ماوەیەکی زۆرە خولیای نووسینی بابەتێکم لەسەر ئەو گفتوگۆیەی ئەمرۆ لەسەر زۆر بوونی پەیکەرەکانی ناو شاری سلێمانی دەکرێت کە بە ( هونەری گشتی- Public art) ناوزەندە دەکرێت، ئەوەی زیاتر هانی دام کە ئەم بابەتە بنووسم ئەو ڕاپۆرتە بوو کە لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی لەسەر پەیکەرەکانی ناو شاری سلێمانی ئەنجام درابوو،
هەر چەند بە داخەوە کە نەمتوانی جارێکی تر بیدۆزمەوە، تاوەکوو ڕۆژ و ژمارەکەی تۆمار بکەم وە هەرووەها ئەو چاوپیِکەتنانەی بەرێز کاک عەبدوڵا لەگەڵ هونەرمەندان ( رێبوار سەعید، بەیان مانی، دارا حەمەسەعی، کامەران مەحموود وە شوان کەمال) لە بەرنامەی پەیڤ دا هەندێک لە پرسیارەکانی لەسەر زیاد بوونی پەیکەرەکانی شاری سلێمانی و کاریگەری خراپی وباشی ئەم کارانە لەسەر ژینگە وهەستی بیننین لای بینەر جوڵاند، وە لە کاتی ئامادەکردنی ئەم بابەتەدا خۆشبەختانەجارێکی تر دیدارێکی هونەرمەند بەیان مانــی لە تەلەفزیۆنی کەی ئین ئین لە رۆژی 13-12-2012 دابەزی بە هەمان شێوە جارێکی تر کۆمەڵێ گرفتی باس کردەوە.
لە رێگای ئەم بەرنامانەوە کۆمەڵێک بابەت و زانیاریم کۆکردەوە وە کۆمەڵیک پرسیاری لەلام دروست کرد و وە بە هۆی ئەوەی من ئێستا لە ناوچەیەکی ناو لەندەن (بە ناوی ویستمنستر) دەژیم وە ئەم ناوچەیە بە دەوڵەمەنترین ناوچەی پەیکەر ناوبانگی دەرکرددوە زیاتر لە 350 پەیکەر و مۆنۆمینتی تیادایە، کە هەریکەیان ڕەندانەوەی سەردەمێکی مێژووی هونەر و دیزاینن لە گۆرپان و شەقامەکاندا ئەبینرێن.
بۆ بەشێکی تری ئەم نووسینە پشتم بەستووە بەو سەرچاوە و پەیکەرانەی شاری لەندەن وە لە خوارەوە سەرچاوەکان دەنووسم بۆ کەسێک کە حەز بکات سەرچاوەکان و وێنەی پەیکەرەکان لە رێگای تۆڕی ئینتەرنیتەوە ببینێت. ئەوەی لێرەشدا پشتیان پێ دەبەستم ئەو کۆمەڵە پەیکەرەن کە لەسەر شەقامی ماربل ئاچ بۆ هایدپارک کۆرنەر(Marble arch to Hyde park corner) یەک لە دوای یەک ڕیز بوون.
هونەری گشتی (Public art ) بە شێوەیەکی فراوان سوودێکی زۆر بە کۆمەڵگا دەگەیەنێت، هەر لە بارەی ئابووریەوە کە دەبێتە دەستکەوتێکی ماددی بۆ ئەو کەسانەی کە نزیکن لەو شوێنەوە. وە هەرووەها سوود بە بەرزبوونەوەی ئاستی هونەر دەگەیەنێت وە بەرەو پێشی دەبات وە هەلێکی باشە بۆ پەروەردەکردنێکی سروشتیانە لە هەردوو داهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی هووشیاری بەرامبەر بە هونەری گشتی(Public art).
هونەر ئەتوانێت یارمەتی دەربێت لە کرداری تازەکردنەوەدا، وە پەروەردەکردن و گشتگر کردنی باری کۆمەڵایەتی وە لە هەمان کاتدا بەشداری پێکردنی کۆمەڵگا لەم پرۆسەیدا. بەشێکی تری هونەری گشتی (Public art) تێکەڵاو کردنیتی لەگەڵ گۆرپان و شوێنە گشتیەکاندا ئەویش بۆ رازاندنەوە یا خود بیرهێنانەوەی یادگارییەکان و بەرز ڕاگرتنی بەها بیرۆزەکانی نێو گۆمەڵگا.
