هه‌ژار مه‌موزینی: باران ئه‌و كچه كورده گه‌نجه نوێیه‌ی گۆڕه‌پانی هونه‌ری گۆرانی گوتنه، كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به ریتمی پۆپه‌وه ده‌ركه‌وت و به ئه‌ستێره‌ی پۆپی ئێرانی هه‌ژمار ده‌كرێت.
له شاری مه‌هابادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایك بووه و ئێستا له كه‌نه‌دا نیشته‌جێیه، باران ده‌توانێ به زمانه‌كانی، فارسی، كوردی، ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی گۆرانی بچڕێ. له ته‌مه‌نی 11 ساڵییه‌وه خانه‌واده‌كه‌یان له ئیرانه‌وه چوونه‌ته كه‌نه‌دا. ئێستا باران خاوه‌ن چه‌ند گۆرانییه‌كی سینگڵه و به فیدیۆكلیپی گه‌یاندووه، به‌م هۆیه‌وه‌یش توانیویه‌تی هه‌وادارێكی زۆر له خۆی بكاته‌وه.
(باس): بۆچی گۆرانیتان هەڵبژارد؟
باران: سه‌ره‌تا دا خولیای هونه‌ر و موزیكی رەسەنی كوردیم هه‌بوو، ئه‌وده‌م له كەنەدا زمانی فەرەنسیم دەخوێند، هەندێك كارم بە زمانی ئینگلیزی و فەره‌نسی دەكرد و هەروەها به پاڵپشتیی خانەوادەكەم و بەتایبەتی براكەم گۆرانی و مۆزیكم كرده پیشه، چونكه پاش تێپەڕاندنی خولی ئەكادیمیی موسیقی و ئەندامبوون لە گرووپەكانی موزیك و هێدی هێدی پەیوەستی بووم و شەرمم شكا.
(باس): بۆچی ریتمی پۆپ؟
باران: ئه‌و شێوه ریتمه په‌یوه‌ندیی به دیدی خه‌ڵك و ئه‌و كۆمهڵگایهوه هه‌یه كه من ئێستا تیایدا نیشته‌جێم.
(باس): هیچ كات بیر له گۆڕینی ئه‌و ستایله ده‌كه‌یته‌وه؟
باران: شێوه‌ی گۆرانی له‌سه‌ر هه‌لومه‌رج ده‌مێنێت، ئێستا به پۆپ گۆرانی ده‌ڵێم، دوور نییه سبه‌ی ریتمی گۆارنیهكانم بگۆڕم، هونه‌رمه‌ند ده‌بێ بزانێت خۆی له‌گه‌ڵ جۆره‌ها ریتمی گۆرانی بگونجێنێت، تا سه‌ركه‌وتن به‌دی بێنێت.
(باس): تۆ كوردیت، بۆچی گۆرانیی تۆماركراوی كوردیت نییه؟
باران: سه‌ره‌تا به گۆرانیی ڕه‌سه‌نی كوردی ده‌ستم به كاری هونه‌ری كرد، به‌ڵام ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی من تێیدام و هۆگه‌لێكی زۆر هه‌ن كه نه‌متوانیوه گۆرانی به زمانی دایك تۆمار بكه‌م.
(باس): به‌ڵام له تۆڕه كومهڵایهتیهكاندا چه‌ند گۆرانییه‌كی كوردیت بڵاو كرده‌وه؟ باران: ئه‌و چه‌ند گۆرانیه خۆم ریكۆردم كردن و له ئینتیسگرام و فه‌یسبووك بڵاوم كردووه‌ته‌وه، ئاماژه‌یه كه من پرۆفه له‌سه‌ر ئه‌و گۆرانیانه ده‌كه‌م و خۆم ئاماده ده‌كه‌م له كۆنسێرتدا بیانڵێمهوه.
(باس): به‌رنامه‌ت بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌لبوومی كوردی هه‌یه؟
باران: به‌ڵێن به هه‌وادارانم ده‌ده‌م، كه به‌رنامه‌ڕێژیم بۆ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌لبوومی كوردی كردووه و ئومێده‌وارم ئه‌و ئاواته‌م بێته دی.
