هونەرمەندی گۆرانیبێژ (ئەژدەر وەهبی) ماوەی چەند ساڵێکە وەک هاوڕێیەکی خۆشەویست دۆستایەتی یەکتر دەکەین و هەمیشە کە لەدەرەوەی کوردستانیش بووە، ئاگاداری هەواڵی یەکتریی بووین، ئەو کەسێکی روو خۆش و هەمیشە دەم بەپێکەنین و لەخۆ بردووە، من لێرەدا ئەوەی کە باسی دەکەم، نە موجامەلەیەو نە پیاهەڵدانێکی هەڵبەستراوە بۆ ئەو، بەڵکو ئەو زۆر لەوە زیاتر لەخۆی هەڵدەگرێت کە من لێرەدا باسی دەکەم،
دوای ئەوەی (ئەژدەر) ساڵی پار گەڕایەوە بۆ کوردستان، یەکترمان بینی لە شاری هەولێر، لە نزیکەوە باسی ئەوەی بۆ کردم، کە خەریکی ئامادەکاری پرۆگرامێکی هونەرییە بەناوی (ئەژدەر شۆو)، بۆ چوونی منی لەمبارەیەوە وەرگرت و چەند راو سەرنجێکمان ئاڵو گۆر کرد. بۆ ئەوەی پرۆگرامەکەی بە شێوازێکی چاک و سەرکەوتوو بخاتە سەر پێ، دوای ئەوەی دەستی کرد بە پێشکەش کردنی پرۆگرامەکەی لە هەفتەیەکدا چەندیین جار بە تەلەفۆن و یەکتر بیننمان باسی ئەو پرۆگرامەی بۆ دەکردم و هەمیشە بۆ چوون و پێشنیاری وەردەگرت بۆ ئەوەی ئەڵقە دوای ئەڵقە بەرنامەکەی جوانتر بکات، هەروەها بۆچوونی لەخەڵکیش وەردەگرت و گوێ لێدەگرتن و ئاستی بەرنامەکەی لێدەپرسین، بەڵام دوای پێش کەش کردنی (20) ئەڵقە لەناکاو پرۆگرامەکەی (ئەژدەر) وەستا، لە نزیکەوە باسی هۆکاری وەستانی پرۆگرامەکەی و بەو شێوەیە لەناکاو نەمانی پرۆگرامی (ئەژدەر شۆو)ـی لەکەناڵی کۆرەک tvی بۆ باسکردم، دوای ئەوەی وەک زۆربەی ئێواران لە هوتیلی چوار چرا یەکترمان بینیەوە، بەدەم چا خواردنەکەی ئێواران بەیەکەوە پێم گوت چۆنە دیمانەیەک ساز بکەین و لەمیانەی ئەو دیمانەیەدا باسی ناوەرۆکی پرۆگرامەکەت و هۆکاری وەستانی هەروەها داهاتووی کارەکانی خۆتمان بۆ بکەیت، ئەویش لەلای خۆیەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و تەنها داواکاری ئەوە بوو. کە ئەو دیمانەیە بە شێوەیەکی فروان بگاتە خەڵک و جەماوەری من و پرۆگرامەکەم، منیش لەلای خۆمەوە پێم راگەیاندن کە دەقی ئەو دیمانەیە لە هەفتە نامەی “هونەری هەولێر” گۆڤاری (نواڵەی نوێ) وچەند گۆڤارێک و ماڵپەرێکی هونەری بڵاوی دەکەمەوە، بەو مەرجەی هەموویان بەدڵێکی فراوانەوە بڵاوی بکەنەوە، بۆ ئەوەی خوێنەری زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکان لێی بێ بەش نەبن و ئەو پەیامەی هونەرمەند (ئەژدەر وەهبی) بگاتە هەموو خەڵکی کوردستان.