ئەوەی کە پرسیارە ئەوەیە بە زۆر بونی ئەم پەیکەرانە ئایا دیمەنی شار ناشرین دەبێت یان ڕوویەکی جوان و شارستانییەتی ئەم شارەمان نیشان ئەدات؟ یان ئاستی بینین و هوشیاری بۆ پەیکەر لای بینەر زیاد دەکات وە بوونەتە ڕازاندنەوەی ژینگە و ناسنامەی هونەر و کەلتووری شارەکەمان وە کوردستان بە گشتی؟ یاخوود وەک هەندێک لە راپۆرتەکەی هاووڵاتیدا(؟) ئیشارەتیان پێدا بووٍ کە ئەم پەیکەرانە بوونەتە شێواندنی ژینگە و وە تێکدانی هەستی بینەر کە ئەمەش کاریگەری خراپ لە سەر ئەم هونەرە بەجێ دەهێڵت.
ئایا ئەم کارانە چی لای بینەر بەجێدەهێڵێت؟ تا چەند پرسیار لای بینەر دروست دەکەن؟ ئایا بوونەتە هۆی بیرهێنانەوەى یادگارییەکان یاخود هەر بەشێوەیەکی ڕووکەش تەنها شتێکی کاتییە بە دوورکەوتنەوە لە کارەکە ئیتر هیچ شتێک لای بینەر جێ ناهێڵێت؟
من لەو بڕوایەدام کە گرفت لە زیادبوونی پەیکەرەکان نیە هێندەی گرفتەکە لە دانان، دامەزراندن و دۆزیینەوەی شێوێنی شیاووە( ئەمە بەدەر لەوەی کە کارەکە دەبێت کارێکی هونەری بێت کە دەکرێت لە بابەتێکی تردا قسە لەسەر ئەوە بکەم) ، ڕاستە هونەرمەند حەزی بەوەیە کە کارەکەی بکەوێتە بەرچاوی خەڵک و وە بکەوێتە شوێنە گشتییەکانەوە! بەڵام بەپلەی یەکەم ئەوانەی خاوەنی ئەو دەسەڵاتەن لە سەر بریاڕدان و دانانی هەر کاریٍَکی هونەری ئەوان ئەتوانن شوێن و ئامادەکارییکانی بۆ دابین بکەنٍ. دەکرێت تایبەت مەندێتیش هەبێت و وە گونجاندنی شوێنەکە و کارە هونەرییەکەش گرنگن ئەگەر ئەو کارەی دەکرێت تایبەت بێت بە ناوچەکە یاخوود راستەوخۆ رووداوەکە لەو شوێنەدا ڕووی دابوو. هەموو هونەرمەندان لە گفتوگۆکانیاندا لەسەر ئەمە کۆکن.
سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ووڵاتانی پێشکەوتوو وە هەرووەها لە ئەزموونی یەکتر لە بەهای کارەکە کەم ناکاتەوە بەڵکو دەبێتە یارمەتیدەر و مانەوەی بۆ زیاتر، وە ئەزمونی ئێمە لەم بوارەدا زۆر کەمە کە لەوانەیە بە تەنها بۆ چەند ساڵانیک بگەرێتەوە وە ئەوەی کە لە شوێنێکی وەک شاری سلێمانیدا لە پێشتر( پێش ڕاپەرین) دەبینرا ڕازاندنەوەی ئەو فولکانەبوون کە کە شەقامەکانیان دابەش کردووە وە (وەک فولکە کۆترەکە، فولکەی زارەکە، فولکەی دەستارەکە، وە سەماوەرەکە لە سەرچنار و چەندانی تر…، ببورن ئەمان وە ئەو ناوانەن کە لەو سەردەمەدا بابوون ناوم هێناون) وە پەیکەری پیرەمێرد و ریلیفەکانی هونەرمەند دارا حەمە سەعی کە لەربەر دەرکی سەرا دانرابوون. پاش ڕاپەرین هەمان پرۆسێس دووبارە بووە بەڵام بە شێوازێکی تر وەک فولکەی دەستەکە، فولکەی مامە ریشە فولکەی کاوەی ئاسنگەر، خاڵ حاجی و ئەسپەکان… وە هەندێکی تریان بە وێنە ڕازیندرابووە. هەندێک لەم شوێنانە هەتا ئەمرۆ بە هەمان ئەو ناوەوە دەناسرێتەوە کە زۆر لە نەوەی تازە بە وێنەش ئەو شوێنانەی نەبینیوە.
