بارزانى سەعید گەوهەر لەسەر ئەوەى کە بابەتە فەلسەفییەکانى دزراوە، سکاڵایەکى یاسایى لەسەر ئافرەتێک بەناوى ( سەروین زیاد) لەدادگاى هەولێر تۆمار کردووەو بەدواى مافەکانى خۆیەوەیەتى. رۆژى 15ى ئاب بارزان سەعید گەوهەر کە خاوەنى چەند وتەیەکى فەلسەفیە بەناوى (تکایە لەتەنهایدا بمخوێنەرەوە) سکاڵایەکى یاسایى لەسەر ئافرەتێک تومار کرد بەناوى (سەروین زیاد) کە ئەو وتانەى بازرانى لە ژمارە 7ى گۆڤارى ژوان بەناوى خۆیەوە و بەهەمان دەق بڵاو کردبۆوە و لەژێریدا نوسیبووى لەوەرگێڕان و ئامادەکردنى سەروین زیاد، کە ئێستا ئەو گۆڤارە نەماوەو سەنتەرى رۆشنبیرى بەهرە دەریدەکرد.
لەبارەى دزرانى ئەو وتانەى بارزانى سەعید گەوهەر گوتى: “من لەوە بەگومان بووم کەدواى مردنم وتەکانم بدزرێ، کەچى لەپڕ ئاگادارکرامەوە لەگۆڤارێکدا ئافرەتێک بەناوى خۆیەوە بڵاوى کردۆتەوە و نووسیویەتى لە ئامادەکردن و وەرگێڕانى سەروین زیاد، کە یەکێکە لەدەستەى نووسەرانى ئەو گۆڤارە، منیش بەبستنى ئەو هەواڵە سەرم سوڕما و بەناچار سکاڵام لەدادگا تۆمار کرد”
هەروەها (حسامەدین سەردارى) پارێزەرى بارزان سەعید گەوهەر بۆ ئەو کەیسە لەمەڕ ئەو کێشەیە گوتى:”بەپێى یاساى مافى دانەر لە یاساى سزاکان، بارزان مافى خۆیەتى ئەو سکاڵایە تۆمار بکات و دڵنیاشم دادگاییەکە دەباتەوە، بەمەش هەم مافەکانى خۆى دەپارێزێت و هەم دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەى کەسانى تر جارێکى دیکە ئەو کارە دووبارە نەکەنەوە و ئەو فەوزا رۆژنامەگەرییە نەمێنێ”.
ئەگەرچى بۆ ئەم مەبەستە زۆر هەوڵماندا پەیوەندى بە ناوبراوەوە بکەین بۆچى و چۆن ئەو کارەى کردووە، بەڵام هەوڵەکەمان بێسوود بوو، بارزان دەڵێ” ئەمە دەستپێکێکى باشە بۆ ئەوەى بەدواى مافەکانى خۆمەوە بچم و چیتر بێدەنگ نابم لەبچووکترین مافم”.
شایانى باسە ئەم وتانەى بارزان لە ساڵی 2008 لە گۆڤارى هەرێمى کوردستان بڵاوکراوەتەوەو دواى ساڵێک ئەو ئافرەتە ئەمکارەى کردووە.