ئەو کاتەى مەرگى باوکێکى ماندوونەناس چارەنووسى خێزانێکى بەختەوەر دەداتە بەر با و…رێزان دواى مردنى باوکى بەهۆى لە خشتە بردنیەوە چارەنووسێکى دوور لەوەى باوکیان نەخشەى بۆ دەکێشان هەڵدەبژێرێتء بەمەش دواتر چارەنووسى دایکیشى بەخۆیەوە بە پێچەوانەى ئاراستەى هیواو ئومێدو ژیان دەبات و……
ئا: فایلى کۆمەڵایەتى
ئەگەرچى ئێمە لەبەها دانان بۆسەر پایەى باوکسالارى پاشەکشە دەکەین، بەڵام ناتوانین لەماهیەتى باوک و دەسەڵاتى باوک چاوپۆشی بکەین لەمانەوەى پیرۆزیەتى خێزان پاراستنى شیرازەى کۆمەڵاتى خێزان. ئەم واقیعە لەنموونەى رووداوى ئەم جارەى گۆڤارى زنار دەبینین کەلە زارى کەسێکى نزیک بەم خانەوادە لێک هەڵوەشاوە دەبیستین. دەساڵ لەمەوبەر خێزانێک سەرقاڵى پیکەوە ژیانى خۆیان دەبن کە خەریکى کشتوکاڵ و کارى ئاژەڵدارى دەبن باوکێک خاوەنى چوار کچ و سێ کوڕ دەبێ ئەم باوکە ماندوونەناسە ڕۆژ بە درێژاى ڕۆژ لەکارێ دایە لەپێناو دابین کردنى ژیانێکى ئاسودە بۆ خێزانەکەى. خەونى ئەم باوکە زۆر قەشەنگ بوو هەموو داهاتووى لەخۆ دەگرت کوڕەکانى بۆ دکتۆری و ئەندازیارى دانابوو کچەکانشى بۆ مامۆستایەتى دانابوو بەڵام زەمانە شتێکى دیکەیان پێشکەش دەکات. کەبەخەیاڵى هیچ کەسدا نەدەهات.
بەندە دەکات خەیاڵان خودا دەکات بەتاڵان، ئەگەر ناچۆن دەبێ خەونى لەبن نەهاتووى ئەم باوکە هەر ئاوا بەئاسانى بڕِِوات، ئەوەى لەم خێزانەدا جێگەى سەرنج پێدانە، ئەم یەکگرتنە پتەوەى نێوان ئەندامەکانیان بوو، لە ژێرسایەى باوکە ماندو نەناسەکەیان کەڕۆژ و شەوى لەسەر یەک دادەنا بەڵام، ئایا تۆبڵێى ئەم خۆشییە بەردەوام بێ؟.
لێرەوەو بە لەدەستدانى ئەم باوکە سەرتاپاى خەونى ئەم خێزانە دەپوکێتەوە. زۆر زۆر بەداخەوە تاڵاوى ژیانى ئەم بنەماڵەیە بەلەپڕ لەدەستدانى باوکیان دەست پێ دەکات. کەس باوەڕى بەمەرگى ناکات لەبەر تامەزرۆیى باوکیان بۆ ژیان. بەڵێ بەم چەشنە سەرتاپا ژیانى خێزانەکەى دەگۆڕێ. یەکەمین چرکەى بەسەرداهاتنى ناخۆشى بەسەر ئەم خێزانە لەژیانى کچە تازە پَگەیشتووەکەدا سەری هەڵدا کەناوى ڕێزان بوو قوتابى ئامادەیى بوو ڕێزان لەقوتابخانە کچێکى زۆرکراوەو ڕووخۆش دەبێ هەرئەم ڕووخۆشییەى سەرنجى کەسانى دەوروبەرى ڕادەکێشێ بۆیە کوڕێک بەناوى کارزان کە لە سەر ڕێگەى قوتابخانە هەمو ڕۆژێکى دەوام ڕادەوەستێ ڕێزانى بەستە زمانیش وا هەست دەکات لە خۆشى خۆشەویستى ئەو ئەم کوڕە شێت بووە بێ ڕادە خۆشیدەوێ. هەر بۆیە هیچ قسەیەک بەم کوڕە ناڵێ، نەدەڵێ بۆ دەورم دەدەى نە دە شڵێ وازم لێبهێنە.
کوڕەکەش لاى خۆى وایدادەنێ ئەم کچە زۆر بە ئاسانى دێتە ژێردەستى بۆیە ڕۆژێک بە کۆڵێ درۆوە بەدووڕویى دەچێتە بەرامبەر ڕێزان سەبارەت بە ئەوینى درۆینەى خۆیى تێر قسەى بۆدەکات کاکى ماستاوچى زۆر شارەزایە لە ڕاکێشانى دڵى کچان و هەڵخەلەتاندنییان. ڕێزانیش بێ ئاگایە هەر بۆیە دڵى خۆى پێشکەش دەکات. بەڵام واقیعەکەى شتێکى دیکە بوو کارزانى خۆپەرست پیلانێکى دیکەى لەژوور سەردابوو لەوانەیە بەخەیاڵى کەسدا نەیە کارزان ئەم هەموو گڕوتینەى بەدرۆبێ و مەبەستێکى گڵاوى لەپشت بێ هەموو هەوڵ و تەقەلاى هێنانە ژێربارى ڕێزانە بۆئەوەى ببێتە گەریلا ڕێزان سەرەتا ئەمە قبوڵ ناکات. کەچى بەکارزان و چەند هاوڕێیەکى زۆر لەبن سەرى دەخوێنن، تا لەئاکامدا قەناعەتى پێ دەکەن ڕێزان لە ژیانى ئاسایى ناو بنەماڵەکەى دادەبڕێنن لەدایکى دەسێنن. بوون بە گەریلابوویى ڕێزان واقیعێکى تازەیە سەبارەت بە ژیانى ئەم بنەماڵیە، جێگەى قبوڵکرن نیە، ئەگەر دایکى بەمە بزانێ هیچ کات ڕێگە نادات. ڕێزانیش لاى دایکى هیچ باس ناکات تەنانەت پەیوەندى نێوان خۆی و کارزانیش هەروا باسى ناکات، لەبەرئەوەى کارزان وا رێنموونى دەکات.
ڕێزان پەشیمان نابێتەوە گەرچى کاتێکى زۆرى لەپێشە، بەڵام بەچەشنێ قەناعەتییان پێ کردبوو کەهیچ شتێک پەشیمانى نەدەکردەوە. بڕیارى کۆتایى ڕێزان هەر ڕۆیشتنى بوو لەگەڵ کارزان ئەمە دەبێتە ڕاستى لەگەڵیدا دەڕوات. ڕۆژێک دواى ڕۆیشتنى دایکى بەهۆى دیارنەبوونى ئۆقرەى لەبەر دەبڕێ. زۆر شوێن و سەر بەزۆر شوێن دادەکات، بەڵام چ خەبەر لە ڕێزان نیە. تائەو کاتەى پەنا بۆ هاوڕێیەکى ڕێزان دەبات کە لە قوتابخانە لەگەڵى دەبێ ئەم ڕەفیقەى ڕۆژى ڕۆیشتنەکەى ڕێزان بە مەسەلەکە دەزانێ، بەڵام زۆر زۆر بەزەیى بە دایکى ڕێزاندا دێتەوە، بۆیە ڕاستیەکەى پێ دەڵێ. هەر
خۆتان بیهێننە بەرچاوى خۆتان دەبێ هەڵوێستى ئەم دایکە چۆن بێ کە لە پڕدا پێ ى دەڵێن کچەکەت بۆتە گەریلا ئەم دایکە زۆر لە هەوڵى ئەوە دابوو وەک بێوەژنێک هەم منداڵەکانى باش پەروەردە بکات هەم ئەم ناوو ناتۆرە ناشیرنانە لە کۆڵ خۆى بکاتەوە کەچى ئەم خەونەش هەروا بە ئاودا ڕۆیى ئەم بێوەژنە دەبێ چى بکات ئەمڕۆکە دەنگوباسى گەریلا بوونى کچە لاى بۆتە بنێشتە خۆشەى سەر زارى خەڵکى. چۆن وەڵامى کەسوکارى بداتەوە.