وە ئێستا لە ناو شاری سلێمانیدا لە گۆرپان و شوێنە گشتییەکاندا پەیکەرێکی بێشومار دەبینرێت وە ئەگەر تێکڕایی ئەو کارانە وەربگرین %90 لە سەدا نەوەتی کارەکان وێنەی کەسێکە(Portrait) واتە دەم وچاوی تاوەکو سەر سنگی یاخوود ٍپەیکەریکی تەواوی مرۆڤەکەیە زۆر بە کەمی بابەتێک دەبینیت ئەویش لەم دوایانەدا من لە ڕیگای فەیس بووکەوە کاری چەند هونەرمەندێکم بینی کە لەسەر چەند بابەتیکی جیاواز کارییان کردبوو!!!
ئەوەی جێگای سەرنجە لەسەر ئەو هەموو نەهامەتی و کارەساتانەی بەسەر میللەتی ئێمەدا هاتوون هێندە کاردانەوەی نابینرێت لە کارە هونەرییکانماندا بە تایبەتی هونەری پەیکەرسازی، وە بە کارێک و دوان کە لەسەر ئەنفال و کارەساتی هەڵەبجە کراون ئیتر بابەتەکان تەواو نابن یاخوود تا ئێستا هونەرمەندی ئێمە بیر لە کاری ئینستلەیشن وهونەری گشتی و بەکارهێنانی ماتریاڵی جیاواز ناکاتەوە وە هونەرمەند نەیتوانیوە لە رێگای پەیکەرەکانیەوە بگەرێتەوە رۆحی خۆی یاخوود نەیتوانیوە چیرۆک و ئەفسانەکان تێکەڵاوکات بە کارە هونەرییەکەی هەروەک (هونەرمەند رێبوار سەعید) ئاماژەی پێ دەدات. یەکێک لەو کارانەی کە لە گۆرەپانی مابل ئارچ دانراوە کاری هونەرمەند داشی نامداکۆڤە (هونەرمەند لە دایک بووی سیبریایە کە یەکێک بووە لەو شوێنانەی هۆزەکانی مەغۆل داگیریان کردووە ئەو پەیکەرەی کە لەم گۆرەپانەدا دانراوە پەیکەری جەنگیزخانە هونەرمەند لەبارەی کارەکەیەوە دەڵێت(ئەگەر بمویستایە وەک جەنگاوەرێک پیشانی بدەم ئەوە ئەمتوانی، بەڵام من جەنگیزخانم وەک زانایەک دەرخستووە وە کەسایتیەکی پیرۆزە لە وڵاتەکەم نمونەی ئەم پەیکەر ئەوەیە کە باس لە ئەفسانیەکی مێژووی دەکات و هونەرمەند زۆر بە کارامەییەوە ئەو هەستەی لە کارەکەدا نیشان داوە بە شێوەیەکی زۆر کارامەیی کاری تیدا کرددوە وە بە کاریکی وە هەڵبژاردنیشی لەلایەن شارەوانی وێسمینستەرەوە بە کارێکی ناشرین وناوێزە (inappropriate and bizarre ) دەستنیشان کرا. ئەمە نمونەیەکە بۆ پشت بەستن بە قسەکانی هونەرمەند (ِیبوار سەعید). پەیکەرکان لە لای ئیمە لە چیمەنتۆ و فایبەر گلاس کە ( تەمەنیکی کورتیان هەیە) درووست کراون وە لە ئێستاشدا هەوڵی بەکارهێنانی ماددەی برۆنز دەدرێت ئەگەر چی ئەویش زۆر سنووردارە. مەبەستیشم