نمایشێکی تری دووەم فیستیڤاڵی شانۆیی ھەولێر، نمایشی (بارانی ھاوین) بوو، ئەم نمایشە لە نوسینی عەلی عەبدولنەبی و دەرھێنانی کازم نەسارو نواندنی (ھەنا محەمەد و فازیل عباس) بوو.
چیرۆکی نمایشەکە باس لە ژنێکی عێراقی دەکات کە ماوەی سی ساڵە چاوەڕوانی گەڕانەوەی مێردەکەیەتی و لەو ماوەیەدا دووکەسی کۆپیکراوی مێردەکەی دروستدەکات بەڵام ھیچیان مۆتەکەی چاوەڕوانی ژنەکە ناڕەوێننەوەو ھەر چاوەڕوانی مێردی ڕاستەقینە دەکات، بەڵام کاتێ مێردەکەی دەگەڕێتەوە دەبینێت کە کەسێکی پیرو پەککەوتەیەو جگە لە پاشماوەی پیاوێک شتێکی تر نییە.
دەرھێنەر لە تەوزیفکردنی ئەم چیرۆکە باس لە خەونەکانی تاکی عێراقی دەکات، لێرەدا ژنەکە سیمبوڵی نیشتمانەو ئەو پیاوانەش کە بۆ کۆپیکراوی پێیدەگەن ئەو سیستمە حوکمڕانییانەن کە بەدرێژایی سی ساڵ حوکمی عێراق دەکەن و ھەمیشە خۆیان وانیشان دەدەن کە ئەو کەسەن کە میللەت چاوەڕێیانە بەڵام دواتر دەردەکەوێ کە ئەوە نین، بەڵام لە ھەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە لە کۆتایی نمایشەکە ژنەکە بۆی دەردەکەوێت کە خەونی گەڕانەوەی مێردەکەی جگە لە وەھمێک شتێکی تر نییە، ئەوەتا کە مێردەکەی دەگەڕێتەوە پاشماوەی پیاوێکی تێکشکاوە.
دەرھێنەر لەم نمایشەدا لە ڕێگەی سینۆگرافیاوە کۆمەڵێک ئاماژە بە بینەر دەبەخشێت، یەکێک لەوانە ژمارەی زۆری ئەو سەرین و پشتییانەیە کە لەسەر تەختە پەرشکراون، ئەمەش ئاماژەی ژمارەی ئەو پیاوانەیە کە پێخەفی ئەو ژنەیان تاقیکردۆتەوەو سیبەریان بەسەر ئەو سەرینانەدا کردووە، بەڵام ھەمیشە ئەوانە ئەوە نەبوون کە ژنەکە چاوەڕێی کردووە، بۆیە ھەرکاتێ لە دەرگا دەدرێت ژنەکە رادەچلەکێت و ھاوار دەکات “ئەوە ھەوە، ئەوە خۆیەتی گەڕاوەتەوە”.
تەنانەت دووبارەبوونەوەی دەنگی لێدانی دەرگا لەم نمایشە تێگەیشتن و دەلالەتی خۆی ھەیە، لەلایەکەوە دەکرێت ئەو جیاکەرەوە زەمەنییە بێت کە دەکەوێتە نێوان بەدوایەکداھاتنی دوو سیستم یا دوو دەسەڵاتی حوکمڕانی، لەلایەکی تریش ئەو ھەواڵە ترسناکەیە کە ھەمیشە تاکی عێراقی لەدوای دەنگی لێدانی دەرگاکان پێیدەگات، لەکاتی شەڕە دوورودرێژەکانی عێراق ھەمیشە دایکان ترسێکی زۆریان لەو دەنگە ھەبوو، چونکە ھەمیشە ترسی ئەوەیان ھەبوو کە کەسی ئەو دیو دەرگا ئەو کەسە نەبێت کە چاوەڕوانی دەکەن، چونکە ڕەنگبوو لە جیاتی دەنگی ھاوسەرو باب و کوڕ و براکانیان، دەنگێکی تر بێت کە ھەواڵێکی تری ھەڵگرتبێت، دەنگێک لەجیاتی مژدەی ژیان، مۆتەکەی مەرگی پێیە، بۆیە ھەرکاتێک ژنەکە گوێی لە لێدانی دەرگا دەبێت، دوو ئیحساسی ناجوور لەو ژنە دەردەکەوێت، ترس و پەرۆشی.
ئەداکردنی (ھەنا محەمەد_ژنەکە) کە ئەکتەرێکی ناسراوی شانۆی عێراقییە، پێکھاتەیەکی جوانە لە گەرموگوڕی ژنی رۆژھەڵاتی و مرۆڤە پڕئازارەکەی کۆمەڵگەی عێراقی، ھەمیشە ئیحساسەکانی ئاوێتەیەکە لە تێکشکان و خەوبینین، حەسرەت و چێژ، ئازارو مەستبوون، ھەموو ئەم ھەستەوەرە ناجوورانە لە بۆتەی ئەدای ژنە ئەکتەرێکی پڕ ئەزموونەوە دەڕژێتە نێو سیاقی نمایشەکە، ئەگەرچی لە ھەندێ حاڵەتتدا زیادەڕۆیی لەئەدای ستانسلافسکیانەی ھەنا وایلێدەکات کۆمەڵێک ئیحساس و ئاماژەی زیاد بە کارەکتەرەکە ببەخشێت و بە قازانجی ئەداکردنی ئەو نەبێت.
لەبەرانبەر ئەوەشدا (فازیل عەباس _مێرد) وەک ئەکتەرێکی بەئاگا خۆی لە سیاقی سێ کارەکتەری نزیک لە فۆرم بەڵام جیاواز لە ئەدا دەدۆزێتەوە کە وادەکات جیاوازییەکی تر بە فۆرمی نمایشەکە ببەخشێت و نمایشەکە لە قالبی نمایشێکی تەقلیدی بگوازێتەوە بۆ نمایشێکی فرەفۆرم.