مامەیارە ئەحمەد : * هەر لە یەکەم یەکەی مەشقیی یانەی هەولێر، کە خاڵە ئەییووب ئۆدیشۆم بینی، زانیم کەتنێک دەکات، ئاخر ئەگەر نەبوونە پاڵەوانی هەولێر بەو هەموو پارە و یاریزانە باشەوە کەتن نەبێت، بەسەریەکدا ڕووخانی دنیایش کەتن نییە.
من کە هیچ شتێک لە ڕاهێنەری نازانم، ئەگەر ڕاهێنەری هەولێر بام، لەوانەیە پلەی سێیەمم بۆی بە دەست هێنابا، ئاخر ئەییووب ئۆدیشۆ (رێزم بۆ ناووبانگی) بڕوا ناکەم بەردێکی بۆ هەولێر خستبێتە دیوارەوە، وەلێ دەشێ (شۆفەڵ)ـی لە شکۆی یانەی هەولێر دابێت، ئاخر ئەو نەک باری یانەکەی ڕاست نەکردەوە، بەڵکوو هەر تەختی کرد.
* ناجێگیریی پێکهاتە، تووڕەبوون و جوێندان بە یاریزان، مەشقی سەربازی، گوێنەدانە قسەی کەس، لە خاسیەتە هەرە دیارەکانی ئەییووبن. من لە ژیانمدا نەمدیوە، یانەی هەولێر ڕاهێنەری وەها خراپی هێنابێت، خۆ هێشتایش لەوانەیە بۆندەکەی تازە بکەنەوە!
* سائیر ئەحمەدی ڕەحمەتی، دوو جامی عەرعەریی بۆ بردبووینەوە، کەچی دەمانوت پێی نەماوە (پارەی مەعاشە!؟). ئاخر ڕاهێنەر چی پێ نەماوە؟ خۆ هونەر و تەنکیک، شتێک نییە لە یارییەکاندا خەرجی بکەیت، بۆیە پاساوی یانەی هەولێر لەوەدا زۆر لاواز بوو.
* سەیرە ها، مەهدی کەریم 90 خولەک بە خراپی یاری بکات، نەک نایگۆڕێت، بەڵکوو قسەیشی لەگەڵدا ناکات، کەچی ئەگەر دڵدار 5 خولەک خراپ یاری بکات، پشتی ملی دەگرێت و فڕێی دەداتە دەرەوەی یاریگە.
* ئەحمەد عەلیی گۆڵچی، سوێندی خواردووە کە هەر تۆپێکی بۆ بچێت، دەبێت گۆڵ بێت، ئاخر لە یارییەکەی هەولێر و تەڵەبە یەک تۆپی بۆ ڕۆییشت، ڕێک تۆپەکە ختووکەی تۆڕی هەولێری دا، کەچی ڕاهێنەر هەر بڕوای بەوە و دەڵێی چیای سەفینی بۆ هێناوەتە خوارەوە!
* یاریزانانی هەولێر فێر نەبوون 5 پاس بۆ یەکتر بە جوانی بگوازنەوە، مەهدی کەریمی پیشەگەر!؟؟ نازانێت ئۆڤەرێک بکات. لە یانەی هەولێر لێدانی سزا گۆڵ ناکرێت، لە 20 هەلدا، دانەیەکی گۆڵ ناکەن، ئیتر چی دڵمان بەوە خۆش بێت؟
ئەمە دواوشەمە، دەبێت بە زووترین کات سیستمی کاری یانەکە بگۆڕێت، دەنا هەر دەدۆڕێت!