– سەرەتا لە سەر دەست پێدەکەم، دوای ئەوەندە ساڵە دوورییەت چۆن بوو بڕیاری یەکجاری هاتنەوەدا بۆ کوردستان ؟
ئەژدەر : “دووری هەموو هونەرمەندێک لە کوردستان، خۆی لەخۆیی دا ئازارێکە ناخۆشە، پەندێکی پێشینانی کوردەواری خۆشمان هەیە زۆر جوانە کە دەڵێت بەرد لەجێگای خۆی سەنگینە. بەڕاستی منیش کاتێک لەکوردستان دوورم زۆر بێتاقەت ئەبم هەمیشە ئەڵێم ئەگەر بارودۆخێک وات لێنەکات وڵاتەکەی خۆت بەجێ بهێڵێت، بڕواناکەم هیچ مرۆڤێک حەز بەدووری بکات لەوڵاتەکەی، من کاتێک مانگی (6) پارساڵ کە گەڕامەوە بۆ کوردستان. هاتنەوەکەم بۆ ئەوە بوو بتوانم لێرە درێژە بەهەندێک کاری هونەریی خۆم و هەروەها چەند کارێکی تازەش بە ئەنجام بگەینم، ئێستاکەش من دانیشتووی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانم و زۆر شانازی دەکەم کە لەو شارە نیشتەجێم”.
– دوای ئەوەی کە لەکوردستان نیشتەجێ بوویت، پرۆگرامێکی هونەرییت پێش کەش کرد بەناوی (ئەژدەر شۆو) پرۆژەی ئەم بەرنامەیە چۆن بوو و لەکەیەوە سەرچاوی گرت ؟
ئەژدەر : “ئەم پرۆگرامە کە بەناوی (شۆو) هاتە پێش کەش کردن، ئەم بەرنامەیە ستاندارێکی جیهانیە لە زۆربەی وڵاتان پێش کەش دەکرێت، وەمن لە ساڵەکانی (2005 و 2006)ـەوە بیرۆکەی پێش کەشکردنی بەرنامەیەکی لەو جۆرەم لەلای خۆم داڕشت و بیرم لێکردەوە، زۆر حەزم کرد بەرنامەیەکی (شۆو) پێش کەش بکەم، ئەو بوو هەر لەو ساڵانەی کە ئەو بەرنامەیە لەخەیاڵمدا بوو لەگەڵ کەناڵێکیش گفتوگۆم کرد پێش کەش بکەم، بەڵام رێک نەکەوتین لەسەر هەندێک خاڵ بابەت، ئەوە بوو دوای ئەوەی لەشاری هەولێر نیشتەجێ بووم لەلایەن هاوڕێیەکی خۆشەویستم (ئامانج کەمال) و برادەرانی کۆرەک tvی پەیوەندییم پێوە کرا بۆ پێش کەش کردنی ئەو بەرنامەیە. چونکە ئەوان دیار بوو ئەوەیان زانی بوو کە پێشتر من بەنیازی پرۆگرامێکی لەو شێوە بووم، ئەوە دوای ئەوەی کە رێکەوتین هاتم ئەو پرۆگرامەم پێش کەش کرد، تا ناوەڕاستی ئەو مانگە بۆ ماوەی (5) مانگ توانیم بەردەوامی بدەم لەگەڵ بینەران و میوانداری کردنی هونەرمەندانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، هەروەها لەمیانەی بەرنامەکەمدا توانیم هەر جارەی یادی کەڵە هونەرمەندێکی کۆچکردوی کورد بکەمەوە، کە لەهیچ پرۆگرامێکی (شۆو)ـی دونیادا ئەو کارە نەکراوە، بۆ نموونە چەندیین (شۆو) هەیە لە تورکیا لە وڵاتانی عەرەبی بەڵام ئەوان ئەو بڕگەیان نەبووە بەڵام من هاتم ئەو کارەم کرد بۆ یادکردنەوە و رێزگرتن لەو هونەرمەندانەو هەروەها گوتنەوەی گۆرانیەکانی ئەوان بۆ ئەوەی نەوەی ئەمڕۆش ئاشنایی دەنگی ئەوان بکەینەوە کۆچکردوانەی کورد”.
