ئەگەر دومینیک حورانی باس لە پێکەوەژیانی خۆی لەگەڵ کوڕە کوردێک دەکاتلەبەر غیرەکردن نەبوایە ئێستا ھاوسەری کوردێک بووم
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی- بەیروت:
سڤیل: پڕۆژەی ھونەری تازەت چیە بۆ ھەوادارانت؟
دومینیک حورانی: زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنیم بۆ بینەران ئامادەیە، لە مانگی رەمەزاندا پەخش دەکرێت، زنجیرەیەکی کۆمیدیە وەک “فەوازیر”. ھەروەھا گۆرانیەکی تازەم ھەیە، کە رۆمانسیە و خۆم شیعرەکەم بۆ نوسیوە، “حوسام خوری” ئاوازی بۆ داناوە. ھەروەھا کۆمەڵێک گۆرانی تریشم لەبەردەستە، کە بە شێوەی “شۆ” لە نمایشەکاندا لەگەڵ سەماکەران دەگوترێت، بەنیازین لە نمایش و فیستیڤاڵە گەورەکاندا لە ھاوینی داھاتوودا دەیڵێین، شتێکی تازەیە و ستایلێکی جیاوازە.
سڤیل: چیرۆکی ئەم زنجیرە تەلەفزیۆنیە باس لە چی دەکات؟
دومینیک حورانی: حەز ناکەم جارێ ئەو زانیاریانە باس بکەم، ئەوانە جارێ تایبەتن، تا دوایی بینەر دەیبینێت، بەڵام زنجیرەکە کۆمیدیە.
سڤیل: تۆ ھەم گۆرانیبێژیت و ھەم کاری نواندنیش دەکەیت، لە کامیاندا زیاتر خۆت دۆزیوەتەوە؟ ھەست دەکەی لە کامیاندا سەرکەوتووتریت؟
دومینیک حورانی: من پێم وایە ھیچ جیاوازییەک لە نێوان کاری ھونەری نواندن و گۆرانیگوتندا نیە، ھەردووکیان ھەر کاری ھونەرین و ئەو کەسەشی ھەردووکیان پێکەوە ئەنجام دەدات، ھونەرمەندێکە ھەردوو کارەکەی لەخۆیدا کۆکردۆتەوە، ھەروەک ھونەرمەندی تریش ھەیە زیاتر لە کارێک ئەنجام دەدات، کاری نواندن دەکات و بەرنامە پێشکەش دەکات، یا سەمادەکات یا گۆرانی دەڵێت. ھونەرمەندی سەرکەوتوو ئەوەیە لەھەریەک لەو بوارانەی کاری تێدا دەکات شارەزا بێت، ھەروەک پێشتر و لەکاتی ئێستاشماندا “افلام الغنائیە” ھەیە (ئەو فیلمانەی گۆرانیان تێدا دەگوترێت)، یا “مسرحیە الغنائیە” ھەیە، کە ھەم کاری نواندن و ھەمیش گۆرانیگوتنی تێدا ئەنجام دەدرێت. من زۆر حەزم لە شانۆیە، لە منداڵیەوە خەونم بەوەوە دەبینی بچمە سەر شانۆ و گۆرانی بڵێم، ھەروەک حەزیشم لە کاری نواندن ھەبووە لە فیلمەکاندا، بەڵام ئەمەیان وزە و کۆششێکی زۆرتری دەوێت، پێویستە ئەو کەسەی ئەنجامی دەدات، کاتی فەراغی پێویستی ھەبێت.
