عەزیز نەسین
لە فارسیەوە : ئازاد نجم
لە تەمەنێکدا بوم هیوایەتم شیعرو شاعیری بو. وەک زۆربەی لاوەکان کە لە شتێکی وەک خەون و خەیاڵدا دەژین، شیعرم دەنوسین. تاکە هیوایەتیشم ئەوە بو گوێگرێکی باش پەیدا بکەم و شیعرەکانمى بۆ بخوێنمەوە !… لەبەرئەوەی چەند ڕۆژێکی بۆ سەری مانگ مابو نەمدەویست ئەو دو لیرەو نیوەی لە گیرفانمدا بوو هەروا بەئاسانی بەفیڕۆی بدەم …هەر کە لە فەرمانگە هاتمە دەرێ، یەکسەر بەرەو ماڵێ، بۆ لای ژنە لاوو ماڵداریکارەکەم گەڕامەوە … هەر کە منی بینی گووتی “حەسەن گیان کارێکی زۆر باشت کرد کە زوو گەڕایتەوە ماڵێ…خواردنێکی زۆر خۆشم بۆ ساز کردوی”…وەڵامم دایەوە “زۆر سوپاس بۆ ئەوەى کە هەمیشە لە خەمی مندای” …بەوەى باش بوو کە بە وردی سەرنجى ڕوخساری نەدام ئەگینا هەر زوو هەستی دەکرد کە چەندە نیگەرانم و دەیزانی لە بەر بێپارەیی نەبا دەچومە لای هاوڕێکانم …
ئەو سەردەمە کافێی “سیرشتەر”تایبەت بە هونەرمەندان و شاعیران بوو …ئەوەی کە لە یەکێک لە بوارە هونەریەکاندا سەری دەرکردبا شەوانە حەتمەن دەبو سەرێکی لە کافێی “سیر شتەر”دابا! هەر لە ئێوارێڕا هونەرمەندان و شاعیران لەوێ کۆدەبونەوە …شیعریان دەخوێندەوە …گفتوگۆویان دەکرد …دەمەقاڵێیان دەکرد …پێکیاندادەدا…لەو نێوەدا زۆر شەڕوو ئاشتی دەهاتە پێش، کەدەبونە کەرەستەیەکی باش بۆ بابەتی ڕۆژنامەکان. بێگومان ئێستا دیارترین و ناسراوترین هونەرمەندان و شاعیرانی ئەم سەردەمە یادگاری خۆشیان لەگەڵ کافێی”سیر شتەر”دا هەیە! لە نێوماڵێدا هەروا لە خۆڕاو بێ مەبەست دەسوڕامەوە، لە یەک شوێن ئۆقرەم نەدەگرت …دەمویست هەرچۆنێک بێ شیعرە تازەکەم بۆکەسێک بخوێنمەوە، خەریک بو شێت بم لەدڵەوە گوتم “دەک بە نەفرەت بی بێپارەیی”. دەتگوت ژنەکەم گوێی لە قسەکانم بوە، گووتی “حەسەن گیان ئەگەر حەزت لێیە بڕۆ سەرێک لە هاوڕێکانت بدە بەڵکوو بڕێک سەروو دڵت ئاسودە دەبێ!” لەدڵەوە گوتم “ئەگەر پارەم دەبوو !”. بەڵام هەرچۆنێک بو دانم بە خۆمداگرت و بە نیگەرانیەوە گوتم “ئەوەندە دێمەوەماڵێ لێم بێزاری؟” ژنەکەم بەسەرخۆى نەهێناو لە حاڵێکدا کە لە بەرخۆیەوە گۆرانی دەگوت وەک باڵندەیەکی سوکباڵ بەنێو ماڵێدا دەهات و دەچوو، سفرەکەی ڕاخست… لەناخی دڵەوە لە خوام دەویست لەوکاتەدا یەکێک لە هاوڕێکانم پەیدا بێت و لەگەڵ خۆیدا بمبات بۆ کافێکە.. بەڵام دەزانم هاوڕێکانم ناکەس بەچەن، تا گیرفانم گەرمە بەردەوام بە دوامەوەن کە زانیان بێ پارەم و لاتم، ئیدی بەلامدا نایەن. ژنەکەم ئەو خواردنە باشەی کە دروستی کردبوو هێنایە سەر سفرەکە، بۆنی خواردنەکە شێوازی بیرکردنەوەمی گۆڕی و شیعرو شاعیری و کافێ و هاوڕێکانم لە بیر چونەوەو قاپەکەم ڕاکێشایە بەردەمم … دوسێ پارووم نەخواردبوو کە لە دەرگایاندا … بە خۆشیەوە بانگم کرد : کێیە ؟… ژنەکەم کە چوبو دەرگاکە بکاتەوە گوتى : کاک حەیدەرە …ئەى گیان کاک حەیدەر …کەمال حەیدەر باشترین هاوڕێی من و گەورەترین شاعیری هاوچەرخە. حەتمەن کە منی لە کافێکە نەدیوە نیگەران بوەو هاتووە هەواڵم بپرسێ!..بۆ پێشوازی کردنی دوسێ پلیکان چومە خوارێ و چەشنی کەسانێک چەندین ساڵ یەکتریان نەدیبێ یەکترمان ماچ کرد.
