ئیمزا کۆ کردنەوەی ھەرکەس و لایەنێک بۆ گۆڕینی سروودی ئەی ڕەقیب ، بە ھەر بیانوویەکەوە ، لەم بار و دۆخەی ئێستای ڕۆژھەڵاتی ناوین و دەسدرێژییەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و دەربەدەر کردنی کوردانی جەلەولا و سەعدییە و ووشکردنی ڕوباری ئەڵوەن و بێدەنگی حکوومەتی ناوەندی عیڕاق لە ئاست کێشەکان و دڕندایەتی حکوومەتی فاشستی سووریا لە ھەمبەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ،
شیمانەی ئەوەی لێ دەکرێ کە ھەوڵێکی تری چەواشەکارانە بێ و بە فیتی داگیرکەران ئەو بابەتە زیندوو کرابێتەوە و بۆ ، ئەگینا خودی ئەوانەی لەم کاتەدا ئیمزا لە دژی مارشی ئەی رەقیب کۆ دەکەنەوە ، ئەو ڕاستییە دەزانن .. چڕکردنەنەوەی ئەو دوژمنکارییانەی داگیرکەران بەرامبەر بە کەلی کورد و نیشتمانە داگیر و دابەشکراوەکەی ، لە ترسی ئەوەیە کە گۆڕانکارییەخێراکانی ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست و ناوچەکە دەبێتە مایەی یەک ریزی و یەک گوتاری گەلی کورد لە ھەر چوار پارچەکەی کوردستان ، ئەمەش دەبێتە قەڵەم بازی گەورە بۆ پرسی کورد و دۆزە ڕەواکەی و ئەگەری دروسبوونی دەوڵتی کوردی لێ دەکری ، ئەوانەی ئەمڕۆ دژی سروودی ئەی ڕەقیبن ، لەوەش بە ئاگان بە درێژایی میژوو.. کورد ھێندەی ئیستا بە ھێز و لە سەر پێ نەبووە ، کە لە سەرانسەری کوردستاندا جمووجۆڵی نەتەوەیی لەوپەڕی پەرەسەندندایە ، ھەر بۆیە لەم سۆنگەیەوە داگیرکەران مەبەستیانە شەقامی کوردی بە گوڕینی سروودی ئەی ڕەقیب سەرقاڵ بکەن ، نەبادا سەرنجی کوردستانیان بۆ دەسدرێژییە سەربازییەکانی داگیرکەران ڕابکێشرێ و پەرچەکرداری نەتەوەییان بەرامبەر ئەنجام بدرێ ، ئەمەش داروخانی ئەخلاقییە و لە ڕووی ھەموو بەھا مرۆییەکانەوە ناپەسەندە، بێگومان سیاسەتی دیماگوگیانەی ڕژێمە دکتاتۆر و فاشستەکان لە کۆنەوە لە ھەمبەر گەلان و ووڵاتانی کۆلۆنی کراو بە ھەمئاھەنگی لەگەڵ بە کرێگرتەکانیان بە ھەڵمەتی چەواشە کاری پەیڕەو کراوە ، بێخەبەر لەوەی گەلی کورد .. کوردی سەردەمانی عوسمانلی و سەفەوی نییە بە فتوایەکی ساختەکارانەی ئاینی لە خشتە ببرێ و گەل و ووڵاتی خۆی گێلانە بۆ داگیرکەران گورگان خوارد بکات و لە ئاکامیشدا بە مایە پووچی بمێنێەوە ، ئەگینا کێ ھەیە ئەوە نەزانێ لە ھەرچوار پارچەکەی کوردستاندا بە ھەزاران تێکۆشەری کورد ، بە دەم سروودی ئەی ڕەقیبەوە چۆنەتە بەر پەتی سێدارە و گیانی خۆیان کردووە بە قوربانی دۆزی ڕەوای گەل و نیشتمانەکەیان ، ئَێمە وەکوو کەمپینی بەرگری نەتەوەیی لەیەکەم ڕۆژی دامەزراندنمانەوە ، پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و تەباییمان لە نیوان سەرجەم پیکھاتە سیاسییەکانی کوردستاندا بڵاو کردۆتەوە و لە سەر ئەو ڕەوتەش بەردەوام دەبین و خوازیاری یەک ڕیزی و یەک گوتاری دەبین بۆ گەلەکەمان ، بەردەوامیش لە ھەولی ئەوەداین کوردستان لە پشێوی و ئاڵۆزی سیاسی و ئاینی بپارێزین .. ھەر بەو نەفەسە نیشتمانییەشەوە بەتوندی ئیدانەی ھەر جۆرە دەسدرێژییەک دەکەین کە بۆ سەر ڕەمزە نەتەوەییەکانمان بکرێ ، ھۆشداریش دەدەینە جەماوەری گەلەکەمان ، کە ئەوانەی کەوتوونەتە پەلاماردانی سومبۆلە پیرۆزەکانی نەتەوەییمان ، ڕاستەو خۆ دژی یەک گوتاری نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستانیان وەستاونەتەوە ، کە لە ھەموو کاتێ زیاتر گەلی ئێمە پێویستی بە یەک ڕیزی و یەک گوتاری ھەیە ، ئەوان بۆ مەرامە گڵاوەکانی داگیرکەران لە ھەوڵی ئەوەدان ، ھیچ پارچەیەکی کوردستان لە ڕووی ئەدا و دەنگ و رەنگەوە لە یەک نەچن ..و.. ھەر پارچەیەک سروودی جیاواز و نەورۆزی جیاواز و ئاڵای جیاواز و زمانی جیاوازی ھەبێ ، ئەمەش دەچێتە بازنەی خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەییەوە ، کە ھەرگیز مایەی قبووڵ کردن نییە ، خاوەنی ڕاستەقینەی سروودی ئەی ڕەقیب ، گەلێکی چل تا پەنجا ملیونییە و بە کونفرانسێکی فراوانی نەتەوەیی کە پێکھاتبێ لە ھەموو چین و تویژەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان بڕیاری لە سەر دەدرێ ، نەک بە چەند ئیمزایەکی فیتەی حەرمزادانە ، کە سەرچاوەی مەرەکەبەکەی لێل وگوماناویە . بۆیە لێرەوە داوا لە جەماوەری بە شەرەفی کوردستان و کەس ەکاری شەھیدان و پەرلەمانتارانی ھەرێمی کوردستان دەکەین ، ھەڵویستی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان بنوێنن و ئەوانەی ئیمزا بۆ گۆڕینی سروودی ئەی ڕەقیب کۆ دەکەنەوە بە زووترین کات بدرێنە دادگا ، بۆ ئەوەی چیدی دەستی دوژمنکارانە بۆ ھیچ رەمزێکی نەتەوەیی و نیشتمانیمان درێژ نەکەن .
لالۆ ڕنجدەر
کەمپینی بەگری نەتەوەیی