کارۆخ مەلائەسعەد: ئەگەرچی گۆرانیبێژ (باخان) ماوەیەکی زۆرە خۆی لە کاری ھونەریی دابڕاندووە و ماوەیەکی زۆریشە لە میدیا و ڕۆژنامەکان دوورکەوتووەتەوە، لە بەرانبەر ھەموو پرسێکدا بێدەنگی ھەڵبژاردووە. بەڵام ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئەو بێدەنگییەی پێشکاند و ئەم دیمانەیەی لەگەڵدا ئەنجامدا.
* دەزانین لەبەر زوویر بوونت بەرانبەر ئاوازدانەر (ھەڵکەوت زاھیر) لە ھونەر دوور کەوتوویتەوە، ئایا تا ئێستایش ناوبراو ھۆکارە کە تۆ ھیچ کارێکی ھونەریی ئەنجام نادەی؟
ــ ئەوکات زۆر دڵ گەرم بووم، ناوبراو بە یەک چاوتروکان کارەکانی منیدا بە کەسَکی دیکە، بەڵام ئێستا بەرانبەر ئەو کەسە ھیچ ڕقێکم نییە و، ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم. نەبوونی بەرھەمی تازەیشم پەیوەستە بەوەی کە خۆم خولیای چڕینی گۆرانیم نەماوە، ئەگینا من کێشەکانی ڕابردووم لەبیر کردووە، لێبوردەییم ھەیە. ئیتر بێ ئاگام لەوەی کە خەڵک ئەو کێشەیەی تا چەند لای خۆی بە زیندوویی ھێشتووەتەوە.
* ھۆکار چی بوو، کە ئەو کارانەی بۆ تۆ کرا درا بە گۆرانیبێژێکی دیکە؟
ــ منیش تا ئێستا بە وردی نازانم، نموونەی یەکێک لەو کارانەتان بۆ باس بکەم گۆرانیی “شێتی”، ئەو گۆرانییە لە ٢٠٠٩ ـدا کاک (ھەڵکەوت) بۆ منی کرد و، تۆمارم کرد. زۆر جاریش لەلایەن خۆیەوە جەختی لەو گۆرانییە دەکردەوە، بەو پێیەی لە من زیاتر ئەو گۆرانییە موڵکی کەسی دیکە نییە و تەنیا دەبێت من بیچڕم. پاشان من کلیپم کرد و گەڕامەوە ھۆڵەندا، بەو مەرجەیش کە جلەکانی ئەو کلیپەم دانا موڵکی خۆمە. بەڵام پاشان نازانم لە داخی چی ھەمان گۆرانیی و ھەمان کلیپ بۆ کەسێکی دیکە کرا، بەڕاستی ئەوکات ئەو شتەم زۆر پێناخۆش بوو.
* زۆرێک لە ھەوادارنت حەز دەکەن گوێیان لە بەرھەمی تازەت بێت، تۆ چییان پێ دەڵێیت؟
ــ ببوورە کە نەتوانم وەڵامی دەقیق بدەمەوە، وەلێ ئێستا بە دوو شێوەی جیاواز لە یەکتر بیر دەکەمەوە، ترسم لەوەیە ئەگەر بڵێم جارێکی دیکە گۆرانیی ناچڕمەوە دواتر بیچڕمەوە ھەروەھا بەپێچەوانەوەیش، بەڵام پێمخۆشە ھەمیشە گۆرانییەکانی پێشووم وەکوو یادگارییەک لای ئارەزوومەندانم گوێی لێ بگیرێتەوە.
* ئیستا سەرقاڵی چیت و چۆن ژیان دەگوزەرێنیت؟
ــ لە بواری پزیشکی دداندا دەخوێنم و زۆریش حەزم لەو بوارەیە.
* جگە لە خوێندن کاری دیکە دەکەیت؟
ـ بەڵی بەڵام ئەو کارەی بۆ بژێوی ژیانیشم دەی کەم ھەر لەو شوێنەیە کە پەیوەستە بە خوێندنەکەمەوە، واتە یاریدەری پزیشکم. ھەندێک کاتیش خۆم خەریک دەکەم بە وێنەکێشان و وەرزشی مەلەوانی، ھەروەھا جیاواز لە ھەمووان شەممە و یەکشەممانیش کار دەکەم. ھاوکات لەبەرنامەیشمدا ھەیە بەم نزیکانە بۆ پڕۆژەیەکی بەدەر لە کاری ھونەریی بگەڕێمەوە کوردستان.
Karox_gr_music@hotmail.com
٠٧٥٠٧٧٦٧٠٣٦