– بانگێهشتکردنی ئەو هونەرمەندانەی دەهاتن بۆ ناو بەرنامەکەت، لەسەر چ بنەمایەک بوو، یاخوود روونتر بڵێم پێوەرێکت دانابوو بۆ هاتنی ئەو هونەرمەندانە ؟
ئەژدەر : “من لەسەرەتاوە بیرم لەوە کردەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان هونەرمەندانی کورد بەبێ جیاوازی بانگهێشت بکەم، بەپێی توانا هەوڵماندا و توانیمان چەندین هونەرمەندی بە ئەزموون و هەروەها هونەرمەندە تازەکانیش بهنینە ناو بەرنامەکە و کە جاری وا هەبوو من دوو سێ هونەرمەندم بەیەکەوە هێناوە بۆ ئەوەی هونەرمەندانی کورد لە یەکتر نزیک بکەینەوە و ئاشنای کاری یەکتربن، وە ئەگەر بەرنامەکەم مەودای پێًش کەشکردنی زیاتر برۆیشتایە من پلان هەبوو چەندیین هونەرمەندی دیکەش بهێنمە ناو بەرنامەکەم، وەمن لەو بەرنامەیەدا کە زۆر رێزی هونەرمەندەکانی میوانم دەگرت و زۆرجار خەڵک وایدەزانی پیاهەڵدان بۆ ئەو هونەرمەندە دەکەم. بەڵام مەبەستی من تەنها ئەوە بووە خەڵکی ئێمە ئەبێ فێربێت چۆن رێز لە هونەرمەندی خۆی دەگرێت، من ویستم پرۆگرامەکەم ببێتە سۆنگەیەک بۆ رێزگرتن لە خزمەتی هونەرمەندانی کورد و هەروەها ئاشنا کردنەوەیان بەجەماوەرەکەیان”.
– ئەی دەست نیشان کردنی هونەرمەندەکان لەسەر پێشنیاری تۆ بوو، یاخوود ستافی کەناڵی کۆرەک دەست نیشانی هونەرمەندیان دەکرد ؟
ئەژدەر : “لەسەر پێشنیاری منیش بووە و هەروەها ئەوانیش پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە فلانە هونەرمەند بێتە بەرنامەکەوە باشە، دەتوانم بڵێم لەسەر داوای هەردوولامان هونەرمەندمان بانگهێشت کردووە”.
– باشە وەستانی بەرنامەکەت لەناکاو بوو، کە دەکرا جارێ بەردەوام بێ، بۆچی بەرنامەکەت وەستاو نەما لە کۆرەک ؟
ئەژدەر : “وەستانی بەرنامەی (ئەژدەر شۆو) لەکەناڵی کۆرەک مانای ئەوە نیە، ئیتر (ئەژدەر شۆو ) نەماو و تەواو بوو، بەڵکو دەمەوێ روونی بکەمەوە لێرەدا. لەراستی من کە هاتم دەستم کرد بەکاری پێش کەشکردنی ئەو بەرنامەیە لە هەموو هەفتەیەکدا بەراستی کارێکی یەکجار سەخت بوو، منیش هەموو ئەو هاوڕێیە موزیکژەنانەم زۆر ماندووین، پێویستم بە حەسانەوەیەک هەیە، جگە لەوانەش من بە بۆنەی ئەو بەرنامەوە چەندیین کاری هونەرییم لە کیس چوو، چەندیین کۆنسێرت و چەندیین کاری کلیپ و تۆمار کردنی چەند گۆرانییەک، کە لەپلانم دابوو ئەلبومێکی گۆرانی بەرهەم بهێنم، لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە من دەرفەتم بۆ ماڵ و مناڵەکەشم نەمابوو لەگەڵیان بم ئەوانیش پێویستیان بەمنە و دەبێ بۆ ئەوانیش کاتێکم هەبێت بۆیە بە پێویستم زانی جارێ لێرە بیوەستێنم، ئەو وەستانەش پەیوەست نیە بە هیچ بابەتێک لەگەڵ ستافی ئەو کەناڵە من بۆ ماوەی (6) بۆندم لەگەڵ ئەوان واژوو کرد، وەمن تەنها رۆژانی هەینی دەچووم بۆ تەلفزیۆنی کۆرەک و تەلفزیۆنم دیووە، ئەوەیش بۆ پێشوازی کردنی میوانەکەم و پێش کەش کردنی پرۆگرامەکەم بووە و وەکو تر من نەچووم بۆ ناو تەلفزیۆن، ئەو بەرنامەیەش ئێستا کە نەماوە لەکۆرەک بە هۆی تەواو بوونی ئەو بۆندەوەیە و هیچی تر من وەک (ئەژدەر) هیچ لەخۆمدا شک نابەم و تاوەکو بڵێم کێشەیەکم گرفتێکم لەگەڵ هیچ کەسێکدا هەبووبێ”.