ئەوان نازانن ڕێزان هەڵخەڵەتاوە نازانن کوڕێک فریوى داوە. قسەى سەرەتاو کۆتاییان هەر ئەوەیە تۆ ئاگادارى ئەم کچە نەبووى تۆ بەرەڵات کرد. خەتاى تۆ بوو ئەم دایکە داماوە ڕوی لەهەر کوێ کردبا هەر ئەم قسەى ئاراستە دەکرا. هەر کە دەیگوت خزمان دۆستان یارمەتیم بدەن تا سۆراخى ڕێزان بکەم بە تێکڕاى پێاندەگووت چۆنت بەرەڵا کردووە ئاواش بیدۆزەرەوە کەس خەمى بۆنە دەخوارد. هۆکارى ئەمەش ئەوەبو کە کەسوکارە نزیکەکانى بنەماڵەى ڕێزان داوایان لێدەکەن دایکى بێتە لاى خۆیان، بەڵام دایکى بەمە ڕازى نابێ بەبڕواى خۆى لەخۆى ڕادەبینێ قسەى ئەم خانمە بۆ هەر کەسێ هەر ئەمەیە لەسەر بەڕەى خەڵکى هەڵتەکاوى ئەم نان و ئاوى خۆى پێ لە پڵاوى خەڵکى باشتر بوو. تا ئەو کاتەش خۆى بە دە پیاو حساب دەکرد. ئەمەش هۆکارى پشتگوێ خستنى بوو، ئێمە تا بە گەریلا بوونى ئاگادارى ژیانى ڕێزان بووین ڕوومانکردە ژیانى دایکە سەرلێ شێواوەکەى وەک لە پێشتر ئاماژەمان بەکەمێ لە خەم و مەینەتیەکانى کرد. دوو ساڵى ڕێک خەریکى سۆراخکرنى بوو ئەم و ئەوى ڕادەسپارد بێ ئەوەى خۆى بەدوایدا بگەڕێ. هەواڵى زۆرى بۆ دەهات یەک دەیگوت نەماوە یەکى دى دەیگوت مێردى کردووە هەرکەسێکى دیکەى ڕاسپاردبا قسەیەکى سەبارەت بە ڕێزان دەکرد. سەرى دایکەیان تێکدابوو، ئاخر پیاو نەیدەتوانى بڕوا بە قسەى کامیان بکات. ئەمەش بەگشتى ببو بەهۆى بێزاربوونى دایکى نەیدەزانى قسەى کامیان ڕاستترە. دایکى ڕێزان نایەوێ چى دیکە خۆى بداتە قسەى ئەم وئەو سۆراخکردنى کچەکەى هەروا لە دەستى ئەمء ئەودا بهێڵتەوە بۆیە بڕیاریدا خۆى بچێتە پێشەوە خۆى سۆراخکردنى ڕێزان بە ئەستۆ بگرێ. لەوانەیە ئێمە لە بیرى ئەوە دابین دایکى کارێکى زۆر ئاقڵانە دەکات لەوانەیە دەست خۆشیشى لێبکەین، بەڵام دەبێ ئاوڕێک لەو بارو دۆخە خراپە بدەینەو کە دەورى ژنى بە چقڵ تەنیوە بارودۆخێک کە بە هیچ چەشنێ بۆ ژن وئازادى ژن ناگونجێ. بەڵێ دایکى بڕیار دەدات خۆى بچێ سەردانى بکات خۆى ئامادە دەکات و هەڵبەت بە تەنیا خۆى دەچێ، بەڵام نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ دەبێ بزانین ئەم ژنە لەگەڵ کەسێک هاتوچۆ بکات. ئەویش پیاوێک بە ناوى عەباسە شوفێرى ئەم سەیارەیە کە دایکى ڕێزان هاتوچۆى پێ دەکات، ماوەیەکى زۆر هاتوچۆى دەکرد لەگەڵ عەباس، بەڵام هیچ خەبەرێک نەبوو لە ڕێزان، لێرەدا مەسەلەیەکى دى لەپاڵ مەسەلەى بەدواداگەڕانى ڕێزان دروست بوو کە زۆر جێگەى داخە ئەویش بەستنى پەیوەندى بوو لە نێوانیان کە تاڕادەیەک مەسەلەکەى ڕێزان پشتگوێ خرا.
مەسەلەى پەیوەندى نێوانیان وردە وردە کەوتە سەر زارى خەڵکى لە زۆر لاوە پێى دەگوترا بۆ هێنانەوەى کچەکەى چووە کەچى خۆى داچاند قوڕ بەسەرى کرا کەمەسەلەکە کەوتە بەردەمى براکانى ئەوانیش پاش ماوەیەک چاودێریان کرد. کە لە ڕاستى ئەم مەسەلەیە دڵنیا بوون پیلانیان بۆ دایکى ڕێزان دانا کە دەکاتە خوشکیان تا لەناوى بەرن، ئەوە بوو ماوەیەکى زۆر دایکى ڕێزان دیار نەبوو تادواى ئاشکرابوو کە براکانیان کووشتویانە. زۆر جێگەى داخە کە دەبینین ئەم خانەوادەیە هەڵ دەوەشێ بە کوشتنى دایکە کلچۆڵەکەى ماڵ کۆتایى دێ ماوەیەکى زۆر دواى مەرگى دایکى. ڕێزان دەگەرێتەوە، بەڵام بەسەر مەرگى دایکیدا کە خۆى هۆکارێک بوو.
* تەواوى ناوەکان خواستراون