سڤیل: با پرسیارێک لەبارەی ھونەری میسریەوە بکەین، زۆرکەس ترسی لە ھاتنی ئیسلامیەکانە بۆ سەر دەسەڵات لە میسر و پێی وایە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر کاری ھونەری و ئاستی ھونەر لەم وڵاتەدا، دومینیک رای چیە لەو بارەوە؟
دومینیک حورانی: من حەزم لە باسوخواسی سیاسی نیە، ئێمە ھەموومان بەندەی خوایین، پێشم وانیە وڵاتی میسر کە دایکی ھونەری نواندنە لە جیھاندا، گۆڕانێکی ئەوتۆ لەو رووەوە بۆخۆیەوە ببینێت، یا خەڵکی میسر رێگا بدات ئەمە کاریگەری بەسەر ھونەرەوە بە گشتی ھەبێت، بە کاری نواندن و گۆرانیگوتنیشەوە، جار ھەر کەس و لایەنێک بێت. ھەرچەندە من حەزم لە سیاسیەت نیە و ناشزانم کێ دێت و فەرمانڕەوایی دەکات لە میسردا، بەڵام میسر ھەر وەک وڵاتێکی ھونەری و کراوە دەمێَنێتەوە، باوەڕناکەم گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
سڤیل: ساڵی ٢٠٠٣ وەک جوانترین ئافرەت “شاجوان” دەستنیشان کرایت، بەرای تۆ ئەمە بە کاریگەری ناوبانگ و کاری ھونەریتەوە بوو، یا بە ھۆی جوانیەکەتەوە؟
دومینیک حورانی: نەخێر من ئەو کات کاری نمایشی جلوبەرگم دەکرد، بە رێکەوت ھەڵیانبژاردین بۆ بەشداریکردین لە پێشبڕکێی شاجوانی کیشوەرەکان، من دەنگی ٨٠ وڵاتم بەدەست ھێنا. بەڵام من زۆر پێشتر خەونی ئەوەم ھەبوو بچمە نێو کاری ھونەریەوە، بەڵام ئەوکات لە زانکۆ دەمخوێند، چاوەڕێ بووم دەربچم و دەست بە کاری ھونەری بکەم. دوای دەرچوونم گەڕامەوە لوبنان، پێشتر ماوەیەک وەک نمایشکاری جلوبەرگ لە میلانۆ و فەرەنسا و لە تورکیاش کارم کردوە، بەڵام دوایی کە گەڕامەوە لوبنان دەستم بە گۆرانیگوتن کرد، بەڵام بە دڵنیاییەوە جوانی زۆر دەرگای جیاواز بۆ مرۆڤ دەکاتەوە، ئەمڕۆ ئەوەی جوان نەبێت بە ئاسانی ناتوانێت بچێتە نێو کاری ھونەری نواندن یا گۆرانگیوتنەوە، بۆیەش ملیۆنان کچ ھەن دەنگیان خۆشە، بەڵام چونکە رووخسار و جوانیەکەیان شیاو نیە گۆرانی بڵێن، ئەو دەرفەتەیان بۆ ناڕەخسێت ناوبانگ پەیدا بکەن و لە ماڵەوە دەمێننەوە، بەڵام کچانی تر ھەن لەم رووەوە بەبەختترن، شێوە و رووخسار و جوانیەکەیان یارمەتیدەریانە تا ناوبانگ پەیدا بکەن. من کچێکی بەبەخت بووم، کە لەگەڵ یەکەم گۆرانیم بەناوی “فەرفورە” ناوبانگم پەیدا کرد.
سڤیل: چۆن بوو کە تۆ وەک شاجان ھەڵبژێردرایت؟ تۆ چاوەڕوانی ئەمەت دەکرد؟ بەراست درێژییەکەت ھۆکاری ئەوە بوو بە شاجوان دەستنیشان بکرێیت؟
دومینیک حورانی: ئێمە ھەشتا کچ بووین، لە نێوانماندا سێ کچی لوبنان و ھیندستان و فەنزویلا دەستنیشان کراین بۆ بردنەوەی نازناوەکە، بەڵام شاجوانی فەنزویلا نەیدەتوانی بە ئینگیزی قسە بکات و باشیش مەشقی پێنەدرابوو، ئەو لە پێشبرکێکە ھاتە دەرەوە، من و کچە ھیندیەکە ماینەوە، بەڵام من درێژتر بووم لەو کچە ھیندیە، بەڵام دوایی لێژنەکە گوتیان، کە تۆ ھەر لەگەڵ ھاتنت بۆ سەر شانۆ سەرنجت راکێشاین، بە ھۆی جۆرێک لە کارێزمایی کە لە تۆدا ھەیە، بەڵام نەمانزانی کە بە ھۆی درێژییەکەی منەوە بووە، ھەرچەندە ھەموو خەسڵەتەکان بە یەکەوە، درێژیی و جوانی و کەسایەتی ئەو کچە لەسەر شانۆ کاریگەریان دەبێت لەسەر دەستنیشانکردنی، چونکە گەر کچێک زۆریش جوان بێت، بەڵام کەسایەتیەکی بەھێزی نەبێت لەگەڵ دەرکەوتنیدا ھەستی پێ بکرێت، ئەوا چانسی ھەڵبژاردنی نابێت، بۆیە ھۆکاری ھەڵبژاردنەکە کۆی ھەموو ئەو خەسڵەتانەیە پێکەوە.