– کە دەڵێیت (ئەژدەر شۆو) ناوەستێ، واتە بەنیازی پێش کەشی بکەیتەوە جارێکی دیکە ئەو بەرنامەیە ؟
ئەژدەر : “من ئەزانم بینەرێکی زۆر سەیری ئەو پرۆگرامەی منی ئەکرد، بۆ نموونە دوای چوار ئەڵقە لە پێش کردنی پرۆگرامی (ئەژدەر شۆو) زیاتر لە (8349) ئیمل بۆ ئیمێڵەکەم هات و ئیملەکەم وەستا و توانای کردنەوەی نەما، هەروەها بە تەلفۆن رۆژانەی زیاتر لە سەد تەلەفۆنم بۆ هاتووە، بۆیە من دڵنیام خەڵکێکی زۆر گلەییم لێدەکات، ئەگەر هاتوو لەهەر کەناڵێکی دیکە ئەو بەرنامەیە پێش کەش بکەمەوە ئەوە مافی خۆمە چونکە لە هەمو دونیادا ئەوە هەیە کە پرۆگرامێک کەسێک پێش کەشی دەکات، دەتونێ بیبات لە کەناڵێکی دیکەش پێش کەشی بکاتەوە، بۆیە ئەگەر لەگەڵ هەر کەناڵێکی دیکە رێک کەوتمەوە لەسەر ئەو خاڵانەی کە من هەمە بۆ ناوەرۆکی بەرنامەی (ئەژدەر شۆو) لەگەڵیان رێکە دەکەوم، بۆیە بە بینەران و جەماوەری خۆم دەڵێم ئەگەر بۆ سێ مانگ بێت بۆ یەک ساڵ بێت بۆ سێ ساڵیش لێتان داببڕێم دڵنیاتان دەکەمەوە دێمەوە لاتان و پرۆگرامی (ئەژدەر شۆو) پێش کەش دەکەمەوە، بەڵام ئەگەر ئەم جارە ئەو بەرنامەیە پێش کەش بکەمەوە دوو هەفتە جارێک ئامادەی دەکەم نەک هەموو هەفتەیەک. چونکە فریای کارە هونەرییەکانم ناکەوم، وە ئەگەر بەرنامەی (ئەژدەر شۆو) بەردەوام بوایە لەکارە هونەرییەکانم دوا دەکەوتم، من داوا لەهەمو کەناڵەکان دەکەم ئەوانیش بیر لەبەرنامەی (شۆو) بکەنەوە، ئاخر خۆ مەرج نیە تەنها (ئەژدەر شۆو) هەبێت، من زۆرم پێخۆش دەبێت کە چەند هونەرمەندێکی دیکەش بیر لەبەرنامەی شۆو بکەنەوە، لەبەرنامەکانیشمدا ئاماژەم بەو خاڵە کردووە و زۆر جار داوام لە هونەرمەندان کردووە بێنە پێشەوە ئەوانیش با ئەو کارە بکەن”.
– لەدوای کەناڵی کۆرەک هیچ کەناڵێکی دیکە دوای لێکردووی ئەو پرۆگرامە ببیتە کەناڵێکی دیکە پێش کەشی بکەی ؟
ئەژدەر : “پێش دوو مانگ لەوەستانی پرۆگرامەکەم لەکەناڵی کۆرەک، کەناڵی دیکە هەبووە پییان گوتم بەرنامەی (ئەژدەر شۆو) ببەم پێش کەشی بکەم لەکەناڵەکەی ئەوان، بەتایبەتی کە دەیانزانی من بەشێوەی بۆند ئەو پرۆگرامەم پێش کەش کردووە، بەڵام ئێستاکە چەند کەناڵێکی دیکەی تازە بەڕێوەیە پەیوەندیشم پێوە کراوە، بەڵام جارێ هیچ بڕیارێکم نەداوە و ئەبێ زۆر بە باشی بیری لێ بکەمەوە ئینجا بڕیار بدەم”.