گوتم :حەیدەر گیان فەرموو …پێشکەوە…لە وەڵامدا شانێکی هەڵتەکاندو گوتی :ئەم کاتانە چ دەکەی لە ماڵێ بابە !هەستە بڕۆین سەرێک لە کافێکە بدەین …لە سەرخۆ گوتم: هاوڕێ گیان بڕێک لە سەرخۆتر قسان بکە با ژنەکەم گوێی لێنەبێ! چونکە پارەم پێنەبو بۆیە ناچار بوم لە ماڵێ نان بخۆم. ئێستاکەش ڕونە کە خوا تۆی بۆ ناردوم.
بابە ئەوە تۆدەڵێی چی؟بێپارەیی منی گەیاندۆتە لای تۆ.
ڕونە ئیدى گەر پارەت هەبا ئەمنت وەبیر نەدەهاتەوە!.
کەمال حەیدەر کەنیشانەکەی نەپێکابو گوتی : ئێستا کە وایە، تۆ لەگەڵ خێزانەکەت نانی خۆت بخۆ، ئەمن دەچمە ئەوێ یەکێک هەر پەیدا دەکەم !…وەڕێکەوت بڕوا… دەستیم گرت و گوتم “پەلە مەکە …مەگەر تۆ بەشەر نی ؟خەجاڵەتی ناکێشی! من لێرە جێدێڵی و بۆ خۆت دەڕۆی ؟” – ئەدی چیت لێ بکەم ؟! دوکەسی بێپارە دەکرێ بچنە کافێ؟.
ئەو سەردەمە دوو لیرە کەم نەبو …پەنجا قرۆشم لە پارەکە بۆ نانی بەیانی لادایە لاوەو بە کەمالم گووت : ئەمن دوو لیرەم پێیە بەسە؟کەمال بە خۆشحاڵیەوە وەڵامی دایەوە :بەڵێ …بەسە.
– بەڵام چۆن لەماڵێ بێینە دەرێ ؟ تۆ بە ژنەکەم بڵێ یەکێک لە هاوڕێکانمان زۆر نەخۆشە کەمال کە لە دروستکردنی ئەم جۆرە سیناریۆیانەدا مامۆستا بو گووتی: تۆ حەقت نەبێ، ئەوە لێگەڕێ بۆمن. لە پلیکانەکان وەسەرکەوتین ژنەکەم گوتی: کاک حەیدەر سفرە ڕاخراوە …فەرموو. کەمال حەیدەر بەنیگەرانیەوە چەشنى کەسانێک کە خەم و خەفەتێکی زۆریان هەبێ گوتی: ئەو نیازیە بەدبەختە زۆر تەندروستی خراپە!…بەدەم وڕێنەوە بەردەوام باسی تۆ دەکا…هاتوم بەڵکوو پێکەوە سەرێکی لێبدەین .
– باشە ..با نانەکەمان بخۆین پاشان دەڕۆین .
– بابە ئەو برادەرە خەریکە دەمرێ تۆش تەنیا لە بیری ورگی خۆتدایت !.
– باشە هێندە حاڵی خراپە
– پێم وانیە تا سبەی بژی! ئەگەر نایەیت بۆخۆم بە تەنیا دەڕۆم. نیگایەکى ژنەکەمم کرد …گووتی: چ بکەین …بڕۆ ئیدی، بەڵام هەوڵ بدە زوو بگەڕێیتەوە …چاوەڕوانت دەکەم.
– نا خۆشەویستەکەم چاوەڕوانی من مەکە تۆ نانەکەت بخۆ ،لەوانەیەلەوانەیە من وە درەنگ کەوم، مەگەر گوێت لێ نەبوو دەڵێ حاڵی زۆر شڕە. چاکەتەکەمم لە بەرکردوو خێرا لە ماڵێ وەدەرکەوتین …
کاتێک گەیشتینە کافێی “سیر شتەر ” هێندەی خەڵک لێ بوو دەرزیت هەڵاویشتبا وە عەرزێ نەدەکەوت …هونەرمەندان…نیمچە هونەرمەندان…ئەوانەى هەر بە هونەرمەندی لەدایک بون!هەموان دانیشتبون و شیعریان دەخوێندەوەء گفتوگۆیان دەکرد !…ئەوەندەی گەڕاین و سوڕاین کورسیەکمان نەدۆزیەوە لەسەری دانیشین شیعرەکانمان بخوێنینەوە بۆیە ناچار بوم شیعرەکانم بۆ کەمال بخوێنمەوە … هەستم کرد ئەویش زۆر نیگەرانە لەوەی کەناتوانێ جگە لەمن شیعرەکانی بۆ کەسێکی دى بخوێنێتەوە. لە گۆشەیەکدا جێگایەکی بچوکمان دۆزیەوەو بەزۆر جێگای خۆمان کردەوە. بەو دوو لیرەیەی پێم بوو دوو پەرداخ شەراب و کەمێک مەزەم کڕی و گووتم: کەمال بڕێک لەسەرخۆ بیخۆوە بازوو تەواو نەبێت. کەمال ئاماژەی بۆکەسێک کە لەپشت ئێمەوە دانیشتبوو کردوو گوتی: ئەو کابرایە دەناسی؟ ئەوەی ئەو دەیگووت دیار بوو مشتەری ئەم کافێیە نەبو، بە کابرایەکی دەوڵەمەند دەچو . وەڵامم دایەوە :نایناسم …مەبەستت چیە؟
-سێ شەوە دێتە ئێرەو بە تەنیا لە گۆشەیەک دادەنیشێ و نان دەخواو دەخواتەوە.
– جا باشە ئەمە هیچی تێدایە؟.
– هیچی تێدا نیە، بەس سەیرێکی سەر مێزەکەی بکە … سەیرێکى سەر مێزەکەیم کرد …ئەوەی دڵ حەز کات لە سەری بوو .کەمال حەیدەر گووتی : پێم وابێ پۆلیسی نهێنیە!.
– بۆچی پێت وایە؟.
– بۆچی ناوێ… پێم وانیە کەسێکی ئاسایی هێندە دەسبڵاو بێ.
– هەرچیەکە کەیفی خۆیەتی، چ پەیوەندیەکی بە ئێمەوە هەیە؟…هەردوکمان بێدەنگ بووین، بە دوای هەلێکدا دەگەڕاین تا شیعرەکانمان بخوێنینەوە کەمال لە من زرینگتر بو، بە وێنەی جاران، زوتر لە من دەستی کرد بە خوێندنەوەی شیعرەکانی … کە تەواویشی کرد پرسی: شیعرەکەم چۆن بوو؟لەبەر ئەوەی چەند دەقیقەیەکی دى دەبا منیش شیعرەکانی خۆمی بۆ بخوێنمەوە بۆیە گوتم: ناوازەیە!
دەیگووت دیار بوو مشتەری ئەم کافێیە نەبو، بە کابرایەکی دەوڵەمەند دەچو . وەڵامم دایەوە :نایناسم …مەبەستت چیە؟
-سێ شەوە دێتە ئێرەو بە تەنیا لە گۆشەیەک دادەنیشێ و نان دەخواو دەخواتەوە.
– جا باشە ئەمە هیچی تێدایە؟.
– هیچی تێدا نیە، بەس سەیرێکی سەر مێزەکەی بکە … سەیرێکى سەر مێزەکەیم کرد …ئەوەی دڵ حەز کات لە سەری بوو .کەمال حەیدەر گووتی : پێم وابێ پۆلیسی نهێنیە!.
– بۆچی پێت وایە؟.
– بۆچی ناوێ… پێم وانیە کەسێکی ئاسایی هێندە دەسبڵاو بێ.
– هەرچیەکە کەیفی خۆیەتی، چ پەیوەندیەکی بە ئێمەوە هەیە؟…هەردوکمان بێدەنگ بووین، بە دوای هەلێکدا دەگەڕاین تا شیعرەکانمان بخوێنینەوە کەمال لە من زرینگتر بو، بە وێنەی جاران، زوتر لە من دەستی کرد بە خوێندنەوەی شیعرەکانی … کە تەواویشی کرد پرسی: شیعرەکەم چۆن بوو؟لەبەر ئەوەی چەند دەقیقەیەکی دى دەبا منیش شیعرەکانی خۆمی بۆ بخوێنمەوە بۆیە گوتم: ناوازەیە! جا چت بیستوە با شیعری دوەمت بۆ بخوێنمەوە، دواتر بێ ئەوەی بوارم بدا بڵێم نۆرەی منە دەستی کرد بە خوێندنەوەی شیعری دوەمی . ناچار هەر چۆنێک بوو دانم بە خۆمدا گرت …خواردن و خواردنەوەمان تەواو ببون کەچی کەمال هەروا بەردەوام بوو. کاتێ تەواو بو گوتم: دەبینی بەدەست بێپارەییەوە چۆن گیرمان خواردووە؟ باشە پێم ناڵێی لەم مەملەکەتەی ئێمەدا شاعیران و نوسەران بۆ هێندە لە خۆشگوزەرانیەکانی ژیان بێبەشن تەنانەت ناتوانین تێر بە زگی خۆمان لە ڕیستۆرانت و کافێیەک بخۆین و بخۆینەوە ؟!.
– تۆشیعرەکەت بخوێنەوە …برسیەتیمان لە بیر دەچێتەوە!.
دەمزانی بە بێ خواردن و خواردنەوە نەدەکرا شیعر بخوێنمەوە بۆیە گووتم: سەیرکە کەمال ئەمن لە ماڵێ پەنجا قرۆشم بۆ نانی بەیانی هەڵگرتبوو، بۆ ئەوەی بیرو هزرت بە جوانی کۆبکەیتەوەو بەجوانی گوێ لە شیعرەکەم ڕابگری، ئامادەم دوو پەرداخ خواردنەوە بکڕم !. کەمال زەردەیەکی کردوو گووتی : باشە، جوان گوێ ڕادەگرم . یەکێک لە گارسۆنەکان دو پەرداخ خواردنەوەی بۆهێناین، من دەستم کرد بە شیعر خوێندنەوە ،. کەمال هیچ ستایشی شیعرەکەی منی نەکرد، دەمزانی هەموو بیرو هۆشی لای خواردنەوەکەیە، پرسیم : چۆن بوو؟.
– ها …ئێه …خراپ نیە …هێندێکی دى کاری لە سەر بکە زۆر باش دەبێ. لەم قسانەی زۆر توڕە بوم ئەم کەمال حەیدەرە چەند کەسێکی سەیرە ؟ هەمیشە ئەم قسە هەڵیت و پەڵیتانە دەکا. تاوانی خۆمە کە بە شیعرەکەی ئەوم گوت ناوازەیە.چەند دەقیقەی دى بە نیگەرانیەوە سەبارەت بەملاولا قسەمان کردو…کاتیش تا دەهات درەنگتر دەبو، ناچاریش بوین تا ماڵێ بە پێیان بیکوتینەوە، گووتم: کەمال درەنگە هەستە بڕۆین تا دەگەینەوە ماڵێ دەبێتە نیوە شەو!.
کەمال بە نیگەرانیەوە تفێکی ڕۆکردە سەر زەوی و گوتی: تۆ ئەو خودایە سەیرکە لەم وڵاتەدا شاعیران و هونەرمەندان چەندە بێنرخن ؟ دەمانەوێ بچینەوە ماڵێ یەک قرۆشمان پێنیە سواری پاس بین …لە جێگای خۆمان هەستاین بەرەو دەرگای دەری َ وەڕێکەوتین بڕۆن …ئەو پیاوەی کە لە پشتمانەوە سەر مێزەکەی بە خواردن و خواردنەوەی جۆراوجۆر راِزابۆوە، پێشی لێگرتین گوتی: کاکینە تکا دەکەم دەکرێ ئەو شانازیەم بدەنێ؟.
وەڵامم دایەوە : بەڵێ فەرموو قوربان …من لە خوایەکم دەویست سەیرێکی کەمالم کرد تا بزانم ئەو ڕای چیە ؟ کەمال لەسەرخۆ چرپاندیە بن گوێم : کاکە ئەمە پۆلیسی نهێنیە، دەیەوێ شتمان لێ دەربێنێ!..کابرا جارێکى دى داواکەی دوپات کردەوە : تکاتان لێدەکەم گەورەم کەن میوانم بن . گارسۆنەکان خێرا دو دانە کورسییان هێنا …دانیشتین …کەمال هێشتا لە سەر قسەی خۆی بوو بە ناباوەڕیەوە دەیڕوانیە کابرای خانەخوێ ! کابرا تەنیا خۆی ناساند : بەندە موحەرەمی ئاسکۆریی بەڵێندەری کاری ڕێگاوبانم. کەمال بە هەمان ڕوخساری مۆن و نامۆوە گوتی : تۆ ئێمە دەناسی؟.
– نەخێر هێشتا ئەو شانازیەم پێ نەبڕاوە …
کەمال ناڕەحەتتر بوو : چۆن ئێمە ناناسی ؟! من کەمال حەیدەرم شاعیری بەناوبانگ .
– بەم ئاشنایەتیە زۆر دڵخۆشم، کتیبەکەتانم نەدیوە .
– هێشتا چاپ نەکراوە بەم نزیکانە کتێبم چاپ دەبێ بەڵام شیعرەکانم لە گۆڤارەکاندا بڵاو دەبنەوە .کەمال ئیدی دڵنیا بو کە کابرا پۆلیس نیە …بۆیە پرسی: باشە ئەدی کاکی بەڕێز ئەگەر نامانناسیت بۆچی بانگێشتمان دەکەیتە سەر مێزەکەی خۆت؟ کابرا بەپێکەنینەوە وەڵامی دایەوە: بۆ ئەنجامدانی کارەکانم چەند ڕۆژێکە هاتومە ئەنکەرە …لەبەرئەوەی زۆرم کەیف بە شیعردێت …پرسیارم کردو زانیم ئێرە تایبەتە بە توێژی ڕۆشنبیران …هەر بۆیە شەوانە دێمە ئێرە …منیش لە تەمەنی لاویەتیمدا شیعرم دەنوسین …دواتر کە هاتمە ناو کۆمەڵگاوەو گرفتاری کاروبار بوم، لە ئەدەبیات دوور کەوتمەوە …ئەمشەو کە گوێم دایە قسەکانی ئێوە کەوتمەوە یادی سەردەمی لاویەتی خۆم، یادی بەخێر سەردەمی لاویەتی زۆر خۆشە .کابرا دەتگوت گوێی لە قسەکانی ئێمە بووە کە سکاڵامان لە بەختی خۆمان کردوەو بەزەیی پێماندا هاتۆتەوە و بانگیشتی کردوین .کابرای بەڵێندەر هێشتا قسەی دەکرد : ویستم لە نزیکەوە لەگەڵ دوو شاعیری لاو ببمە ئاشنا و چێژ لە قسەکانتان وەربگرم . کەمال حەیدەر بەتەوسەوە گووتی : دەکەوایە باش سەیرکە تا باشتر بمانناسیت. کابرای بەڵێندەر بەسەر خۆیدا نەهێنا و زۆر پێکەنی بەڵام کەمال حەیدەر دەسبەردار نەبوو بە ڕقەوە گووتی : ئێوەی دەوڵەمەند کە دوو دێڕە شیعرتان لەبەر کردوە بە چ مافێکەوە دەتانەوێ خۆتان لە ڕیزی شاعیران بێننە ئەژمار ؟! کابرای بەڵێندەر بەخەندەیەکی گاڵتە ئامێزەوە وەڵامی دایەوە : “حەق بە ئێوەیە” .ئەگەر هاتباو کەمال لە تەنیشتمەوە با، سیخوڕمەیەکم تێدەکوتا بۆوەی چیتر لەم قسە حەلەق و مەلەقانە نەکا، بەڵام حەیف لێم دوور بوو .کابرا پرسی:حەزتان لە چیە؟ کەمال حەیدەر وەڵامى دایەوە : ئێمە خواردنەوەی کەسێک ناخۆینەوە کە سوکایەتی بە شیعر بکات .کابرا بە سەر سوڕمانەوە پرسی: کوا بەڕێزان من قسەی لەم چەشنەم کردووە؟ من لە ناخی دڵمەوە ڕێزێکی زۆرم هەیە بۆ شاعیران و ڕوناکبیران.
– کاتێک کەسانی لە وێنەی تۆ بانگەشەی شیعر نوسین بکات، ئەمە بۆخۆی گەورەترین سوکایەتی و بێڕێزیە بە شیعرو ئەدەبیات.
دیاربوو کابرا هێشتا شتەکەی بە گاڵتە وەرگرتبوو بە پێکەنینەوە گووتی : ڕاست دەکەی حەق بە ئێوەیە!.
کورسیەکەی خۆم گۆڕی و لە تەنیشت کەمال دانیشتم . کابرا بانگى گارسۆنەکەی کردو لە ئێمەی پرسی : حەزتان لە چیە، خۆتان فەرمان دەن با بۆتان بهێنن …من بە ئاوازێکی دۆستانەوە وەڵامم دایەوە : سوپاس قوربان …سەر مێزەکە هەموو شتێکی لێیە، پێویست ناکا. بەڵام کەمال بە ئاوازێکی توندەوە گوتی: جێگایەک قرژاڵی دەریا، بڕێک گۆشتی تەیهوو، و هێندێک قەرقاوڵ ، بڕێکیش هێلکەی قوو . کابرای میواندارمان گوتی: کوا قوو هێلکە دەکات ؟ کەمال وەڵامی داوە: بۆ ئێوەى دەوڵەمەند هەموو شتێک دەبێ. چرپاندمە بن گوێی : کوڕە بەسە، ئەم هەموو بێڕێزیە چیە ؟ وەڵامی داوە :تۆ نازانی لەگەڵ ئەم جۆرە مرۆڤانەدا کە پێیانوایە دەتوانن شیعرو ئەدەبیاتیش بە پارە بکڕن دەبێ بەم شێوەیە ڕەفتار بکەیت. کابرا دەتگوت گوێی لە قسەکانمان بووە، تۆزێک خۆی کۆکردەوە ڕەش داگەڕا، بەڵام قسەی نەکرد.
لەم نێوەدا گارسۆنەکان ئەوەی داوامان کردبوو، هێنابویان و لەسەر مێزەکە دایاننابوون کاکی بەڵێندەر سەبارەت بە حەزو ئارەزوی خۆی دەربارەی ئەدەبیات و ئەو کێشانەی کە ببونە بەربەست لە بەردەم خوێندنەوەیدا ، زۆری قسە کرد . لەناکاو کەمال قسەکانی پێبڕی و گوتی : دەتوخوا بیبڕەوە بەسە کاکە! ئێمە بۆ ئەوە نەهاتوینە ئێرە تا گوێ لەم قسە پوچانەی تۆ ڕابگرین، دواتر ڕوی لە من کردوو درێژەی دایە : شیعرێک بخوێنەوە …با کاکم لە شیعری باش تێبگات .من لەو شێوازە قسەکردنەی کەمال زۆر توڕەو لە هەمان کاتیشدا خەجاڵەت ببوم، شارەزای ئاکار و ڕەفتاری ببووم …کاتێ دوو سێ گڵاسی دەخوارد ئیدی کۆنتڕوڵی خۆی لەدەست دەداو قسەی هەڵیت و پەڵیتی دەکردن، بەتایبەت ئەمشەو لە سنووری خۆی زۆر زیاتری تێپەڕاند …ویستم هەرچۆنێک بوە بڕێک بارودۆخەکە ئاسایی بکەمەوە، گووتم : کاکە ئەم هاوڕێیەم زۆر حەزی لە گاڵتەیە … تکا دەکەم بەڕێزت نیگەران نەبیت. کابرای بەڵێندەر بەڕێزەوە وەڵامی داوەو گوتی : نا …ئاساییە …تکا دەکەم شیعرەکەت بخوێنەوە …من زۆر حەز دەکەم گوێم لێیبێ.
منیش یەکێک لە باشترین شیعرەکانی خۆم خوێندەوە …دواتر کەمالیش شیعرێکی خوێندەوە. کابرای بەڵێندەریش بەردەوام لێکدا لێکدا دەیگووت: بەه بەه بەه ئێمەی زیاتر هان دەدا. ئێمەش بێ ئەوەی گوێ بەقسەکانی بدەین و ئاگامان لێبێ داخۆ چ دەڵێ لەسەریەک دەمان خوارد و دەمانخواردەوە . هەر کە بێدەنگ بوو کەمال بێ پێشەکی لێی پرسی :تۆ ئەراگۆن دەناسی؟.
– کێتان فەرموو؟.
– ئەراگۆن ؟.
– ئەراگۆن ؟ چ کارەیە؟.
– کەمال حەیدەر سەری بە نیشانەی گاڵتە پێکردن ڕاوەشاندوو دیسان پرسی: ئەدی ڕامبۆ ؟.
-… نەخێر.
– ئەدی ڤێرلن ؟.
– کێ ؟.
– ئەدی دیستۆڤیسکی ؟ کتَێبەکانیت خوێندۆتەوە؟.
– هێشتا نەمدیوە .
– ئەدی کتێبەکانی ڕاسل؟.
– نەخێر .
کەمال ئەو پاروەی لە دەستی دابوو داینا سەرمێزەکەو گوتی : کوڕی باش …کەسێک (ئەراگۆن) نەناسێ و ناوی (ڤێرلن) ی نەبیستبێ و کتێبەکانی (دیستۆڤیسکی) نەخوێندبێتەوەو بە بۆچونەکانی( ڕاسل) ئاشنا نەبوبێ و شیعرەکانی (لیرمەنتۆف) ی بەر گوێ نەکەوتبێ، بە چ هەقێکەوە دێتە ئێرە و ئێمە بانگێشتی سەر مێزەکەی خۆی دەکات ؟ ڕوخساری کابرا ڕق و توڕەییەکی زۆری تێدا بەدی دەکرا و کەمالیش هێشتا قسەی دەکرد : کاکە ! تۆ کە کتێبەکانی (جۆن شتاینبەک) ت نەخوێندۆتەوە (واڵت وایتمان) ناناسی و (تۆماس مانت) چاو پێنەکەوتوە بە چ هەقێکەوە دەم لە شیعر و ئەدەبیات دەکوتی ؟ ئێوەی گەمژە وادەزانن کە پارەتان هەبو ئیدی هەموو شتێک دەزانن؟ ئیدی کابرای بەڵێندەر چیتر توانای دان بەخۆداگرتنی نەماو هەستاو توند یەخەی کەمالی گرت، لە سەر کورسیەکەی بەرزی کردو دوسێ مەتر فڕێی دایە ئەولاتر .
کافێکە ئاڵۆزا. کابرا وەک شێتان هاواری دەکرد و دەیویست پەلاماری کەمال بدا چەند کەس لە گارسۆنەکان گرتبویان چەند کەسیش لە شاعیرەکان دەیانویست کەمال لەوێ دورخەنەوەو بیبەنە دەرێ …بازاڕی جنێوو قسەی سوک گەرم ببوو هەردوکیان تا پێیانکرا بە یەکیانکرد . کابرا هاواری دەکرد: ” بڕۆ ونبە نەخوێندەواری لەخۆ ڕازی ، یەک قرۆشتان لە گیرفاندا نیە ئەم قسە زلانەش دەکەن !! من بەزەیم پێتاندا هاتەوە …بەمرۆڤتان تێگەیشتم ..تکام لێکردن گەورەم کەن، تا چەند دەقیقەیەک گوڵ بڵێین و گوڵ ببیستین! کارێکی خراپم کرد ؟ ئەی لە سەر مێز دانەنیشتوانە” …. کەمالیش لەو لاوە وەڵامی دەداوە :” بێدەنگبە مفتەخۆری نەخوێندەوار تۆ کە تەنانەت ناوی یەکێک لە شاعیرو نوسەرە گەورەکان نازانی بە چ هەقێک دێیتە ئێرەو خۆت لە گەڵ ئێمەدا تێکەڵ دەکەی، بڕۆ دەرێ هەی گەمژە …ئێرە جێگای تۆ نیە” . کابرا کە وردە وردە خەریک بو ئارام دەبۆوە بەڵام بە بیستنی ئەم قسانە بەدەم هات و هاوارو جنێوەوە شاڵاوی بۆ کەمال برد: هەی سەگباب چەند دانە شیعرت گوتون پێت وای (ئەندەلوس) ت فەتح کردوە … زۆر سوپاس بۆ تۆ خوایە کە زوو وازم لە شیعر هێنا ئەگینا ئەمنیش وەک تۆ ئێستا لە برسان دەمردم. ئەگەر کەمال بێدەنگ بوبا کابرا قسەی نەدەکرد، بەڵام کەمال وازی نەدەهێنا