زانا دڵشاد دزەیى: ئەو زۆر سەرقاڵبوو، لەلایەک وەڵامى پرسیارەکانى دەدایەوە لەلایەکى دیکەش سەرقاڵى ئامادەکارییەکانى ئاهەنگى زەماوەندەکەى خۆى بوو لەگەڵ کامێرامان هۆگر هرورى، کە لەرۆژى 17ى مانگى رابردوو لە ستۆکهۆلمى پایتەختى سوید ساز کرا، ئەو دیمانەیەى لۆرین بەرزنجى لەگەڵ (سڤیل) تەنیا یەک هەفتە پێش زەماوەندەکەى ئەنجامدراوە، بۆیە لۆرین دەڵێت “داواى لێبوردن دەکەم ئەگەر شپرزەییەک لەوەڵامەکانم هەبێ، چونکە زۆر ماندووم بەئامادەکارییەکانى ئاهەنگەکە، بەنیازین ئاهەنگێکى گەورە بۆ رێورسمى زەماوەندەکەمان ساز بکەین”.
باوکم کوردپەروەر بوو
لۆرین بەرزنجى، یەکێک لە کچە گۆرانیبێژەکانى کوردە و خەڵکى قامیشلوە، ساڵى 1983 لە قامیشلو لەدایکبووە و ساڵى 1990 کە ئەوکاتە تەمەنى دە ساڵان بووە لەگەڵ ماڵەوەیان چووەتە دەرەوەى وڵات، سەرەتا بۆ رۆمانیا دواتر سوید، دەڵێت “باوکم پیاوێکى سیاسیى و کوردپەروەر و بەرچاوبوو، لەبەر بارودۆخى سیاسیى ئەوکات، وەزعى ماڵەوەمان زوو تێکچوو، لەبەرئەوە رۆیشتین”، لۆرین ئاماژە بەوە دەدات، کە لەو ماوەیەدا سێجار سەردانى کوردستانى باشوورى کردووە، بەڵام دواى یانزە ساڵ تەنیا ساڵى پار سەردانى قامیشلوى کردۆتەوە، لۆرین حەزى زۆر لە سەفەر و گەڕانە، دەڵێت “لەبەرئەوەشە لەسوارى تەیارە ناترسم، زیاتریش سەفەرەکانم لە وەرزى بەهار و هاوین ئەنجام دەدەم”، ناوبراو ساڵى 2007 یەک ئەلبوومى بڵاوکردۆتەوە، کە لە شەش گۆرانى پێکهاتووە و چوار کلیپى لە کەناڵە کوردییەکان هەیە، لۆرین دەڵێ لە قامیشلو تاکو سێى سەرەتایم خوێندووە، “بەڵام لە وڵاتى سوید سەرەتا زانیارى سیاسیم خوێند، بەتایبەت لە بارەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دواتر چوومە خوێندنى زانکۆ و بڕوانامەى بەکالۆریۆسم لەبارەى رۆژنامەگەرى بەدەستهێنا”.
من لە ئەوروپا رۆژنامەنووسم
لۆرین جگە لە هونەرمەند، رۆژنامەنووسیشە، بەڵام حەز بەکارى پێش شاشە و تەلەفزیۆن ناکات، دەڵێت “ئێستا لە رادیۆى سوید لەبەشى نووچە کاردەکەم، ئەگەریش دەرفەتم بۆ بڕەخسێ حەزیش دەکەم لە کوردستانى باشوور کارى پێشکەشکارى تەلەفزیۆن بکەم، ئەوەش بۆمن دەبێتە تەجروبە”. ئەگەر لۆرین لەکوردستانى باشوور نیشتەجێ بێت، دەست بەکارى رۆژنامەوانى دەکات، چونکە وەک خۆى دەڵێت “من لە ئیشى بازرگانى و بازاڕ و سەرمایەدارى و ئەو شتانە زیرەک نیم، زۆر خۆشحاڵ دەبم ئەگەر بێمە کوردستان کارى رۆژنامەگەرى بکەم بە ستایلى ئەوروپى، بۆ فراوانترکردنى بوارى رۆژنامەگەرى کوردى”. لۆرین گوتیشى “وەک هەر کەسێکى ئاسایى لە ئەوروپا نۆ سەعات کار دەکەم، هەموو ئەو هونەرمەندانەى کە لە ئەوروپا دەژین هەروان، دەبێ کارى دیکە بکەن، سیستەمى ئەوروپا وایە نابێ کەس لە ماڵ دابنیشێ، ئێستا من رۆژنامەوانم پاشان هونەرمەندم”.
لە کوردستانى باشوور دڵگرانیان کردم
لۆرین سێ برا و چوار خوشکى هەیە، خۆى لە هەمووان بچووکترە جگە لەخوشکێکى نەبێ، باوکى سۆرانی و دایکى کرمانجییە، خۆیشى بە هەردوو شێوەزار قسە دەکات و دەڵێت “کە هاتمە کوردستانى باشوور تووشى دڵشکاوى بووم، بینیم بادینییەکان لە شێوەزارى سۆرانى تێناگەن و سۆرانییەکانیش شێوەزارى کرمانجى نازانن، ئەوە شتانە زانیارى میللەتە، بەڵام نازانم بۆچى ئەوانە لاى خەڵکى ئێمە گرنگ نییە، ئەوە بۆمن زۆر دڵگرانى بوو کوردەکان لە یەکترى تێنەگەن”.
