(رێبین جەمال) کاری کلیپ کردنی “پەرێشانم”ـی تەواو کرد
ھونەرمەندی موزیکژەن (رێبین جەمال) یەکێکە لە ھونەرمەندە دەست ڕەنگین و بە تواناکان، ھاوڕێی لەگەڵ ئامێرەکەی (کلارنێت) ماوەی چەندیین ساڵە کاری موزیکژەنی ئەنجام دەدات و لەگەڵ چەندیین ھونەرمەندی گۆرانیبَژی کورد کاری کردووە، (رێبین) لەو چەند ساڵەی دوایی دا جگە لە کاری موزیکژەنی ناوە ناوە گۆرانییەک تۆمار دەکات و دەیخاتە بەر گوێچکەی بیسەرانی گۆرانی کوردیی، لە ئێستادا گۆرانییەکی دیکەی بە ناوی (پەرێشانم) کاری کلیپی بۆ بە ئەنجام گەیاندووە.
لە دیدارێکدا بۆ خوێنەرانی “ھەولێر” ھونەرمەند (رێبین جەمال) ئاماژەی بۆ بەرھەم ھێنانی ئەو گۆرانییە تازەی کرد و گوتی : “ئەو گۆرانییە یەکێکە لە گۆرانییە جوانەکانی دونیای فۆلکۆر و ڕەسەنایەتی گۆرانی کوردیی، لە ژێر ناوی (پەرێشانم) دیارە ئەو گۆرانییە بە دەنگی چەند ھونەرمەندێک گوتراوە، منیش کاری تۆمار کردنم بۆ ئەنجامداوە، لە ئەلبومی (گوڵەکانی پرچی حەبیبە) کە ئەلبومێکی موزیک و گۆرانی گروپی موزیکی “نالی” بوو، لە ساڵی (٢٠٠٨) بڵاو کرایەوە”.
ھونەرمەند ئاماژەی بۆ ستافی بەشدار بووی ئەو کلیپە کرد و گوتی : “ماوەی چەند رۆژێک چەند دۆستێک ئازیزێکم ئەرک و ماندوو بوونێکی زۆریان کێشا لەگەڵم بۆ بەرھەم ھێنانی کلیپی ئەو گۆرانییە، کە پێکھاتوون لە (حەسەن ئەمێر) وێنەگرتن و مۆنتاژی ئەنجامداوە، سیناریۆی کلیپەکە لەلایەن (تەحسین فایەق) نووسراوە، (رێکان ئەحمەد) ئەرکی دەرھێنانی لە ئەستۆ گرتبوو، ھەزار عومەر یاریدەدەری وێنەگر بوو، ئەو کلیپە بەرھەمی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، لەلایەن کۆمپانیای گۆڵدان ئارت سپۆنسەری بەرھەمەکە کراوە”.
(رێبین) لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا لەبارەی کاری گۆرانی گوتنی لە پاڵ کاری موزیکژەنی دا روونی کردەوەو گوتی : “من ئەو گۆرانییەی ئێستاکە کاری کلیپم بۆ کردووە، دەبێتە (٣) گۆرانی بڵاوی دەکەمەوە، ئەگەرچی لە ھەندێک و پرۆگرامی تەلەفزیۆنی گۆرانی دیکەم گوتووە، بەڵام لەوەتەی کاری موزیکژەنی ئەنجام دەدەم، ئارەزووم کردووە گۆرانی بڵێم، چونکە ویستوومە لەو رێگەوەش خزمەتێک بگەینم، بەڵام من بە ھۆی کاری گۆرانی گوتنەوە کاری موزیکژەنیم بەلاوە نەناوە، بەڵکو ھەمیشە من کلارنێتەکەم وەک دوو ھەواراز و دولبەر دەست لە ملانین بۆ ئەوەی جوانترین ئاواز بۆ ژیان و بۆ جوانی بۆ پاکی بژەنین، دیارە گۆرانیش وەک دەستە خوشکی ئامێرەکەم کردوومە بە ھەوێنێک بۆ بەردەوام بوونم لە کاری ھونەریی”.
ھونەرمەند (رێبین جەمال) کە ماوەی (٢٥) ساڵە خەریکی کاری موزیکژەنییە، ئایا کە دەستی کردووە بە کاری گۆرانی گوتن، ئایا بە نیازی تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی ئەلبومی گۆرانییە ؟ لەوەڵامدا گوتی : “چەندیین بەرھەمی گۆرانییم ھەیەو بەشێوازی چاک ئامادەن، زۆر ئارەزوو دەکەم لە دوو توێی ئەلبومێکی گۆرانی دا بڵاوی بکەمەوە، بەڵام دیارە ئەو کارە بەتەنیا لە توانای مادی مندا نیە، بەڵکو پێویستم بە سپۆنسەرێک ھەیە بۆ ئەوەی بتوانم ئەلبومێکی گۆرانی بەرھەم بھێنم و تواناکانی گۆرانی گوتنم، زیاتر بخەمە بەر گوێی بیسەرانی گۆرانی کوردیی”.
لە کۆتایی دا ھونەرمەندی موزیکژەن (رێبین جەمال) گوتی : “ھیوادارم گۆرانی (پەرێشانم) کە یەکێکە لە گۆرانییە بەناو بانگەکان و بە دەنگی چەند ھونەرمەندێکی دیکەی کوردیش گوتراوە، منیش توانیبێتم بە جوانی خۆی بیگەینمە بیسەران و بینەرانی کورد، ئومێدم وایە لە داھاتوودا کاری باشتر لە ئامێزی موزیک و گۆرانی دا بھێنمەوە بوون”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا