دیــــــدار نـانەکەلی
ھەولێر
نــزام ئەوەبوو ھەمیشە
لـە خـۆرئاوابوون بەیەک نەگەیـن
دەمی پشکوتنی خونچە نەگرین و تاڵاوی ژین بە پەپولەیەک نەچێژین.
چــەند جار پاڕامەوە
ئەو دەمەی باوەش بۆیەکدی دەکەینەوە پایـز بەبێ
حەزە سەرشێتەکانی ئەھریمەن
لەو ساتەدا بۆ کاڵبوونەوەی بەھاری تەمەن و داچۆرانی زەمـەن نەبێ.
ئەگەر بە دوعــای من دەبوو
کۆرپەی ساوای حەزەکانمان بە چاوتروکانێک لەدایک دەبوو
بەدوای سابـات نەدەگەڕاین،
ھەر لەنێو دڵی خۆمان زیبــاترین ھێلانەمان دەبوو.
ھەمیشە دوعــــام دەکرد..
چرایەکت بۆ داگیرسێ، زێوانەکەی لە دڵی من بێ
برینێکت سارێژبکرێ، ھەتوانەکەی بوونی من بێ
بەڵام گیـــانە….
نە ئەو رووناکیە سەبووری پێداین
نە مانەوەی ئەو زامەش بووە ھۆی مانەوەی من.
بۆیە ئازیز دوعاکانمان قەبوڵ نەبوو
لەخەو راچلەکین و پێیان گووتین…………
ئەو حەزەتان جێگەی نـەبــــــوو.