لای ھەموان ئاشکرایە کە ھەرێمی کوردستان لە سەر شانۆی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ، بە سیمایەکی دیموکراتی و ئارام و تەناھییەوە خۆی داوەتە ناساندن ،
ھەر ئەم بەرقەرار بوونەی ئاشتی و ئارامی و ئاسایشەش لە ھەرێمی کوردستان وای کردووە لە دوورترین ووڵاتانی جیھانەوە بێن و پەیوەندییە دبلۆماسیەکانی خۆیانی لێ دابمەزرێنن و پەیتا پەیتا بە دەیان کۆمپانیای جیھانی ڕوو لەم ھەرێمە بکەن ، بێگومان نەیاران و ناحەزانی کوردستان ، ئەم ئارامی و تەناھییەی ھەرێمی کوردستان بە ھەرەِشەیەک لە سەر خۆیان دەزانن و مە ترسی ئەوەیان ھەیە کە ھەرێمی کوردستان بەو گەشەکردنە ئابووری و ئاوەدانییەوە ببێتە کیانێک و و جارێکی دی لە توانایاندا نابێ بیخەنەوە ژێر ڕکێفی داگیرکەرانەی خۆیانەوە ، ھەر بۆیە ناحەزانی گەلەکەمان ھەرچی لە توانیاندا بێ لە پیلانی ژەھراوی لە ھەمبەر کوردستان و گەلەکەی درێخی ناکەن و توانا ماددی و ھەواڵگرییەکانیان دەخەنە گەڕ بۆ لەبەر یەک ھەڵوەشاندنی ئەم ئاسایش و ئارمییەی کە لە ھەریمی کوردستاندا بەرقەرارە ،
ئەی جەماوەری بە ئەمەکی کوردستان ،
تێکدانی باری ئاسایش و ئارامی لەم نیمچەکیانە سیاسییەی کوردستان ، جگە لە قازانج گەیاندن بە نەیاران و داخ لە دڵان و ناحەزانی کوردستان ، ھیچ سوودێک بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کاروانی ئاوەدانی ناگەیەنێ ، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەبێتە ھۆی لە دەسدانی تێکڕای ئەو دەسکەوتە نیشتمانی و نەتەوەییانەی کە بە خوێن و ڕەنجی بێشوماری دەیان ساڵەی ڕۆڵە دڵسۆزەکانی گەلەکەمان ھاتۆتە دی ،
ئەی گەنجانی دڵسۆز و بە ئەمەکی کوردستان :
ئێمەی ھونەرمەندان بەوپەڕی ئارامی و خۆشەویستییەوە ، بە ھەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان ڕادەگەێنین ،چەند دژی ھەموو دیاردەیەکی گەندەڵی و بێدادی کۆمەڵایەتییەکین کە لە سەرجەم جومگەکانی کارگێڕی حکوومی و حزبی و مەدەنییەکاندا ھەستی پێ دەکرێ ، ھێندەش لە گەڵ داخوازییە ڕەواکانی گەلە کەمانین کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانەبێت ، خۆپیشاندان مافێکی رەِوای ھەر تاکێکی ئەم گەلە تێکۆشەرەیە و یەکێکە لە پرنیسپە دیموکراتییەکان ، بۆیە بەناوی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستانەوە ، داوا لە سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و لە تێکڕای ھونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی گەلەکەمان دەکەین کە چۆن ڕۆڵی دڵسۆزانەیان لە بوارە جیاجیاکانی نەتەوەیی و نیشتمانیدا ھەبووە ، واش دڵسۆزانە ڕۆڵی کاریگەریان ھەبێ لە ھێورکردنەوەی خۆپیشاندەران کە خۆیان لە گیانی توند و تیژی و ھەڵچوونی مەترسیدار بپارێزن و ھەموو داواکاریەکانی خەڵک ئاراستەی دەزگا شەرعیەکانی کوردستان بکەن کە ئەوانیش پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستانە ، ئەمە ئەرکێکی نیشتمانیی ھەموو تاکێکی نەتەوەکەمانە کە کوردستان بەرەو ئاکارێکی نیگەتیڤانە نەچێ ، وە داوا لە سەرجەم دڵسۆزانی ناو دەزگا حکومیی و حیزبی ھەرێمی کوردستان دەکەین بەرپرسانە ڕەفتار لە گەڵ ڕۆڵەکانی خۆیان بکەن ، لە کاتێکدا بە خوێن گەرمییەوە دوای ئاوەدانی وخزمەتگوزاری زیاتر لە حکومەتەکەی خۆیان دەکەن ، دووبارە دەیڵێنەوە ھێور کردنەوەی دۆخەکە ئەرکێکی پیرۆزە و لە ئەستۆی ھەر تاکێکی بە ئەمەکی کوردستانە ،
سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان