ئەى ئاوارە….
کارزان دوکانى
ئەى ئاوارە …
کاتێ بەدواى مەئوایەکى بچکۆلانەدا دەگەڕاى …
ڕێت کەوتە کوخى دڵى من
کاتێ وەک پاسارى ماندوو ….
خۆت کێشایە سەرچڵى من
من…..دەستم نا بە ڕوتەوە ……. دەرگام داخست …
وەکو مناڵێکى لاسار تاپڕى توانجم تێگرتى ….
کاتێ ویستت …..
خووى قەرەجان فڕێ دەیت و …..
دڵم بکەیتە هەوارگە
وەک یاخیەک لەجەزرەبەى دەستى ڕۆژگار ….
ئێرە بکەیتە حەشارگە
ڕەشماڵەکانم تووڕِ هەڵ داى …
وەک هەواڵگرێکى بەدکار هەواڵم داى
دەرمکردى و ئاوڕێکى بێڕۆحیش چى یە؟…
ئاوڕێکم لێ نەدایتەوە
ئەوەندە ڕەق بووم لەگەڵتا …… بەردى ئومێدم ووردکردى …..
وا ڕۆشتى نەگەڕایتەوە
ئەى ئاوارە ….. ئەى ناسکترین قەرەجى ئەم دونیایە ….
ئەو ناپیاویەم بۆ ئەوە بوو ….
کێوى ببى و … لەگەڵ ئەم جەنگەڵە ڕابێى
بۆ ئەوە بوو هێندە دڕ بى …..
هەرچى گولڕ و گەڵا هەیە …
بدڕى و بە ڕیز پێیان دابێى
بۆ ئەوەبوو چنگ و نینۆکان درێژ کەى ….
تا بتوانى ئەو هەورازانە تەى بکەى
تاکو فێربى چۆن قین و ڕق بە کاربێنى
فێربى وا فوو لە نەى بکەى ….
لە جیات ناڵە بشیڕێنى و گوێ بدڕێنى
چونکە ئاوارەى نازەنین ….
ئەم ووڵاتە پڕە لە بارۆنى بەزیو
پڕە لە ویژدانى خەسیو
پڕە لە پیاوکوژى بەدمەست
تژى لە ژنکوژى بێ هەست
پڕپڕە لەو دۆڕاوانەى ….
شەڕ دەفرۆشن بۆ بردنەوە
پڕە لە ئەو خەسیوانەى …
بەنیازى خوێن لە بەى ڕشتن …
شەیدان بۆ قۆپچەکردنەوە
ئێرە پڕە لەو گورگانەى ….
تۆڵەى ترسى سەگوەڕەکان ….
لە مەڕى تەنیا و لانەواز دەکەنەوە
پڕە لە ئەو سوڵتانانەى …. بەدەستیان بێ …
وەچەى گڵاو … نەک لە ژن و حەرەمسەرا …
بگرە لە بزن و تەویلە و …دێڵە بەراز دەخەنەوە
ئەى ئاوارەى نازەنینم ….
بۆیە وام کرد تا کێوى بى
تا گڵاو بى تا ڕێوى بى
تاکو ڕابێى بەم جەنگەڵە
بە ووڵاتى بارۆنە دۆڕاوەکان و ….
سوڵتانانى گوڕنەتەڵە
dukanykarzan@gmail.com