دەست هەڵ مەبڕە بۆخودا بەختت بۆ بکاتەوە
سوجدە بەرە بۆکچێ سوخمەت بۆ بکاتەوە
١
خۆشترین کات ئەوکاتەبوو
کە سوخمە پیرۆزەییەکەت
لەسەر مەمانی خۆت لابرد
منیش پیلی کاتژمێرەکەم،،،
بۆی ئاگامان لەکات نەمێنێ و
تاهەتایە وابزانین ئەو کاتەیە
٢
ئێوارە بوو
بەبەربارانەکەدا ئەڕۆیشتین
تۆ دڵ خۆش بویت
چونکە لەگەڵ مندا بوویت
من خەمبار بووم
ئەترسام نەوەکو سەرمات ببێت
٣
بیرتە گوڵم
کەپێم وتی گوڵەکانی باخی گشتی
لەتۆ ئەچن
ئێستا تۆ ناچیتە باخی گشتی
ئاگات لێیە لەدووری تۆ
بە پایزان
گوڵەکان بۆ کوێ ئەچن
٤
ئەوشەوەی ئەهاتی بۆماڵمان
تابەیانی کەسمان خەومان لێ نەئەکەوت
تۆ بۆ ئامێزم ئۆقرەت نەبوو
منیش لەچاوەڕوانی تۆدا
لە سەربان ئەستێرەم ئەژمارد
ئاخر گوناحمان چی بوو ؟
٥
سوێند بە تۆ چونکە ژنی
سوێند بەخاک ئەویش دایکە
هەتا ئێستا نە لەتۆ جوانترم دیوە
نە بەتەمام بشیبینم
سوێند بێت بە تۆ
هەرچی تۆ بیڵێیت من ئەیکەم
هەرچی تۆش بیکەیت من ڕازیم
٦
لەژورێکی پرلەخەڵکا دانیشتبوین
تۆلەوسەری ژورەکەداو من لەم سەری
چراکە خامۆش ئەبوو
من بۆ ڕوناکی ئەگەڕام
کەچی تۆم ئەدۆزێوە
ئەم گرتیتە ئامێزو
ئەمویست ماچێکت بکەم
ژورەکە ڕوناک ئەبۆوە
ئەوان هەموو پێئەکەنین
من و تۆش خواخوامان بوو
ژورەکە تاریک بێتەوە و
تاهەتایە دنیا ڕوناک نەبێتەوە
٧
ئەو کراسەی لەبەرت کردبوو
بۆ جەژن
هەتا ئێستاش کەس نازانێ
چ ڕەنگێک و چەنێک کورت و
چ خەیاتێکیش بۆتی دووری بوو
بۆیە هەتاکو دنیا دنیایە
کچانی گەڕەک چاو ئەگێڕن
لەو کراسەیان دەست کەوێ
بەڵام گوڵم هەتا ئەمڕۆش ئەوان نازانن
کراسەکە زۆر جوان نەبوو
تۆ ئاوا جوانت کردبوو !
٨
باش لەبیرمە
کەنەخۆش بووم هاتی بۆلام
بەبێ پرس ماچت کردم
ووتم قەرزە
لەوڕۆژەوە یەکترمان نەبینیوەتەوە
بەڵام گوڵم
قەرز کۆن ئەبێ نافەوتێ
٩
بیرتە گوڵم
بەدیار دایکمانەوە دائەنیشتین
مارمارۆکەمان بۆ ببرژێنن
یان حەوشەکەمان ئاوڕەشێن ئەکرد
یان لەسەربان کۆترەکانم نیشان ئەدای
هەرچەندە بانگیان ئەکردین
من لەتۆ زیاتر تۆ لەمن زیاتر
گوێمان لە کەسیتر نەبوو
١٠
بەمناڵی گوڵی دارهەنارەکەم
ئەکرد بە ملوانکە بۆ گەردنت
گێلاس بەگوارە
گوڵە بەیبونە بە تاج بۆ سەرت
باوەشم ئەکرد بەجۆلانێ ڕامئەژەنی
بەڵام ئێستا
ئاخ لە ئێستا !!!
خۆزگە گوڵم
من و تۆ هەر منداڵ بوینایە.
ڕێباز عوسمان عزیز
ستۆکهۆڵم