– ئەی ئەگەر لەلایەن کەناڵی کۆرەک tv داوات لێبکرێتەوە، پرۆگرامی (ئەژدەر شۆو) جارێکی دیکە پێش کەشی بکەیتەوە، تۆ ئامادەیی جارێکی دیکە پێشکەشی بکەیتەوە ؟
ئەژدەر : “ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەرفەت و کاتەی کەمن تێدام لەوکاتەدا، چونکە من هونەرمەندم و کار و پرۆژەی دیکە دێتە پێشەوە. ئەگەر دەرفەتم هەبوو پێش کەشی دەکەمەوە، بەڵام ئەمجارە چەند مەرجێکی دیکەم دەبێت و بەگرێبەستکەمدا دەچمەوە ئینجا بڕیار دەدەم بۆ چوونەوەم بۆ ئەو کەناڵە”.
– زۆر جار لای من دەڵێیت بەرنامەی (ئەژدەر شۆو) چەند تاڵێکی سەری منی سپی کرد، دەمەوێ بزانم بۆچی ئەو بەرنامەیە سەری تۆی سپی کردووە ؟
ئەژدەر : “بە پێکەنیەوە، بەڵی وایە من وام گوتووە لەو رۆژەوەی کە دەستم کردووە بە پێش کەش کردنی بەرنامەی (ئەژدەر شۆو) تاڵە سپیەکانی سەرم زیادی کردووە، چونکە ماندوو بوونێکی زۆرم لەگەڵ ئەو بەرنامەیەدا چەشتووە. من لەگەڵ رێزم بۆ هەندێک کەس کاتێک سەیری پرۆگرامی ئەژدەر شۆو یاخوود هەر پرۆگرامێکی دیکەی تەلفزیۆنی دەکەن. وادەزانن کارێکی زۆر ئاسانە بەڵام نازانن کاری راگەیاندن و بەتایەبەتی کاری بێژەری کارێکی زۆر سەختە بەتایبەتی ئەگەر بەرنامەیەک بە شێوەی راستەوخۆ بێت و لەهەمان کاتیشدا بەرنامەیەکی (شۆو) ئامێز بێت. تەنها بێژەرەکان و ئەوانەی کاری رۆژنامەوانی ئەنجام دەدەن، دەزانن چەندە زەحمەتە ئەو جۆرە بەرنامانە، جگە لەوانەش من کاری بێژەریم نەکردبوو یەکەم ئەزموونم بوو لەو بەرنامەیەدا دەستم کرد بەکاری بێژەری”.
– لە نێو بنەماڵەکەت پێشنیار یاخوود رەخنەت لێگیراوە لەکاتی پێش کەشکردنی بەرنامەکەت ؟
ئەژدەر : “لە نێو بنەماڵەکەی من کە ئێمە بنەماڵەیەکی هونەریی دیاریین، بەڵێ زۆر جار پەیوەندییم پێوە کراوە و پێم گوتراوە ئەوە مەڵێ و لەبەرنامەی داهاتوودا ئەوە مەکە باش نیە. تەنانەت هاوڕێیەکانیشم، منیش گوێم لەهەموویان گرتووە، بەشێوەیەکی گشتی من پێم وایە خەڵکی کورد پەیوەستە بەهەندێک داب و نەریت و کەللتوری خۆی پێویستە لەهەموو کەناڵێکدا لە هەموو بەرنامەیەکدا رێزی ئەو کەلتوورە بگیرێت”.
