چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : ئەکتەری کۆمیدی ماھیر حەسەن، دوای بەشداریکردنی لەچەند شانۆگەری و زنجیرە درامایەک کە لەچەند ساڵەی رابردوودا بەرھەمھاتوون ناوبانگ و جەماوەرێکی زۆریاتری بۆ دروست بوو، ئێستا سەرۆکی “تیپی رەنگاڵە بۆ شانۆیە” ئەندامەکانی لە ١٠ شانۆکاری سلێمانی پێکھاتووە، ئەوان شانۆکانیان بەشێوەی کۆمیدی نمایش دەکەن و ھەر شانۆگەرییەک ھەشتا بۆ سەد جار نمایشی دەکەن، ماھیر حەسەن دەڵێت “لە شانۆگەری ئێستامان (سەردان) لە ٨٢ نمایشدا ٢٦ ھەزار پلیتمان فرۆشتووە”.
سڤیل: سەرەتا لەشانۆگەری (سەردان)ـەوە دەست پێدەکەین، تائێستا چەند بینەری ھەبووە و کەی کۆتایی بە نمایشەکە دێت؟
ماھیر حەسەن: تائێستا ٢٦ ھەزار بینەر بە پلیت بینیوویەتی، ئەوە جگە لەمیوان کە نزیکەی ٣٦٠٠ میوان بینیوویەتی، واتا نزیکەی ٣٠ ھەزار بینەری ھەبووە، لەماوەی ٧٨ رۆژ بۆ ٨٢ نمایش، رۆژی ١٧/١٢ دوا نمایشی شانۆگەرییەکەمانە، وابزانم ھیچ شانۆگەرییەک ئەوەندە بینەری نەبووە، لەساڵی داھاتوو پلان بۆ ئامادەکردنی شانۆگەرییەکی تر دادەنێین.
سڤیل: زۆرجار باستکردووە بەنیازن بێنە شاری ھەولێر لەوێش نمایشی شانۆگەرییەکانتان بکەن، کەچی تائێستا نەھاتوونە، ئەوە مانای چییە دێن یاخود نا؟
ماھیر حەسەن: ئێمە دەمانەوێ و ھەوڵی زۆریشماندا بێین بۆ ھەولێر، بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری ئامادە نییە ھیچ ھاوکارییەکمان بکات، ئێمە وەک تیپی رەنگاڵە ناتوانین بێینە ھەولێر ١٠ رۆژ شانۆگەری نمایش بکەین و ھەموو مەسروفاتەکانیش لەسەر خۆمان بێت، چونکە ئەگەر ھەموو شتێک خۆمان تەرخانی بکەین پرۆژەکانی دیکەمان فەشەل دێنی، چونکە سیفاتێک لەتیپەکەی ئێمەدا دروست بووە داھاتی نمایشەکان ھەڵدەگرین پرۆژەی دیکەی پێ ئەنجام دەدەین، بۆ نموونە سەفەری پێشوومان کە چووین بۆ دەرەوەی وڵات بەپارەی سندوقی تیپەکە بوو، بۆیە بەبێ ھاوکاری وەزارەتی رۆشبیری ناتوانین بێینە ھەولێر.
سڤیل: ئاخر ئێوە پلیت دەفرۆشن، کەواتە بۆچی حکومەت ھاوکاریتان بکات، ئێوە دەتوانن لەھەولێریش پلیت بفرۆشن و کارەکانی خۆتان پێ ئەنجانم بدەن، بۆچی چاوەڕێی حکومەت دەکەن؟
ماھیر حەسەن: راستە پلیت دەفرۆشین، بەڵام لەوانەیە لەھەولێر نمایشی شانۆگەرییەکانمان وەک سلێمانی بینەرمان نەبێت و ئەوەندەی سلێمانیش پلیت نافرۆشێت، بۆیە ئەگەر وەزارەتی رۆشنبیری نیوەی مەسروفاتەکانمان بداتەوە ئامادەین بێینە ھەولێر ١٠ رۆژ نمایشی شانۆگەری بکەین.