سڤیل: ھیچ کاتێک جانیەکەت و باڵا بەرزییەکەت کێشەی بۆ دروست نەکردویت؟
دومینیک حورانی: جوانی و باڵای بەرز ھەمیشە ھۆکاری دروستبوونی کێشەن بەتایبەت لەگەڵ پیاوان، ئەو پیاوانەی بە جوانی و باڵای بەرز سەرسامن و مھەوەسن، ھەمیشە دەبنە مایەی کێشە بۆ ئافرەتانی ھونەرمەند، بۆیە زۆرجار ناچار دەبین لەگەڵ پاسەوانی تایبەتی دەربچین، ھەروەھا ناچارین پەیوەندی شەخسی زۆرمان لەگەڵ ھەوادارانمان نەبێـت، چونکە رەنگە ھەندێکیان لەو جۆرە پیاوە مھەوەسانە بن و کێشە دروست بکەن، بۆیە کچانی لەم شێوەیە ھەمیشە کێشەی تەحەروشیان دەبێت، جا ئەی گەر ئەو کچانە ھونەرمەندیش بن؟! ئەوا کێشەی زیاتریشان دەبێت، چونکە ئەم جۆرە لە کەسانی مھەوەس، ھەرکاتێک گوێی لە دەنگی ئەو ھونەرمەندە دەبێت کە خۆشی دەوێت، یا دەیبینێت، وا ھەست دەکات خۆشەویستەکەی دەبینێت و ئەمیش ھێندە ئەوی خۆش دەوێت، بۆیە کێشەی دەروونی بۆ دروست دەبێت.
سڤیل: زۆر لە ھونەرمەندان و گۆرانیبێژان بۆ کۆنسێرت و ئاھەنگگێڕان ھاتوونەتە کوردستان، چۆنە تا ئێستا سەردانی کوردستانت نەکردوە؟
دومینیک حورانی: ئەمساڵ ئۆفەرێکم بۆ ھاتووە، کە بچم لە ھەولێر ئاھەنگ بگێڕم، لەو نزیکانە بەنیازبووین بچین، بەڵام دوایی دواخرا، بەڵام من سەرەتا دەترسام، نەمدەزانی کە ئەوێ ناوچەیەکی ئارامە لە عێراق، وامدەزانی وەک بەغدا و ناوچەکانی تری عێراقە، بەڵام دواتر زانیم کە ناوچەیەکی ئارامە و حەزم کرد بچم، چونکە من کچێکی بچووکم ھەیە، دەبوو ئەویش لەگەڵ خۆم بھێنم، پاشان خەڵکێکی ترم ناسی باسی ھەولێریان بۆ کردم، کە بارودۆخەکەی زۆر جیاوازە و سەقامگیرە. ئێستاش من زیاتر حەز دەکەم بچم، چونکە دەزانم خەڵکی کوردستان خۆشیان دەوێین و قەدرمان دەگرن، ھەرچەندە زمانەکەشیان جیاوازە لە عەرەبی، بۆیە ئێستا ئەو بیرۆکەیەم لا پەسەندە و حەز دەکەم بچم.
سڤیل: ھیچ شتێک لەبارەی کوردستانەوە دەزانی؟ چیت بیستووە و چی لەبارەیەوە دەزانی؟
دومینیک حورانی: بەڵێ من پێشتر گەنجێکی کوردی زازاییم دەناسی، ماوەیەک لەگەڵی ژیام، زۆرشتم لەبارەیەوە دەزانی، بیرکردنەوە و نەریت و کەلتووری ئەوان و حەزیان بۆ ژیان و خۆشویستنیان بۆ ئافرەت زۆر سەرنجی راکێشام، بەڵام تێبینی ئەوەم لەسەر پیاوی کورد ھەیە، کە زۆر غیرە لە ئافرەت دەکات و قبوڵی نیە ئافرەت زۆر ئازاد بێت، ئەمە رێگر بوو لەوەی زیاتر لەگەڵ ئەو کوڕە بم، بەڵام رێزم ھەیە بۆ کوڕانی کورد بە گشتی. خۆ گەر ئەو گەنجە کوردە کاری ھونەری منی بە ئاسایی وەرگرتبایە و کەسایەتیەکەی بەھێز بایە و غیرەی نەکردبایە، ئێستا من شووم بە کوردێک کردبوو.