لە ئەنجامدانی کاری دوور لە پۆرترەیت، چ کارێک لەوانەی لەناو شاری سلێمانیدا دەبینرێن زۆر سەرنج ڕاکێشە ئایا ئەوەیە کە بابەتەکەی بۆتە جێگای سەرنج ڕاکێشان یاخوود داهێنان و ووردەکاری لە کارەکەدا هەرچەند من هیچ لەم دوو شتە لە کارەکاندا نابینم ئەویش ئەگەر وەک هونەرمەند بەیان مانی لە میانەی چاوپێکەوتنکەی لە کەناڵی کە ئیت ئینن لە رۆژی 13-12-2012 ئەنجامیدا قسەی لەسەر کارێکی خۆی کرد کە بۆ کارەساتی ئەنفال کردیوویەتی وە لە ئێستا بە دڵی نیە لەبەر ئەوەی کە لەکاتی خۆیدا بودجەی تەواوی بۆ سەرنەکراوە وە بۆتە گرفت لەسەر تەکنیکی کارەکە وە ئێستا داوادەکات کە جارێکی تر دەستکاری بکاتەوە چاکسازی لەسەر بکات. ئەمە ئەوە دەگەینێت کە ئەو چەند ساڵە وە تا ئەو رۆژەی هونەرمەند گۆرانکاری تیادا دەکات دەبێت لەبەر دەم خەڵکیدابێت، ئایا بینەر خەتای چیە کە کارێکی ناتەواوی دەخەیتە بەردەم؟ ئایا خەڵکی ئەنفال کراو شایستەی ئەوەن کە تۆ بە ناکامڵی گوزارشتیان لێبکەیت؟ ئەمە گرفتی گەورەیە لای هونەرمەندانی ئێمە ئەگەر کارێک بودجە و یارمەتی تەواوی بۆ نەکرێت پێویست ناکات بەشێوەیەکی جیاواز لەوەی کە خۆت ئەتەوێت بیکەیت و بە ئەنجامی بگەینیت.
نمونەیەک بۆ ئەم هەڵوێستەی هونەرمەند (بەیان مــانی) یەکێکی تر لەو کارانەی لەسەر ئەم شەقامە دەبینرێت (مۆنۆمینتی شەڕی ئوسترالیـا)یە لەلایەن ئەندازیار تونکین و هونەرمەند جانیت لورانس (Tonkin Zulaikha Greer Architects and the artist Janet Laurence) بەدرێژایی 55مەتر دروستکراوە، ئەم کارە ناوی 102.000 سەدو دووهەزار کەس کە لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم دا گیانیان لەدەست داوە لەسەر بەردی سەوزی مەڕمەڕ هەڵکەنراوە. لە ڕوانگەی ئەم کارەوە کە بۆ کارەساتێکی گەورە کراوە هەردوو هونەرمەند وئەندازیار بەردی مەڕمەڕیا هەڵبژاردووە بۆ ئەنجامدانی ئەم مۆنۆمێنتە، دەکرێت هونەرمەندانی ئیمەش بیر لە ماتریاڵی جیاواز بکەنەوە بەتەنها لە ناو یەک دوو ماددەدا نەخولێنەوە. وە بڕوا بوون بە دانانی کاری ناکامڵ هەر بۆ ئەوەی کە ئێمە سەرنجی بینەر راکێش بکەین بەلای بابەتێکدا وە رێگای بەزەیبوون سۆز بکەینە ئامانج ئەو کاتە هەرگیز داهێنان لە کارە هونەرییەکاندا بە دی ناکرێت.
هەڵبژاردنی شوێن کە زۆرێک لەو هونەرمەندانە لەسەری کۆکن دەڵێن وا بەشە ئەو کارەی دەکرێت تایبەت بێت بەو شوێنە، بەڵام ئەمە بۆ ئەم سەردەمە زۆر گران دەکەوێت بەتایبەتی کارێکی هاوچەرخ دەکرێت لە زۆر شێوێندا جێگای خۆی بکاتەوە و نەبێتە گرفت. زۆرێک لەو مۆنۆمینتانەی جیهان کە کراون لە شوێنی رووداوەکەدا دانەنراوون. دەکرێت مۆنۆمینتیک بۆ هەڵەبجە لە ناو هەوڵێردا بکرێت وە کارێک بۆ ئەنفال لە بەغداد بکرێت هەروەک مۆنۆمێنتی شەڕی ئوسترالیــا لە شاری لەندەن دانراوە ڕاستە دەکرێت مۆنۆمینتیکی تر هەبێت لە ئوسترالیاش بەڵام بە دووشێوازی جیاواز
ئایا گرفتەکە لای هونەرمەندە یاخوود لای کەسانی دەسەڵاتدار؟ ئەرکی هونەرمەند چیە و وە ئەرکی جێبەجێکار چیە( مەبەستم دابینکردنی بودجە و شوێنە)؟ ئایا هونەرمەند بریاردەرە لەسەر هەڵبژادنی شوێن؟ لە هەڵبژاردنی ماتریاڵ؟
هەر بینەرێک بچێت بۆ کتێبخانە گشتی دەبینێت لەو بەردەم دەرگاکەیدا چ جەنجاڵییەکە هەیە کۆمەڵێک پەیکەر کە هەریەکەی لە ئاوازێک دەخۆێنێت دانراون یەک ئەوی تر ڕەتدەکاتەوە هیچ گونجاندنێک لە نێوان ئەم پەیکەرانەدا نابینرێت( هەر لە بەرنامەکەی کەی ئین ئین لەگەڵ هونەرمەند بەیان مانیدا باسی لە پەیکەری ( حسین حوزنی موکریانی) کرد کە لە سەر چیمەنی بەردەم کتێبخانەدا دانراوە وە وەک خۆی ووتی بڕیار بووە بخرێتە سەر سەکۆیەک بەڵام تائێستا هەر وا ماوەتەوە!!!! دیسانەوە دەڵێم ئەمە کارەساتە کە پەیکەرێک لە سەرەتای دروست کردنیەوە بە ناکامڵی بچێتە بەردەمی بینەر و نەتوانرێت کە بە شێوەیەکی شایستە دابمەزرێت.
هەرووەها بۆ ئەم هەموو پەیکەرە لەم شوێنەدا؟ ئامانج لەمە چیە؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە ئەم کەساییەتیانە شاعیرن یاخوود نووسەرن وە دەبێت نزیک بن لە کتێبخانەوە؟ وە هەروەک هونەرمەند (دارا حەمە سەعی) دەڵێت: دەبێت ئێمە بیر لە چۆنیتی(Quality) بکەینەوە نەک لە چەندێتی(Quantity).
وە لێرەدا کارەکانی هونەرمەند ( لۆرێنزۆ کوین- Lorenzo Quinn) کوڕی ئەکتەری بەناوبانگ (ئەنتۆنی کوین) بە نموونە دەهێنمەوە، زۆربەی کارەکانی هونەرمەند بە برۆنز داڕێژراوە ناوبانگی پەیکەرەکانی هونەرمەند لەوێوە دەست پێدەکات کە لە پشت هەر کارییەکییەوە چیرۆکێک هەیە، کارەکانیشی سەرەتا لە هۆنراوەیەکەوە دەست پێدەکات، بڕواشی وایە ژیان لاسایی هونەر دەکاتەوە، ککارەکانی ئەم هونەرمەندە کاری چۆنییەتین(Quality). دەکرێت هونەرمەند بەم شێوەیە گوزارشت لە شاعیرێک یان نووسەرێک بکات ژیانی تێکەڵاوی کارە هونەرییەکە بکات،
( کارەکەی زیرەک میرە هەنگاوێکە بۆ دەرچوون لە مۆدێلە کۆنە)!!!!!!
لە کۆتــاییدا:
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە نامەوێت لەو کارە هونەریانە یاخوود هیلاکی و ماندووبوونی هونەرمەندان کەم کەمەوە، هێندەی دەمەوێت رێگا چارەیەک بدۆزرێتەوە. ئەمڕۆ ئێمە ناتوانین لەبەردەم لێشاوی ئەو پێشکەوتنەی لە دنیا هەیە خۆمان بە دوور بگرین وە دەبێت ببین بەبەشێک لەو ئەزموونە.