سڤیل: ھەندێ شانۆکار لەبارەی شانۆگەرییە کۆمیدییەکانی ئێوە پێیان وایە ئەوەی ئێوە دەیکەن لەئاستێکی زۆر نزم دایە و شانۆگەری گاڵتەجاریە نەک کۆمیدی، لەسەر ئەو بۆچوونە قسەت ھەیە؟
ماھیر حەسەن: ئەو ھونەرمەندانەی ئەو قسانە دەکەن بابێن شانۆگەریەک لەمن باشتر بکەن، بابتوانن ١٠ رۆژ نمایش بکەن، ئەو خەڵکانەی دێن بۆ بینینی شانۆگەریەکانمان خەڵکی نەفام و ئاست بێئەقل نییە، ئەو بینەری دێتە شانۆکەرییەکانی ئێمە باوەڕناکەم لەھیچ شانۆکەرییەکی دیکە ھەبێت، لە دکتۆر و ئەندازیار، لەپارێزەر و ھونەرمەندان، لە کەسی باڵای حیزبی و حکومی، لەقوتابیانی زانکۆ دێن بۆ بینینی شانۆگەرییەکانمان، مامۆستا ئەحمەد سالار کە رائیدی شانۆی کوردییە ھاتە سەر شانۆ سەری بۆمان دانواند و گووتی “ئەم کارانەی ئێوە دەکەین ئەمڕۆ پێویستە بەحسی لەسەر بکرێت، چونکە لەرووی فکر و نواندن و دەرھێنانەوە ئاستێکی بەرزی ھەیە”. ھەروەھا ئەو بابەتانەی ئێمە لەشانۆگەریەکانمان باسی دەکەین و دەیوروژێنین باوەڕناکەم تائێستا ئۆپۆزسیۆن باسی کردبێت، باسی گەندەڵی حکومەت و خەڵکیش کردووە، چونکە کۆمەڵگاش بەشێکە دروستبوونی ئەو گەندەڵیە، لەبەرئەوە پێم وایە ئەو ھونەرمەندانەی قسەمان پێدەڵێت ناتوانن شانۆگەریەک بکەن ١٠ رۆژ بینەر کۆبکەنەوە.
سڤیل: ئەی بۆچی کێشە لەناو تیپەکەت روویدا کە لەئەنجامدا کۆمەڵێک ھونەرمەندی ئەندام لەتیپەکە جیابوونەوە، دەگوترێ لەبەر حیزبایەتی بوو، ئەوانەی جیابوونەوە گۆڕان بوون و ئێوەش یەکێتی، وەک چۆن لەبەرنامەی بەرنامە روویدا، ئەوە تاچەند راستە؟
ماھیر حەسەن: نەخێر ئەوە ھیچ پەیوەندییەکی بەمەسەلەی سیاسی نەبوو، بەڵکو ئەوەی کێشە لەنێوان ھونەرمەندان دروست دەکات مادییە، ھەرچەندە ھەموو ئەو ئەندامانەی لەئێمە جیابوونەوە گرێبەستیان لەگەڵ تیپ ھەبووە و حەقی خۆیان پێدراوە، بەڵام لەوانەیە ئەو برادەرانە بیانەوێ خۆیان گروپێک دروست بکەن قازانجی مادی بکەن و واھەست دەکەن ئەگەر وابکەن دەستکەوتی مادیان زیاتر دەبێت، ھەروەھا غیرە کێشەیەکی گەورەیە لەناو ھونەرمەندەکان.
سڤیل: زۆرجار ھونەرمەندە برادەرەکانت دەڵێن “ماھیر حەسەن لەئیشی ھونەریدا دیکتاتۆر و تاکرەوە”. بۆچی وات پێدەڵێن؟
ماھیر حەسەن: حەسوودیم پێدەبەن بۆیە وادەڵێن، لەھونەرمەندەکان بپرسە بزانە تەعامولکردنی من لەگەڵ ھونەرمەندەکان چۆنە، بەپێچەوانەوە ئەگەر لەگەڵ ئەو تیپە نەبوایە، ئەگەر لەبەر خاتری ئەو برادەرانە نەبێت کە لەگەڵم دان، بەشێوەیەکی تر گرێبەستم دەکرد، بەڵام ئەوانە ھەمووی ھاوڕێمن لەپەیمانگا خاتری زۆرم گرتوون لەھەموو روویەکەوە، لەبەرئەوەی ئەو قسانەی لەسەر من دەکرێ ھەمووی غیرەیە، ھەموو ئەندامەکانی تیپی رەنگاڵە کاتێک خۆم ئەوانم ھێناوە بۆ تیپەکە و خۆم دەستم گرتوون و خۆشم پێم گوتوون فەرموو ئەوە دەق، کێ حەزدەکات دەرھێنانی بۆ بکات بابیکات، بەس بۆئەوەی نەڵێن ماھیر تاکڕەوە، پێم باشە ھەر من نەبم لەناو تیپەکە کاری دەرھێنان بکەم، چونکە ھەندێ تیپ ھەبووە کاتێک دەرھێنەرەکەی رۆیشتووە یاخود کۆچی دوایی کردووە ئەو تیپە گوژاوەتەوە، من نەمویستووە لەداھاتوودا تیپی رەنگاڵە وای لێبێت، خۆم ھانی ئەندامەکانم داوە کاری دەرھێنان بکەن، ئیتر تاکڕەوی و دیکتاتۆری من لەچیدایە؟ لەبەرئەوە ئەو قسانە تەنیا لە غیرە سەرچاوەی گرتووە.