(باس): لە كوردستانی باشوور هه‌واداری زۆرت هەیە، لەوە ئاگاداریت؟
باران: چ شتێك له‌وه خۆشتره كه بۆ هه‌ر شوێنێك بڕۆیت، له دڵی میلهتهكهتدا بیت و كۆنسێرت و به‌رنامه‌كانت ببینن، راستییه‌كه‌ی پێشبینیم نه‌ده‌كرد به‌و شێوه‌یه شوێنی خۆم له‌ناو دڵی هه‌وادارانم له باشووردا كردبێته‌وه، ئه‌مه زۆر خۆشحاڵی كردووم، به‌مه‌ش له به‌دیهێنانی ئاره‌زووی منداڵیم نزیك بوومه‌ته‌وه.
(باس): بۆ ئێستا بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆرانی به سینگڵ باشه یان ئه‌لبووم؟
باران: به‌هۆی له‌ده‌ستدانی پاره‌یه‌كی زۆر له به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌می هونه‌ری و نه‌فرۆشتنی. بۆ ئێستا هونه‌رمه‌ندان په‌نایان بۆ گۆرانیی سینگڵ بردووه. ئه‌مه‌ش ئه‌و واته‌یه ده‌گه‌یه‌نێت بۆ هه‌لومه‌رجی ئێستا سینگل له به‌رهه‌می هونه‌ری باشتره.
(باس): مەرجی پێشكەوتنی هونەرمەند چییە؟
باران: ئارمانج گرنگترین شتی بەرجەستەیە، ئەگەر بریار بێت هونەرمەندێك ئەمڕۆ لەگەڵ 3 ساڵ له‌مه‌وبه‌ری جیاواز بێت، بەوە گرێ دراوە كە خۆی چۆن سەیری خۆی و هونەری خۆی دەكات بە دوای چ گۆشەیەك و چ ئارمانجێكدا دەڕوات، هەبوونی دۆستایه‌تی لەگەڵ هونەر، یەكبوون لەگەڵ خەڵكەكەی و پابەند مانەوە بە ئەسڵەكەی، هه‌موو ئه‌مانه فاكته‌ری گرنگن، بەڵام هەبوونی ئامانج گرنگترین شته هونه‌رمه‌ند پێی به‌هره‌مه‌ند بێ.
(باس): تا چه‌ند گۆرانیه‌كانت له هه‌ستت نزیكن؟
باران: ئەو گۆرانیانەی كە تا ئەمڕۆ خوێندوومە (هەستی عاشقی، زیادی، سەد بار، دلم خۆش نیست) هەوایێكی عاشقانەی هەبووە و بیرهێنانەوەی منداڵیمە، هەموویانم خۆش دەوێت.
(باس): بۆچوونی خۆتان لەسەر كۆبانی لە فەیسبووكدا دەربڕیبوو، لە بەرنامەتدا هەیە بیكه‌یه گۆرانی؟ باران: خەڵكی كورد و خەڵكی كۆبانێ میلەتەكەی منن و میلەتەكەی من واتا خودی من، بۆ ئەوەش دەبێ هەنگاو بە هەنگاو بەرنامە داڕێژم و ئەگەر زەمینە لەبار بێت بۆ كۆبانی و ئەو مەبەستەش كار دەكەم.
(باس): حه‌زت له گوتنی گۆرانیی چ گۆرانیبێژێكی كورده؟
باران: گۆرانییه كۆنه‌كان و گۆرانیەكانی میكائیل و شەهریبانی كوردی و لەیلا فەریقی.
(باس): توانای نووسین و تێكستی كوردیت هەیە؟
باران: من دەمێكی زۆرە لە ئۆتاوای كەنەدا ده‌ژیم، بەڵام زمان و رەگی خۆم فەرامۆش نەكردووە، بێگومان ده‌توانم.
(باس): له كۆنسێرتهكانتدا گۆرانیی كوردیت گوتووه؟
باران: بەڵێ ماوەیەك له‌مه‌وبه‌ر لە تۆرنتۆ كۆنسێرتم هەبوو، چەند گۆرانییه‌كی كوردیم گوت و لە داهاتووش لە ئەبور هازن ئەڵمانیا و گلاسگوی سكوتلەندا گۆرانیەكی كوردیم ده‌بێ.