– تۆ زۆر جار لە نێو بەرنامەکەتدا ئاماژەت بۆ ئەوە دەکرد و هانی هونەرمەندانت دەدا بەشداریی لەئاهەنگ و بۆنەکاندا بکەن، مەبەستت لەو هاندانە چی بوو ؟
ئەژدەر : “من لە چوار چێوەی بەرنامەکەدا چەندیین بابەتم ووروژاند، لەوانە من داوام لە لایەنی پەیوەندی دار کرد لە ئاست خەمی کاری هونەرمەندان دابن، هەروەها داوام لە کۆمپانیاکان دەکرد، کاری هونەرمەندان بە بایەخەوە چاو لێبکەن، راستە من یەکێک لەو بابەتانەی کە ئاماژەم بۆ کردووە، پێشنیارم ئەوەم کرد هونەرمەندان بەکاری هونەریی خۆیان بژیین و رێتین بۆ خۆیان پەیدا بکەن، کە بەداخەوە تائێستاکەش لە نێو کۆمەڵگای ئێمە بەچاوێکی سەیر و سەمەرە سەیری ئەو هونەرمەندانە دەکەن کە بەشداری لە ئاهەنگ و بۆنەکاندا دەکەن، بەڵام لە راستی دا لەناو هەموو هونەرمەندانی دونیادا ئەو کارە هەیە و دەکرێ چەندیین هونەرمەندی بەناو بانگ بەشداری ئاهەنگی بووک گواستنەوە دەکەن، لەوانە هونەرمەند (موعین ئەسفەهانی) بەشداری لەئاهەنگی بووک گواستنەوە دەکات، بەڵام بەو مەرجانەی کە خۆی داوای دەکات، ئەوەش بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی و کاری هونەری خۆیەتی وەک هونەرمەندێکی ناوداری فارسی ئەو کارە لەلای زۆر نۆرماڵە، من وەک (ئەژدەر) دەست خۆشی لەو هونەرمەندانە دەکەم، کە بەشداری لە ئاهەنگی بووک گواستنەوەکان دەکەن و بەهونەرەکەی خۆیان، بەدەنگی خۆیان دەژین و کاری هونەریی خۆیان ئەنجام دەدەن بەلای منەوە ئەو هونەرمەندانە پرۆفیشناڵترین هونەرمەندن، وەدوای ئەو پێشنیارەی من چەندیین هونەرمەندی گەورەی کورد تەلەفۆنیان بۆ کردم و دەستخۆشی ئەو بابەتەیان لێکردم”.
– ئەی باشە تۆ ئامادەیی ئەوەت هەیە بەشداریی لە ئاهەنگی بووک گواستنەوە بکەیت و ئاهەنگ ساز بکەیت ؟
ئەژدەر : “بەڵی من ئامادەییم هەیە، بەڵام بەو پرەنسیب و مەرجانەی خۆم هەمە، بۆ ئەو کەسەی داوا لەمن دەکات بەشداریی ئاهەنگی بووک گواستنەوەکەی بکەم، بۆ نموونە لە وانەیە داوای تیپێکی موزیکی بکەم کە پێکهاتبن لە (15) موزیکژەن، هەروەها داوای دیکۆرێکی جوان و شێوازی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە بەدڵم بێت، جگە لەوانەش هونەرمەندێکیش بانگهێشت بکەم بۆ ئەوەی بتوانێ هاوکارم بێت، بەتایبەتی لە گوتنی گۆرانی هەڵپەرکێ دا، بۆیە من کە پێشنیاری ئەوەم کردووە و هونەرمەندانم هانداوە بۆ ئەو کارە، خۆشم بیرم لەوە کردۆتەوە بە هونەرەکەی خۆم بژیێنم و ئاهەنگی تایبەت ساز بکەم”.