سڤیل: زۆرجار لەچاوپێکەوتنە رۆژنامەوانییەکانت باست لەوەکردووە لە لوتکە دای، ھەست ناکەی لەخۆبایی بوونێک لەتۆدا ھەیە؟
ماھیر حەسەن: نەخێر من لەخۆبایی نەبوومە و ھیچکات بەدەمی خۆم نەمگوتووە لە لوتکە دام، بەڵام گوتوومە دەتوانم لە تراژیدیا و کۆمیدیا حەقی خۆی بدەم و لەھەردووکیان سەرکەوتووانە نواندن دەکەم، ھەروەھا پێشم خۆشە کێ دێت بەرامبەر من نواندن بکات چ لەکۆمیدیا بێت یاخود تراژیدیا، بەڵام لیژنەیەکی دادپەروەر ھەڵسەنگاندن بکات بزانە کێ سەرکەوتووترە، لەوانەیە خەڵکێک ھەبێ بڵێت ماھیر حەسەن لە لوتکە دایە، بەڵام بەدەمی خۆم وام نەگوتووە.
سڤیل: لەبەرئەوەی خاوەن جەماوەرێکی زۆری، حیزبەکان ھەوڵیان نەداوە بۆ خۆیان راتکێشن؟
ماھیر حەسەن: بێگومان زۆرجار شتی وا روویداوە و زۆرجاریش لەبانگەشەی ھەڵبژاردن داوام لێکرا ریکلام بۆ حیزبێک بکەم و لەبەرامبەردا پارەیەکی زۆر و سەیارەیەکیان وەک خەڵات بۆ دانام، بەڵام گووتم ئەوە ئیشی من نییە ریکلام بۆ حیز بکەم، جگە لەمەسەلەی نەتەوەیی نەبێت ریکلام بۆ ھیچ حیزبێک ناکەم، چونکە ھونەرمەند چەند لەحیزب دوور بێت ئەوەندە لای خەڵک خۆشەویستتر دەبێت، ئەگەر ھونەرمەند حیزبایەتی بکات کۆمەڵێک خەڵکی خۆشەویست و جەماوەرێکی زۆر لەدەست دەدات.
سڤیل: ئەی نرخی ریکلامکردنت بۆ کۆمپانیاکان چۆنە؟
ماھیر حەسەن: من حەزدەکەم نەک ماھیر حەسەن ھەر ھونەرمەندێک کە دەرکەوتووە و ناوبانگیان ھەیە ریکلام بکەن لەئاستێکی زۆر بەرز و داوای پارەیەک بکەن کە حەقی خۆی وەرگرێت، نەک بەپارەیەکی کەم لەوانەیە بۆ کەسایەتی ھونەرمەندەکە خراپ بێت، من تائێستا لەدەفتەرێک دۆلار کەمتر ریکلامم نەکردووە، ھونەرمەندیش ھەیە بە پێنج وەرەقە ریکلامی کردووە، ئێستا ھاوڕێیەکی خۆم ھەیە بەناوی کاک ھەڵگورد لەکوردستان تیڤی بەرنامەی ھەیە، ریکلامێکی بۆم دۆزیەوە و پێم گوت لە ١٠ ھەزار دۆلار کەمتر نایکەم، ئیتر تاوەکو ماوەیەک خاوەن ریکلامەکە ھەوڵیدا بە ٨ ھەزار دۆلار رازیم بکات، بەڵام بەو نرخە نەمکرد.
سەرچاوە: گۆڤاری سڤیل
zanadzey@yahoo.com