سەدیق سەعید ڕوادزی
کایەی وەرگێڕانیش وەک زۆر کایەی دیکەی نێو کۆمەلگای کوردی، چەندین گرفت و کێماسی ھەیە لە ڕووی زمان، بابەتی ھەڵبژاردن، جۆری کتێبەکە و ناونیشان و چەندان گرفتی دیکەش. وەرگێڕان ھونەرە، مەرج نییە ھەموو کەسێک کە زمانێکی زانی، ئیدی لەو ھونەرە بزانێت ئەگەر خۆشی بانگەشە بۆ خۆی بکات. زۆر لە نووسەرانی ئێمە، خەریکی کاری وەرگێڕانن لە زمانەکانی دیکەی دنیا، وەلێ ئەگەر خۆمان فریو نەدەین و ڕاشکاو بین لەگەڵ خۆمان، ئەوا لە نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی کوردیدا، ژمارەی وەرگێڕەکانی ئێمە، ئەوانەی پڕۆفیشناڵانە وەرگێڕان دەکەن و کەسانی سەرکەوتووی ئەو بوارەن، لە پەنجەی دوو دەست تێناپەڕن و ئەوانی تر زۆربەی ھەرە زۆریان وەرگێڕ نینە ، بەڵکو خۆیان بەتەنافی وەرگێڕان ھەڵواسیوە. وەرگێڕان وەک ھەر کارێکی دیکە، سەلیقە و شارەزایی و زاڵبوونە بە سەر زمان بەر لە زانینی زمان. ھەندێک وەرگێڕ ھەن، ئەوەندە جوان بەرھەمەکان وەردەگێڕن، خوێنەر وا ھەست دەکات ئەو بەرھەمە بە زمانە ڕەسەنەکە نووسراوە نەک زمانێکی تر. بە پێچەوانەوە بەشێک لە وەرگێڕانەکانیش، خوێنەر تووشی ھەناسە سواری و بێزاری دەکەن و ھیچ چێژ لە کتێبەکە نابینن، یاخود ئەو کتێبەی وەریدەگێڕن، کتێبێکی ئاسایی نووسەرێکی نەناسراوە، یاخود لە ڕووی ناوەڕۆکەوە بابەتی بێ ماناو بێ چێژن کە لە خوێنەوەیاندا خوێنەر بەر ھیچ ناکەوێت. (با شاعیرێک بکڕین) ناوی ڕۆمانێکی (ئەفۆنشوکروش) ە، ئەم ڕۆمانە (عیماد حەسەن ) وەریگێڕاوە، ئەم ڕۆمانە دوو جار کراوەتە کوردی، ئەمەیان کە لەلایەن دەزگای ڕۆساوە، ئەویتریشیان لەلایەن دەزگای سەردەمەوە. ڕۆمانەکە باس لە شاعیرێک دەکات و یەکێکە لە بێ ماناترین ڕۆمانەکان، بە جۆرێک کە خوێنەر لە خوێنەوەی ڕۆمانەکە دەبێتەوە، نازانێت چی خوێندۆتەوە و باسی چی دەکات. ئەم جۆرە بە ناو ڕۆمانانە، ئەگەر ڕۆمانووسێکی کورد بینووسێت، خوێنەرانی خۆمان گاڵتەی پێ دەکەن، وەلێ ئێمە، چونکە ھەمیشە ھەستێکی خۆ بە کەمزانین لە ناخ و بیرکردنەوەمان، لە دەرەنجامی ستەمی دوور و درێژی دوژمنان ھەیە، ئیدی پێمان وایە ئەدەبی کوردی شتێکی تێدا نییە، شیاو بە بەراوردکردن بە ئەدەبی جیھانی بێت. من لە بارەی ناوەڕۆکی ئەو ڕۆمانە بێ مانایەوە ھیچ ناڵێم، دەکرێ خوێنەران خۆیان بیخوێننەوە، بۆ ئەوەی ڕاست و دروستی قسەکانی منیان بۆ دەربکەوێت، تەنھا لە سەر وەرگێڕانی ڕۆمانەکە دەوەستین، تا بزانین وەرگێڕ چی وەرگێڕاوە؟
* لا ٧ نووسیویەتی :_( براکەم بە نمرەیەکی ئا بڕوبەر سەخیفە)
* لا ١٣ نووسیویەتی :_ (شوێنەکە پڕ بوو لە شاعیر ھەموو جۆرە مواسەفاتێکی تێدا بوو، باڵا کورت ، باڵا زراڤ، قژ زەرد) سەرنج بدەن شاعیر تاکە، وەسفەکان کۆن.