سڤیل: چ شتێکی کورد یا کوردستان سەرنجی تۆی راکێشاوە؟
دومینیک حورانی: کوردەکان خێزان و خانەوادەکانی خۆیان خۆش دەوێت، من لەگەڵ خانەوادەیەکی کورددا ژیاوم، ئەوان زۆر پارێزگاری لە کچان و ئافرەتەکانیان دەکەن، پیاوانیان کەسانی بەرپرسیارن بەمانای وشە و پیاوی راستەقینەن. گەلی کورد زۆر بەخشندەن، خەمی یەکتریانە، ھەموویان وەک یەک کەس و یەک خانەوادە دەژین، دژ بە خەڵکی بێگانە و ناحەز ھەموویان پێکەوەن.
سڤیل: مەرجی شووکردنەوەت چیە کە پێویستە لەو کەسەدا ھەبێت؟
دومینیک حورانی: پێویستە کەسایەتیەکی بەھێزی ھەبێت و کێشەی لەگەڵ ھونەردا نەبێت، ئەوەی قبوڵ بێت کە ژنەکەی ھونەرمەند بێت، ئەو پیاوەی غیرەی ھەبێت، ناتوانێ لەگەڵ ئافرەتی ھونەرمەندا بژی، چونکە بەو جۆرە بێت غیرەی لێدەکات، جگە لەوەش ژیانی ئافرەتی ھونەرمەند خەرجی زۆرە، پێویستە ئەو کەسە توانای خەرجی کێشانی ھەبێت، ھەروەھا ئەو کەسە بەو جۆرە بێت، کە منی زۆر زۆر خۆشبوێت، زیاتر لەوەی من خۆشم بوێت، ھەروەھا تەحەمولیشم بکات، چونکە من کەسێکی عەسەبیم و کیشەی زۆریش دروست دەکەم.
سڤیل: ناخۆشترین یادگاری لە ژیانتدا چیە کە ھیچ کات لەبیری نەکەیت؟
دومینیک حورانی: خەڵکانێک ھەبوون زۆر لێمەوە نزیک بوون، دەرفەتی زۆرمان بۆ رەخساندن و وەک خۆمان مامەڵەمان لەگەڵ کردن، وەک خوشکی خۆمان، کەچی دواتر لەدواوە خەنجەریان لێداین، من دەمگوت خۆزگە ئەو جۆرە کەسانەم ھەر نەناسیبایە. ھەروەھا خۆزگەم دەخواست ھەر لە منداڵیەوە گۆرانیم بگوتبایە.
سڤیل: چی بە خەڵکی کوردستان بە گشتی و ھەوادارانی خۆت بە تایبەتی دەڵێیت؟
دومینیک حورانی: پێیان دەڵێم خەڵکی لوبنان ئێوەیان خۆش دەوێت و گەلی عەرەبیش بە گشتی لە ئێوە تێدەگات. بە کچانی کورد دەڵێم لەگەڵ پیاوان راشکاوانە مامەڵە بکەن و کەسایەتیان بەھێز بێت، چونکە پیاوی کورد کەسایەتی بەھێزە، با ئەمە نەبێتە ھۆی ئەوەی مافی ئافرەتەکان لەو نێوەدا ون ببێت، یا لێیان بترسن و داوای مافەکانیان نەکەن. بە پیاوانی کوردیش دەڵێم دەزانم ئێوە ھەست ناسکن و ھەستیاریشن، بەڵام پێویست نیە بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئافرەتاندا بکەن، دەزانم بەشێکیان لە کچەکانیان دەدەن، بەو جۆرە مامەڵە مەکەن.