مەبەستیشم لە زۆربوونی پەیکەرەکان، ژینگەی ناو شار ناشرین ناکات ئەگەر بە شێوەیەکی درووست بیر لە دانانی بکرێتەوە وە هەروەک لەسەروە باسی ناوچەی وێسمنسترم کرد بۆتە مۆزەخانیەکی گەورە لە ناو لـــەندەندا. وە رۆژانەش هەندێک لەو کارانە ئاڵوگۆر پێدەکرێت کاری تازەتر دادەنرێت، بەشداری بە هونەرمەندانی دنیا دەکرێت لە ناو گۆرەپان و باخچەکاندا، پیشبڕکێی هونەرمەندان بۆ دانانی پەیکەرەکانیان لەلایەن شارەوانییەوە رَێک دەخرێت. پەیکەرەکانی ئەم شارە لە سەدەکانی 18-19 وە تا کاری هونەرمەندانی هاوچەرخی لەخۆ گرتوو، بە تەنها لە سەر یەک ڕاستە شەقام 21 پەیکەر دەبینیت کە درێژی شەقامەکە ناگاتە یەک کیلۆمەتر. ئەمەیە کە هونەری کرددوە بەبەشێک لە ژیانی خەڵک ڕۆژانە لە ناو پاس و پارک و بازاڕەکاندا چاوت ڕووبەرووی کاری هونەری دەبێتەوە لە کارەکاندا خۆت ئەبینیتەوە دەبنە بەشێک لە تۆ و لە ژیانی ڕۆژانەت.
ئەگەر رێگایەکی دروست هەڵبژێن تایبەت بە کەلتوورمان تایبەت بە مێژوومان بە بارەکۆمەڵاتیکانمان دەکرێت ئیمە لە کەس نەچین خۆمان مۆدێلێکی تر دابهێنین، بەڵام لەسەر بنمایەکی زانستی پێشکەووتوو وە پشت بەستن بە ئەزموونی ووڵاتانی پێشکەوتوو، من لە بڕوایەدام ئێمەش کە ئەم هەمووتوانا هونەرییەمان هەبێت و مێژوویەکی زۆر دەوڵمەند ناوچەیکی پر لە ماتریاڵ و کەرەستەی هونەری دەتوانین بەسەر ئەم کۆسپانەدا زاڵ بین.
دەزگا هونەرییەکان بەشێکی گەورەن لە پێشکەوتنی هونەر وە دەبێت بڕیاری سەنگینیان هەبێت بۆ رێگرتن لە نیشاندانی کاری کرچ و کاڵ وە تێکرا کۆکبن لەسەر یەک بنەمای زانستی بۆ کەم کردنەوەی ڕۆتین، شارەوانی کە دەزگایەکی سەرەکییە بۆ ئەم کارە دەبێت کارەکانی توند و تۆڵتر بکات وە هونەرمەندی کارامەو کەسانی پسیۆر بۆ ڕەزامەندی و دانانی کارە هونەرییەکان لە ناو شاردا دابمەزرێنیت.
ئەگەر شارەوانی یارمەتی دەر نەبێت ئەوا دەبێت بەرێوبەرایەتی رۆشنبیری بەشێک بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، کۆر و سیمینار و کۆبوونەوە بە هونەرمەندان بکات، دەبێت بگەنە ئامانجێک. ئەگەر ئەمە نەکرێت ئەوا حاڵی ئەو پەیکەرانەی ئێستا هەن لەوانەى پێشوو باشتر نابن هەر بە زوویندیەتی و بە بەر چاوی هونەرمەندەوە پەیکەرەکەی دەبێتە قوربانی دروست بوونی باڵخانەیەک.
سەرچاوەکان:
1-بەرنامەی پەیڤ لەگەڵ هونەرمەندان ( رێبوار سەعید، بەیان مانی، دارا حەمەسەعی، کامەران مەحموود وە شوان کەمال).
http://www.halcyongallery.com/news/genghis-khan-by-dashi-namdakov-at-marble-arch2-