* لا ٢٣ نووسیویەتی :_( سەحن و کەوچک) کەوچک دیارە، بەڵام سەحنەکە چییە؟
* لا ٢٣ نووسیویەتی :_( پازدە گرام پارچە سەموونی جۆراو جۆر، کە کێشی ھەریەکەیان سی گرام دەبوو ) سەرنج بدەن، ئەگەر پارچە سەموونەکان ھەموویان کێشیان پازدە گرام بێت، چۆن کێشی ھەر پارچەیەکیان سی گرام بووە؟ ئەگەر ئەم پانزە پارچەیە، لێکدانی سی گرامەکە بکەین، چەند دەرە چێت؟
* لا ٥١ نووسیویەتی :_( بێدەنگییەکی تەمەن سێ چرکەیی باڵی کێشا، ھیچ شتێک نەیشێواند) سێ چرکە بەشی ھیچ دەکات؟ دواتریش باڵی بە سەر چی کێشا؟ نابێ دیار بێت؟
* لا ٥١ نووسیویەتی :_( حەفتاو شەش دیسبیل) دیسبیل چییە؟ مەگەر ئەم بەناو ڕۆمانە بۆ خوێنەرانی کورد وەرنەگێڕدراوە؟
* لا ٥٢ نووسیویەتی :_( نە گۆشت ھەیە نە ماسی، پێویستە لە سەرمان قایشی پشتمان تووند بکەین و لەو جوانکارییە خۆراکییانە ماڵداری بکەین ) ئەرێ کەس دەزانێت مەبەست لەو دێڕە چییە؟ تۆ بڵێی وەرگێڕی ڕۆمانەکە، بە وردی و بە قوولی چووبێتە نێو لایەنی واتایی ڕۆمانەکە؟ یان ھەر تەنھا وەرگێڕانەکەی بە لاوە مەبەست بووە؟!
* لا ٦٥ نووسیویەتی :_( ھەموو ڕۆژێک لە ماڵەوە گفتوگۆی دەربارەی دەکرێ ) سەرنج لەلایەنی ڕێزمانی ڕستەکە بدەن.
* لا ٦٥ نووسیویەتی :_( ترس بە سەر ڕوخساریدا ھەڵدەگەڕێ ) ئەگەر بەو وەرگێڕانە بێت، دەبێ ترس سوپایدارمان بێت !
* لا ٧٢ نووسیویەتی :_( زۆر تووڕە بوو ، قژی بۆ سەر شانی چەپی کۆچیان کرد ) تۆ بڵێی قژەکە بە چی کۆچی کرد بێت؟ بە فڕۆکە، بە میتڕۆ، بە شەمەندەفەر ؟
* ٧٧ نووسیویەتی :_( من حەز بە شعیر دەکەم ) شیعر دیارە، بەڵام شعیر چییە؟
* لا ٨٧ نووسیویەتی:_( ھەفتەی داھاتوو شاعیرەکەمان لە ناو ئوتومبێلەکە دانا ) سەرنج بدەن شاعیرەکەیان لە نێو ئوتومبێلەکە داناوە، بێ ئەوەی ھەفتەکە دابێت، دەکرێ کەسێک وەرگێڕان بکات، بەڵام کردارە زمانییەکان ڕێزمانییانە نەنووسێت؟!
* لا ٨٩ نووسیویەتی :_( بڕوام وایە تۆ قەڵەو بوویتە، تۆش پیر بوویتە ) ئەم جۆرە وەرگێڕانانە، بە داخەوە بنەمای گرامەری زمانی کوردیش وێران دەکەن.
* لا ٩٣ نووسیویەتی :_( بە یانی لە خەو ھەستام میزاجم تێکچڕژابوو ) ھەموو ئەوانەی وەرگێڕان دەکەن (مەگەر بە دەگمەن) شارەزایەکی ئەوتۆیان لە ڕووی ئیتمۆلۆژیی و لایەنی فەرھەنگی وشەسازی زمانی کوردی نییە، نازانن چ وشەیەک بۆ چ بار و گوزارشت و دەربڕینێک بە کاردێت. میزاج تێکناچڕژێت، تێکچڕژان، واتا ئاپۆڕای خەڵک کە بواری ھاتووچوون و دەرچوون نەمابێتەوە.
* لا ١٠٧ نووسیویەتی :_( خەڵکێکی زۆر سەیری ڕۆشنبیری دەکەن ) نازانم چۆن سەیری ڕۆشنبیریی دەکرێت؟ وەرگێڕ لێرەدا، جیاوازی لە نێوان ڕۆشنبیریی وەک ھاوەڵناو، ڕۆشنبیر وەک ناو نەکردووە، دەنا پێمان ناڵێی چۆن سەیری ڕۆشنبیریی دەکرێت، کە سیفەتێکی نا بەرجەستەیە؟ ئەوەی سەیری دەکرێت ڕۆشنبیرە وەک مرۆڤ، نەک زانین و مەعریفە و ڕۆشنبیریی، چونکە ئەوانە نابینرێن، بەڵکو لە ڕێی بیر و زمانەوە بەریان دەکەوین.
وێرای ئەمانەش، ئەم ڕۆمانە پڕە لە وشەی عەرەبی، ھەڵەی ڕێنووس و زمان و تایپ. دواجار دەڵێم، ئەم شاعیرەمان بە یەک فلسی قەڵپ ناوێت، خۆمان شاعیرمان کەم نییە، تا بچین شاعیرێکی نەناسراو و شیعرە بێ ماناکانی بکڕین !
* ناوی کتێب: با شاعیرێک بکڕین ، نووسینی : ئەفۆنشوکروش، وەرگێڕانی : عیماد حەسەن ، بڵاوکراوەی : دەزگای ڕۆسا _ ٢٠١٩.
* ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ھەولێر ژمارە (٤١١١٩) لە ١٨/٧ /٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post