زانا دڵشاد دزەیى : رۆژنامەنووس ئەڤین ئیبراهیم فەتاح هۆکارى راگرتنى بەرنامەکەى لەرادیۆى ئازادى بۆ (سڤیل) ئاشکرا کرد “نەیانهێشت رەخنە لە ئەنجومەنى خانمان بگرم، چونکە پەخشان زەنگە ئەمیندارى ئەو ئەنجومەنەیە و ئەندامى سەرکردایەتى حیزبەکەشیانە”.
ئەڤین فەتاح، دوو هۆکار بۆ راگرتنى بەرنامەکەى لە رادیۆى ئازادى باس دەکات و دەڵێت “هۆکارى یەکەم، سێ ساڵە هاوسەرەکەم نەماوە، لەو ماوەیەدا قۆناخى ماستەربووم، دواى ئەوە خانووم دروستکرد، لەبەرئەوە زۆر قەرزار بوومەوە، لەماوەیەشدا لەبەرئەوە بەتەنیا بووم و مووچەى خانەنشینى هاوسەرەکەم شتێکى کەم بوو، لەبەرئەوەى هیچ پۆست و پلەپایەم نییە مووچەکەى خۆشم کەمبوو، ناچار بووم بەتواناکانى خۆم لەراگەیاندن ئیش بکەم و بژێوى خۆم و کوڕەکەم هەڵسوڕێنم، بۆیە ماوەیەک بە رادیۆى ئازادیم گوتبوو هەست بەماندوونێکى زۆرى خۆم دەکەم، دەمەوێت واز لەرادیۆ بێنم، هۆکارى دووەمیش دوو هەفتەى رابردوو رادیۆى ئازادى قبوڵى نەکرد رەخنە لەسەر ئەنجومەنى خانمان بگرم، لەبەر پەخشان زەنگە”.بەرنامەکەى ئەڤین ئیبراهیم بەرنامەیەکى هەفتانە بوو هەموو رۆژى شەممەیەک راستەوخۆ لەرادیۆى ئازادى سەر بە حیزى شیوعى پێشکەشدەکرا بەناوى “ئاریشە” ئەڤین دەڵێ “ویستم باسى ئەوە بکەم ئەگەر ژنکوشتن هەروا بەردەوام بێت کۆمەڵێک خەڵک لەرێکخراوەکانى ژنان ئیمتیازاتى پێوەرگرن ئیتر بۆچى خراپە ژن بکوژرێ! خۆ سبەى ئەگەر کێشەى ژن نەمێنى وەزارەتى ژنان و ئەنجوومەنى خانمان و دەزگاى یەکسانیش نامێنن، ئیتر ئەوانە ناچارنین ئیش بکەن بۆ کەمکردنەوەى ژنکوژى، ئەوە نووسى رۆژنامەنوسێک بوو، بەڵام رادیۆى ئازادى گوتیان قبوڵ ناکەین باسى ئەوە بکەى، چونکە پەخشان زەنگە ئەندامى سەرکردایەتى حیزبى شیوعییە و ئەمیندارى ئەنجومەنى خانمانە”. ناوبراو ئاماژەى بەوەشدا ئەو مەبەستە نەبووە تەنیا رەخنە لەپەخشان زەنگە بگرێ “ئەوان وا تێگەیشتوون ئەنجومەنى خانمان هەر پەخشان زەنگەنەیە، ئەوە دەزگایەکى حکومیە و کۆمەڵێک ژن تێیدا بەشدارە، ئەگەر من رەخنەم لەئەنجومەنى خانمان گرت، خۆ رەخنەکە هەر لەپەخشان زەنگەنە نییە، ئەى نۆ ژنەکەى تر زەربى سفریان بکەم!”. ئەڤین گوتیشى “ئەوەى بۆ سەرکردایەتى کاندیدکراوە دەرنەچووە، ئەوەى بۆ پەرلەمان کاندید کراوە دەرنەچووە، ئەوەى لەفلانە شوێن فەشەلى هێناوە، لەو شوێنانە دایانناون، کران بە مودیر و مودیر عام، زۆربەشیان بڕوایان بەکێشەى ژن نییە، تەنیا رووناک فەرەج نەبێت بەدڵسۆزییەوە کار دەکات”.
لەوبارەیەوە (سڤیل) پەیوەندى بە هەندرێن ئەحمەد سەرپەرشتیارى رادیۆ و تەلەفزیۆنى ئازادى کرد، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بدات.