زۆر جنێوی دا . کابرا ئەمجار ڕق ئەستورتر چوە سەر مێزەکە و لەوێڕا خۆی هەڵدایە سەر کەمال و دایگرت بە مست. مشتەری و گارسۆنەکانی کافێکە هەرچەندیان دەکرد کەمالی لە بن دەستان بێننە دەرێ سودی نەبو. کەمالیش هەر مستێکی کە پێیی دەکەوت جنێوێکی دەدا کابراش هەر مستێک کەدایدەوەشاند دەیگوت : ئەمە بۆ ئەراگۆن …ئەمە بۆ ڤێرلن …ئەمەبۆ دیستۆڤیسکی….. ئەمە بۆ… بەهەر کێشەیەک بو توانیان کابرا بگرن و کەمال ڕزگار بکەن کەمال لە گەڵ ئەوەی کە هەموو سەروچاوی خوێن بو بەڵام هەر بێدەنگ نەدەبو : بێ شەرەفینە ئاخر کەسێک کە پۆشکین نەناسێ، بە چ ئاوەزێک دەم لە شیعر دەکوتێ ؟ هەر چۆنیک بو کەمالم هێنایە دەرێ و گەیاندمەوە ماڵێ. چەندین ساڵ بە سەر ئەم کارەساتەدا تێپەڕببوو بەڵام سەرنج بدەنە سەرەنجامی کارەکە، شەوێک بە ڕێکەوت لە گەڵ هاوڕێیان لە یەکێک لە کافێکان نانمان دەخوارد، یەکێک هاتە لام و گووتی : دەمناسی؟ باش لێی وردبومەوەو لە قەدوو باڵاوو ڕوخساریم ڕوانی، بەڵام چونکە نائاشنا دیار بوو، گوتم :” ببورە… نەخێر ناتناسم…” بەڵام کاتێک باسی ڕوداوەکەی ئەو شەوەی بۆکردم زانیم هەمان کابرای بەڵیندەرە، بەخەجاڵەتیەوە گوتم: سەردەمی لاوى بوو ئیدی. :ببورە ناوتم لە بیر نەماوە ناوت چی بوو؟. گووتم: حەسەن.
– ئەدی ناوی برادەرەکەت چی بو؟ ئەوەی ئەو شەوە ئەوهەموو هەرایەی نایەوە؟.
– کەمال حەیدەر .
کابرا بە زەردەخەنەیەکی تایبەتەوە گوتی “دەزانی ئەو شەوە هاوڕێیەکەت لەسەر هەق بوو” …نەمدەزانی مەبەستی چیە و دەیەوێ چ بسەلمێنێ. بێدەنگ بوم ،چاوەڕوان بوم بۆخۆی قسە بکات …سەرەنجام دوای ئەوەی ئاهێکى قوڵی هەڵکێشا گوتی :بەڵێ هەقی خۆی بو …ئەمن ئەمڕۆ پیاوێکی دەوڵەمەندم، هەموو شتێکم هەیە، لەهیچیشم کەم نیە …سەرباری ئەمەش ئامادەم هەرچیم هەیە بیدەم و جێگاکەم لەگەڵ هاوڕێکەی تۆدا بگۆڕمەوە …بەڵام ئایا ئەمە دەکرێ ؟ دوای هێندێک بێدەنگی دواتر پرسی : ئەدی ئێستا کەمال حەیدەر چ دەکا؟.
-کارمەندە لە وەزارەتی ڕێگاوبان.
– کتێبەکانی چاپ کردون؟.
– ئەوسا نامیلکەیەکی چاپ کرا . ..ماوەیەکیش دەبێ ئاگام لێی نیە.
– ئەدی ئەتۆ چ دەکەی؟.
– ئەمن دەڵێی ؟ زۆر کاری جیاوازم کرد، بەڵام هیچیان سودێکی ئەوتۆیان نەبوو، ماوەیەک دەبێ نوسەری کابرایەکی بەڵێندەرم.
– سەیرە!.
پێکەنینێکی تاڵ بە سەر لێوانیەوە دیار بوو ، بە نیگەرانیەوە گووتی: ئەمنیش لە تەمەنی لاویمدا ماوەیەک شاعیر بوم.
سەرچاوە /خاگرات یک مرده /انتشارات توسن /1365
ئهم بابهته له گۆڤاری زنار ژماره 38 بلاو بۆتهوه