کورتە فیلمى خامۆشى “ئەو سێوەى کە دڵی من بوو” لە سیناریۆ و دەرهێنانى سەیوان سەعیدیان و وێنەگرتنى حەمید قەوامى و مۆنتاژی ئیبراهیمى سەعیدى قۆناغى وێنەگرتنى تەواو بووە و ئێستا لە قۆناغى مۆنتاژدایە. دەربارەى ئەو فیلمە سەیوان سەعیدیان دەرهێنەرى فیلمەکە گوتى: کورتە فیلمى “ئەو سێوەى دڵی من بوو” لە سیناریۆ و دەرهێنانى خۆمە و ماوەى چەند رۆژێکە قۆناغى وێنەگرتنى تەواو بووە و ئێستا لە قۆناغى مۆنتاژدایە.
لۆکەیشنەکانى ئەو کارە لە شەقڵاوە بوون و کارەکەش چیرۆکێکى ئەڤیندارانەیە کە سێوى مێخەکڕێژ بابەتى سەرەکیەتى و بڕیارە ئەمساڵ لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانى کوردستان لە 14/2/2010 لە رۆژی ڤالانتایندا نمایش بکرێ. ئەو کارەش بەشێکە لە پرۆژەى بە نەتەوەیی کردنى سێوى مێخەکڕێژ”.
دەربارەى ئەکتەرانى بەشداربووى ئەو فیلمەش سەعیدیان گوتى: لەو فیلمەدا چەند ئەکتەرێک دەوریان هەبووە، کە هەموویان بۆ یەکەمجاریانە کارى نواندن دەکەن و رۆڵی سەرەکیش لە کورتە فیلمە خامۆشەکە هەریەک لە “شلێری باپیری، زۆزک جەمیل پەترۆس، ترێزیە سریۆکە بیە و رێبین رزگار خالید” بەرجەستەى دەکەن. سۆران ئیبراهیم، سابیر عەبدولرەحیم و خالید مەولوود لە بەشى تەکنیکى هاوکارى فیلمەکە بوون.
جێی ئاماژەیە ئەو کورتە فیلمە باس لە خۆشەویستى نێوان کوڕ و کچێک دەکا و بێ دیالۆگە و بە وێنە و مۆسیقایە، چیرۆکى خۆشەویستییان لەرێگاى سێوێکى مێخەکڕێژەوە دەگێڕدرێتەوە.