ئەحمەد رەواندزی سەرقاڵی ئەلبوومێکی میوزیکە
ترێ تەحسین : میوزیکژەن ئەحمەد رەواندزی دوای ماوەیەکی زۆر کارکردن لە بەرھەمھێنانی یەکەم ئەلبوومی میوزیکی، ئێستا ھەموو کارە ھونەرییەکانی بەکۆتاھێناوە و ئاشکرایکرد ئەگەر سپۆنسەر ھەبێت مانگێکی دیکە بڵاوی دەکاتەوە.
میوزیکژەن ئەحمەد رەواندزی لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، ئەلبوومە میوزیکەکەی لە ١٢ تراک پێکھاتووە، کە ٧ بەرھەمی لەئاواز و دابەشکردنی خۆیەتی و ٥ ئاوازەکەی دیکە ٣ دانەی فۆلکلۆری کوردی و ٢ دانەی فۆلکلۆری عەرەبییە، بەڵام تائێستا ناوی ئەلبوومەکەی دیاری نەکردووە، گوتی “کاری تۆمارکردنی ٩ دانە لەستۆدیۆی ئۆکتاف و ٢ دانە لەستۆدیۆی میلۆدی ئەنجام دراوە، کە خەرجی بەرھەمھێنانی ١٣ ھەزار دۆلاری تێچووە و ھەمووی لەسەر ئەرکی خۆی بووە”. ئەحمەد رەواندزی ئاماژەی بەوەشدا ئێستا کارەکانی ئەلبوومەکەی بەکۆتاھاتووە و “ئەگەر سپۆنسەرێک ھەبێت مانگێکی دی ئەلبوومەکەم بڵاودەکەمەوە”.
ئەحمەد رەواندزی راشیگەیاند، بڕیار ئەمساڵ ٣ تراکی ئەلبوومەکەی لە دەرەوەی کوردستان کلیپ بکات، بەڵام تاوەکو ئەلبوومەکەی بڵاونەکاتەوە، کلیپەکانت ئەنجام نادات. ھاوکات ھونەرمەند ئەحمەد رەواندزی بەڕێوەبەری کۆمپانیای رەواندزە بۆ کاروباری ھونەری، کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە و چەندین کۆنسێرت و ئاھەنگیان لە کوردستان بۆ ھونەرمەندانی کورد ئەنجامداوە، وەک “ھەڤاڵ ئیبراھیم، نازێ عەزیزی، نازدار، گۆران سەڵاح، بڵند ئیبراھیم، کامەران ساڵح، عەزیز وەیسی و دلێر عەبدوڵقادر”، کە دوایین کاریان ئەنجامدانی کارە ھونەرییەکانی ئاھەنگی ھونەرمەندی بەناوبانگی عێراقی “ھەیسەم یوسف”ـبوو، کە لە سەرساڵی نوێ لە ھەولێر ساز کرا.
ترێ تەحسین