دارا خونچە: ئەز تا سەر هێسک دژ وە چەوسانەوەی چینایەتیی و هەموو جۆرە چەوسانەوەیەکم.. کەواتە نەک هەر ناتانم لە بەرانبەر ئەو (چەوسێنەرە نیشتیمانییانە!) بێدەنگ بم کە تەنێ لەسەر ئەوەی وە زمانی داکم دەئاخڤم و لە پنتەکی ئەو جیهانە چاوانم پشکفتییە دەمچەوسێنننەوە.. بەڵکە گیانیشم لە پێناویدا دەبەخشم.
ئاشتیی و ئازادیی و رزگاریی و سەربەخۆیی و یەکسانیی و ئاسوودەیی و دەستەواژەی دیکەی لەو بابەتانە هێندە خۆش و چەور و خز و شیرین و بە چێژن نەک هەر کەسانی زمانلووس بەڵکە هەر کەسەک کە تەنێ زمانی لە دەو دایە دەتانی بە سووک و ئاسانیی گۆیان بکا!
لێ لەوانەش هاسانتر گۆکردنی دەستەواژەی نیشتیمانە، ئەوە هیچ کە کەسانی نەتەوەپەرست و نیشتیمانپەرست و خاکپەرست و ئاڵاپەرست و مرۆگەلی عەنتیکەی لەو بابەتانە – کە هەر هەموویان لە ناوی بێ نێوەرۆک پتر بترازێ هیچیدیکە نین – لە رێی کۆمەڵەک یاسا و رێسا و دابونەریتی جوداکارانەی رەگەزپەرستیی ئەو گۆی زەوییەیان وە کۆمەڵەک سنووری دەستکرد پارچە پارچە کردییە.. هەر کەسەکیش بە ئاستەم پابەندی گفتار و رەفتارە بەرزە مرۆییەکان بی ئەوە بە بەکرێگرا و سیخوڕ و دەستی دەرکیی ناوزەدیان دکەن.. هاوکات نیشتیمان هێندە پیرۆز نیشان دەدەن کە لەکنیان ئاساییە ملیۆنان هەژار و کاگەری لە پێناودا بکوژرێ، تەنانەت کەسانەکی زۆریش هەن کە وە کۆمۆنیست و چەپ خۆیان ناوزەد دەکەن وە هەمان تلیاکی نیشتیمان سەرمەستن.. هەر کە دەشڕشێنەوە دەبێژن ”شام شەکرە.. وڵات شیرینترە!”!
لەوەتەی هەردوو دەستەواژەی (نەتەوە و نیشتیمان) پەیدا بوونە تەنێ یەک توێژی فرە فرە کەم کە قامچی وەدەستی چینە چەوسێنەرەکانی نێو دەسەڵاتن لەو دوو دەستەواژەیە سوودمەندن.. زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەش کە وە تۆبزیی ناوی نەتەوە و نیشتیمانەکیان وەسەر دادەبڕێ لەوپەڕی هەژاریی و بێ مافیی و بێ ئازادییدا دەژین!
ئەز نیوەی تەمەنم لە سەردەمی بەعسییە نیشتیمانییەکاندا گوزەراند.. پێیانگۆتم ئەتوو نابی ژیانت هەبی چونکە لە نیشتیمانی مەدا دەژی، بەرانگژیان بوومە! تا خاکی بن پێیانم بە خوونی خۆم سۆر هەڵنەگەڕاند رەویان نەکرد، هەر کە نۆرەی پارتی و یەکێتییە نیشتیمانییەکان و جڕوجانەوەرە ئیسلامییەکانیش هات.. بە بێ ئەوەی داوای هیچ قەرەبوویەک بکەم چەک و رێکخرابوونم و هزر و سیاسەتەکانیانم رادەستی خۆیان کردەوە و ویستم وەک کەسەکی ئازاد و تێکۆشەری نێو ژیانەکی مرۆڤپەروەرانە و پێشڤەڕۆیانە بژیم.. کەچی پێیانگۆتم:
– ئەگەر دەتەوێ خۆشگوزاران بی.. دەبی لەگەڵ مە بی.. ئەگەر نا ئەوە دەبی مەمرە و مەژی بژی؟
ئەز دووەمم هەڵبژارد.
پێیانگۆتم:
– ئەگەر دەتەوێ دەنگ و رەنگی خۆت هەبی.. دەبی ئاوێتەی دەنگ و رەنگی مە بی.. ئەگەر نا سەرکوتت دەکەین؟
ئەز دووەمم هەڵبژارد.
پێیانگۆتم:
– لە هەر شار و جێیەک دەتەوێ بژی ئاساییە.. لێ دەبی لە بن فرمان و چاودێریی مەدا بژی.. ئەگەر نا شاربەدەر و تەنانەت وڵاتبەدەریشت دەکەین؟
ئەز دووەمم هەڵبژارد.
پێیانگۆتم:
– هەر چ دەبێژی و دەنووسی ئازادی.. لێ باسکردنی دین و دەسەڵات و دابونەریت و پیاوسالاریی و خێلەکیی و بێ یاسایی و هەژاریی و ئازادیی دەربڕین و مافی وەک یەکی نێوان گەلان و نێوان دەڤەرەکان و نێوان ژنان و پیاوان و نێوان تاکەکانی کۆمەڵ بە نەرێنیی بڤەیە.. ئەگەر نا ئەوە بێجگە لەوەی تۆپتۆپانێت پێدەکەین نانبڕا و کارکەناریشت دەکەین.. ئازار و ئەشکەنجەت دەدەین.. زیندانت دەکەین.. ئەگەر پێویستیش بکا وە گوللەیەک ساردت دەکەینەوە؟
ئەز دووەمم هەڵبژارد.
