی هونەرمەندی نەمر(حەسەن زیرەک)ـە؟ بۆچی تەنها (زیرەک)تهەڵبژاردووە ؟
— ڕاستە من سەرەتا مامۆستا (حەسەن زیرەک)م وەکو قوتابخانەیەک هەڵبژاردووە هەر لە تەمەنی (11) ساڵییەوە من خولیای دەنگی مامۆستا (حەسەن زیرەک) بووم وە ئەوەندە کاریگەری هەیە لەسەرم زۆر بە زەحمەت ئەتوانم لێی دەرچم تەنانەت جارێکیان لە تیپی مۆسیقای سلێمانی بەڕێز مامۆستا ( ئەنوەر قەرەداغی) ویستی چەند گۆرانییەکم تازەم بۆ بکات پاش ئەوەی کە گوێی لە من گرت و زانی لەسەر شێوەی مامۆستا ( حەسەن زیرەکم) ئەڵێم، لە ئەنجامدا مامۆستا (ئەنوەر قەرداغی) پێی گوتم: تۆ ئەگەر گۆرانییەکانی (ئوم کەلسومیش) بڵی لەسەر شێوازی (حەسەن زیرەک) دەڵێی ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە من تازە ناتوانم لەسەر شێوازی ئەو کەڵە هونەرمەندە دەرچم.
هەوڵت نەداوە بەدەر لە(حەسەن زیرەک) کاری خۆت هەبێت؟
بەلێ لە کاتی ئێستادا 6 گۆرانی تازەم تۆمارکردووە وە ئاواز وهۆنراوەکانیش (3) هی بەرێز( (ئیدریس سابیر) و وە ئەوانی دیکەیش هی خۆم ئامادەم کردوون.
* کوردێکی زۆر لە دەرەوەی وڵات دەژین تا چەند ئەم کوردانە ئامادەییان هەیە کە بەشدار بن لە کۆنسێرتە گۆرانییە ڕەسەنەکان ؟
— زۆر بە داخەوە کوردێکی یەکجار زۆر لە هەندەران هەیە، بەڵام بەداخەوە میللەتی ئێمە(85%) ئەچن بۆ کۆنسێرتی هەڵپەرکێ.
. هونەری کوردی لە کاتی ئێستادا لەج قوناغێک دایە ؟
من وەکو خۆم لە ئاستێکی زۆر خراپی دەبینم ڕۆژانە ژمارەیەک ئاوازی بێگانە لە لایەن گۆرانیبێژەکانەوە کۆپی ئەکرێن ئەمەش وایکردووە نەوەی تازە تەنها گوێی ئاشنا بێت بەم کارانە و کاری ڕابردووی خۆی لەبیر بکات. هەروەک چۆن سەدام حوسێن کیمیای کرد بەسەر هەڵەبجەی شەهید ئاواش هونەرمەندانێک هەن کە کیمیایان کردووەتە سەر هونەری کوردی. من نازانم تا کەی سنوورێک بۆ ئەو کارە نافلۆکلۆریانە دانانرێن، ئێستا هونەری کوردی بووتەوە( ئۆخەی ئۆخەی هەر کەس بۆ خۆی ) لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە جیاوازیی دەکرێت لە نێوان هونەرمەنداندا، چونکە حکوومەت پارەی بۆ هەندێک هونەرمەند ڕێشتووە، بۆ هەندێکی هونەرمەندێکی وەکو ئیمەیش هیچی نەکردووە ئەوەتا بەرهەمێکم ئامادەیە بۆ بڵاو کردنەوە کە هەموو گۆرانییەکانی مامۆستا (حەسەن زیرەک)ـە،بەڵام لە ناو دۆلابەکەم دامناوە تۆزی لەسەر نیشتووە، هۆکارەکەیش ئەوەیە کە ئەوەی ئەوان دەیانەوێت بە من ناکرێت.
* ڕاگەیاندنەکانی کوردی تا چەند گرنکیان بە گۆرانی رەسەن داوە ؟
— ڕاگەیاندنی کوردی تەنها لە خزمەتی چەند کەسێک دایە ئەوانیش هەموو بینەران دەزانن واتە هەتا بەرهەمی سەقەت و وەسەت بێت ئەوا گۆرانی رەسەن بڵاوناکەنەوە
ئاریان دەرگەڵەیی
aryanhawler@yahoo.com