– لەدوای ئەوەی بەرنامەی (ئەژدەر شۆو) وەستا پرۆژەی داهاتووی هونەرییت چی دەبێ، بەتایبەتی لەکوردستان ؟
ئەژدەر : “من ئێستاکە (4) گۆرانییم ئامادەیە، کە لەگەڵ ئەلبومی پێشووترم تۆمارم کردووە. ئێستاکەش چەند گۆرانییەکی دیکەم لەبەردەستدایە بەنیازم تۆمارییان بکەم و لەئەلبومێکدا بڵاوی بکەمەوە، هەروەها دەمێکە من بەنیازم زنجیرە کۆنسێرتێک لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان ساز بکەم، لەوانە (هەولێر، سلێمانی، کەرکوک، کەلار، دهۆک، قەڵادزی، خانەقین، رانیە، گەرمیان) بەتایبەتی ئەو شار و شارۆچکانەی کە تازە رزگار کراون لە ژێر دەستی رژێم و دەمێکە بێ بەشن لە کۆنسێرت و ئاهەنگ، ، کە ئەوەش بەتەینا بە هونەرمەند ناکرێت و پێویستە کەرتی تایبەت یاخوود لایەنی پەیوەندی دار ئەو کارە رێک بخات هیواردارم ئەو پرۆژەیەم لەداهاتوودا بە ئەنجام بگەینم، هەروەک چۆن بەرنامەی (ئەژدەر شۆو)ـم پێش کەش کرد، ئاواش ئەو پرۆژەیەم بەئەنجام بگەینم، وە من لێرەوە پێشنیار دەکەم لایەنی پەیوەندی دار بیر لەوە بکاتەوە ئەو جۆرە زنجیرە کۆنسێرتانە رێک بخەن و چونکە ئێمەش خاوەنی چەندیین هونەرمەندی بەتوانایان پێویتسە بانگهێشت بکرێنەوە بۆ کوردستان و باچیتر خەڵکی وڵاتەکەمان گوێچکەی پڕ نەبێت لەگۆرانی بیانی “.
– دەڵێن ماوەیەک بەر لە ئێستا داوت لێکراوە بەشداری لەکارێکی فیلمێکدا دا بکەیت، بەڵام تۆ ئامادەیی بەشداریی کردنت نەبووە وایە ؟
ئەژدەر : “بەڵی وایە ماوەیەک بەر لە ئێستا داوام لێکرا بەشداری لەکاری فیلمێکدا بکەم، بەڵام کە سەیری ناوەرۆکی سیناریۆی فیلمەکەم کرد بینیم لە ئاستی باشدا نەبوو بەتایبەتی جۆری کامێرا و کاری وێنەگرتنیان پرۆفیشناڵ نەبوو بۆ بەشدارییم نەکرد، وە من حەز دەکەم کارێک بێت کەجێگای خۆی بگرێت لەلای جەماوەر، کە ئەمە شتێکە لەلای هەموو هونەرمەندانی گۆرانیبێژی نەتەوەکانی دیکەدا هەیە. وەمن ئامادەییم هەیە بۆ هەر کارێکی درامی ئەگەر هەبێت رۆڵی تێدا بەرجەستە بکەم، بەڵام بەو مەرجەی کارێکی جوان و بەجێ بێت”.
– ئەگەر نەتوانی لەکوردستاندا کارەکانت بەو شێوەی خۆت مەبەستتە بە ئەنجامی بگەینی ئەوەت لە مێشکی خۆت داناوە جارێکی دیکە بگەڕێیتەوە هەندەران ؟
ئەژدەر : “ژیانی هونەرمەند لە هەندەران لە هەردوو دینەکە دەبێ، لەلایەک کە لە هەندەرانن ناتوانن بەسەر هەموو کێشە و گرفتەکان زاڵبن، ئەوە جگە لە غەریبی و دووری لەوڵات بیری کوردستان دەکەیت، کە دێیتەوە بۆ کوردستانیش لێرە ئەوەندە کێشە زۆرە ئەوەندە ماندوو ئەبی بەدوای کارەکانتدا توانای بیرکردنەوەت نامێنێ و بڕوابکەن لەهەندەران میشکم زۆر ساف بوو توانای بیرکردنەوەم زۆر باشتر بوو. زۆر ئاساییە ئەگەر رۆژێک لە رۆژان بگەڕێمەوە بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام ئەوەی بەلامەوە زۆر گرنگە هەرچۆنێک بێت کوردستان بۆمن دایکە و ماڵێکی گەورەیە بۆ من لێرەبم لەناو میلەتەکەم پێم وایە ئاسوودەترم و هیوادارم لەکوردستان بم”.