هەر بە هەمان شێوەیە چەندین فرمانی نیشتیمانییانەی دیکەی لەو بابەتانەیان پێکردم، لێ ئەز هەر دووەمم هەڵبژارد.
سەرەنجام لەو جێیەی کە ناویان لێنابوو ”نیشتیمانی من!!!” جێم نەبۆوە و ئەگەر جێمنەهێشتبا یان پەڕوباڵیان دەکردم یان ئەوەتە وە گوللەیەک ساردیان دەکردمەوە! لە کاتی بڕینی سنوورە دەستکردەکان؛ ئاخوندە شەهروەندەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامیی ئێران و سکۆلاریستە وەتەنداشە کەمالیستەکانی تورکیا چەندین جار زیندانیان کردم چونکە سنووری نیشتیمانە خۆشەویستەکەیانم بەزاندبوو و زۆر مەترسیدار بووم لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانییان! پاشان نیشتیمانپەروەرانی یۆنانە پەڕپووتەکەی لانکەی شارستانیەت و بەلژیکای مافی مرۆڤ و دیموکراسیی وەخۆیاننەگرتم چونکە دەستی هەرزانی کاریان زۆر بوو، لە کۆتاییدا چونکە نیشتیمانپەروەرە دەسەڵاتدارەکانی بەریتانیا مەگیرانییان وە دەستی هەرزانی کارەوە دەکرد هەر کە لەگەڵ کۆمەڵەک ئاوارەی دیکە پێمان نایە نێو وڵاتە پاشانشینەکەیان کتومت وەک ئەوەی رەوە نێچیرەکیان گرتبی گلیانداینەوە و ئیدی سنوورەکەیان لەسەر داخستین.. ”بەریتانیای مەزن!” تا ئێستا بە هۆی پێدانی شوناسی نیشتیمانیی و مۆڵەتی کار ملیۆنان دەستی هەرزانی کاریان کڕییە و لە نێو ئەوپەڕی بێ مافیی کرێکاریی وەک ئەسپی بن عارەبانە کاریان پێدەکەن و دەیانچەوسێننەوە.. وەک تاکتیکیش پێنج سەت هەزار دەستی هەرزانی کاریان بێ پێدانی مافی هاوڵاتییبوون راگرتییە تا وە شێوەی رەش و قاوەیی وە هەرزانترین نرخ کاریان پێبکەن! هاوکات بەشێکیش لەو دەستی هەرزانی کارانە دەکەنە سیخوڕ و لە داگیرکردنی نیشتیمانە خۆشەویستەکانی وەک لای خۆمان و دەڤەرەکانی دیکە وەکاریاندەهینن.
کاتەک لێرە – لە بەریتانیا – کە خەریکی دەرکردنی گۆڤارەک بووم نیشتیمانپەروەرانی نێو جەرگەی مافی مرۆڤ و دیموکراسیی پێیانگۆتم: ”رێت لێناگرین لەسەر نەرێنییەکانی نیشتیمانە خۆشەویستەکەمان دەنووسی.. لێ ئەگەر هەر ئەوها بەردەوام بی ئەوە وا دەکەین هەرگیز نەتوانی خەرجیی چاپکردن و بڵاوکردنەوەکەی پەیدا بکەی.. جا ئەوە هەڵوێستمانە تەنانەت لە بەرانبەر هاوڵاتیانی نیشتیمانە مەزن و خۆشەویستەکەی خۆشمان” سەرەنجام ئەوەی گۆتیان کردیان!
ئەز هەڵە نەبووم کە بەرلەوەی ”نیشتیمانە شیرین و زۆر خۆشەویستەکەم!” بەجێبێلم دەمگۆت: (نیشتیمان لە هەر کات و لە هەر جێیەک بی هەر هەمان زیندانەکەی خۆمانە و تەنێ شێوازیان جودایە”، لێ (نیشتیمان – زیندان)ەکەی لای خۆمان بە بەراورد بە ئی ئێرە فرە فرە تاریکتر و پڕ تەلبەندتر و پاشداماترە. هەر لەبەرئەوەشە کار و خەباتی کوردان فرە سەخت و قورسە چونکە لە لایەک لەبەرئەوەی زیندانەکەمان هێشتا بە تەواویی دروست نەبووە پێویستە دروستی بکەین.. هاوکات لە لایەکی دیکەش لەگەڵ ئەو میللەتانەی کە لەمێژە زیندانەکانیان دامەزراندییە هەموو زیندانەکانی سەر گۆی زەوی بڕووخێنین و یەک زیندانی گەورەی نانیشتیمانیی و جیهانیی دروست بکەین.. ئیدی ئەوجا نۆرەی ئەوە دادێ سەرلەبەری مرۆڤەکان پێکەوە ئەو زیندانە گەورەیە نانیشتیمانیی و جیهانییەش بڕووخێنین و لە شەقەی باڵ بدەین!