لۆرین باسى لەوەشکرد، بەهۆى ستایلى گۆرانییەکانییەوە گەلێکجار رووبەرووى رەخنەلێگرتن بووەتەوە، هەرچەند ئەو پێى وایە هەموو هونەرمەندێک رەخنەى لێ دەگیردرێت، بەڵام دەڵێت “رەخنەکان بۆمن زۆرتر بوون، بەتایبەت ئەوانەى کوردپەروەرن دەڵێن ستایلەکەت کوردى نییە، رەخنەم لێدەگرن، بەڵام من خۆم ئەو ستایلەم هەڵنابژاردووە، چونکە من لە منداڵیمەوە هاتمە ئەوروپا، ئوتۆماتیکى موزیکى ئەوروپى بووە بەشێکى گرنگ لە هەستى من، بەڵام ئەوکاتەى شیعر بۆ گۆرانییەکانم دەنووسم زۆر کوردپەروەرم، بەڵام خۆم حەزم لە موزیکى نەرمە، جائەگەر کوردى بێ یان ئەوروپى”. لۆرین بەرزنجى باوکى خۆى بە نموونەى قسەکانى دێنێتەوە و دەڵێ “باوکم گوێ لەموزیکى کلاسیک رادەگرێ و پێم دەڵێت: موزیکى تۆ کوردى نییە، لاى ئەوانەى بەتەمەنن و کوردپەروەرن موزیکى من زۆر ئەوروپییە، لاى ئەوانەشى لە تەمەنى خۆم دان موزیکى نوێى کوردییە، سویدییەکانیش دەڵێن ئەوە چییە موزیکى تۆ زۆر کوردییە، موزیکى من لەو نێوانەدا ماوەتەوە”. لۆرین لەسەر ئەو باسەى بەردەوام دەبێت و داواکارى ئەو نامە و ئیمێلانەش ئاشکرا دەکات، کە لەلایەن هەوادارانى خۆیەوە پێیگەیشتووە، دەڵێت “هەوادارانم حەزدەکەن لەکوردستان کۆنسێرت بکەم، هەروەها داوام لێ دەکەن ستایلى گۆرانییەکانم بگۆڕم بۆ کوردى و واز لەو ئەوروپییە بێنم، زۆر رێز و ئیحترامم هەیە بۆ گوێگرانم، هیوادارم ئەوانیش ئیحترامى هەستى من بگرن، کە من ناتوانم هەرشتێک ئەوان بیڵێن من بیکەم، پێمخۆشە ئەو شتە بکە کە دڵى من دەیەوێت”.
لە قامیشلو بە پایسکلەکەم ناسرامەوە
ئەو چوار کلیپى هەیە، بەڵام لەنێو خەڵکدا هەر بە کلیپى “پایسکلەکە” دەناسرێتەوە، بەڵام لۆرین ئاماژە بەوە دەدات، کاتێک بڕیاریدا کلیپ بکات، نەیزانیووە کلیپى کوردى چۆنە “ژیانى ئەوروپا هەروایە، ئەگەر کاربکەى و بخوێنى، کاتى ئەوەت نییە تەماشاى تەلەفزیۆن بکەى، بەڵام من بۆ کلیپ حەزم لە شتى سادەیە، ئەسلەن مەبەستم نەبوو شتی نوێ بکەم، بیریشم لەوە نەکردبۆوە کوردیی بێت یاخود ئەوروپیی، شتەکە هەروا دروستبوو”. لەبارەى پایسکلەکەشەوە لۆرین دەڵێت “زۆر حەزم لە پایسکلە، دواى بڵاوبوونەوەى کلیپەکە، کاتێک چوومەوە بۆ قامیشلو کەس نەیدەزانى ناوم لۆرینە، دەیانگوت: ئەها ئەو کچەى کە لەسەر پایسکل گۆرانى دەڵێت.. زۆر بەوە پێکەنیم، لە هەمووى خۆشتر دەیانگوت: ئەو کچەى سەر پایسکلە کوردى عێراقە، نەیاندەزانى خەڵکى قامیشلوم، جاڕاستى من هەستم نەکرد لێخورینى پایسکل لەلایەن ئافرەتانى کوردستانەوە شتێکى غەریب و سەیر و سەمەرەیە، بەڵام لە سوید شتێکى زۆر ئاساییە، من بە بایسکل دەچم بۆ دەوامى رۆژانەم، حەزمکرد بەو پایسکلە هەستێکى هاوینى نیشان بدەم، چونکە پایسکل بەشێکە لە هاوین”.
شەرم دەکەم داواى پارە بکەم
لۆرین ئەوەش دەڵێ، کە لە یەک کاتدا لە ئەوروپا سێ کارم کرد، بەس بۆئەوەى داوا پارە لە کەس نەکەم بۆ تۆمارکردنى ئەلبوومەکەم، کە نزیکەى 150 هەزار کڕۆنم تێدا خەرجکرد، بەرزنجى وەک دەڵێت “لە زانکۆ دەمخوێند، دواتر دەرۆیشتم لە سەعات 5 تاکو 10 کارم دەکرد، لەبەرئەوە یەک دینارم لە کەس وەرنەگرتووە، لەبەر کەڕامەتم حەزناکەم خۆم داواى پارە بکەم”.