– ئەوەی من بیستوومە دەڵێن تا درنگانی شەو ناخەویت و لەشەودا زۆر کەم دەخەویت، ئەی ئەو شەوە درێژە چۆن بەسەر دەبەیت ؟
ئەژدەر : “دەتوانم بڵێم ماوەی (9) ساڵ دەبێت، من لەشەودا زۆر کەم دەخەوم، تەنانەت گەیشتوومەتە ئەو ئاستەی بچم بۆلای دکتۆرێک و پشکنینێک بۆ خۆم بکەم و بزانم بۆچی خەوم لێناکەوێت، رەنگە باوەڕ نەکەن لەشەو و رۆژێکدا جاری وا هەیە تەنها (4) کاتژمێر خەوم لێدەکەوێت، ئەزانم زۆر خراپە بۆ تەندروستیم و زۆریش کاری تێکردووم، یەکێک لەو کاریگەریانە کە ئێستا زۆر بەسەرما زاڵە ئەویش ناتوانم هۆنراوەی گۆرانییەکانم لەبەر بکەم، بۆیە لەکاتی بەرنامەکەشدا بەردەوام هۆنراوەکانم دەنووسیەوە و پرسیارەکانیشم لەبەردەم خۆم دادەناو سەیرم دەکرد ئینجا پرسیارەکەم ئاڕاستەی میوانەکەم ئەکرد، لەشەواندا زیاتر بەسەیرکردنی کەناڵەکانی تەلفزیۆن و خوێندنەوە کاتەکانم بەسەر دەبەم”.
– چ کتێبێک زۆر دەخوێنیتەوە ؟
ئەژدەر : “زیاتر حەز بەخوێندنەوەی رۆمان و ژیانامەی کەسایەتیەکان دەکەم، لەوانە هونەرمەندەکان. هەروەها رۆمانەکانی نووسەری بەڕێز (بەختیار عەلی) زۆر دەخوێنمەوە، لەو ماوەیەشدا دوو کتێبی هەریەک لە هونەرمەندان (حمە جەزا)ـی خاڵم. کەچەندیین یادگاریی و بەسەرهاتی ئەوی تێدا بوو خوێندمەوە، لەگەڵ کتیبی ژیان و بەرهەمەکانی هونەرمەندی گەوەری کورد مامۆستا (عەلی مەردان)ـم خوێندەوە، جگە لەوانەش ناوە ناوە سەردانی سایتەکانی ئینتەرنێت دەکەم”.
– دەڵێن زۆر حەز بەخواردن دەکەیت و (ئەژدەر) زیاتر لە (3) ژەم خواردن دەخۆیت ؟
ئەژدەر : “لە راستی مندا من زۆر حەز لەخواردن دەکەم، زۆر جار پێم دەڵێن زۆر قەڵەو بووی، بەڵام ئەوەتا زۆربەی کات من و تۆ بەیەکەوەین دەمبینی بروابکەن ئەوەندە قەڵەو نیم، برواباکەن کامێرای زوومی تەلفزیۆن ئەوەندە قەڵەو نیشانی دەدام، دەربارەی ئەوەی کە لە ژەمێک زیاتر دەخۆم زۆر جار لە نیوە شەودا خۆم خواردن ئامادە دەکەم و دەیخۆم “.
– شارەزاییت لە ئامادە کردنی چ جۆرە خواردنێکدا هەیە ؟
ئەژدەر : “من خۆم زۆر حەزم لەخواردنی برنجە، چونکە پێم وایە تەنها برنج مرۆڤ تێر دەکات، خواردنەکانی دیکە بەلای منەوە هەموو سەرپێیەو جێگای هیچ ناگرێ لەناو گەدە، بۆیە زۆر شارەزام لە لێنانی برنج، هەروەها حەز دەکەم بە ئارەزووی خۆم بچمە دەرەوە پیاسە بکەم لەناو شاری هەولێر و فەلافل و کەباب بخۆم، بەڵام ناتوانم بەهۆی کۆبوونەوەی خەڵک و خۆشەویستی جەماوەر و وێنگرتن و نزیک بوونەوە لێم زۆر بێمە دەرەوە و خۆم دەربخەم، من رێزم بۆ هەموویان هەیە هەموویان بە برا و کەس و کاری خۆم دەزانم سوپاسی ئەو رێزەیان دەکەم، هەرگیز خۆم بەگەورە نازانم لەسەر کەس بروابکەن ئەگەر کرێکارێک ببینم حەز ئەکەم دەستەکانی ماچ بکەم”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
Abdulgafar1981@yahoo.com